بیرخستنەوەی هەفتانە
جه‌ژنی قوربان و یاده‌وه‌رییه‌كانی

الله أكبر ، الله أكبر ، الله أكبر ، لا إله إلا الله ، والله أكبر ، الله أكبر ، ولله الحمد .

الحمدللە رب العالمين والصلاة والسلام علی رسولە الأمين محمد وعلی الە وصحبە أجمعين

برايانى ئازيزو خوشكانی به‌ڕێز رۆژی 10 ی ذی الحجة، یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانی‌پیرۆزه ، خوای گه‌وره‌ به‌لوتف و عه‌تفی خۆی خێرداری بكات له‌سه‌ر ئوممه‌ت و میلله‌ت.

ئازیزان هه‌موو ئوممه‌ت و گه‌لێك خاوه‌نی جه‌ژنی خۆیه‌تی هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌رمان علیه الصلاة و السلام فه‌رموویه‌تی: (إِنَّ لِكُلِّ قَوْمٍ عِيدًا وَهَذَا عِيدُنَا)  واتا: هه‌ر گه‌لێك خاوه‌نی جه‌ژنێكه‌ و ئه‌وه‌ش جه‌ژنی ئێمه‌یه‌. به‌ڵێ ئه‌وه‌ش جه‌ژنی ئێمه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌دای الله أكبر ده‌ست پێ ده‌كات و فێری فیداكاری و قوربانی دانمان ئه‌كات و دڵه‌كان ئاشت ئه‌كاته‌وه‌ له‌ نێوانی خۆیان و خوایان.

واتاكانی جه‌ژن له‌ هزرماندا: 

                   · واتای دینی: جه‌ژن له‌مانای دینی خۆیدا به‌رزڕاگتنی ناوی خواو سوپاس گوزاری و پاكیگاری ئه‌وه‌، وه‌كو خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: (وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ) تاكو ناوی خوا به‌رز ڕاگرن (ته‌كبیریی بكه‌ن و الله أكبر بڵێن) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێنمویی كردوون (بۆ رێباز و به‌رنامه‌ی خۆی) و تاوه‌كو سوپاسگوزاربن.. وه‌هه‌روه‌ها له‌پاڵ بابه‌ندبوون به‌ شرائیعه‌وه‌ به‌رزڕاگتی شه‌عائیره‌.

                   · واتای مرۆڤایه‌تی: له‌جه‌ژنه‌كانماندا ئه‌وپه‌ڕی مانای ئینسانی ئه‌به‌خشینه‌وه‌ به‌جیهان كه‌ له‌ناوماندا ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار. برسی و تێر له‌سه‌ر میهر و دادو یه‌كسانی خوای گه‌وره به‌یه‌ك ده‌گه‌ن‌. له‌جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا به‌زه‌كات و له‌قورباندا به‌ به‌خشین. دڵی یه‌كتر ڕائه‌گرین. جارێكی تر وره‌ی ئیمانیمان دێته‌وه‌ به‌ر بۆخزمه‌تی بێنه‌وایان..

                   · واتای كۆمه‌ڵایه‌تی: جه‌ژن رۆژی گه‌شتنه‌وه‌ی بزه‌و شادمانییه‌ بۆ سه‌ر ڕووی گه‌شی منداڵان له‌ یاریكرن و دەربڕينی خۆشی گاڵته‌یاندا. ڕۆژی گه‌شتنه‌وه‌ی خه‌نده‌ و ئاسووده‌ییه‌ به‌دڵی هه‌ژاران له‌ سه‌ردانی و ئاگالێبوونی كه‌سه‌ نزیكه‌كانیاندا. رۆژی گه‌شتنه‌وه‌ی دایك و باوكه به‌منداڵه‌كانیان. ڕۆژی ده‌ستهێنانه‌ به‌سه‌ری هەتیوانی بێنازدا. رۆژی نوێكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌ له ‌نێوان هاوڕێ و خزم و دۆستاندا. رۆژی به‌یه‌كگه‌شتنی موسڵمانانه‌ به‌یه‌كتر.

                   · واتای زه‌مه‌نی و رۆحی: جه‌ژن رۆژانێكی دیاری كراوه‌ بۆ له‌یاد كردنی ئازاره‌كانی زه‌مانه‌و خه‌مه‌كانی رۆژگار. بۆ دڵخۆش بوون و دڵخۆش كردنه‌.. ئای له‌گه‌وره‌یی ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵخۆشن به‌دڵخۆشكردنی ده‌ووروبه‌ر...

یاداوه‌ریه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی له ‌ناوی داین:

                 · گرنگترین یادی جه‌ژنی قوربان بیرخستنه‌وه‌ی چیرۆكی باوكی پێغه‌مبه‌ران و خۆشه‌ویستی خوا سه‌یدونا ئیبراهیمه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌ گۆێڕایه‌له‌كه‌ی سه‌یدونا ئیسماعیل (سه‌لامی خوایان لێ بێت). خوای گه‌وره‌ بۆمانی باس ئه‌كات و ئه‌فه‌رموێ: {فَلَمَّا بَلَغَ مَعَهُ السَّعْيَ قَالَ يَا بُنَيَّ إِنِّي أَرَى فِي الْمَنَامِ أَنِّي أَذْبَحُكَ فَانظُرْ مَاذَا تَرَى قَالَ يَا أَبَتِ افْعَلْ مَا تُؤْمَرُ سَتَجِدُنِي إِن شَاء اللَّهُ مِنَ الصَّابِرِينَ }الصافات/١٠٢ واته‌: كاتێك (ئیسماعیل) گه‌شته ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌گه‌ڵیدا ڕێ بكات (و ته‌مه‌نی گه‌شته‌ سێزده‌ ساڵ) (ئیبراهیم) پێی فەرموو: كوری خۆم من له‌خه‌وما بینومه‌ (كه‌فه‌رمانم پێ كراوه‌ ) تۆ سه‌ربڕم.! تێروانینی تۆ چی یه‌.؟! (ئیسماعیشل له‌وه‌ڵامی باوكیدا) فەرمووی: بابه‌گیان تۆچیت فه‌رمان پێكراوه‌ جێ به‌جێی بكه‌ به‌ویستی خوا من له‌ ئارامگران (و خۆڕاگران) ئه‌بم.

دوای ئه‌وه‌ هه‌ردووكیان ئاماده‌ی به‌جێهێنانی ئه‌وفه‌رمانه‌ی خوای گه‌وره‌ ئه‌بن. دیسان ئه‌چینه‌وه‌ خزمه‌تی قورئانی پیرۆز هه‌ر له‌ته‌واوكاری ئایه‌ته‌كه‌ی پێشو‌ ئه‌فه‌رموێ: {فَلَمَّا أَسْلَمَا وَتَلَّهُ لِلْجَبِينِ{١٠٣} وَنَادَيْنَاهُ أَنْ يَا إِبْرَاهِيمُ{١٠٤} قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا إِنَّا كَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ{١٠٥} انَّ هَذَا لَهُوَ الْبَلَاء الْمُبِينُ{١٠٦} واته‌: كاتێ هه‌ردووكیان ته‌سلیمی (به‌جێهێنانی فه‌رمانه‌كه‌بوون) ئیبراهیم ئیسماعیلی برد بۆ سه‌ربڕینه‌كه‌. بانگیمان كرد ئه‌ی ئیبراهیم..! به‌ڕاستی تۆ ڕاستگۆیانه‌ خه‌وه‌كه‌ت به‌جێ گه‌یاند ئێمه‌ش هه‌روا پاداشتی چاكه‌كاران ده‌ده‌ینه‌وه‌. به‌راستی (سه‌ربڕینی ئیسماعیل) تاقی كردنه‌وه‌یه‌كی (سه‌خت و گه‌وره‌و) ڕوون بوو (بۆ ئیبراهیم).

ئینجا خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: {وَفَدَيْنَاهُ بِذِبْحٍ عَظِيمٍ} ئێمه‌ له‌ جیاتی ئیسماعیل به‌رانێكی گه‌وره‌مان بۆی نارد تا سه‌ری ببڕێ و بیكاته‌ قوربانی.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌م یاده‌وه‌ریه‌دا سه‌رنجی بده‌ین:

                                         · خواویستی: سه‌یدونا ئبیراهیم علیه السلام له په‌رستن ویستنی خوای خۆیدا، خۆی له‌خۆیدا ئوممه‌تێك بوو. دوای ئه‌وه‌ش كه‌ خوای گه‌وره‌ لوتفی له‌گه‌ڵ ئه‌فه‌رموێ به‌ پێدانی كوڕێك دوای ته‌مه‌نی ٨٠ساڵی..! ئیتر ئه‌و كوڕه‌ گه‌وره‌یەی ئه‌بێته‌ هیواو ئاواتی ئه‌بێته‌جێ بایه‌خ و وه‌جاخی.. بۆیه‌ زۆری خۆش ده‌وێ.. خوای گه‌وره‌ش كاتێ به‌ سه‌ربڕینی جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی تاقی ئه‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی بیكاته‌ سه‌رمه‌شقی كاروانی ته‌وحید. به‌ڕاستی ئه‌ویش شایانیه‌تی چونكه‌ ئاماده‌یه‌ خۆی و خاوو خوێشی بكاته‌ قوربانی لە پێناوی جێبەجێکردنی خوای گەورەدا.

                                         · وه‌فا و راستگۆیی: خوای گه‌وره‌ له ‌ده‌رئه‌نجامی ده‌رچوون له‌ تاقی كردنه‌وه‌كانی سه‌یدونا ئیبراهیم، له‌ شان و شكۆیدا ئه‌فه‌رموێ: {وَإِبْرَاهِيمَ الَّذِي وَفَّى}النجم/٣٧. وه‌ ئیبراهیم كه‌ به‌ڕاستی وه‌فادار بوو. له ‌به‌رامبه‌ر به‌سه‌ر بردنی به‌ڵێن و په‌یمانی به‌ندایه‌تی ئه‌مه‌ش نموونه‌ی راستگۆیی: { أَنْ يَا إِبْرَاهِيمُ قَدْ صَدَّقْتَ }.

                                         · گوێڕایه‌ڵی: كاتێ سه‌رنج ئه‌ده‌ین ئه‌بینین دوای ئه‌وه‌ی باوكی باسه‌كه‌ بۆ سه‌یدونا ئیسماعیل ئه‌گێرێته‌وه‌. ئه‌ویش ڕاسته‌وخۆ له ‌وه‌ڵامی باوكی بەڕێزيدا ئه‌فه‌رموێ: باوكی خۆم ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێ كراوه‌ جێ به‌جێی بكه‌.

                                         · ڕه‌وشت و ڕێزی باوك: هه‌ر له‌وه‌ی كاتێ ئیسماعیل علیه السلام ئه‌بیستێ باوكی خه‌وێكی بۆ باس ئه‌كات و ئه‌یه‌وێ سه‌ری ببڕێ.. ئیسماعل علیه السلام نافه‌رموێ: باوكه‌ ئه‌وه‌ی (خوا) فه‌رمانی پێ كردووی جێ به‌جێی بكه‌. به‌ڵكو ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌ی فه‌رمانت پێكراوه‌ جێ به‌جێی بكه‌.

                 · حه‌جی ماڵئاوایی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: سه‌روه‌رو سه‌رداری دونیا و دواڕۆژمان پێغه‌مبه‌ری نازدار صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌ ته‌مه‌نی پیرۆزیدا یه‌كجار حه‌جی كردوه‌ ئه‌م حه‌جه‌ش دوای فه‌تحی مه‌ككه‌ بوو  پێی ئه‌وترێ (حجة الوداع) حه‌جی ماڵئاوایی. بۆیه‌ش ئه‌م ناوه‌ی لێنرا چونكه‌ ماڵئاوایی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌وێ له‌موسڵمانان كراو، ئا له‌م حه‌جه‌دا كۆتاجار بوو كه‌ موسڵمان هه‌موویان (كه‌ ڕێژه‌یان زیاتر له‌ سه‌دو چل هه‌زار كه‌س ئه‌بوو) پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به‌م شێوه‌یه ببینن. پێغه‌مبه‌ریش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له‌م حه‌جەدا وتارێكی گرنگی پێشكه‌شی موسڵمانان كرد.  له پوخته‌ی وتاره‌كه‌یدا باسی له‌م چه‌ند خاڵه‌ كرد:

                                         · بانگهێشتی موسڵمانانی كرد: كه‌ له‌هه‌موو كات و سه‌رده‌مێكدا ده‌ست بگرن به‌ كیتابی خواو سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.

                                         · پوچه‌ڵ بوونه‌وه‌ی هه‌موو خوو نه‌ریتێكی جاهیلییه‌ت له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلام

                                         · حه‌رامێتی خوێن رشتنی موسڵمان..

                                         · حه‌رامێتی ریبا و هه‌ڵسوكه‌ت و له‌گه‌ڵ كرنی به‌ هه‌موو جۆرێك و هه‌رچی كه‌سێكیش ئاماده‌ی بێ یان نوسه‌ری بێت و یان بیدات یان وه‌ری بگرێت شایه‌نی نه‌فره‌تی خوایه‌..!

                                         · ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی كه‌ ئه‌بێ ڕێزی ئافره‌تان بگیرێ و حه‌قی خۆیان پێبدرێ وه‌ئه‌وانیش حه‌قی هاوسه‌رەكانیان بده‌ن.

                                         · ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كڕیزی صه‌فی موسڵمان و یه‌كبوونیان وه‌ هۆشیاری دا له‌وه‌ی جیاوازییان تێ بكه‌وێ..

                                         · خاڵیكی تر كه‌ ئێمه‌ له‌م رۆژه‌ماندا پێویسته‌ زیاتر لێی به‌هه‌رمه‌ند بین وه‌كو هه‌موو خاڵه‌كانی تر ئه‌ویش برایه‌تی دینیمانه‌ پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  فه‌رمووی:

أَيّهَا النّاسُ

اسْمَعُوا قَوْلِي، فَإِنّي لا أَدْرِي لَعَلّي لا أَلْقَاكُمْ بَعْدَ عَامِي هَذَا بِهَذَا الْمَوْقِفِ أَبَدًا. أَنّ كُلّ مُسْلِمٍ أَخٌ لِلْمُسْلِمِ، وَأَنّ الْمُسْلِمِينَ إخْوَةٌ، فَلا يَحِلّ لامْرِئِ مِنْ أَخِيهِ إلاّ مَا أَعْطَاهُ عَنْ طِيبِ نَفْسٍ مِنْهُ، فَلا تَظْلِمُنّ أَنَفْسَكُمْ. اللّهُمّ هَلْ بَلّغْت؟

هۆ خه‌ڵكینه‌..

گوێ له‌قسه‌كانم بگرن من وانازانم كه‌ جارێكی تر به‌یه‌ك بگه‌ینه‌وه‌ له‌ دوای ئه‌م ساڵه‌ و له‌ شوێنێكی وا..!

هه‌موو موسڵمانێك برایه‌ بۆ موسڵمانی تر. موسڵمانانیش خوشك و برای یه‌كن. هیچ (ماڵ و سامان)ێكی موسڵمانیش بۆ براكه‌ی دروست نیه‌ مه‌گه‌ر به‌ رەزا‌ماندی خۆی نه‌بێ. جا ئێوه‌ش سته‌م له ‌نه‌فسی خۆتان مه‌كه‌ن. ئه‌ی خوایه‌: گه‌یاندم.؟!

                 · یادێكی تر له‌م ڕۆژنه‌دا: كامڵ بوونی ئه‌م ئیسلامه‌: دوای ته‌واو بوونی وتاره‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  راسته‌وخۆ ئایه‌تی: ( الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ) المائدة/٣ . واته‌: ئه‌مرۆ دینه‌كه‌تانم بۆ كامڵ كردن و نازو نعیمه‌تی خۆم پێتان به‌خشی و ڕازیم به‌وه‌ی كه‌ ئیسلام ڕێبازی ژیانتان بێ..

                 · وه‌چه‌ندان یادی تری گرنگ كه‌ له‌م رۆژانه‌ دا ڕوویان داوه‌ ئه‌مرۆ یادیانه‌. وه‌كو قوربانی، و قه‌بوڵ بوونی ته‌وبه‌ له‌ باوكمان ئاده‌م علیە السلام....

ئادابه‌كانی جه‌ژن به‌كورتی:

١- زۆر ته‌كبیر كردن له‌هه‌ر سێ رۆژه‌كه‌دا (الله أكبر، الله أكبر، لا إله إلا الله، الله أكبر، الله أكبر، ولله الحمد)، کەئەمەش زیکرەو خوای پەروەردگار داوای کردووە (وَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ فِيٓ أَيَّامٖ مَّعۡدُودَٰتٖۚ) واته‌:ناوی خوا به‌رن(الله‌ اکبر بکه‌ن) له‌چه‌ند ڕۆژێکی دیاری کراودا. زیکرەکەش بەو شێوەیە دەبێت کە لەسوننەتی پێغەمبەری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  هاتووە.

٢- دڵخۆش بوون و لابردنی هه‌موو ماته‌مینه‌ك.

٣- خۆشۆردن و بۆنخۆش كردن له‌م رۆژه‌دا.

٤-له‌به‌ركردنی پۆشاكی ڕێك.. نابێ جلی ره‌ش بۆ مه‌به‌ستی عه‌زا له‌م رۆژه‌دا ببپۆشرێ..

٥- نوێژ كردن، ئامادە بوون بۆ نوێژی جەژن کە ئەرجەح ئەوەیە واجبە. و نوێژەکەش به‌ر له‌ وتاری جه‌ژن ئەدا ئەکرێت ، سوننەتیشە ئەگەر کەش و هەوا خۆش بێت ببرێتە دەرەوەی مزگەوت و موسڵمانان بە گشتی لە جێیەكدا کۆببنەوەو نوێژەکەیان بکەن . هیچ کێشەیەك نییە ئەگەر ئافرەت لە سوڕی مانگانە بوو ئامادە ببێت وبینەری ئەو دیمەنە خۆشە بێت، بەڵام نابێت نوێژ بکات.

٦-به‌ر له ‌نوێژی جه‌ژن و دواتری هیچ نوێژێكی سوونه‌ت نیه‌.

٧- خواردن و خواردنه‌وه‌ دوای نوێژ له‌ جه‌ژنی قوربان.

٨- گۆڕینی ڕێگا له‌كاتی هاتۆچۆ (بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خه‌ڵك ببینی و پیرزۆبایی و گه‌ردن ئازایی بكه‌ن)

٩- پیرۆزبایی كردن له‌یه‌كتر: (وتنی: تقبل الله منا ونكم).

١٠- هاتۆچۆو تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ خزم و هاوسێ و هاورێیان.. و پاراستنی سنوره‌كانی خوا له‌سه‌ردانی و شێوازی جل و به‌رگ و ره‌فتار. نابێت بە بیانوی ئەوەی جەژنە ئافرەتان و پیاوان تێكەڵ ببن و تەوقە بکەن، وەیان ئاهەنگی ناشەرعی ساز بکەن و رەوایەتی بە مۆسیقاو رەشبەڵەک بدرێت.

قوربانیکردن

الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله، والله أكبر الله أكبر ولله الحمد، الله أكبر كبيرًا، والحمد لله كثيرًا، وسبحان الله بكرة وأصيلاً، وصلي اللهم على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم تسليمًا كثيرًا، أما بعد

موسڵمانانی ئازیز قوربانی بكه‌ن و خوای گه‌وره‌ لێتانی قه‌بوڵ بفه‌رمووێ. یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، ڕۆژی قوربانی و سه‌لماندنی به‌ندایه‌تی خوای گەورەیە بۆ به‌رز راگرتنی دروشمه‌كانی.

 له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا و له‌لایه‌ن هه‌موو جارده‌رێكی ڕێگای حه‌ق كاتێ بانگی خه‌ڵك ئه‌كات بۆ ڕێبازی خوای په‌روه‌ردگار كۆمه‌ڵێك هه‌ر دروست ده‌بن كه‌ ناوو ناتۆره‌ و تۆمه‌تی نه‌شیاوو قسه‌ی هیچ و به‌و بانگخوازه‌ بڵێن.. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌مه‌دا پێغه‌مبه‌ران عیهلم الصلاة و السلام نه‌ك به‌ری نین به‌ڵكو سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و كاروانه‌ن. سه‌رانی كوفر قسه‌ی نه‌شیاوییان ئاراسته‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی الله عیله وسلم یش كردووه‌. كاتێ پێیان وت: وه‌چاخ كوێر. له‌ناو خۆیان ئه‌یان وت: محمد هیچ كورێكی له‌دوای خۆی جێنامێنی. به‌مه‌ دڵی پێغه‌مبه‌ری نازداریان ئازاردا. به‌ڵام خوای گه‌وره‌ نیگای میهره‌بانی و وه‌كو بارانێكی به‌لێزمه‌ ڕژانده‌ سه‌ر دڵی و موژده‌ی حه‌وزی كه‌وسه‌ری پێدا..

إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ{١} فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ{٢} إِنَّ شَانِئَكَ هُوَ الْأَبْتَرُ{٣}

ئێمه‌ (كه‌وسه‌ر)مان پێت به‌خشی. جانوێژ بۆ خوا بكه‌ و قوربانی بكه‌. به‌راستی دوژمنه‌كه‌ی تۆ خۆی وه‌جاخ كوێره‌.

به‌ڵێ (كه‌وثەر) له‌ سیغه‌ی زیاده‌یه‌ به‌مانای بێسنووری دێت. ئه‌وه‌ ئه‌و رووبارەیه‌ له‌به‌هه‌شتا كه‌ كۆتایی نیه‌ و رێژه‌ی میوانه‌كانی بێ هه‌ژماره‌..

جاهه‌ركه‌سێكیش ئه‌یه‌وێ میوانی پێغه‌مبه‌ر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  با له‌ریزی ئوممه‌تی ئه‌و لانه‌دات و قوربانی بكات.. قوربانیش ئه‌بێ ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌ بێت وه‌كو خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێ: {لَن يَنَالَ اللَّهَ لُحُومُهَا وَلَا دِمَاؤُهَا وَلَكِن يَنَالُهُ التَّقْوَى مِنكُمْ كَذَلِكَ سَخَّرَهَا لَكُمْ لِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَبَشِّرِ الْمُحْسِنِينَ }الحج/37 گۆشت و خوێنه‌كه‌ی ناگات به‌خوا ئه‌وه‌ی پێی ده‌گات ته‌قواكه‌ی ئێوه‌یه‌ (یانی ئه‌وه‌ی پاداشتی له‌سه‌ر ئه‌درێته‌وه‌ نیه‌تی پاكه‌) هه‌ر ئاواش بۆمان ده‌سته‌ بەر كردوون تاكو ناوی خوا به‌رز ڕابگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕێنمویی كردوون و موژده‌ش بده‌ن به‌ چاكه‌كاران.

ئه‌وانه‌ی تا ئێستا نیازییان نه‌بووه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ كه‌ قوربانی بكه‌ن با ئێستا نیازی خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌. كاته‌كه‌ی ئه‌مێنێ تا ئێواره‌ی ڕۆژی سێیه‌می جه‌ژن. قوربانی بكه‌ن و خۆتان نزیك بكه‌نه‌وه‌ له‌خوای گه‌وره‌. دروشمی ئیسلامه‌تیتان له‌م رۆژه‌دا به‌رز ڕابگرن. ئه‌م خێره‌ گه‌وریه‌ له‌ده‌ستی خۆیان مه‌ده‌ن.

پوخته‌ی مه‌رجه‌كانی قوربانی:

یه‌كه‌م: پێویسته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌كرێته‌ قوربانی یه‌كێك بێت له‌م ئاژه‌ڵانه‌ (مه‌ڕ و بزن و چێڵ (مانگا) له‌گه‌ڵ حوشتر.

دووه‌م: ئه‌بێ ئاژه‌ڵه‌كه‌ گه‌شتبێته‌ كاتی دیاری كراوی خۆی.

له‌مه‌ڕوبزندا: ئه‌بێ ساڵێكی ته‌واو كردبێ.

له‌چێڵ و مانگادا: ئه‌بێ  دوو ساڵی ته‌واو كردبێ.

له‌ حوشتریشدا: ئه‌بێ پێنج ساڵی ته‌واو كردبێ.

سێیه‌م: ئه‌بێ ئاژه‌ڵه‌كه‌ بێ عه‌یب بێ.. شه‌ل نه‌بێ و نه‌خۆش نه‌بێ و كوێر و گێژ و دووگیان و یه‌كێ له‌ده‌سته‌كانی یان قاچه‌كانی نابێ بڕدرابێ.. به‌كورتی بتوانێ ڕێ بكات به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌‌ك

چواره‌م و پێنجه‌م: ئه‌بێ ئه‌وكه‌سەی قوربانی ئه‌كات ئاژەڵه‌ موڵكی خۆی بێت و حه‌قی كه‌سی تری تیا نه‌بێ

شه‌شه‌م: ئه‌بێ له‌كاتی قوربانا قوربانییه‌كه‌ بكات یانی له‌ دوای نوێژی جه‌ژنه‌وه‌ تا ئێواره‌ی رۆژی سێیه‌می جه‌ژن.. له‌ غه‌یری ئه‌مكاتانه‌ به‌ قوربانی هه‌ژمار ناكرێ به‌ڵكو به‌ صه‌ده‌قه‌ و خێر هه‌ژمار ئه‌كرێ..

خوای گەورە پەرستن و قوربانی هەموو موسڵمانان قبوڵ بکات.

له‌كۆتاییدا داوا له‌خوای گه‌وره‌و میهره‌بان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌موو رۆژێك بكاته‌ جه‌ژن بۆ ئوممه‌تەکەمان بەگشتی و موسڵمانانی میللەتەکەمان بە تایبەتی هه‌موو جه‌ژنێكیشان به‌سه‌ركه‌وتنی زیاتر بهێنێته‌وه‌..

تقبل الله منا ومنكم

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين .
وصلى اللَّه وسلم على نبينا محمد
وعلى آله وصحبه والتابعين لهم بإحسان إلى يوم الدين

1742 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/09/2015
بابەتی زیاتر...
1