توێژینەوە
پاكییه‌تی مه‌نی

توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر

پاكێتی مه‌نیی

  ئیمامی زه‌ركه‌شی ( شافیعییه‌ ) ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌ی له‌ له‌شی مرۆڤ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ سێ جۆره‌:

1ـ جۆرێكیان شه‌رعناسان له‌سه‌ر پاكێتیه‌كه‌ی رێكن, وه‌كو فرمێسك و چڵم و لیك و به‌ڵغه‌م و ئاره‌قی له‌ش..

2ـ جۆرێكیان شه‌رعناسان له‌سه‌ر پیسێتیه‌كه‌ی رێكن, وه‌كو پیسایی و میزو وه‌دی و مه‌زی و خوێن..

3ـ له‌سه‌ر پاك و پیسێتی مه‌نی راجوێن, چونكه‌ به‌ جێی میزدا دێت..

مه‌نی: ئه‌و شله‌ سپی و خه‌سته‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی ڕه‌حه‌ت بوونی پیاودا به‌ شێوه‌ی هه‌ڵقوڵین له‌گه‌ڵ هه‌ست به‌ ره‌حه‌ت بوون له‌ زه‌كه‌ر دێته‌ ده‌ره‌وه‌و خاوبونه‌وه‌ی له‌شی به‌دوادا دێت, بۆنی به‌ ته‌ڕی وه‌كو هه‌ویری ترشاوه‌, كه‌ ووشك ده‌بێته‌وه‌ بۆنی وه‌كو سپێنه‌ی هێلكه‌ی ووشك بووه‌وه‌ وایه‌  شێوه‌شی وه‌كو ووشك بوونه‌وه‌ی ماسته‌ به‌سه‌ر په‌ڕۆوه‌ به‌ تایبه‌تی خام و كوده‌ری..

  زانایانی له‌ حوكمی پاكی و پیسی مه‌نیدا دوو ران:

یه‌كه‌م: ئه‌و زانایانه‌ی پێیان وایه‌ مه‌نی پیسه‌: وه‌كو ئیمامی سوفیانی سه‌وری و ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئیمامی مالیك و ئیمامی ئه‌حمه‌د ( له‌ یه‌كێك له‌ ریوایه‌ته‌كانیدا ) به‌ڵگه‌ی هه‌مووشیان ئه‌و فه‌رمووده‌ی عائیشه‌خانمه‌ خوا لێی رازی بێت كه‌ ده‌رباره‌ی مه‌نی پرسیاریان لێ كرد كه‌ به‌ر پۆشاكی كه‌سێك ده‌كه‌وێت, فه‌رمووی: (كُنتُ أغْسِلُهُ مِنْ ثَوبِ رسولِ اللهِ صلى الله عليه وسلم فَيَخْرُجُ الى الصلاةِ وأثَرُ الغُسْلِ في ثَوبِهِ بُقَعُ المَاءِ)  واته‌: كه‌ به‌ر پۆشاكی پێغه‌مبه‌ر صلی‌ الله علیه وسلم ده‌كه‌وت شوێنه‌كه‌یم ده‌شته‌وه‌, كه‌ ده‌چووه‌ مزگه‌وت ئاسه‌واری شتنه‌وه‌كه‌ی به‌ په‌ڵه‌ ئاوی پێوه‌ دیاربوو ئه‌و زانا به‌ڕێزانه‌ ده‌فه‌رموون: دیاره‌ كه‌ شتنه‌وه‌ی پۆشاكه‌كه‌ی له‌به‌ر پیسێتی مه‌نیه‌كه‌ بووه‌  

  هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ شوێنی مـیزو مه‌زیدا دێت و له‌ خۆراكه‌وه‌ په‌یدا بووه‌ كه‌وابوو حوكمیشی وه‌كو میزو پیساییه‌..   

دووه‌م: ئه‌و زانایانه‌ی پێیان وایه‌ پاكه‌: وه‌كو سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییه‌ب و عه‌تا‌و و ئیمامی شافیعی و داوودی زاهیریی و ریوایه‌تێكی به‌هێزتری ئیمامی ئه‌حمه‌د و ئیسـحاق و ئیبنول مونزیر, كه‌ ده‌یبه‌نه‌وه‌ سه‌ر سه‌یدنا ئیبنو عومه‌رو سه‌عدی كوڕی ئه‌بو وه‌ققاس خوا لێیان رازی بێت. به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش فه‌رمووده‌یه‌كی تری پێغه‌مبه‌ره‌ صلی‌ الله علیه وسلم كه‌ هه‌ر عائیشه‌خانم ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ: كه‌ به‌ پۆشاكی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلی‌ الله علیه وسلم ووشك ده‌بۆوه‌ هه‌ر ده‌مپورواند  ئیبنو عه‌بباس ده‌یفه‌رموو حوكمی وه‌كو حوكمی به‌ڵغه‌م و چڵمه‌ و سڕینیشی به‌سه‌.. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر پیس بوایه‌ به‌ پرواندن كۆتایی پێ نه‌ده‌هات, هه‌ر وه‌كو كه‌ نه‌بیستراوه‌ پیسییه‌ك به‌ پرواندن پاك بووبێته‌وه‌.. 

   دیسان له‌وه‌ی كه‌ مه‌نیه‌كه‌ به‌ پۆشاكه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ تا ووشك بۆته‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ پیس دانه‌نراوه‌ ده‌نا زۆرتر ئیحتیات ده‌كراو هه‌ر ئه‌و كاتی كه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ جێ بایه‌خ ده‌بوو به‌ر هیچ شتێك نه‌كه‌وێت, هه‌ر وه‌كو ئه‌و ئیحتیاته‌ زۆره‌ی بۆ دڵۆپێك میز یان پروژه‌كه‌ی كراوه‌, هه‌ر وه‌كو بۆ میزی كابرای ئه‌عرابی كرا كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كه‌دا ( كه‌ زه‌مینه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ لم بوو هیچی تێدا رانه‌خرابوو ) مـیزی كرد, یان پاك كردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری میـزی ئه‌و منداڵه‌ی له‌ باوه‌شی پێغه‌مبه‌ری نازداردا ێلی‌ الله علیه وسلم میزی كرد... 

  منیش پێم وایه‌ مه‌نی پاكه‌و به‌ ته‌ڕی وه‌كو چڵم و به‌ڵغه‌م سه‌یر ده‌كرێت و ده‌سڕرێت و شوێنه‌كه‌ی بۆ پاك و خاوێنی و دیمه‌نی جوانتر ده‌شۆڕێت  كه‌ ووشكیش بووبۆوه‌ ده‌پروێنرێت.چونكه‌ ئه‌و ریوایه‌تانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ لای عائیشه‌و لای ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی‌ الله علیه وسلم خۆشی ئاوا ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ مه‌نی سه‌ر پۆشاكی خۆی كردووه‌ وه‌كو ئه‌و فه‌رمووده‌ی لای داره‌قوتنی و به‌یهیقی و ته‌حاوی له‌ ئیبنو عه‌بباسه‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: (سُئِلَ الـنبيُّ صلى الله عليه وسلم عن المـني يُيَيبُ الثوبَ ؟ فقال: إنَّمَا هو بمنزلَةِ المَخاطِ والبُيَاقِ, وإنَّمَا يَكفيكَ أنْ تَمْسَـحَهُ بِخَرْقَةٍ ‌ٍ )  واته‌ له‌ پێغه‌مبه‌ریان صلی‌ الله علیه وسلم ده‌رباره‌ی مه‌نی پرسی كه‌ به‌ر پۆشاك ده‌كه‌وێت, ئه‌ویش فه‌رمووی: وه‌كو چڵم و به‌ڵغه‌م وایه‌, به‌وه‌نده‌ی به‌ په‌ڕۆیه‌ك بیسڕیت به‌سه‌..  

  ئه‌م زانا به‌ڕێزانه‌ی پۆلی دووه‌م وه‌ڵامی زانایانی پۆلی یه‌كه‌میشیان داوه‌ته‌وه‌و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌كه‌یان به‌ فه‌رمووده‌كه‌ی یه‌كه‌می دایكه‌ عائیشه‌ خوا لێـی رازی بێت لاواز كردۆته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ فه‌رموویان: كه‌ عائیشه‌ خانم ده‌فه‌رموێ به‌ ته‌ڕی به‌ چوكڵه‌ چیلكه‌یه‌ك ( له‌ هه‌ندێك فه‌رمووده‌دا به‌ ناوی إذخَر هاتووه‌ كه‌ چیلكه‌ی روه‌كێكه‌ ) رام ده‌داو به‌ ووشكی ده‌مپرواند باسی شێوه‌ی لابردنی مه‌نیه‌كه‌ ده‌كات و نابێته‌ به‌ڵگه‌ی پیسێتی مه‌نیه‌كه‌, چونكه‌ خۆ پۆشاك له‌ چڵم و به‌ڵغه‌م و په‌ڵه‌ش پاك ده‌كرێنه‌وه‌و پیسیش نین.. كه‌وابوو بۆچوونه‌كه‌ی ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی له‌ شه‌رحی ئه‌و فه‌رمووده‌ی موسلیمدا به‌هێزتره‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: كاره‌كه‌ی عائیشه‌ له‌ لایه‌نی پاكوخاوێنیه‌وه‌ بووه‌ نه‌ك له‌به‌ر پیسێتی مه‌نی. ئه‌مه‌ ئیختیاری ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه‌شه‌ وه‌ك ده‌فه‌رموێ: به‌ڵگه‌كانی پاكی مه‌نیی زیاترو به‌هێزترن, ئه‌وه‌ش به‌هێزتریان ده‌كات كه‌ حه‌تمه‌ن ئه‌و سه‌حابه‌ به‌ڕێزانه‌ ئیحتیلام ده‌بوون و مه‌نی به‌ر پۆشاكه‌كانیان ده‌كه‌وت و بۆیان ده‌بووه‌ روداوی گشتی رۆژانه‌, ئه‌گه‌ر حوكمی مه‌نی پیس بوایه‌ هه‌ر ده‌بوو وه‌كو حوكمی تارات گرتن و خۆپاك كردنه‌وه‌ له‌ میزو پیسایی له‌و به‌ڕێزانه‌وه‌ نه‌قڵ بكرایا, كه‌ ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ دیاره‌ كه‌ وا ره‌فتاریان كردووه‌ كه‌ مه‌نی پاكه‌ ..

   كه‌وابوو مه‌نی پاكه‌, گه‌ر به‌ پۆشاكی كه‌سێكه‌وه‌ بوو ده‌توانێت لـێی كاته‌وه‌و شوێنه‌كه‌ی هه‌ر بۆ پاكوخاێنی و دیمه‌نی جوانتر بیشوات, ئه‌گه‌ر نه‌یشت و نوێژی پێوه‌ كرد پاشان بـیری كه‌وته‌وه‌ یان كه‌وته‌وه‌ به‌رچاوی هیچ ئیشكالێك له‌ نوێژه‌كه‌‌یدا نیه‌و ئه‌و ساته‌ مه‌نیه‌كه‌ له‌ پۆشاكه‌كی بكاته‌وه‌..

  زیاده‌یه‌ك: ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێ: رای زانایان ده‌رباره‌ی تۆوی گیانله‌به‌ران به‌ گشتی سێ رایه‌:

1ـ تۆوی ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌ران ( جگه‌ له‌ سه‌گ و به‌راز ) پاكه‌و له‌وه‌دا وه‌كو حوكمی مه‌نیی ژن و پیاو كافر بن یان موسوڵمان هه‌ر پاكه‌..

2ـ هه‌ندێكی تر فه‌رموویان تۆوی هه‌موو گیانله‌به‌رێك پیسه‌.

3ـ هه‌ندێكی تر فه‌رموویانه‌ تۆوی ئه‌و گیانله‌بارانه‌ پاكن كه‌ گۆشتیان ده‌خورێ و ئه‌وی گۆشتی ناخورێت مه‌نیه‌كه‌شی پیسه‌..

توێژینه‌وه‌ی: مامۆستا كرێكار

بۆ گه‌شتنه‌وه‌ به‌ په‌راوێز ریزایه‌تی فه‌رمووده‌كان ئه‌توانن بچنه‌ سه‌ر كتێـبی: پرس و ڕاوێژ له‌سه‌ر ئه‌حكامه‌كانی نوێژ

799 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/03/2016
بابەتی زیاتر...
1