بیروباوەڕ
پێناسه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ (الرِّدَّة)

پێناسه‌ی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ (الرِّدَّة)

   پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ : بریتیه‌ له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئیسلام و چوونه‌وه‌ سه‌ر كوفر ، یان: بریتییه‌ له‌ پسانی موسوڵمانێتی به‌ كافر بوون ، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ : ( وَمَن يَرْتَدِدْ مِنكُمْ عَن دِينِهِ فَيَمُتْ وَهُوَ كَافِرٌ فَأُوْلَـئِكَ حَبِطَتْ أَعْمَالُهُمْ فِي الدُّنْيَا وَالآخِرَةِ وَأُوْلَـئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ ) البقره‌/217 واته‌ : هه‌ر كه‌سێكتان له‌ دینه‌كه‌ی پاشگه‌ز ببێته‌وه‌و ئاوا بمرێت، ئه‌وه‌ كافره‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ كاروكرده‌وه‌یان له‌ دنیاو رۆژی دواییدا پووچه‌ڵ بۆته‌وه‌و ئه‌وانه‌ ئه‌هلی ئاگرن و نه‌مرانه‌ تێیدا ده‌مێننه‌وه‌.
   پاشگه‌زبۆوه‌ : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ دوای موسوڵمان بوونی به‌ كردارێك یان به‌ گوفتارێك یان به‌ ئیعتیقادێك یان به‌ گومان كردن له‌ شتێكی سه‌لمێنراوی ئیسلام، كافر ده‌بێته‌وه‌ .            
   پێناسه‌ی هه‌ر چوار مه‌زهه‌به‌كه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و غه‌یری ئه‌و چواره‌ش هه‌موویان هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌دان ، چونكه‌ كوفر یان به‌ كرده‌وه‌ی زمان ئه‌نجام ده‌درێت ( واته‌ به‌ قسه‌یه‌ك ) یان به‌ كردارێك ، یان كرده‌وه‌یه‌كی دڵه‌ ( واته‌ قه‌ناعه‌ت كردن یان نه‌كردن و گومان هه‌بوون و دوودڵی )[1]  . ئه‌بو به‌كر الحصنی‌ الشافعی له‌ ( كفایه‌ الاخیار )ـه‌‌كه‌یدا ده‌فه‌رموێ : ( پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ رووی زمانه‌وانیه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ كوفر و پساندنی ئیسلامه‌تی ، ئه‌مه‌ش جاری وا هه‌یه‌ به‌ قسه‌ ده‌بێت ، جاری واش هه‌یه‌ به‌ كرده‌وه‌یه‌ ، جاری واش هه‌یه‌ به‌ باوه‌ڕ كردن یان نه‌كردن ده‌بێت ، بازنه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌م سێ یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بابه‌تی جۆراوجۆر تێدایه‌ له‌ ژماردن نایه‌ن )[2] . شێخ حه‌مه‌د بن عه‌تیق الننه‌جدی رحمه‌ الله‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زانایانی سوننه‌ت و حه‌دیس كه‌ له‌ ساڵی 1301 ك كۆچی دوایی كردووه‌ ده‌فه‌رموێ : ( ووتوویانه‌ كه‌ پاشگه‌زبۆوه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ كوفرێك به‌ ووتن یان به‌ كرده‌وه‌ یان به‌ باوه‌ڕ دوای موسوڵمان بوونی ئه‌نجام ده‌دات ، بۆیه‌ بڕیاریان داوه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك ـ ناچار نه‌كرا بێت ـ كوفرێك بكات پێی كافر ده‌بێت ، با باوه‌ڕیشی پێی نه‌بێت و كاریشی پێ نه‌كات ، هه‌ر كه‌سێك ـ ناچار نه‌كرا بێت ـ كوفرێك به‌ كرده‌وه‌ ئه‌نجام بدات ، پێی كافر ده‌بێت با باوه‌ڕیشی پێی نه‌بێت ، یان به‌ قسه‌ ده‌ری نه‌بڕیبێت ، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك دڵ و ده‌روونی به‌ كوفر خۆش ببێت وپێی شاد ببێت با به‌ قسه‌ش یان به‌ كرده‌وه‌ش ده‌ری نه‌بڕیبێت ، ئه‌مه‌ش له‌ كتێبی شه‌رعناساندا تۆمار كراوه‌و خۆشیان و قوتابیه‌كانیان كاریان پێ كردووه‌ . )  [3]

   هه‌ندێك له‌ شه‌رعناسان و زانایان باسیان له‌ سێ بازنه‌ی كوفر لێ ده‌ركه‌وتن و كافر بوون كردووه‌ كه‌ بریتین له‌ ( قسه‌و كرده‌وه‌و باوه‌ڕ ) هه‌ندێكی تریشیان (گومان كردن ) یشی خستۆته‌ ریزیان ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خانه‌ی ئیعتیقاد ده‌ری بهێنێت ، ئه‌گه‌رچی هه‌ردووكیشیان هه‌ر له‌ دڵدان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئیعتیقاد باوه‌ڕه‌ به‌ شتێك كه‌ له‌ دڵ دا جێگیر بووه‌و بۆته‌ قه‌ناعه‌تێكی دابین ، به‌ڵام گومان هێشتا جێگیر نه‌بووه‌و خۆی نه‌گرتووه‌ ، چونكه‌ گومان و پێچه‌وانه‌كه‌ی وه‌ك یه‌ك ده‌ركه‌وتوون ، هه‌ر كه‌سێك پێغه‌مبه‌ری خوای صلی‌ الله علیه وسلم به‌ درۆ خستبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ كوفری ئیعتیقادی له‌ دڵدا جێگیر بووه‌ ، هه‌ر كه‌سێكیش به‌ گومانه‌وه‌ ده‌یڕوانیه‌ پێغه‌مبه‌رێتی جه‌نابی ، ئه‌وه‌ له‌ كوفری گوماندایه‌ ، خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێ : ( وَارْتَابَتْ قُلُوبُهُمْ فَهُمْ فِي رَيْبِهِمْ يَتَرَدَّدُونَ ) التوبة/45 واته‌ : دڵیان گومانی تێ خزی و له‌ مۆنجی دوودڵیدا ده‌هاتن و ده‌چوون !     

   بیرخستنه‌وه‌یه‌كی گرنگ : ئه‌وه‌ی رابورد پێناسه‌ی حه‌قیقه‌تی پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ ، ئه‌مما له‌ ئه‌حكامی دنیادا كه‌ ئیعتیماد ده‌كاته‌ سه‌ر شتێكی ده‌ركه‌وتووی سه‌لمێنراو ، حوكمی كه‌س به‌ كافر بوون نادرێت تا كوفرێكی لێ ده‌رنه‌كه‌وتبێت، چ به‌ قسه‌ چ به‌ كرده‌وه‌ ، ئه‌م دوانه‌شن كه‌ له‌ خه‌ڵكیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون ، ئه‌گینا باوه‌ڕ ( ئیعتیقادو قه‌ناعه‌ت ) یان گومان ئه‌مانه‌ شوێنیان دڵ و ده‌روونه‌و كه‌سی پێ حوكم نادرێت مه‌گه‌ر به‌ قسه‌یه‌ك یان به‌ كرده‌وه‌یه‌ك ئاشكرا بكرێت . له‌ حه‌دیسی سه‌حیحدا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی‌ الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی : ( إنِّي لَمْ أُؤْمَرْ أنْ أُنْقِبَ عَنْ قُلُوبِ النَّاسِ ) واته‌ من فه‌رمانم پێ نه‌كراوه‌ دڵی خه‌ڵكی بپشكنم ، له‌ حه‌دیسێكی سه‌حیحی تردا به‌ ئوسامه‌ی كوڕی زه‌یدی فه‌رموو : ( أَفَلَا شَقَقْتَ عَنْ قَلْبِهِ) واته‌ : ده‌ی بۆچی یه‌كجاری دڵیت له‌ت نه‌كرد ؟ بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ دڵدا كافر ببێت ( به‌ ئیعتیقادێك یان به‌ گومان كردن ) به‌ڵام نه‌ به‌ قسه‌و نه‌ به‌ كرده‌وه‌ ده‌ری نه‌بڕیی ، له‌ حسابی دنیاییدا هه‌ر موسوڵمان حسێبه‌ ، به‌ڵام له‌ قیامه‌تدا لای خوای گه‌وره‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كافرێكی حه‌قیقی بووه‌ ، ئه‌وه‌ دووڕووه‌ دووڕوویی گه‌وره‌. چونكه‌ له‌ ناخیدا كوفره‌كه‌ی به‌و رواڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌ روكه‌شه‌ شاردۆته‌وه‌ . ئیمامی ئیبنولقه‌ییم ده‌فه‌رموێ : ( هیچ حوكمێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌رنه‌كراوه‌ كه‌ له‌ دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكیدا هه‌یه‌ تا ئه‌و به‌ گوفتارێك یان به‌ كردارێك ئاشكرا ده‌كرێت )[4]  ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ هیچ راجوێییه‌كی له‌ نێوان زاناو شه‌رعناسان تێدا نییه‌. چونكه‌ ئه‌حكامی دنیا هه‌ر به‌ پێی ئه‌و ره‌فتاره‌ ده‌رده‌چێت كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ قسه‌ یان به‌ كرده‌وه‌ ده‌ینوێنێت ، له‌م روانگه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیمامی ته‌حاوی رای خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌هلی قیبله‌ ئاوا داوه‌ : ( بڕیاری كافر بوون و شیرك و دووڕووییان ناده‌ین مادام هیچیان لێوه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ، ئه‌مما ناخیان و هه‌رچی تێیدا په‌نهانه‌، ئه‌وه‌ بۆ لای خوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ) راڤه‌وانه‌كه‌شی ده‌فه‌رموێ : ( ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ فه‌رمانمان پێدراوه‌ كه‌ زاهیری خه‌ڵكی ته‌ماشا كه‌ین و حوكمی بده‌ین ، گومان پێ بردن وشوێن كه‌وتنی شتێك كه‌ زانیاریمان ده‌رباره‌ی نییه‌ لێمان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ ) [5] .

پوخته‌ی باس : حوكم دان به‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ دنیادا ده‌بێت به‌ سه‌ره‌نجامی ده‌ركه‌وتنی قسه‌یه‌كی كوفرانه‌ یان كرده‌وه‌یه‌كی كوفرانه‌ بێت .

  ئینوته‌یمییه‌ رحمه‌ الله‌ ده‌فه‌رموێ : ( پاشگه‌زبۆوه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ دوای موسوڵمان بوونی قسه‌یه‌ك یان كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئیسلامه‌كه‌ بێت ، به‌ شێوه‌یه‌كی وا كه‌ پێكه‌وه‌ نه‌شێن كۆبكرێنه‌وه‌ )[6]  هه‌روه‌ها له‌جێیه‌كی تریدا ده‌فه‌رموێ : ( به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر كه‌سێك قسه‌یه‌كی كوفرانه‌ی ووت یان كرده‌وه‌یه‌كی كوفرانه‌ی ئه‌نجامدا پێی كافر ده‌بێت ، با مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ كوفر بكات ، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ قسه‌ی كوفر یان كرده‌وه‌ی كوفر ـ به‌ نیازی كوفر ئیعلان كردن ـ ئاشكرا ئه‌نجام بدات )[7].



[1] بڕوانه‌ كتێبى كشاف القناع / شێخ ئه‌بو مه‌نسوور البه‌هووتى ب6 ل 16 ـ 168 .

[2] كفاية الاخيار ب2/ل 123 .

 [3]الدفاع عن اهل السنة والاتباع / الشيخ حمد بن عتيق النجدى ضاثى: دار القران الكريم 1400ك ل 30 .

[4] بڕوانه‌ إعلام الموقعين ب 3 / ل 117

[5] شرح العقيدة الطحاويه‌ ل 427 ضاثي المكتب الاسلامى 1403 ك .

[6] الصارم المسلول ل 459 

[7] ل 177 ـ 178 .

2000 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/07/2016
بابەتی زیاتر...
12