زانیاری فەرمودەوانی
فەرزێتی سووننەت

فەرزێتی هەندێك سووننەت

   مامۆستا كرێكار لە تەفسیری سوورەتی حەشردا، تەفسیری بڕگە ئایەتی (وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا..) الحشر/8 دا باسێكی كورت و پوختی پابەندبوونی بە سوننەتەوە كردووە، لە كاتی نوسینەوەی (تایپ كردنی) دا بە باشمان زانی وەكو باسێكی سەربەخۆ دەریبهێنین و بڵاوی بكەینەوە.. ئەمەی بەردەست، ئەو كورتە باسەیە:

ئەم بڕگە ئایەتە هەر وەكو چۆنیەتی پەروەردەكردنی قورئانی و رێساكانی تری ئاڕاستەوانی لەگەڵ روداوە واقیعیەكەو بە بزاوت و هەڵوێستی پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بوونە مایەی سازدان و گەشەو نەشونمای تاك و كۆی یاوەرانی بەڕێز خوا لێیان رازی بێت .

3ـ ئەم بڕگە ئایەتە(وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا..) لە دیاریكردنی سووننەتدا رێسایەكی ئوسولی زۆر گەورەو گرنگە.. چونكە هەموو سووننەت دەكەوێتە ناو چوارچێوەی ئەم ئاڕاستە خواییەوە، كە موسوڵمانان پابەند دەكات بەوەوە كە لەپێغەمبەری خواوە هاتووە.. ئەم بڕگە ئایەتە وەكو دوو ئایەتەكەی سوورەتی نەجمە (وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَى، إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى) النجم/3-4 واتە پێغەمبەرەكەی خوا هەر لە خۆیەوە قسە ناكات، ئەوە وەحیەو خوای گەورە بۆی ناردووە.. ئەوەی كە سووننەتی خودی جەنابیشێتی هەر لە ژێر چاودێریی خوای گەورەدایەو هیچ سووننەتێكی نییە كە پڕاوپڕ گونجاوی وەحی نەبێت.

   سیوتی رحمەالله (911ك كۆچی دوایی كردووە) دەفەرموێ : وەحی دووجۆرە:

  • وەحیەكیان: فەرمانمان پێدراوە بینووسینەوە كە خوێندنەوەیمان بە خواپەرستی بۆ دادەنرێت. كە قورئانی پیرۆزە.
  • وەحیەكی تریان: فەرمانمان پێنەدراوە بینووسینەوەو خوێندنەوەیمان بە خواپەرستی بۆ دانانرێت. كە سووننەتە.

   هەموو سەلەف (یاوەران وتابیعین وتابیعی تابیعین) و ئەوانەی لەسەر دیدو رێبازو بەرنامەو رێسای ئەوان رۆیشتوون هەر وایان فەرمووە.

_ ئیمامی ئەحمەد رحمەالله بە سەنەدەوە دەگێڕێتەوە كە ئیبنومەسعوود خوا لێی رازی بێت فەرمووی: لەعنەتی خوا لەو ئافرەتانە بێت كەخاڵ دەكوتن و خاڵیان بۆ دەكوترێت، لەوانەش كە برۆیان بۆ دەكرێت و برۆ بۆ ئافرەتانی تر دەكەن، لەوانەش كە شێوەی خەلقكردنی خوایی دەگۆڕن.. ئەم هەواڵە گەیشتە ئافرەتێكی هۆزی (بەنوسەعد) كە ناوی (ئوم یەعقوب)بوو، كە بیستی هاتە خزمەت ئیبنومەسعوود لێی پرسی: جەنابت ئاواو ئاوات فەرمووە؟ فەرمووی بەڵێ: بۆچی لەعنەت لە كەسێك نەكەم كە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەعنەتی لێكردووەو لە كتێبەكەی خوای گەورەشدا هەیە؟! ئافرەتەكە ووتی : لەم بەرگەوە بۆ ئەو بەرگی قورئانم خوێندووە شتی وام تێدا نەدیووە! ئیبنومەسعوود فەرمووی: ئەگەر بتخۆێندایاتەوە دەتبینی.. مەگەر ئەوەت نەخوێندۆتەوە كە دەفەرموێ: (وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا) ووتی: بەس، خوێندومەتەوەو فەرمووی: ئێ، پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرهەڵستی لەوە كردووە. ئافرەتەكە ووتی: وا دەزانم خێزانەكەی خۆشت دەیكات. فەرمووی: بڕۆ بیبینە.. چووە ماڵیان و ژنەكەی ئیبنومەسعوودی بینی، هیچ خاڵی پێوە نەبوو. هاتەوە خزمەت ئیبنومەسعوود و عەرزی كرد: هیچم پێوە نەدی. ئیبنوموسعوود فەرمووی: ئەگەر خاڵی كوتراوی پێوە بووایە پێكەوە نەدەنووستین [1].

_لە هەر دوو سەحیحی بوخاریی و موسلیمدا لە ئەبوهوەیرەوە خوا لێی رازی بێت هاتووە كە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەیفەموو: (اذا أَمَرْتُكُمْ بِأمرٍ فَافْعَلُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ، مَا نَهَيْتُكُمْ عَنْهُ فَاجْتَنِبُوهُ) [2] واتە هەر فەرمانێكم پێتاندا، ئەوەندەی لە تواناتاندا هەیە جێبەجێی بكەن، بەرهەڵستی هەر شتێكیشم لێكردن توخنی مەكەون.

_ئیمامی شافیعی رحمەالله چووە مەككەو بە خەڵكەكەی فەرموو: پرسیارم لێبكەن تا بەقورئان وەڵامتان بدەمەوە كابرایەك هەستاو پرسی: كەسێكی ئیحرامپوش بێت و زەردەواڵە (ژەنگەسۆرە)یەك بكوژێت، حوكمی لە قورئاندا چییە؟ ئیمام فەرمووی: خوای گەورە دەفەرموێ (وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانتَهُوا) پێغەمبەری خواش فەرموویەتی (فَعَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الْمَهْدِيِّينَ الرَّاشِدِينَ تَمَسَّكُوا بِهَا) [3] رێبازی من بگرنەبەر، هەروەها رێبازی خەلیفە راشیدینەكان واتە جێنشینە پێگەیشتووەكانم.. ئینجا سەنەدی فەرمودەیەكی فەرموو، فڵان لە فڵانەوە بۆی گێڕامەوە ئەویش لە فڵانەوە.. تا گەیشتە سەیدنا عومەر خوا لێی رازی بێت كە كابرایەك لێی پرسی: ئەگەر ئیحرامپوش زەردەواڵەیەك بكوژێت، هیچ كەفارەتی لەسەر دەبێت؟ سەیدنا عومەر فەرمووی : نەخێر.

   دەبینیت سەیدنا ئیبنومەسعوود سووننەتی پێغەمبەری خوای صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بە بەشێك لە وەحی خوایی دانا كە قورئانە.. ئیمامی شافیعیش دیدو رێ و هەڵوێستی سەیدنا عومەری بە سووننەتی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دانا. سووننەتیش لە قورئانەوەیە.. ئەم دوو پێشەوا بەڕێزە ئەم ئایەتەیان لا رێساو سەرچاوەی وەحی بووە.

   زانایانی ئوسولیش لەسەر ئەم دیدو رێ و رێسایەن، دەبینیت حوكمێكی گشتی قورئان بە سووننەت تایبەتمەند (تخصیص) دەكەن بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێ (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ) المائدة/3 واتە: مردارەوەبوو و خوێنتان لێ حەرام كراوە.. بەڵام لە سووننەتدا هاتووە كە دوو جۆر مردارەوە بوون هەروەها دووجۆرە خوێن حەڵاڵن. وەكو پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ (أُحِلَّتْ لَنَا مَيْتَتَانِ وَدَمَانِ، فَأَمَّا الْمَيْتَتَانِ فَالْحُوتُ وَالْجَرَادُ، وَأَمَّا الدَّمَانِ فَالْكَبِدُ وَالطِّحَالُ) [4]دوو مردارەوەبوو، دوو خوێنمان بۆ حەڵاڵە: مردارەوە بووەكان: كوللـە و ماسین، خوێنەكانیش جگەرو سپڵن.

_ هەروەها بە سووننەت حوكمە گشتیەكانی ـ جۆرو رادەو بڕیان ـ دیارەی دەكرێت. بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێ: (وَالسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُواْ أَيْدِيَهُمَا) المائدة/38 واتە: دەستی پیاوێك كە دزیی بكات و دەستی ئافرەتێك كە دزیی بكات ببڕن. سووننەت رادەو بڕی بڕینەكەی دیاریكردووە. چونكە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەستی پیاوێكی دزی لە مەچەكیەوە بڕیی.. یان خوای گەورە كە دەفەرموێ : نوێژ بكەن، زەكات بدەن، حەج بكەن.. سووننەت كات و شوێن و چۆنیەتی و رادەو بڕی ئەم فەرزانەی روون كردۆتەوە.. ئێمە بە هۆی سووننەتەوە دەزانین چۆن نوێژ دەكەین و كەی ؟ یان كەی زەكات دەدەین و چۆن و چەندو لە چیی؟ یان كەی دەچینە حەج و روكنەكانی چین؟.

_ هەموو موسوڵمانێك دەبێت بزانێت سووننەت چیەو چەند جۆرە؟ تا بزانێت كە هەندێك سووننەت لە سەریی فەرزەو دەبێت بیكات و بەو رادەو بڕو چۆنیەتیەش كە سووننەت خۆی روونی كردۆتەوە. هەندێك سووننەتیش هەیە موسوڵمان تێیدا سەرپشكە، ئازادە بیكات یان نەیكات.. زانینی ئەمە زەروورییە چونكە ئێستا لە ناو داعی و كەسایەتیە ناودارە ئیسلامیەكانیشدا هەندێك هەن وا دەزانن هەر كە ووترا سووننەتە ئیتر لا ناكات بەلایدا!!.

   پێشەوایانی شەرع و زانایانی ئوسول سووننەتیان كردووە بە چەند بەشێكەوە:

یەكەم: ئەو رەفتارانەی بەپێی سروشتی بەشەرێتی خۆی كردوونی: كە ژیانی هەموو مرۆڤێك دەیانخوازێت. وەكو خواردن و خواردنەوەو پۆشین و نوستن و .. هتد. هەموو ئەمانەو هاوشێوەیان پێش پێغەمبەرێتی و دوای پێغەمبەرێتی وەكو هەر مرۆڤێكی تر، كردوونی.. ئەمانە بە گشتی حەڵاڵ و شیاون. ئەحكامێكی شەرعی تایبەتیان تێدا نییە. مەگەر چۆنیەتیەكانیان كە دەبێتە سووننەت. وەكو چۆنیەتی دانیشتنی، چۆنیەتی خواردن و خواردنەوەی، كە بە دەستی پاكی راستی دەیخواردو دەیخواردەوە. ئەم چۆنیەتیە جێی ئیقتیداپێكردنەو ئەو كەسەی وا دەیكاتەوە بێگومان پاداشتی دەست دەكەوێت. ئەو كەسەی وا نەیكاتەوە گوناحبار نابێت و سزا نایگرێتەوە. بەڵام كە هەموومان وا بكەین دەیكەینە دابونەریتێكی كۆمەڵگە موسوڵمانە دیندارەكەمان.. هەروەها جۆری خۆراكەكانی. بۆ نموونە (ضَبِّ)[5]ی نەخواردووەو رێی لە خواردنیشی نەگرتووە.

دووەم: ئەو رەفتارانەی وان لە نێوان سروشتی بەشەرێتی و حوكمی شەرعێتیدا: بۆ نموونە جەنابی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە كاتی حەجدا لە عەرەفات كە سواری حوشتر بووبوو، هەستایە سەر پێ.. وەستان لە عەرەفاتدا روكنی حەجە، بەڵام ئایا وەستان بە سواری حوشترو عەرەبانەو سەیارەوە جائیزە؟ ئایا وەستانی جەنابی بە سواری حوشترەوە لە عەرەفاتدا رەفتارێكی سروشتی بوو؟ بۆ ئەوەی حاجیەكانی تر بیببنن و بزانن لەو جێگایەدایە، تا ئەگەر پرسیاریان هەبوو بچنە خزمەتی؟ یان هەر وەكو رەفتارێكی خواپەرستی وای كردووە؟ ئەمە راجوێیی ئوسولیەكانی لەسەرەو هەرواش دەمێنێت.

سێیەم: ئەو رەفتارانەی سەلمێنراون كە تایبەتن بە جەنابی و بەس: وەكو: هەبوونی زیاتر لە چوار ژن لە یەك كاتدا. چونكە ئەو كاتەی خوای گەورە پێی فەرموو (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ) الاحزاب/50 ئەی پێغەمبەر ئێمە ژنە هاوسەرەكانتمان بۆ حەڵاڵ كردوویت.. ئەو كاتە زیاتر لە چوار ژن هاوسەری بوون.

چوارەم: ئەو رەفتارانەی روونكردنەوەی حوكمی قورئانن: وەكو چۆنیە سزا شەرعیەكان: سزای زینا، سزای دزیی، سزای شەرابخۆریی.. یان چۆنیەتی خواپەرستیەكانن. وەكو چۆنیەتی نوێژكردن و حەجكردن، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَأَقِیمُواْ الصَلاةَ) البقرة/43 واتە: نوێژ بكەن.. بەڵام چۆنیەتیەكەی بەو شێوەیە بووە كە جەنابی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەسەر مینبەر نیشانی دان و فەرمووی: (صَلُّوا كَمَا رایتُمُونی اُصَلِّی)[6] واتو: وا نوێژ بكەن كە من دەبینن نوێژ دەكەم.. هەروەها حەجكردن، خوای گەورە دەفەرموێ (وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً) ال عمران/97 واتە: حەج لەسەر ئەو كەسانەی لە توانایاندا هەیە، فەرزە. بەڵام چۆنیەتی حەجكردنەكە لە سووننەتدا شەرح كراوە. جەنابیشی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی (خُذُوا عَنِّي مَنَاسِكَكُمْ) [7] واتە: چۆنیەتی ئەنجامدانی رەفتارەكانی حەج، لەمن وەربگرن.

پێنجەم: ئەو رەفتارانەی نە لە سروشتی مرۆڤایەتیەكەیەوەیەتی و نە روونكردنەوەی ئەحكامی قورئانن: تایبەتیش نەبوون بە جەنابیەوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئەمانەش دووجۆرن:

جۆری یەكەم: ئەوانەی زانراون كە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كردونی: چونكە فەرزبوون لەسەریی، یان شیاوبوون بۆی، یان رێپێدراوو پەسەندی جەنابی خۆی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بوون. وەكو نوێژكردنی لە ناو كەعبەدا.. ئەمە بۆ موسوڵمانانیش شیاوە، چونكە تایبەت نەبووە بە جەنابیەوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.

جۆری دووەم: ئەوانەی نازانین لەسەر ئێمە فەرزن، یان سووننەت یان رێپێدراوی پەسەند: بۆچوونی پێشەوایان دەربارەی ئەم رەفتارانە جیاوازە:

_ئیمامی ئەبوحەنیفەو ریوایەتێكی ئیمام ئەحمەد و قەولێكی ئیمامی شافیعی ئەوەیە كە پێویستە بكرێن، بەڵام لە رووی ئیحتیاتكردنەوە، نەبادا وەل بكرێن و دوایی دەربكەوێت كە فەرز بوون.

_هەندێك لەشەرعناسانی مەزهەبی شافیعی و رای دووەمی ئیمامی ئەحمەد ئەوەیە كە باشتر وایە بكرێن. چونكە ئەنجامدانیان لەوەلكردنیان باشترە.

_جائیزە.. كەوا بوو نەكردنیشی جائیزە.. مەگەر خوپەرستیەك بێت، كە حەتمەن كردنی چاكترە.

_تێداوەستان ئەمە بۆچوونی موعتەزیلەیە. بەڵام ئەوانی تر وەڵامیان داونەتەوە كە وەستان وەتێڕامان ئیقتیداكردن نین بە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.

عەللامە شەنقیتی وەكو زۆرێك لە زانا توێژەرەوەكان دەفەرموێ: حەتمەن ئەنجامدانی باشترە. خۆ ئەگەر فەرزیش نەبێت، سووننەتەو پاداشتی مسۆگەرە. بێگومان هەر واشە.. مەرجیش نییە ئێمە بزانین بۆچی جەنابی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وایكردووە. ئەنجامدانی ئەم رەفتارانە ئیقتیدا پێكردنێتی. بڕوانە هەڵوێستی یاوەران لەم نموونەدا:

ـ ئەبو سەهیدی خودریی خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە كەپێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە نوێژدا بوو (ئیمام بوو) یاوەران لە خزمەتیدابوون بە ریز لە نوێژی جەماعەتەكەیدا بوون.. لە كاتی نوێژەكەدا جەنابی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نەعلەكانی دانا [8]، هەموو یاوەران هەر لە نوێژەكەیاندا یەكسەر نەعلەكانیان دانا.. كە لە نوێژ بوونەوە، پێی فەرموون كە بۆچی ئێوەش نەعلەكانتان دانا؟ عەرزیان كرد: دیتمان جەنابتان نەعلەكانت دانا، ئێمەش وامان كرد .. فەرمووی (اِنَّ جِبْرِيلَ أَتَانِي فَأَخْبَرَنِي أَنَّ بِهِمَا خَبَثًا) جیبریل (جوبرائیل) هەواڵی دامێ كە پیسایی بە نەعلەكەمەوە بوو منیش دامنان.. پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بەرهەڵستی لێ نەكردن و زەمی رەفتارەكەی نەكردن.. ئەوان خوا لێیان رازی بێت ئاوایان كرد بێ ئەوەی بزانن بۆچی؟.

   كەوابوو شارەزابوون لە سووننەت زەروورەتێكی دیندارییە، پابەندبوونیش پێوەی سیماو سیفەتی سووربوونە لەسەر باڵاراگرتنی سووننەتی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و گرتنەبەریی رێگای سەرفرازییە، مایەی لە خوا نزیكبوونەوەیە.. هەر وەكو كە پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەیفەرموو (إِنَّهُ مَا مِنْ شَيْءٍ يُقَرِّبُكُمْ مِنَ الْجَنَّةِ وَيُبْعِدُكُمْ مِنَ النَّارِ إِلا قَدْ أَمَرْتُكُمْ بِهِ ، وَإِنَّهُ مَا مِنْ شَيْءٍ يُقَرِّبُكُمْ مِنَ النَّارِ وَيُبْعِدُكُمْ مِنَ الْجَنَّةِ إِلا قَدْ نَهَيْتُكُمْ عَنْهُ)[9]واتە: شتێك نەماوە لە بەهەشت نزیكتان بكاتەوەو لە دۆزەخ دوورتان بكاتەوە كە بۆم روون نەكردبێتنەوە و فەرمانم پێنەدابن كە بیكەن، شتێكیش نەماوە لە دۆزەخ نزیكتان بكاتەوەو لە بەهەشت دوورتان بكاتەوە كە بۆم روون نەكردبێتنەوەو فەرمانم پێنەدابن كە نەیكەن.

5ـ پابەندبوون بە سووننەتی پاكی پێغەمبەری خواوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە راستیدا سەلماندن و چەسپاندنی حەقیقی شایەتمانەكەیە (أشهد أن لاالە الاالله ، وأشهد أن محمداً رسول الله) چونكە بڕگەی یەكەم كە شاهیدانە لەسەر خوایەتی خوای گەورەو تاك وپاكی ئەو، شاهیدیدان و ئیعتیراف كردنیشە بە وانەی كە (لاالە الاالله) دەیانخوازێت. وەكو باوەڕبوون بە نادیار (غەیب)، باوەڕبوون بەفریشتەو بە رۆژی دوایی و بە ناردنی پێغەمبەران و پەیامەكانیان. (أشهدان محمدا رسول الله) كەش ئیعتیرافكردنە بەپەیامی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. واتە: ئیقتیداكردن پێی و وەرگرتنی فەرمان و خۆلادان لەبەر هەڵستیەكانی. هەروەها پابەندبوون بە سییرەو سووننەتی پاكیی.. ئەم پابەندبوونە، خواپەرستییە. ملكەچكردنە بۆ فەرمانی خوا. چونكە دەفەرموێ (مَّنْ يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّهَ) النسا‌ء/80: هەر كەسێك ملكەچی فەرمانی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بێت، ئەوە ملكەچێتی بۆ خوای گەورە دەربڕیووە.

   پابەندبوون بە سییرەو سووننەتی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئەوە دەگرێتەوە كە موسوڵمان باوەڕی وابێت كە لەگەڵ هەر كەس و لایەنێكی موسوڵماندا ناكۆك بێت، چارەسەرەكە وا لای پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر قورئان وسووننەتی جەنابی صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. وەكو خوای گەورە دەفەرموێ (فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الآخِرِ) النساء/59.

   سووننەتی پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هەر ئەوە نیە كە ئەحكامی قورئان روون بكاتەوە، بەڵكو سەرچاوەی دووەمی یاساو ئەحكامەكانی شەرعیشە.. زۆر حوكمی شەرعیی هەیە كە لە بەڵگەی سووننەتەوە هاتوون. نەك لە قورئانەوە..ئێمە چۆن دەزانین كە گۆشتی گوێدرێژ (كەر) حەرامە؟ بە بەڵگەی سووننەت دەزانین. چۆن دەزانین گۆشتی پڵنگ حەرامە؟ بە بەڵگەی سووننەت دەزانین.. چۆن دەزانین پیاوی موسوڵمان بۆی جائیز نیە لە یەك كاتدا ئافرەتێك و پوورێكی هاوسەری بن؟ بەبەڵگەی سووننەت دەزانین.. پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەفەرموێ (الَا إِنِّي أُوتِيتُ الْكِتَابَ وَمِثْلَهُ مَعَهُ[10]واتە ئەوە بزانن كە هەر وەكو كە قورئانم پێدراوە، وەكو ئەویش (سووننەت)م پێدراوە.

    كەوابوو پێویستە موسوڵمانی دیندارو سەرڕاست هۆشی لە سووننەت بێت و تا دەتوانێت خۆی پێوەپابەند بكات و لەوە دڵنیا بێت كە سەرفرازیی دنیاو قیامەت بەپابەندبوونیەوەیەتی بە سووننەتەوە.. بڕوانە ئەو یاوەرە بەڕێزانە چەند و چۆن بە ئاڕاستەی پێغەمبەری خواوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پابەندبوون و بشڕوانە حاڵی خۆت ! ئایا خۆت لە پابەندبوونت بە سووننەتەوە رازیت؟! پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەسەر مینبەربوو، ووتاری دەدا، فەرمووی: دانیشە! یاوەران لەدەرەوەی مزگەوت دانیشتن! هەر یەكەیان دەیفەرموو: نەبادا مەبەستی من بوو بێت.



[1] . ئیبنو كەسیر دەفەرموێ: لە رێگای سوفیانی سەورییەوە، لە هەردوو سەحیحی بوخاریی و موسلیمیشدا هەیە. تەفسیری ئیبنوكەسیر /چاپی یەك بەرگی ل12.

[2] . بوخاريي (6777)، موسليم (1337). 

[3] . بەشێكە لە فەرموودەیەكی درێژ ـ بە ریوایاتی جیاوازو زۆر ـ كە ئەبوداوودو ترمزیی بە سەنەدی (حەسەن سەحیح) و ئیبنوماجە بە سەنەدی (حەسەن) هێناویانەتەوە فەرموودەوانان لە حوكمی سەنەدەكەیدا راجوێ بوون: حاكم بە سەحیحی داناوە، زەهەبییش فەرموویەتی وایە. ئەلبانیش پشتگیریی لێكردووە. ئەرنائووت دەفەرموێ: بە كۆی رێگاكانی گێڕانەوەكانی سەحیحە. كە ئەمەیە: (قَالَ الْعِرْبَاضُ بن سارية رضي الله عنه صَلَّى بِنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ذَاتَ يَوْمٍ ثُمَّ أَقْبَلَ عَلَيْنَا فَوَعَظَنَا مَوْعِظَةً بَلِيغَةً ذَرَفَتْ مِنْهَا الْعُيُونُ وَوَجِلَتْ مِنْهَا الْقُلُوبُ فَقَالَ قَائِلٌ يَا رَسُولَ اللَّهِ كَأَنَّ هَذِهِ مَوْعِظَةُ مُوَدِّعٍ فَمَاذَا تَعْهَدُ إِلَيْنَا فَقَالَ أُوصِيكُمْ بِتَقْوَى اللَّهِ وَالسَّمْعِ وَالطَّاعَةِ وَإِنْ عَبْدًا حَبَشِيًّا فَإِنَّهُ مَنْ يَعِشْ مِنْكُمْ بَعْدِي فَسَيَرَى اخْتِلَافًا كَثِيرًا فَعَلَيْكُمْ بِسُنَّتِي وَسُنَّةِ الْخُلَفَاءِ الْمَهْدِيِّينَ الرَّاشِدِينَ تَمَسَّكُوا بِهَا وَعَضُّوا عَلَيْهَا بِالنَّوَاجِذِ وَإِيَّاكُمْ وَمُحْدَثَاتِ الْأُمُورِ فَإِنَّ كُلَّ مُحْدَثَةٍ بِدْعَةٌ وَكُلَّ بِدْعَةٍ ضَلَالَةٌ) .

[4] . ئیبنوماجە (2/1102 ژ3314)، ئەحمەد (2/97 ژ 5723) ئەلبانی رحمە اللە لە (الصحیحە/ 1118 وإروا‌ء الغلیل/ 2526 ) دا دەفەرموێ: سەحیحە.

[5] . جۆرێكە لە خشۆكی بیابان. لە شكڵی قۆڕی و شەوگەڕو مارمێلكەدایە. كلكی كورتترە بەلام ئەستورو گۆشتنەو هەیانە هەشتت كیلۆ دەبێت! هەندێك عەرەب پێی دەڵێن ماسی بیابان دەبرژێنرێت و دەكوڵێندێت.

[6] . فەرموودەكە (متفق علیە) یەو بەناوبانگ و بەربڵاوە بە تایبەتی كە شێخی ئەلبانی رحمە اللە لەسەر بەرگی كتێبی (صفە صلاە النبی صلی الله علیە وسلم) نوێژەكەی بڵاوی كردۆتەوە.

[7] . نەسائیی و ئەحمەدو بەیهیقیی و فەرموودەوانی تر . ئەلبانی لە (الجامع الصغیر وزیادته/ 9192) و (صحیح الجامع/ 5061)) دا بە سەحیحی داناوە.

[8] . مزگەوتەكەی پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێت هیچی تێدارانەخرابوو، هەر بەلم داپۆشرابوو بۆیە ئاسایی بەنەعلەكانیانەوە دەچوونە ناوی ونوێژ شییان پێوەدەكرد.

[9] . نەسائیی لە (السنن الكبری 7/121) و بەیهیقی لە (شعب الایمان/ 1141).  ئەلبانی لە (السلسلە الصحیحە/2866) دا دەفەرموێ : مرسل حسن. ٍشاهیدی تری بۆ دەهێنێتەوە كە دەیگەێنێتە پلەی سەحیح.

[10] . ئەبوداوود (4604)، ئیبنوماجە( 3677)، ئەحمەد /16844)،ئەلبانی لە (صحیح سنن أبی داود/ 3848) دا فەرموویەتی: سەحیحە.    

1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/09/2016
بابەتی زیاتر...
1