ژیاننامەی پێغەمبەر
رێوشوێنی پێغه‌مبه‌ر ﷺ له‌ گۆڕین ‌و چاكسـازیدا

رێوشوێنی پێغه‌مبه‌ر له‌ گۆڕین ‌و چاكسـازیدا

ئه‌و جیهانه‌ی كه‌ محمـد صلى الله عليه وسلم به‌ره‌نگاری بوه‌وه‌:

ئه‌و كاته‌ی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدوڵڵا صلى الله عليه وسلم بووه‌ پێغه‌مبه‌ر، جیهان وه‌ك باڵاخانه‌یه‌ك بو كه‌ وه‌به‌ر بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز كه‌وتبێ‌‌و زۆر به‌ توندی راهه‌ژا بێ‌، له‌ گه‌لێك شوێندا بناغه‌و بانه‌كه‌ی داڕوخاو و تێشكابێ‌، له‌ گه‌لێك شوێنیتر دانوچاو و داكه‌وتبێ‌، گه‌لێك شت له‌ شوێنی شیاوی خۆیان نه‌ما بن‌و له‌ شوێنی تردا كه‌وتبن، شتیش هه‌بن به‌سه‌ریه‌كدا تێكڕوخاو و كه‌ڵه‌كه‌ بوبن .

محمد صلى الله عليه وسلم به‌ دیدی پێغه‌مبه‌رێتیه‌وه‌ له‌ جیهانی روانی، مرۆڤێكی بینی له‌ مرۆڤێتی داشۆرابوو، سوژده‌ی بۆ دار‌و به‌رد و روبار ‌و شتی وا ده‌برد كه‌ هێنده‌ی نوكی ده‌رزیش زیان و قازانجی نه‌بێ‌.

مرۆڤێكی به‌راوه‌ژوی بینی، كه‌ عه‌قڵیه‌تیه‌كه‌ی تێكچوبو و له‌ به‌ڵگه‌نه‌ویستان و بابه‌تی رون و بێگرێ‌ نه‌ده‌گه‌یشت. شیرازه‌ی بیری شپرزه‌ ببو و بابه‌تێك تێوه‌ڕامانی بویستایه‌ به‌ ساده‌یی سه‌یری ده‌كرد و بابه‌تێكیش ساده‌ بوایه‌ لێی وه‌ چه‌ندوچونان ده‌كه‌وت و قوڵا ده‌بوه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ خوازیاری بڕیاری دڵا بو لێی دودڵا بو، وای ده‌خواست لێی دودڵا بێ‌ به‌بێ‌ سێودو دڵنیا بو. مرۆڤێك كه‌ چێژه‌كه‌ی هه‌ڵبروسكا بوو؛ تاڵی به‌ شیرن و شیرنی به‌ تفت تام ده‌كرد‌و ژه‌مه‌نبورده‌ی ژه‌هری مار بو. مرۆڤێك كه‌ هه‌ستی ناجسـن ببو؛ كینه‌ی له‌ دوژمنی سته‌مكار هه‌ڵنه‌ده‌گرت‌و دۆسـتی دڵسۆزیشی خۆشـنه‌ده‌ویسـت.

كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بینی كه‌ وێنه‌یه‌كی بچوكی جیهانی نیشان ده‌دا و هه‌مو شتێكی تێدا سه‌ره‌وژێر و جێیی گۆڕابوو، گورگ شوان و ناحه‌زی زۆرداریش دادبه‌ده‌ست بوو، پیاوی تاوانكار له‌ خۆخه‌نی‌و به‌خته‌وه‌ر و پیاوی چاكه‌كاریش له‌ بێ‌به‌ش ‌و به‌دبه‌خت بوو، چاكه‌ به‌سته‌زمان‌و ناپه‌سـند بوو، خراپه‌ی ناپه‌سـندیش چاكی  هه‌ره‌چاك بوو. گه‌لێك نه‌ریت‌و باوی بینی كه‌ مرۆڤایه‌تی وێران ده‌كرد‌و به‌ره‌و هه‌ڵدێری فه‌وتانێی ده‌بردن.

بینی خه‌ڵك له‌ مه‌یخۆری وروكاون و هێند مه‌ستن بۆ سه‌رمه‌ستی خه‌ریكه‌ نه‌توانن بێ‌ مه‌ی بژین، داوێن پیسـی‌و به‌دڕه‌وشتی له‌وپه‌ڕی بێشـه‌رمی دابوو، ریباكاری گه‌یشـتبوه‌ رادده‌یه‌ك ماڵا ‌و موڵك زه‌وت بكرێ‌، پولپه‌رستی‌و ته‌ماحكاری خه‌ڵكی به‌ره‌و دڕنده‌یی و تاڵانكاری هه‌ڵنابوو، سته‌م‌و بێڕه‌حمی گه‌یشتبوه‌ رادده‌یه‌ك كه‌ كچۆڵه‌ی بێگوناح‌و له‌ گوڵا پاكتر زینده‌به‌چاڵا بكرێن و جگه‌رگۆشان له‌به‌ر هه‌ژاری بكوژرێن!.

بینی پاشاكان زه‌وی خوایان پاوان كردوه‌‌و سه‌رجه‌م خه‌ڵكیان كردۆته‌ كۆیله‌. مالم‌و كه‌شـیشـه‌كان خۆیان له‌ خه‌ڵك كردۆته‌ خوا و به‌ ناڕه‌وا ماڵی خه‌ڵك ده‌خۆن‌و كۆسـپ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر رێگه‌ی خوا.

بینی به‌هره‌كانی  مرۆڤایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی راست‌و دروست ئاڕاسته‌ ناكرێن و له‌ كاری بێكه‌ڵك به‌ فیڕۆ ده‌درێن و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی سود‌و قازانج ببه‌خشـن ده‌رده‌سـه‌ری ده‌نێنه‌وه‌ و وه‌ك به‌ڵا له‌ باڵای مرۆڤایه‌تی ئاڵاون. ئازایه‌تی بریتی بو له‌  ره‌شه‌كوژی و تاڵان‌و بڕۆ كردن، پیاوه‌تی ببوه‌ ماڵا به‌ فیڕۆدان و پاكوپوك كردن، جوامێری ببوه‌ فیزوده‌ماری نه‌فامیانه‌، زیره‌كایه‌تی بریتی بو له‌ ساخته‌ و پاخته‌سازی، ئاوه‌زیش بریتی بو له‌ ئامرازی داهێنانی تاوانی تازه‌ و ئاره‌زوبازی.

بینی تاك‌و كۆمه‌ڵا وه‌ك كه‌رسته‌ی خاون به‌ڵام پیشـه‌سازی ده‌سـتڕه‌نگین و زیره‌كیان لـێ‌ هه‌ڵنه‌كه‌وتوه‌ تا بۆ بنیادنانی په‌یكه‌ری ژیار وه‌به‌ركار بن، وه‌ك ته‌خته‌ دارن به‌ڵام دارتاشێكی كارامه‌یان لـێ‌ په‌یدا نه‌بوه‌ تا كه‌شـتیه‌كیان لـێ‌ دروست بكات‌و ده‌ریای ژیانی پێ‌ ببڕن .

بینی گه‌لانی سه‌ر روی زه‌وی وه‌ك مێگه‌له‌ مه‌ڕی بێ‌ شوانن، سیاسه‌ت وه‌ك وشـتری هاری بێجڵه‌وی به‌رهه‌ڵدایه‌، ده‌سه‌ڵات وه‌ك شـمشـێره‌و له‌ ده‌ســتی سه‌رخۆشان دایه‌، كوڕ‌و براگه‌لـی خۆیان پێ‌ بریندار ده‌كه‌ن.

لایه‌نه‌كانی ژیانی پڕبـه‌دی:

پیاوی چاكساز ده‌بێ‌ مشوری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی گه‌نده‌ڵا بخوات‌و هه‌مویان له‌به‌ر چاو بگرێ‌، هه‌ر چاكسازێك بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك لایه‌نی كۆمه‌ڵگه‌ راسته‌ڕێ‌ بكات ده‌بێ‌ سه‌رله‌به‌ری ته‌مه‌ن‌و توانی خۆی بۆ ته‌رخان بكات.

ده‌رونی مرۆڤ پێكهاته‌یه‌كی ئاڵۆزو رایه‌ڵا و پۆی وردی هه‌یه‌ و زۆر ده‌رگا‌و په‌نجه‌ره‌ی تێدایه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌رونه‌ توشی لاڕێبون‌و چفتوچه‌وێڵی بێت ئه‌وا تا روكاره‌كه‌ی له‌ خراپه‌وه‌ به‌ره‌و چاكه‌ و له‌ خه‌وشه‌وه‌ به‌ره‌و ساغی وه‌رنه‌سوڕێ‌، تا گژوگیای زه‌ره‌ربه‌خشی لـێ‌هه‌ڵنه‌كێشـرێ‌ كه‌ ره‌نگه‌ به‌هۆی خراپه‌كاری كۆمه‌ڵگه‌‌و شـپرزه‌بونی په‌روه‌رده‌وه‌ بڕوێ‌ وه‌ك چۆن گژوگیای شه‌یتانی له‌ خاكێكی ئادان ده‌ڕوێ‌، تا تۆوی خراپه‌كاری له‌ناو نه‌برێ‌ ‌و له‌ شوێنیدا خۆشویستنی چاكه‌و ته‌قوای لـێ‌ نه‌چێنرێ‌؛ قه‌ت ناكرێ‌ نه‌ریته‌ ناجسـنه‌كانی بنبڕ بكرێ‌ ‌و خه‌وش و كه‌موكوڕیه‌كانی چاره‌سه‌ر بكرێ‌.

چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر ده‌ردێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و هه‌ر خه‌وشێكی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ وا ده‌خوازی ته‌واوی ژیان چاره‌سه‌ر بكرێ‌، ته‌واوی ته‌مه‌نی چاكسازه‌كه‌شی گه‌ره‌كه‌، به‌ڵكو ره‌نگه‌ ته‌مه‌نی چه‌ندین پیاوی چاكسازی چه‌ندینیتریشی گه‌ره‌ك  بێ‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت له‌ وڵاتێكی پڕ له‌ رابواردن‌و به‌رهه‌ڵدایی‌و ئاره‌زوبازیدا عه‌ره‌ق قه‌ده‌غه‌ بكا، ئه‌وا له‌ ماندوبون‌و ره‌نجی به‌ فیڕۆ بترازێ‌ چیتری پێ‌نابڕێ‌، چونكه‌ خواردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ق له‌ ده‌رونێكه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا كه‌ شه‌یدای نۆشینی چێژ بێ‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ژه‌هریش بێ‌، ئالوده‌ی نۆشی مه‌سـتبون بێ‌ ئه‌گه‌رچی له‌ گوناحیش بێ‌.

ئه‌م جۆره‌ ده‌رونه‌ به‌ پڕوپاگه‌نده‌‌و بڵاوكراوه‌ و نوسـین و په‌رتوك و وتاردانان ناسه‌نگرێته‌وه‌، به‌ رونكردنه‌وه‌ی زیانه‌ دروستیو ره‌وشـتیه‌كان و، به‌ یاسای توندوتیـژ و سـزای جه‌رگبـڕ وازناهێنێ‌. به‌ڵكو ته‌نها به‌ گۆڕانكاریه‌كی قوڵی ده‌رونیه‌وه‌ ده‌گۆڕێ‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌كی تریش ناچار بكرێ‌ وازبهێنێ‌ ئه‌وا په‌نا وه‌به‌ر جۆره‌ها فڕوفێڵا و تاوانیتر ده‌بات‌و به‌ ناو و وێنه‌یتر مفـتی ده‌كات.

پـێغه‌مبه‌ر پیاوێكی هه‌رێمپه‌رست ‌و رێـبه‌رێكی نیشـتمانپه‌رسـت نه‌بوو:

ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم پیاوێكی هه‌رێم په‌رست بوایه‌ و وه‌ك سه‌ركرده‌ سیاسی‌و رێبه‌ره‌ نیشتمان په‌رسته‌كان ره‌فتاری بكردایه‌، له‌ عه‌ره‌بستاندا بوارێكی به‌رفره‌وانی بۆ ده‌ڕه‌خسا و به‌ ئاسانی ده‌یتوانی ئاڵای نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵبكات‌و قوڕه‌یشـیه‌كان و سه‌رجه‌م هۆز‌و تیره‌ عه‌ره‌به‌كانی له‌ ژێردا كۆ بكاته‌وه‌ و نیشـتمانێكی به‌هێز‌و یه‌كانگیری عه‌ره‌بی دابمه‌زرێنێ‌‌و خۆشی ببێته‌ سه‌رۆكیان. بێگومان ئه‌بوجه‌هل‌و عوتبه‌ی كوڕی ره‌بیعه‌و ئه‌وانیتریش پێشـی هه‌موو كه‌س خۆیان راپێش ده‌كرد و له‌ژێر ئاڵاكه‌دا كۆده‌بونه‌وه‌‌و خۆشیان له‌ پێناودا به‌ كوشت ده‌دا و به‌ سه‌رۆكایه‌تی پێغه‌مبه‌ریش رازی ده‌بوون. ئه‌دی هه‌ر ئه‌وان نه‌بون ده‌یانگوت راست و ده‌سـپاكه‌؟ هه‌ر ئه‌وان نه‌بون له‌ روداوه‌ گه‌وره‌كه‌ی ژیانیان له‌ مه‌ككه‌دا له‌ كێشـه‌ی دانانه‌وه‌ی به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ی كه‌عبه‌دا به‌ ناوبژیوان هه‌ڵیانبژارد و گه‌وره‌ترین رێز‌و شكۆیان پێ‌ به‌خشـی؟ هه‌ر ئه‌وان نه‌بون به‌ نوێنه‌رایه‌تی خۆیان عوتبه‌یان نارده‌ لای تا پێی بڵێ‌:  ((ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت سه‌رۆكایه‌تیه‌ ده‌ وه‌ره‌ هه‌مومان ئاڵات بۆ هه‌ڵده‌كه‌ین و هه‌تا ماوی تۆ سه‌رۆكمان به‌)).

ئه‌گه‌ر وای بكردایه‌ ده‌یتوانی سه‌رجه‌م جوامێر و سوارچاكانی عه‌ره‌ب كۆبكاته‌وه‌ و له‌ وڵاتی فارسیان به‌ربدات‌و له‌ پێناو عه‌ره‌بایه‌تی هه‌رسـكراودا تێبكۆشـێ‌‌و به‌سه‌ر عه‌جه‌مه‌ سته‌مكاره‌كان زاڵا ببێ‌‌و ئاڵای داگیركاریی عه‌ره‌بی‌و شكۆی نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌ر یاڵا‌و به‌رزاییه‌كانی وڵاتی رۆم‌و فارس بشه‌كێته‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌وسا نه‌یده‌خواست خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌م دو ئیمپراتۆره‌ بدات، خۆ ده‌یتوانی شاڵاو و شه‌به‌یخونان بباته‌ سه‌ر وڵاتانی یه‌مه‌ن‌و حه‌به‌شه‌و دراوسێكانی تر و بیانكاته‌ پارچه‌یه‌ك له‌ نیشتمانه‌ عه‌ره‌بیه‌ تازه‌كه‌ی.

ژیانی عه‌ره‌به‌كانی ئه‌وسا له‌ گه‌لێك لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریدا ناله‌بار‌و كۆسكه‌وتو بو، گه‌لێكی پێویست به‌ هۆشی سیاسه‌تمه‌دار و ده‌سـتوبردی كارگێڕ و وره‌به‌رزی جوامێر و داهێنانی  فره‌زانێك هه‌بو، عه‌ره‌به‌كان ئه‌گه‌ر پیاوێكی وایان بۆ هه‌ڵكه‌وتبا شان‌و شكۆیه‌كی مه‌زن‌و مێژوێكی پڕ سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یییان بۆ ده‌هاته‌ كایه‌وه‌ .

نه‌هاتووه‌ ناهه‌ق به‌ ناهه‌ق بسڕێته‌وه‌:

به‌ڵام خۆ سه‌روه‌ری نازدار صلى الله عليه وسلم نه‌ناردراوه‌ تا ناڕه‌وا به‌ ناڕه‌وا بسـڕێته‌وه‌، ده‌سـتدرێژی به‌ ده‌سـتدرێژی ببڕێته‌وه‌، شت له‌ شوێنێ‌ حه‌ڕام بكاو له‌ شوێنیتریش حه‌ڵاڵ، شوێنه‌واری گه‌لێك به‌ گه‌لێكیتر ره‌شكاته‌وه‌. وه‌ك رێبه‌رێكی نیشتمان په‌رست یان وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی نه‌ناردراوه‌ تا به‌رژه‌وه‌ندی بۆ خۆی دابین بكات و خه‌ڵك له‌ حوكمی فارس‌و رۆمانی رزگار بكاو بیانخاته‌ ژێر حوكمی عاره‌بی عه‌دنانی‌و قه‌حطانی. به‌ڵكو وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی موژده‌گار و هه‌ڕه‌شه‌گار نێردراوه‌، تا وه‌ك مانگی ده‌رخشان په‌یامه‌كانی خوا به‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی ڕاگه‌یه‌نێ‌، تا خه‌ڵك له‌ مرۆڤپه‌رستیه‌وه‌ به‌ره‌و خواپه‌رستی و له‌ ته‌نگی دنیاوه‌ به‌ره‌و به‌رهه‌راوێتی دنیا و دوایی و له‌ سته‌می دینانی بێداده‌وه‌ به‌ره‌و داد‌و ره‌وای ئیسـلام رزگار بكات. تا فه‌رمان به‌ چاكه‌ بكاو رێگه‌ له‌ خراپه‌ بگرێ‌، تا شتی پاكیان بۆ حه‌ڵاڵ و شـتی پیسـیان لـێ‌ حه‌ڕام بكات. تا كاری ئه‌سته‌م و بێگارییان له‌ كۆڵا كاته‌وه‌ و كۆتی گه‌رده‌نیان هه‌ڵوه‌شـێنێ‌.

وتاره‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم هه‌رگیز به‌ گه‌ل ‌و نیشتمانێكی دیاریكراو تایبه‌ت نه‌بوه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌رونی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی و بۆ ویژدانی مرۆڤ بوه‌. به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ داڕوخان ‌و كوێره‌وه‌ریدا ده‌ژیان بۆیه‌ شایه‌نتر بو یه‌كه‌مجار كاری چاكسـازی ‌و خه‌باته‌ مه‌زنه‌كه‌ی له‌وانه‌وه‌ ده‌ســت پێبكات. شاری مه‌ككه‌ و دورگه‌ی عه‌ره‌بیش له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌مینێكی گرنگی جوگرافی و سه‌ربه‌خۆییه‌كی سیاسیشی هه‌بو بۆیه‌ باشترین شوێن بون بۆ تێدا بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌ی. نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بیش له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندێتی ده‌رونی و به‌هره‌ی ئه‌ده‌بییان هه‌بو بۆیه‌ باشترین زه‌مینه‌ بون بۆ بانگه‌واز‌و چاكترین بانگخواز بون بۆ په‌یامه‌كه‌ی .

كلیل و كڵۆمـی سروشتی مرۆڤایه‌تی:

پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم له‌و چاكسازانه‌ نه‌بو كه‌ له‌ دیوی پشته‌وه‌ی خانو وه‌ژورێ‌ ده‌كه‌ون یان له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ خۆیان شۆڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی چه‌ند ده‌ردێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چه‌ند خه‌وشێكی خوڕه‌وشتیه‌وه‌ تێده‌كۆشن، كه‌ هه‌ندێكیان توانیویانه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌ چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ وڵاته‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هه‌ندێكیشیان مردن یه‌خه‌ی پێ‌گرتون‌و له‌ كاره‌كه‌یان سه‌رنه‌كه‌وتون.

پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم له‌ ده‌رگاوه‌ چوه‌ ناو خانوی بانگه‌واز ‌و چاكسازی و كلیله‌كه‌ی خسـته‌ سه‌ر كڵۆمی سروشتی مرۆڤایه‌تی، ئه‌و كڵۆمه‌ ئاڵۆزه‌ی كه‌ چاكسازانی سه‌رده‌می بێسروشی  نه‌یانتوانی بیكه‌نه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانی پاشـتریش هه‌ر نه‌یانتوانی بیكه‌نه‌وه‌. پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم بانگی خه‌ڵكی ده‌كرد تا بڕوا به‌ خوای تاك و به‌ په‌یامی ئیسلام ‌و رۆژی دوایی  بێنن و له‌ بت‌و بتپه‌رستی رو وه‌رگێڕن و دژ به‌ تاغوتان تێبكۆشـن، له‌ ناو گه‌له‌كه‌یدا ده‌نگی هه‌ڵده‌بڕی‌و ده‌یفه‌رمو: (( هۆ خه‌ڵكینه‌ بڵێن لا اله‌ الاّ الله رزگار ده‌بن)).

1507 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
13/06/2015
بابەتی زیاتر...
1