بەرمــاوە (السُّؤْر)
بەرماوە: ئەو ئاوەیە کە لە پاش خواردنەوە لێی ماوەتەوە، ئەمیش چەندین جۆرە:
١- بەرماوەی مرۆڤ: مرۆڤەکە موسوڵمان بێت یان کافر، ژن بێت یان پیاو، پاک بێت یان لە حەیزو نیفاسدا بێت. بە دەستنوێژ بێت یان لەش پیس بەرماوەکەی ھەر پاکە. ئەوەش کە خوای گەورە دەربارەی کافران دەفەرموێ کە پیسن: (إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ) التَّوْبَة/٢٨ ئەوە پیسی واتاییە، واتە باوەڕو عەقیدەیان ناڕەوایەو زۆر لە پیسی نایان گێڕێتەوە دەنا مەبەست لەوە نییە کە خۆیان و لاشەیان پیس بێت. خۆ موسوڵمانان بە درێژایی مێژووی خۆیان ھەر تێکەڵاویان لەگەڵ کافراندا ھەبووە، بەردەوام وەڤدیان دەھاتە لای موسوڵمانان و تەنانەت بۆ خزمەت پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەھاتنە ناو مزگەوتەکەشی! ھەرگیز نەشی فەرمووە ئەو شتانە بشۆنەوە کە ئەوان بەری کەوتوون، یان بەکاریان ھێناوە[1] بەڵگەش زۆرە:
- بۆ نموونە: ئەو فەرموودەی لای ئەنەس خوا لێی رازی بێت کە دەفەرموێ: (كُنَّا نَغْزُو مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَنُصِيبُ مِنْ آنِيَةِ الْمُشْرِكِينَ وَأَسْقِيَتِهِمْ فَنَسْتَمْتِعُ بِهَا فَلاَ يَعِيبُ ذَلِكَ عَلَيْهِمْ).[2] واتە: لە خزمەت پێغەمبەردا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ غەزامان دەکرد، کە قاپ و قاچاخ و دەفرو کەل و پەلەکانیانمان دەست دەکەوت و بەکارمان دەھێنایەوە، ھیچ عەیبەی لێ نەدەگرتن.
-ھەروەھا عائیشە -خوا لێی رازی بێت- دەیفەرموو: (كُنْتُ أَشْرَبُ وَأَنَا حَائِضٌ، ثُمَّ أُنَاوِلُهُ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَيَضَعُ فَاهُ عَلَى مَوْضِعِ فِيَّ).[3] واتە: لە حەیزدا بووم، کە ئاوم لە دەفرێکدا دەخواردەوە دوایی دەمدایە دەست پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لەو شوێنەوە دەیخواردەوە کە من لێوەی خواردبوومەوە، دەمی دەنا بە جێ دەمی منەوە.
ئەوەش کەھەندێک لە زانایانی مالیکی فەرموویانە: کە ناشێت ھیچ شتێکی کافرو موشریک بە کار بھێنرێتەوە لەبەر ئەوەی پیسن و پیسییەکەیان پیسیی عەینییە، بەڵگەکەیان بەھێز نییە، ئەوان کە دەڵێن: لەبەر ئەوەمانە کە خوای گەورە فەرموویەتی: (إِنَّمَا الْمُشْرِكُونَ نَجَسٌ) التَّوْبَة/٢٨ واتە: کافرەکان پیسن، ھەروەھا لەبەر فەرموودەکەی بوخاری و موسلیم کە لە ئەبو سەعلەبەی خوشەنی (أَبِي ثَعْلَبَةَ الْخُشَنِيِّ) دەگێڕنەوە کە دەفەرموێ: (قُلْتُ: يَا رَسُولَ الْلَّهِ، إِنَّا بِأَرْضِ قَوْمٍ أَهْلِ كِتَابٍ، أَفَنَأْكُلُ فِي آنِيَتِهِمْ؟ فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لَا تَأْكُلُوا فِيهَا، إِلَّا أَنْ لَا تَجِدُوا غَيْرَهَا، فَاغْسِلُوهَا، وَكُلُوا فِيهَا).[4] واتە: ووتم: ئەی پێغەمبەری خوا، ئێمە لە ناوچەیەکین کە ھی ئەھلی کیتابە (مەسیحی و جولەکەو ئەوانە) ئایا لە قاپ و دەفری ئەواندا بخۆین؟ فەرمووی: نەخێر، ھی تر بدۆزنەوە، ئەگەر نا، ئەوە بیشۆن ئینجا تێیدا بخۆن. بەڵام جمھور کە وەڵامیان داونەتەوە، فەرموویانە: کافر پیسیی عەینی نییە بەڵکو لە رووی مەعنەویەوە خوای گەورە بە پیس دایناوە، ئەمەش کۆڕا (ئیجماع)ی زانایانی لەسەرە. فەرموودەکەش بەڵگەی ئەوەی تێدا نییە، چونکە ئاشکرایە کە ئەو ئەھلی کیتابانە گۆشتی بەرازو شەرابیان لەو قاپ و دەفرانەیاندا خواردووەو ئاسەواری ئەو خۆراکە بە قاپەکانەوە ماوە.
٢- بەرماوەی ئەوانەی گۆشتیان دەخورێت: ئەمیش پاکە، چونکە لیکەکەی ھەر لە جێ و رێی پاکەوە ھاتووە، ئەمیش حوکمی پاکیەکەی ئەوێی وەرگرتووە. ئیبنول مونزیر دەفەرموێ: رای شەرعناسان لەسەر ئەوە کۆیە کە بەرماوەی ھەموو گیان لەبەرێک کە گۆشتی بخورێت پاکە دەشێت بخورێتەوەو دەستنوێژیشی پێبگیرێت. بەڵام حەنەفی و حەنبەلییەکان دەڵێن: ھەر گیانلەبەرێک گۆشتی نەخورێت بەرماوەکەی پیسە جگە لە پشیلەو ئەوی وەکو ئەوە.[5] مالیکی و زاھیرییەکانیش دەفەرموون: بەرماوەی ھەموو گیانلەبەرێک پاک و پاکەرەوەشە.[6] وا پێدەچێت ئەم بۆچوونە بەھێزتر بێت لەبەر بەڵگەی فەرموودەی ئەستێڵکەکە کە لای ئیبنوعومەرە خوا لێیان رازی بێت. لەبِرگەی داھاتوودا ھاتووە.
٣- بەرماوەی ئێسترو گوێ درێژو دڕندەو باڵندەی گۆشت خۆر: ئەمەش پاکە چونکە:
- جابری کوڕی عبداللە خوا لێیان رازی بێت گێڕاوێتیەوە کە لە پێغەمبەری نازداریان صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پرسی: (أَنَتَوَضَّأُ بِمَا أَفْضَلَتِ الْحُمُرُ؟ قَالَ: نَعَمْ، وَبِمَا أَفْضَلَتِ السِّبَاعُ كُلُّهَا).[7] واتە: ئایا بە بەرماوەی گوێ درێژ دەستنوێژ بشۆین؟ فەرموی: بەڵێ بە بەرماوەی ھەموو ئاژەڵانی تریش.
- ئیبنوعومەر خوا لێیان رازی بێت دەفەرموێ: (خَرَجَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي بَعْضِ أَسْفَارِهِ لَيْلًا، فَمَرُّوا عَلَى رَجُلٍ جَالِسٍ عِنْدَ مَقْرَاةٍ لَهُ، فَقَالَ عُمَرُ رَضِيَ اللَّهُ عَنْه أَوَلِغَتِ السِّبَاعُ الْلَيْلَةَ فِي مَقْرَاتِكَ؟ فَقَالَ لَهُ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: " يَا صَاحِبَ الْمَقْرَاةِ لَا تُخْبِرْهُ هَذَا مُتَكَلِّفٌ؛ لَهَا مَا حَمَلَتْ فِي بُطُونِهَا، وَلَنَا مَا بَقِيَ شَرَابٌ وَطَهُورٌ ").[8] واتە: شەوێک پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کە لە سەفەرێکی شەویدا بوو، بەلای کابرایەکدا تێپەڕین لای ئەستێڵکێکەوە (حەوزی ئاوە) دانیشتبوو: عومەری کوڕی خەطاب لێی پرسی: ئەرێ ئەمشەو دڕندە لە ئەستێڵکەکەتیان نەخواردۆتەوە؟ پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ یەکسەر فەرموی: کاکەی ئەستێڵک پێی مەڵێ ئەمە لەسەر خۆی زیاد دەکات، ئەوی لێی خواردۆتەوە بەشی خۆی لە گەدەی خۆیدا ھەڵگرتووەو ئەوی ماویشەتەوە ھی ئێمەیەو بۆ خواردنەوەشەو پاکیشە.
ھەروەھا یەحیای کوڕی عبدالرحمن ی کوڕی حاطيب (يَحْيَى بْنِ عَبْدِ الرَّحْمَنِ بْنِ حَاطِبٍ) دەفەرموێ: (أَنَّ عُمَرَ بْنَ الْخَطَّابِ خَرَجَ فِي رَكْبٍ فِيهِمْ عَمْرُو بْنُ الْعَاصِ حَتَّى وَرَدُوا حَوْضًا، فَقَالَ عَمْرُو بْنُ الْعَاصِ: يَا صَاحِبَ الْحَوْضِ، هَلْ تَرِدُ حَوْضَكَ السِّبَاعُ؟ فَقَالَ عُمَرُ: يَا صَاحِبَ الْحَوْضِ، لَا تُخْبِرْنَا، فَإِنَّا نَرِدُ عَلَى السِّبَاعِ، وَتَرِدُ عَلَيْنَا).[9] واتە: جارێک عومەری کوڕی خەطاب لەگەڵ کۆمەڵێکدا لە سەفەردا بوو عەمری کوڕی عاصیشیان لەگەڵدا بوو گەیشتنە حەوزێکی ئاو، عەمر لە خاوەن حەوزەکەی پرسی: ئەرێ دڕندە نایەنە سەر ئەم حەوزەی تۆ؟ عومەر خێرا فەرموی: پێمان مەڵێ ئێمەو دڕندە تێکەڵاویمان ھەیە ئەوان دێنە لامان و ئێمەش دەچینە لایان..
٤- بەرماوەی پشیلە: ئەمیش ھەر پاکە، چونکە پشیلە خۆی پاکەو بەوەش پیس نابێت کە دەم لە پیسیەوە بدات، (مشکیش ھەر ئەو حوکمەی ھەیە) لەبەر ئەو فەرموودەی کە کەبشەی کچی کەعب (كَبْشَةَ بِنْتِ كَعْبِ بْنِ مَالِكٍ) گێڕاوێتیەوە، کە دەفەرموێ: (أَنَّ أَبَا قَتَادَةَ دَخَلَ عَلَيْهَا فَسَكَبَتْ لَهُ وَضُوءًا فَجَاءَتْ هِرَّةٌ لِتَشْرَبَ مِنْهُ فَأَصْغَى لَهَا الإِنَاءَ حَتَّى شَرِبَتْ قَالَتْ كَبْشَةُ فَرَآنِي أَنْظُرُ إِلَيْهِ فَقَالَ أَتَعْجَبِينَ يَا ابْنَةَ أَخِي قَالَتْ فَقُلْتُ نَعَمْ . فَقَالَ إِنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: "إِنَّهَا لَيْسَتْ بِنَجَسٍ إِنَّمَا هِيَ مِنَ الطَّوَّافِينَ عَلَيْكُمْ أَوِ الطَّوَّافَاتِ").[10] واتە: ئەبوقەتادە ھاتۆتەوە ماڵی و ئەمیش ئاوی بۆ تێکردووە، پشیلەیەکیش لەو کاتەدا ھاتووەو لە ئاوەکەی خواردۆتەوە، ئەبو قەتادەش قاپەکەی بۆ لار کردۆتەوە تا زیاتر بخواتەوە. کەبشە دەفەرموێ: بینیمی وا سەیری دەکەم، ووتی: ئەرێ کچی برام پێت سەیرە؟! ووتی: بەڵێ، فەرموی: ئاخر پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمویەتی کە پشیلە پیس نین، ئەمانە لەوانەن کە بەردەوام لە ماڵانماندا دێن و دەڕۆن.
٥- بەرماوەی سەگ و بەراز: پیسن، نابێت توخنیان بکەون. بەراز لە ھەموو روویەکەوە پیسەو گڵاوە. سەگیش گڵاوە، چونکە لە فەرموودەی بوخاری و موسلیمدایە کە ئەبوھورەیرە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی: (إِذَا شَرِبَ الْكَلْبُ فِي إِنَاءِ أَحَدِكُمْ فَلْيَغْسِلْهُ سَبْعًا).[11] واتە: ئەگەر سەگ دەمی نایە قاپی کەسێکتانەوە با حەوت جار بیشوات. لە ریوایەتێکی تری ئیمامی ئەحمەدو موسلیمدا دەفەرموێ: (طَهُورُ إِنَاءِ أَحَدِكُمْ إِذْ وَلَغَ فِيهِ اَلْكَلْبُ أَنْ يَغْسِلَهُ سَبْعَ مَرَّاتٍ، أُولَاهُنَّ بِالتُّرَابِ).[12] واتە: ئەگەر سەگێک دەمی خستە ناو دەفر (قاپ)ی یەکێتانەوە با حەوت جار بیشواتەوەو یەکەمجارەکەیان با بە گڵ بێت.
بۆ ئەم زەمانەی ئێمەو لە ھەندێ ووڵات و ناوچەی وەکو شارە سەرەکییەکانی رۆژئاوا، موسوڵمان زۆر زەحمەتە گڵی دەست کەوێت، بۆیە دەتوانێت بە سابوون بیشواتەوە، ئومێد ھەیە حوکم گڵاویەکەی پێ لا چێت، ئەمەش مەزھەبی مالیکیە.
*** *** ***
[1] بڕوانە: فِقْەُ السُّنَّە (١/٢٠). نَيِلُ الْأَوْطَار (١/٣١ و ٨٨)، قَوَانِينُ الأَحْكَامِ (ل ٤٥).
[2] ئیمامی أَحْمَدُو أَبُودَاوُد بە سەنەدی صەحیحیەوە گێراویانەتەوەو ئەلبانیش دەفەرموێ صەحیحە (إِرْوَاءُ الغَلِیل ١/٧٦)
[3] مُسْلِم (٣/٢١٠) أَحْمَد (٦/٢١٠) شَرِّحْ السُّنَةَ البَغَوي (٢/١٣٤) لەگەڵ کەمێک جیاوازی لەفزەکانیاندا..
[4] بُخَاري (٥١٦١)، مُسْلِم (١٩٣٠).
[5] النَّوَوِيّ (المَجْمُوع: ١/٢٢٨).
[6] بڕوانە: (قَوَانِينُ الأَحْكَامِ: ل ٤٥).
[7] مەسنەدی ئیمامی شافیعی ل ٨، الدَّارَقُطْنِيُّ )١/٦٢ ژمارە ٢٠٠(، السُّنَن الكُبْرَى، الْبَيْهَقِيُّ ١/٢٤٩ ئیمامی الْبَيْهَقِيُّ دەربارەی حەدیسەکە فەرمویەتی: ئەم حەدیسە چەندین سەنەدی تری ھەیە ئەگەر ھەموو لێکدرێن حەدیسەکە بەھێز دەکات بەڵام شێخی ئەلبانی بە زەعیفی داناوە بڕوانە: تَمَامُ المِنَّة (٤٧).
[8] الدَّارَقُطْنِيُّ: كِتَابُ الطَّهَارَةِ، بَابٌ حُكم المَاءُ إِذَا لَاقَتْهُ النَّجَاسَةَ (١ / ٢٦) ژمارە (٣٠) زۆر لە ئیمامانی کۆن و نوێ فەرمویانە کە حەدیسەکە زەعیفە، لەوانە: ئیبنو حەجەر لە کتێبی التَّلْخِيصُ و شێخی ئەلبانی لە: تَمَامُ المِنَّة (٤٨).
[9] مَالِک: (الْمُوَطَّأ ١/٢٣و٢٤) و الْبَيْهَقِيُّ لە: السُّنَن الكُبْرَى (١/٢٥٠) والدَّارَقُطْنِيُّ لە (سُنَنِەِ ١/٢٢) بەڵام شێخی ئەلبانی رەحمەتی بە زەعیفی داناوە بڕوانە: تَمَامُ المِنَّة (٤٨)..
[10] رَوَاهُ اَلْخَمْسَة: أَبُودَاوُد (١/١٨)، النَّسَائِيَّ (١/٥٥)، التِّرْمِذِيّ (١/١٥٣ ژمارە ٩٢) دەربارەشی فەرمویەتی حەسەن صەحيحە و بوخاريش بە صەحیحی داناوە، إِبْنُ مَاجَه (١/١٣١)، ئیمامی أَحْمَدُ لە مەسنەدەکەی خۆی (٥/٢٩٦ و ٣٠٣ و ٣٠٩).. شێخی گەورەش ئەلبانی رەحمەتی بە صەحیحی داناوە بڕوانە: صَحِيحُ النِّسَائِيُّ (١ / ١٦، ٧٣) وَصَحِيحٌ إِبْنُ مَا جَه (٣٦٧) وإِرْوَاءُ الغَلِیل (١٧٣) وَصَحِيحُ الجَامِعُ (٢٤٣٧).
[11] بُخَاري (١/٥٤)، مُسْلِم (٣/١٨٢) النَّسَائِيَّ (١/٥٢) مەسنەدی أَحْمَدُ (٢/٤٦٠) سونەنی الْبَيْهَقِيُّ (١/٢٤٠ و ٢٥٦)
[12] مُسْلِم (١/٢٣٤ ژمارە ٩١)، أَبُودَاوُد (١/١٧) أَحْمَدُ (٢/٤٢٧) الْبَيْهَقِيُّ (١/٢٤٠).