باسێكی لاوەكی لەسەر
خۆرەحەت كردن ( ئیستیمناء)
پێناسەی: خۆ رەحەت كردنی مرۆڤ، واتە هێنانەوەی ئاوی خۆی، بە دەست یان بە شتێكی تر كە بە عەرەبی پێی دەوترێت ئیستیمناء، بە زارەوەی رەشۆكی كوردەواری پێی دەڵێن: دەسپەڕ ..
خۆڕەحەتكردن و حوكمی، یەكێكە لەو باسانەی زانایان ئیختیلافیان لە كۆنەوە لەسەری هەیە، چونكە لە لایەكەوە هیچ فەرموودەیەكی لەسەر نییە، هەر فەرموودەیەكیش ئاماژەی بەو رەفتارە كردبێت سەنەدەكەی ساغ نەبۆتەوەو بە فەرموودە حسێب نەكراوە، مەگەر فەرموودەیەك كە مانای گشتی خۆپاراستن بدات، بە هەر حاڵ را وبۆچوونەكانیان دوو پۆلە:
پۆلی یەكەم: ئەوانەی فەرموویانە: حەرامە: جمهوری پێشەوایانی شەرع (ئیمامی ئەبو حەنیفەو ئیمامی مالیك و ئیمامی شافیعی و قەولێكی ئیمامی ئەحمەد ) لەسەر ئەوەن كە حەرامە، بەڵگەشیان:
١- خوای گەورە دەفەرموێ: (فَمَنِ ابْتَغَى وَرَاء ذَلِكَ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْعَادُونَ) المۆمنون/٧ واتە: هەر كەس لەوە بیترازێنێ (لە خۆ رەحەت كردن بە هاوسەرو جاریەی خۆی) ئەوە دیارە سنوری شكاندووە .. ئەم بەڕێزانە دەفەرموون: هەرچی رەحەتكردنێك لەو دوو شێوەیە بترازێت بەر سنور بەزاندن دەكەوێت ..
٢- فەرموودەی سەحیحی عبداللەی كوڕی مەسعوود خوا لێی رازی بێت هەیە كە بە ئاشكراو راشكاوانە دەفەرموێ: (كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَبَابًا لا نَجِدُ شَيْئًا فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهم عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ الْبَاءةَ فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ)[1]واتە: كۆمەڵێك گەنج بووین لە خزمەت پێغەمبەردا بووین صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كەسمان ژنمان لەو كاتەدا پێ نەدەهات، پێی فەرمووین: گەنجینە، هەر كەس توانای جەستەی و دارایی هەیە با ژن بهێنێت، چونكە ژن هێنان مایەی چاوگرتنەوەی زیاترو پاراستنی داوێنە ! هەر كەسیش نەیتوانی با بەڕۆژوو بێت، چونكە رۆژووەكە بۆی دەبێتە قەڵغان !
ئەم شەرعناسە بەڕێزانە فەرموویانە ئەگەر ئیستیمنا جائیز بوایە پێغەمبەر صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئاماژەی بۆ پێ دەكردن، كە نەیكردووە مانای وایە جائیز نییە ..
٣- رەفتارێكی ناشیرینەو لەگەڵ كەسایەتی موسوڵمان ناوەشێتەوە .
٤ - سەلمێنراوە كە زیانی پزیشكی هەیە . ئەمە رای بەرهەڵستكارانی بە حەڵاڵ زانینێتی لەم سەردەمەدا ..
پۆلی دووەم: كە پێیان وایە مەكرووهە: هەندێكیشیان فەرموویانە: جائیزە .. لەوانە: ئیبنو عەبباس و شێخ حەسەنی بەسری و قەولێكی ئیمامی ئەحمەدو یەحیای كوڕی مەعینی مامۆستای ئیمامی ئەحمەد و عبدالرزاق و تەبەری و ئیبنو حەزم و ئیبنول عەرەبی، هەروەها شەوكانی..[2] بەڵگەیان:
١- ئەو ئایەتە هیچ حوكمێكی راشكاوی تێدا نییە كە ئیستیمنا حەرام كات، تەنانەت هیچ ئاماژەیەكیشی تێدا نییە بۆ ئەوە .. هەروەها فەرموودەكە . .
٢- كە دەوترێت رەفتارێكی جوان نییە، چونكە لە رووی عورف و عادەت و داب و نەریتەوە لەگەڵ جوامێری و پارسەنگی شەخسییەتدا ناگونجێت.. وەڵامی ئەوەیە كە ئەو كەسە كارێكی عەیبەی لە ناو خەڵكیدا نەكردووە تا لە كەسایەتی نەوەشێتەوە، نە لێی دەبینرێت، نە خۆشی باسی دەكاتەوە، ئیتر لە كوێوە زانرا كە كەسایەتی ئەمیان پارسەنگەو كەسایەتی ئەوی تریان لاسەنگە؟!
٣ - ئەوەش كە دەڵێن لە رووی پزیشكیەوە زیانی هەیە، زۆر بە پێچەوانەوەیە، نوێترین كۆنگرەی پزیشكی و ئاڕاستەی تەندروستی كە لە رۆژئاوا دەخوێندرێت ئەوەیە كە مومارەسە كردنی ئیستیمنا زیانی نیە، ئەگەر نەبێتە مومارەسەیەكی نامۆ ..
هەندێك لە زانایانی تر فەرموویانە ئەگەر كەسێك دووربوو لە هاوسەری خۆی، یان هاوسەری نەبوو، لە جێیەكیش بوو كە بواری زینای لەبەردەمدا ئاسان بوو، یان دەبوو بە تووشیەوە پێویستە لەسەری بیكات نەبادا بكەوێتە زیناكەوە ..
ئیمامی ئیبنوتەیمییە دەفەرموێ: بەلای جمهوری زانایانەوە ئەسڵ لە ئیستیمنادا ئەوەیە كە حەرامەو ئەوی دەیكات تەمێ دەكرێت، بەڵام ئەمە وەكو زیناكردن نییە .. ئەمما فەرمایشتەكەی ئیبنو عەبباس و قەولەكەی ئیمامی ئەحمەد كە فەرموویانە كارێكی جائیزە، ئەوە بۆ كپ كردنەوەی ئارەزووی كەسێكە كە مەترسی ئەوەی هەبوو بكەوێتە زینا یان لیواتەوە..[3]
لە شوێنێكی تردا دەفەرموێ: ئیمام ئەحمەد رایەكی تری هەیە كە دەفەرموێ: مەكروهە، حەرام نییە ..
ئەمە بە شێوەیەكی كورت پێناسەو بۆچوونی زانایانەیە، منیش ئەوەی پێم پەسەندترە رای ئەو زانایانەیە كە ئیستیمنایان بە جائیز زانیووە .. واللە اعلم .
* * *
[1] بوخارى ( ٥٠٦٦) ، موسليم ( ١٤٠٠) .
[2] عبدالرزاق : المصنف ( ٧/٣٩٠) ، الطبري: اختلاف الفقهاء ( ل ١٢٣) ، ابن حزم : المحلى: (١٢/٤٠٧) ، ابن العربي : احكام القرآن ( ٣/٣١٥) .
[3] الفتاوى الكبرى ( ٣/٤٩) .