باوەڕ

سەرچاوەی بنەما عەقائیدییەکان

   گومانی تێدا نییە پێناسەی ژیان لە دیدو تێڕوانینێکی عەقائیدییەوە دێت. عەقیدەکە ھەر چۆنێک بێت ژیانبینیەک بە خاوەنەکەی دەدات. ئەگەر خەڵکی غەیرەموسوڵمان لە وەرگرتن و داڕشتنی ژیانبینی خۆیاندا سەربەستبن، بە پێی ئەو دیدو تێڕوانین و پێناسە فەلسەفییەی گرتوویانەتەبەر، کە ھزرو ژیری خۆیان رێنماییکردوون و گەیشتوونەتە ئەوەی ئەو دیدو تێڕوانینە بکەنە ئایدیۆلۆژیای ژیانی خۆیان، موسوڵمان سەربەست نییە ئاوا دوای وەرگرتنی ئیسلام لەم دیدو راو لەو تێڕوانین و پێناسەوە ئەمبەرەوبەر بکات و چی وویست وەریبگرێت و چۆنی وویست وا دابڕێژێت.. نا موسوڵمان بۆی نییە دوای موسوڵمانبوونی بە کەیفی خۆی لە دیدو تێڕوانینی فەلسەفی جوداو دوور ئاڕاستە وەربگرێت. موسوڵمان دوای موسوڵمانبوونی دەبێت بە دوو سەرچاوەی عەقیدەکەیەوە پابەندبێت و بە موو لێیان لانەدات. دەبێ پێیانەوە پابەندبێت. نەک ھەر لە وەرگرتنی ژیانبینییدا، بەڵکو لە وەرگرتنی ھەموو رێساو سیستمێکی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی وئابووریشییدا. دەبێت ھەموو ژیانی لەبەر رۆشنایی ئاڕاستەی ئەو دوو سەرچاوە عەقائیدییە داڕێژێت. دەبێت چۆنیەتی پەیوەندییەکانی لە روانگەی پەیوەندێتی عەبدێتی خۆیەوە بۆ خوای کردگاریی دیاریبکات. ھەر پەیوەندییەک لە روانگەی قورئان و سووننەتەوە شیاونەبن نابێت ئەم پێی شیاوبێت، نابێت ھیچ بزاوت و ھەڵوێستێکی ئیجابی لەسەر بنیاتبنێت.

   دکتور عەلی سامی النشار دەربارەی قورئان و دیدی فەلسەفیی دەڵێ: (قورئانی پیرۆز لای یاوەران ھەر کتێبی ئامۆژگاریی ئەخلاقی نەبوو، ھەر باسی مێژووی سەدەکانی رابوردووی مرۆڤایەتیی  نەبوو، کە دەبێت پەندیان لێوە وەربگیرێت، بەڵکو کتێبێکی غەیبی و مرۆڤایەتیی  بوو. کتبێکی رەوشتسازیی و کردەوەیی بوو. خاڵە سەرەکییەکانی (حەقیقەتی وجود)ی روونکردەوە. چونکە قورئان کتێبی گەردوون و ژیانە، لە دەسپێکیانەوە تا کۆتاییان).. (ئەوەی دەربارەی قورئان دەوترێت و پێی پێناسە دەکرێت، بۆ سووننەتیش ھەر وایە.. لەگەڵ ئەم سەرچاوەی حەقیقەتە عەقائیدییەکاندا کە قورئانە، سەرچاوەی دووەمییش ھەیە کە سووننەتە، کە بریتییە لە هەموو گوفتارو کردارو ئاماژەو بڕیارێک کە لەپێغەمبەری خواوە صلی اللە علیە وسلم دەرچووە. ئەوەی لەم سەرچاوە دووەمینەوە وەردەگیرێت، کەمتر نییە لەوەی لە سەرچاوەی یەکەمینەوە وەردەگیرێت. ھەردووکیان دەربارەی حەقیقەتی خوایەتی خوای گەورەو عەبدێتی مەخلووقات _بە تایبەتی مرۆڤ_ دەکەن، ھەردوو سەرچاوەکە وەکو دەق وراڤە ژیانبینیی موسوڵمان دادەڕێژن و دیدو روانگەی خواناسیی ورێساکانی عەبدێتیی پێدەناسێنن)[1] .

   داوا لە موسوڵمان کراوە کە بەردەوام لەم دوو سەرچاوەیە وەربگرێت و لە ھەموو شتێکدا بگەڕێتەوە سەر ئەمان. گەڕانەوەلایان زۆرەملێ نییە، ترس و تۆقاندن نییە، بەڵکو رەفتارێکی ھۆشیارانەی سەرپشکە بە رەزامەندیی خۆیەتی، بۆ ئاسوودەیی دەروونی خۆیەتی، بۆ رەچاوکردنی حەق و لێلانەدانێتی، بە ئومێدی پاداشتی قیامەتێتی.. ئایەتی قورئانی لەم بارەوەو زۆرن لەوانە: (قُلْ أَطِيعُوا اللَّـهَ وَالرَّسُولَ فَإِن تَوَلَّوْا فَإِنَّ اللَّـهَ لَا يُحِبُّ الْكَافِرِينَ) آل عمران/٣٢ واتە: پێیان بفەرموو: گوێڕایەڵی خوای گەورە پێغەمبەری خوا بن صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  ئەگەر گوێیان نەدایەو پشتیانتێکردیت ئەوە بزانە کە خوای گەورە کافرانی خۆشناوێت.

-(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّـهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّـهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّـهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَٰلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) النساء/٥٩ واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانھێناوە ملکەچی فەرمانی خوای گەورەو ملکەچی فەرمانی پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  و بەرپرسانی خۆتان بن، کە ھەر لە خۆتانن. ئەگەر لە ناوخۆتاندا لە شتێکدا راجوێ و ناکۆکبوون بگەڕێنەوە لای خوای گەورە (داوەریی ببەنەوە لای قورئان) و لای پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  (مادام لە ژیاندا بێت. دوای کۆچی دوایی کردنیشی بچنەوە سەر سووننەت) ئەگەر راستدەکەن و باوەڕتان بە خوای گەورەو بە رۆژی دوایی ھێناوە (واتە ئەگەر راستەو ترسی قیامەتتان لە دڵدایە) ئەمەتان چاکترەو خێرەوەدەرترە وەک لە راوبۆچوونی خۆتان.

-( فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا تَسْلِيمًا)النساء/٦٥ واتە: سوێندبێت بە خوای پەروەردگارت، بە موسوڵمان ھەژمارناکرێن ئەگەر جەنابت نەکەنە داوەری یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیی و کێشانەی لە ناویاندا دروستدەبێت. ھەر دەبێت بێنەوە خزمەت جەنابت بۆ داوەرییکردن (نەک ھەر ئەوەندە) بەڵکو دەبێت بە داوەریی و بڕیارەکەشت رازیبن (نەک ھەر ئەوەندەش بەڵکو) نابێت لە دڵ و دەروونیشیاندا ھیچ گرێ وگۆڵیی (نارەزایی) یەک ھەبێت و دەبێت بە تەواویی بە بڕیارەکەتەوە پابەندبن و جێبەجێیبکەن.

-( تِلْكَ حُدُودُ اللَّـهِ وَمَن يُطِعِ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا  وَذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ وَمَن يَعْصِ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُّهِينٌ)النساء/١٣-١٤ واتە: ئەو ئەحکامانەی باسکران (لە ئایەتەکانی پێشتردان) ھەموو ئەحکامی شەریعەتی خوای گەورەن و سنووریانی دیاریکردووە، تا پێوەی پابەندبن. ھەر کەسێک ملکەچی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بێت ئەوە خوای گەورە دەیخاتە بەھەشتانێکەوە کە جۆبارو روباریان پێدادێت و دەڕوات و بە نەمریی تێیدا دەمێننەوە. ھەر کەسێکیش سەرپێچی لە فەرمانی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بکات و سنووری ئەحکامەکانی شەرع ببەزێنێت خوای گەورە دەیخاتە ئاگری دۆزەخەوەو ھەتاھەتایە بە نەمریی تێیدا دەمێنێتەوەو سزای بەژان دەچێژێت.

-( وَأَطِيعُوا اللَّـهَ وَالرَّسُولَ لَعَلَّكُمْ تُرْحَمُونَ)ال عمران/١٣٢ واتە: ملکەچی خوای گەورەو پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بن تا خوای گەورە روحتمان پێ بکات.

-( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّـهَ وَرَسُولَهُ وَلَا تَوَلَّوْا عَنْهُ وَأَنتُمْ تَسْمَعُونَ . وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ قَالُوا سَمِعْنَا وَهُمْ لَا يَسْمَعُونَ . إِنَّ شَرَّ الدَّوَابِّ عِندَ اللَّـهِ الصُّمُّ الْبُكْمُ الَّذِينَ لَا يَعْقِلُونَ . وَلَوْ عَلِمَ اللَّـهُ فِيهِمْ خَيْرًا لَّأَسْمَعَهُمْ  وَلَوْ أَسْمَعَهُمْ لَتَوَلَّوا وَّهُم مُّعْرِضُونَ . يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّـهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ  وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّـهَ يَحُولُ بَيْنَ الْمَرْءِ وَقَلْبِهِ وَأَنَّهُ إِلَيْهِ تُحْشَرُونَ)الانفال/٢٠-٢٤. واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانهێناوە، ملکەچی فەرمانەکانی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی بن صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، وانەبن پشتهەڵکەن و گوێنەدەنێ، لە کاتێکدا کە دەبیستن و فەرمانەکان رۆشنە لاتان. وەکو ئەوانە مەبن کە دەیانووت بەڵی گوێمان لێیەو نەشیاندەبیست. خراپترین مەخلووق کە بە سەر ئەم زەویەدا دەڕوات ئەو کەسانەن کە خۆیان لە حەنای بیستنی حەقدا کەڕو لاڵکردووە، ئەوانە ئەقڵیان پێناشکێت. ئەگەر خوای گەورە بیزانیایە ئەوانە خێریان پێوەیە وایلێدەکردن گوێ بدەنێ و ببیستن، بەڵام کاتێک وایان لێدەکات بیبیستن، خۆگێلدەکەن و پشتهەڵدەکەن. ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانهێناوە، کاتێک خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بانگهێشتتان دەکەن بۆ باوەڕهێنان، بۆ ئەو بەرنامەیەی کە ژیانتانی پێوە بەندە، زوو وەدەنگیانەوە وەرن و وەڵامیانبدەنەوە. ئەوەش بزانن کە خوای گەورە دەتوانێت بەربەست بخاتە نێوان کەسێک و دڵییەوە.. بشزانن کە هەمووتان بۆ لای خوای گەورە دەگەڕێنەوەو لای ئەو کۆدەبنەوە..

-( إِنَّمَا كَانَ قَوْلَ الْمُؤْمِنِينَ إِذَا دُعُوا إِلَى اللَّـهِ وَرَسُولِهِ لِيَحْكُمَ بَيْنَهُمْ أَن يَقُولُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا وَأُولَـٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ . وَمَن يُطِعِ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ وَيَخْشَ اللَّـهَ وَيَتَّقْهِ فَأُولَـٰئِكَ هُمُ الْفَائِزُونَ)النور/٥١-٥٢. واتە: هەر کاتێک کە موسوڵمانان بۆ لای خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بانگهێشتدەکرێن، تا حوکمێکی خوای گەورە وەربگرن، یەکسەر دەڵێن: بەسەرچاو واهاتین. دەڵێن: گوێمانلێبوو، ملکەچیین.. ئائەوانە سەرفرازن. هەر کەسێک ملکەچی فەرمانی خوای گەورەو فەرمانی پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  بێت و ترسی خوای لە دڵدا بێت و سڵ لە سزای بکات و خۆی لێ بەدووربگرێت، بەڕاستی سەرکەوتوو ئائەوانەن.

-(وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّـهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ  وَمَن يَعْصِ اللَّـهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُّبِينًا)الاحزاب/٣٦ واتە: بۆ پیاوو ئافرەتی موسوڵمان نییە کە ئەگەر خوای گەورە یان پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ  فەرمانێکیان بۆ دەرکردن، خۆیانی تێدا سەرپشکبکەن (حەتمەن دەبێ بە خۆشحاڵییەوە وەریبگرن و جیبەجێی بکەن). هەر کەسێک سەرپێچی فەرمانی خوای گەورە یان پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ   بکات، بە دڵنیاییەوە ئەوە کەوتۆتە گومڕاییەکی زۆر دیارو دژوارەوە.

-(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تُقَدِّمُوا بَيْنَ يَدَيِ اللَّـهِ وَرَسُولِهِ  وَاتَّقُوا اللَّـهَ  إِنَّ اللَّـهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ)الحجرات/١واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانهێناوە، پێشنیار مەخەنە پێش فەرمانی خوای گەورەو فەرمانی پێغەمبەرەکەیەوە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ   و لە خوای گەورە بترسن. خوای گەورە بیسەرو زانایە.[2]



[1]  لە هاوڕێ دکتۆر فارووق ئەحمەد حەسەن دەسسووقییەوە وەرمگرتووە لە کتێبی: مشکلة الحریة في الفکر الإسلامي الخالص. ماستەرنامەیە پێشکەش کراوە بە کۆلیجی ئادابی زانکۆی ئەسکەندەرییە لە 1971دا. ل: 7.

_تێبینی ئەوە دەکرێت کە کتێبەسەرچاوەکانی (إصول الفقه) بە شێوەیەکی گشتی باسیان لە سەرچاوەکانی شەریعەتی ئیسلام کردووە، بۆیە ئێمە لێرەدا هەر ئەوەندە باسی لێوە دەکەینەوە، کە پەیوەندی بە باسەکەی ئێمەوە هەبێت. لەو کتێبە سەرچاوانەش:

_ المستصفی من علم الأصول/ ابوحامد الغزالي. توێژینەوەو ناساندنی شێخ محمـد مصطفی أبوالعلا. بڵاوکار: مکتبة الجندي لە قاهیرە. چاپی 1391ک/ 1971ز ل 119 و دواتری.

_ الشیخ محمـد الخضري: أصول الفقه ل: 207 و دواتری.

_ الشیخ عبدالوهاب خلاف: علم أصول الفقه ل: 120 و دواتری.

_ الشیخ عبدالوهاب خلاف: مصادر التشریع الإسلامي فیما لا نص فیه/ چاپی دار القلم. کوەیت/ چاپی سێیەم 1392ک؟ 1972ز ل 19 و دواتری.

_ الشیخ محمـد زکریا البردیسي: أصول الفقه ل: 169 و دواتری.

_ د. علي جریشة: المشروعیة الاسلامیة العلیا ل 93 و دواتری.

_ بە ئینگلیزییش بڕوانە:

The Religion of Islam by Maulana Muhamed Aly, A.R.E.., P.P. 17 ff

[2]  هەمان هەڵوێست لە سوورەتی ئەنفال/ 24،21،20 و سوورەتی الاحزاب/36 داوا دەکات.

667 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/08/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.