رێنمایی

كورته‌یه‌ك له‌ باره‌ی ناساندی زانكۆی زادی

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَٰنِ الرَّحِيمِ

 

زانكۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی (زادی)

پێشەکی:

   دیدو تێڕوانیـنی موسوڵمان هەر لەسەرەتایەوە لەو ڕوانگەیەوە دێت، كە ئەم گەردوون، ژیان و مرۆڤە یەك كردگاریان هەیە، كە پەروەردگاری بێهاوتایە، ئەم پەرستراوە بێوێنەیە موفرەداتەكانی ئەم سێ شتەی بە وەحی ڕوونكردۆتەوە، وەحییەكە پەیامی خوای گەورەیە كە ڕاستەوخۆ بەفریشتەی ئەمینداری وەحیدا كە جیبریله‌ ناردویەتی.. موسوڵمان قەناعەتی بەوەیە، كە هەموو ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا بۆ ڕوونكردنەوەی ئەوە هاتوون كە ئەوە لای مرۆڤ بسەلمێنن و بچەسپێنن، كە خوای باڵادەست (حەق)ـە و هەرچی ناردویەتی هەر حەقە، وەك دەفەرموێت: (وَبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ وَبِالْحَقِّ نَزَلَ) الإسراء: 105.

 ئەم دیدی حەقناسییە مرۆڤ بەرەو جێبەجێكردنی ئەركی (ئیستیخلاف: بریكاریی) دەبات، بریكاریی خوای بێهاوتا: بریتییە لەو ئەركەی خوای باڵادەست ئەم مرۆڤەی بۆ خەلقكرد و ناردییە سەر زەمین بۆی.

ئەم بریكارییە چەندین ڕوكنی هەیە، كە ئێمە دەمانەوێت -بۆ ئاسانكاریی خوێندنیان- بەچوار سێگۆشە نیشانیانبدەین:

 

یه‌كه‌م- سێگۆشەی خواناسی:

   ناسینی خوای كردگار، بەو شیوەیەی كە پێغەمبەران (سەلامی خوایان لێبێت) ڕوونیانكردۆتەوە، ئینجا زانینی ماف و ئەركی خواپەرستی و بۆ خوا ئەنجامدانی پەرستنەكان، ئینجا حاكمێتیی دینی خوا (سەروەرێتیی شەرع) و ژیان بۆی.. ئەم سیانە سێگۆشەیەكن كە گۆشەكانی بریتین لە (پەروەردگارێتی: الربوبیة) و (خوایەتی: الألوهیة) و (حاكمێتی: الحاكمیة)..  بەم سێ ڕوكنە و باسەكانی تری باوەڕ دەوترێ: (عەقیدە یان تەوحید).

 

دووه‌م- سێگۆشەی عەقیدە:

   لەگەڵ وەرگرتنی ڕێساو بنەماكانی عەقیدەكەدا دەبێت دروشمەكانی خواپەرستی (عیبادەت) ئەنجامبدرێن، كە ئەمانیش ڕێساو بنەماو لقی حوكمی شەرعیی زۆریان هەیە.. ئەم عەقیدەو عیبادەتە بەبێ (شەریعەت) نابن، كە بریتییە لە: پابەندبوونی موسوڵمانەكە بەحوكمەكانی شەرعەوە دەربارەی ڕەفتار، سەوداو مامەڵە، بزاوت، هەڵوێستی تاك و كۆی كۆمەڵگەو دەوڵەتی ئیسلامی.. ئاوا ئەمانەیش دەبنەوە بەسێگۆشەیەكی تر كە گۆشەكانی بریتین لە: (عەقیدە، عیبادەت، شەریعەت).

 

سێیه‌م- سێگۆشەی مەنهەج:

   گۆشەكانی ئەو دوو سێگۆشەیە مەنهەجی ئەو ئیسلامەن كە موسوڵمان باوەڕی پێدەهێنێت، كە خوای گەورە بەوەحیی خۆی ڕوونیكردوونەتەوە.. ئەو كەسانەی ئاوا باوەڕ بەم ئیسلامە دەهێنن، لەناو خۆیاندا كۆمەڵكارییەكی ئوممەتیی عەقائیدی پێكدەهێنن.. ئەم ئوممەتە بەبانگەوازی ئەو ئیسلامەوە پابەنددەبێت و دەكەوێتە (بیان: ڕوونكردنەوە) و (بلاغ: گەیاندن) و(شاهیدیدان) و (دعوة: بانگهێشتكردن).. ئاوا خەڵكی بۆ ئیسلامەكە بانگدەكات، تا ئەوانیش باوەڕی پێبهێنن و پێوەی پابەندبن. ئینجا بەهەموویان و بەمەنهەجی ئیسلامەكە بزاوتێكی گۆڕانكاریی لەناو كۆمەڵگە جاهیلییەكەی دەوروبەریاندا دروستدەكەن. ئەمەیش سێگۆشەیەكی ترە، كە گۆشەكانی بریتین لە: (ئیسلام، ئوممەتی عەقائیدی و بزاوتی گۆڕانكاری).

 

چواره‌م- سێگۆشەی سەروەریی شەرع:

   كاتێك تاك و كۆی خەڵكانێك لەسەر ئەم چەمكانە پەروەردەدەبن و سەرڕاستانە بۆ دینی خوا لێدەبڕێن، ئیتر پشوودرێژانە وزەو توانایان بەپێی ئاڕاستەكانی قورئان و قۆناغەكانی سیرەی پێغەمبەری خوا دەخەنەگەڕ، بەئومێدی سەلماندن و چەسپاندنی سێگۆشەی سەروەرێتیی شەرع، كە گۆشەكانی بریتیین لە: (حوكمی خیلافەتی راشیدە، دەستووری شەرع و كۆمەڵگەی ئیسلامی).

   ئەم بنەما ئوسوڵییانەی تێگەیشتنی ئیسلام، كە لەسەرەوە بەكورتی ئاماژەمان پێدان، لای هیچ كەسێك بەوتاری هەینی، كۆڕی گشتی و بەخوێندنەوەی سەرپێیی كتێب ناچەسپێنرێن، بەڵكو دەبێت بەشێوازی دەرسخوێندنی مەنهەجی بخوێنرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێ و خوێندكارانی تاقیكردنەوەی تێدابدەن، تا ئاستی تێگەیشتنی خۆیان بزانن.. لەبەر ئەمەیە ئێمە لەزانكۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی (زادی)،  بوارێكی باشی خوێندنمان بۆ ئەوانە كردۆتەوە، كە حەزیان لەتێگەیشتنی ئیسلامەكەیەو بەگیانی بەرپرسیارییەوە بۆ ئەركە دینییەكانی خۆیان دەڕوانن و دەیانەوێت بەو شێوەیە ئەدایانكەن، كە خوای گەورە دەیەوێت.

 

 

زادی چییە؟

 

زادی کورتکراوەی (زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی)ـیە کە تێیدا زانستە شەرعییەکان دەخوێنرێن.

 

- خوێندن لە زادیدا بە چ زمانێکە؟

لەئێستادا لەزانکۆی زادی، تەنها بەزمانی کوردی دەخوێنرێ.

 

- ئەو بوارانە چین، لەزانکۆی زادیدا دەخوێنرێن؟

لەزانکۆی زادیدا (١٢) بواری زانستە شەرعییەکان دەخوێنرێن، کە ئەمانەن:

١ـ زانستی شەرعی :پێگە، شێواز و ئادابی.

۲- عەقیدە.

۳- فیکری ئیسلامی.

٤- قورئانەوانی: تەجوید، تەفسیر، لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، زانستەکانی قورئان.

٥- فەرموودەوانی: شیکردنەوەی فەرموودە، زانستەکانی فەرموودە، لەبەرکردنی فەرموودە، ناساندنی پیاوانی فەرموودە.

٦- ڕەفتارناسی.

۷- بانگەواز.

٨- شەرعزانی: فیقهی ئیسلامی.

۹- مێژوو: مێژووی موسوڵمانان.

۱۰- زمانەوانی: عەرەبی و کوردی.

١١- ڕێبازی پێغەمبەران: سیرە.

١٢- ژیانی پێشەوایان.

 

- سیستمی خوێندن لەزانکۆی زادی چۆنە؟

بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی زادی، ساڵانە دوو هەل ئەڕەخسێنێت تا فێرخوازان ناوی خۆیان تۆماربکەن و لەزانکۆکەدا دەست بەخوێندن بکەن، کە هەر لەڕێگەی پێگەی (زادی ڕێمان: ZadyReman)ەوە ناویان تۆماردەکەن و فێرخواز تێیدا سەرجەم زانیارییەکانی پرۆفایلەکەی و نمرەکانی پارێزراوە و ئەرشیفدەکرێن، تەنها مامۆستاکانی دەیبینن، هەروەها خوێندنی زانکۆی زادی بەخۆڕاییەو هەموو کەسێك ئەتوانێت تێیدا بەشداربێت.

دوای ئەوەی کەسی فێرخواز ناوی خۆی تۆماردەکات، ئینجا تاقیکردنەوەی دەکرێ بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئاستی، جا گەر لە (٥٨٪) کەمتری هێنا، لەناوەندیی (ندا) دەستپێدەکات و گەر لە (٥٨٪) یان زیاتری هێنا، لەئامادەیی ئامەدی ئیسلامی دەستپێدەکات.

زادی لەسەر سیستمێکی پێشکەوتووی بەهێزی ئۆنلاین کاردەکات، کە تێیدا خوێندکار دوای خوێندنی وانەکان، لەڕێگەی پێگەی (زادی ڕێمان: ZadyReman)ـەوە تاقیکردنەوە دەکات، ڕاستەوخۆیش دوای تاقیکردنەوەکە، نمرەکەی دەخرێتە بەردەست.

دەرچوون لەتاقیکردنەوەی هەر کتێبێك لەناوەندیی دیراساتی ئیسلامی (ندا)و ئامادەیی ئامەدی ئیسلامیـدا بەبەدەستهێنانی نمرەی (٧٠٪) دەبێت و نمرەی (٦٨٪) بەبڕیار دەکرێ بە (٧٠٪).

 

- قۆناغەکانی زانکۆی زادی چین؟

زانکۆی زادی لەچوار قۆنا‌غ پێکدێت، کە بریتین لە:

یەكەم- خوێندنی ناوەندیی دیراساتی ئیسلامی (ندا): ئەو فێرخوازانەی لەتاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندندا لە (٥٨٪) کەمتریان هێنابێت، لەم قۆناغەدا دەستپێدەکەن، کە ئاستێکی ناوەندیی هەیە.

ئەم قۆناغە لە دوو پۆل پێکدێت، لەهەر پۆلێكدا (١٢) کتێب ئەخوێنرێن، واتە: لەم قۆناغەدا سەرجەمی (٢٤) کتێب ئەخوێنرێن.

دەرچووانی ئه‌م قۆناغە‌ بڕوانامەی (رۆشنبیری ئیسلامی) وەردەگرن.

دووەم- خوێندن لەئامادەیی ئامەدی ئیسلامی: ئەو فێرخوازانەی لەتاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندندا (٥٨٪) یان زیاتریان هێنابێت، لەم قۆناغەدا دەستپێدەکەن، کە ئاستێکی سەرووتر لەقۆناغی ناوەندیی (ندا)یە.

ئەم قۆناغە لەسێ پۆل پێکدێت، لەهەر پۆلێكدا (٢٠) کتێب ئەخوێنرێن، واتە: لەم قۆناغەدا سەرجەمی (٦٠) کتێب ئەخوێنرێن.

دەرچووانی ئەم بەشە بڕوانامەی (چالاكوانی ئیسلامی) وەردەگرن.

سێیەم- پەیمانگەی ئیبنوتەیمییە: خوێندن لێرەدا لەقۆناغ پێکدێت و بۆ ئاستی ئەو كەسانەیە، كە خوێندنی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامییان تەواوكردووە، یان فەقێیەتیـیان خوێندووە، كە دەبێت لەهەردوو تاقیکردنەوەی زمانی عەرەبی و زانستە شەرعییەكاندا سەرکەوتووبن.

- قۆناغی یەكەمی پەیمانگە: بریتییە لەڕەسەنكردنەوەی بوارەكانی زانستی شەرعی بەبەڵگەوە.

- قۆناغی دووەمی پەیمانگە: لێرەدا فێرخواز پوختەی هەموو بوارەكانی زانستی شەرعی دەخوێنێت، تا خۆی ئامادەبكات بۆ ئەو بوارەی دەیەوێت بیكاتە تایبەتمەندیی خۆی.

دەرچووانی پەیمانگەی ئیبنوتەیمییە بڕوانامەی (شارەزای ئیسلامی) وەردەگرن.

 چوارەم- تایبەتمەندێتی (تخصص)ی زادی: خوێندن لەم ئاستەدا پێکدێت لەدوو قۆناغ و بۆ ئەو کەسانەیە، کە بەسەرکەوتوویی پەیمانگەی ئیبنوتەیمییە تەواودەکەن.

- قۆناغی یەكەم: فێرخواز لەو بوارەی خوێندندا قاڵوقوڵدەبێتەوە، كە هەڵیبژاردووە.

- قۆناغی دووەم: تەرخاندەکرێ بۆ نوسینی توێژینەوەیەكی ئەكادیمی، كە موناقەشەدەكرێ، بۆئەوەی تایبەتمەندی (تخصص) وەربگرێت تێیدا.

دەرچووانی ئەم قۆناغە بڕوانامەی (پسپۆڕی ئیسلامی) وەردەگرن كە بەرانبەر بەماستەری خوێندنی ئەكادیمیی ترە.

 

- کێ سەرپەرشتیاری ئەم زانکۆیەیە؟

زادی بەچاودێری و بەڕێوەبەرێتیی مامۆستا کرێکار (خوای گەورە ئازادی بکات) دامەزرێنراوە، پێش گواستنەوەی بۆ سەر پێگەی زادی ڕێمان، ڕاستەوخۆ لەخزمەتی مامۆستا کرێکاردا، تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدران، مامۆستا پرسیارەکانی بۆ خوێندکاران دەناردو پاش وەرگرتنەوەی وەڵامەکان، نمرەی بۆ دادەنان.

 

- کێ بەرنامەی خوێندنی بۆ ئەم زانکۆیە داناوە؟

بەرنامەی خوێندنی ئەم زانکۆیە؛ لەلایەن جەنابی مامۆستا کرێکارەوە بەڕاوێژ لەگەڵ مامۆستایانی تری زادیدا دانراوە، مامۆستایانی زادی؛ قۆناغەکانی خوێندنیان، لەژێر چاودێریی مامۆستا کرێکاردا تەواوکردووە.

 

بڕوانامەی زادی رەسمییەتی هەیە؟

نەخێر، تا ئێستا ئەو ڕێکارە یاساییانەی بۆ وەرنەگیراوە، بەڵام ئەزموونیشمان لەگەڵ دەرچووانی زانکۆکەماندا هەیە، کە لەشوێنانی تر بەئیعتیباری ئاستی زانستیی خۆیان و خوێندن لەزانکۆی مامۆستا کرێکاردا، حسابی جیاواز بۆ بڕوانامەکەیان کراوە، ئەمە تەنها ئیمتیازێکەو گرنگتر لەمەیش بەلای ئێمەو فێرخوازانیشەوە، فێربوونی زانستە شەرعییەکانە بەو شێوە تۆکمەو گشتگیرە.

 

- زادی چ پەیوەندییەکی بە (ڕەوتی شاخ)ـەوە هەیە؟

پەیوەندیی نێوان زادی و ڕەوتی شاهیدانی خواویستی (ڕەوتی شاخ) تەنها مامۆستا کرێکارە، ئەو کەسەی کە دەیەوێت لەئەدەبیات و فیکری ڕەوتەکە تێبگات، بەئەرک دانراوە لەسەری، کە سەرجەم قۆناغەکانی زادی بخوێنێت و بیانبڕێت، بەڵام بەمەرج نەگیراوە، کە هەرکەس لەزادی بخوێنێت، دەبێت دیراسەی ڕەوتی شاخ بکات، یان دیدی ئێمەی پێ پەسندبێت، هەر کەسێک لەهەر تەمەنێکداو لەهەر لایەنێک بێت، ئەگەر خۆی مەبەستی بێت، ئەوا ئازادە لەخوێندن لەزانکۆی زادی، ئەگەر نەیشییەوێت دەتوانێت خۆیشی نەناسێنێت.

 

- پەیوەندیی خوێندن لەزانکۆی زادی، لەگەڵ خوێندنی وانەکانی کۆمەڵکاریدا چین؟

خوێندنی وانەکانی کۆمەڵکاری بریتین لە: خوێندنی کۆمەڵێک کتێب، کە بەهۆیانەوە ڕۆشنبیری و هۆشیاریی فێرخواز بەقوڵی لەبوارەکانی: فیکر، سیاسەت، کۆمەڵکاری، واقیعناسی، بزاوتی مێژوو پەروەردەی دەروون... تاد.) زیاددەکات، لێرەدایە کە بۆ خوێندنی وانەکان پێویستە ڕەوتەوان بیت، هەروەها دەبێت لەسەرەتادا پۆلی یەکەم یان دووەمی ئامادەیی ئامادی ئیسلامیت بڕیبێت بۆ خوێندنی ئەم وانانە، چونکە وەکو ئاماژەمانپێدا، ئەو کەسەی دەیەوێت لەدیراساتی ڕەوتەکە بخوێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵیدا لەزادییش بخوێنێت.



بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی (زادی).

4493 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/08/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.