تەفسیر

خوا وویستی و پێوە پا بەندبوونی

(( إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا فَلا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ * أُوْلَئِكَ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ خَالِدِينَ فِيهَا جَزَاء بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ))

ئەوانەی دەڵێن خوای پەروەردگارمان (اللَّه) یەو پاشان پێوەی پابەند دەبن ، نەترسیان لەسەر دەبێت و نەخەم و پەژارە دایاندەگرێت ، ئەوانە نیشتە جێیانی بەهەشتن کە بەنەمریی تێیدا دەمێننەوە ، ئەوە پاداشتی ئەو کارو کردەوانەیانە کە ئەنجامیان دەدا [1]..

- ووتەی ((رَبُّنَا اللَّه)): پەروەردگارمان (( اللە)) یە : ئێمە خواوویستین : ووشەیەکی رووت و سادە نییە هەروا سانا بە سەرماندا بێت و گوزەرکات.. تەنانەت عەقیدەیەکی رووتیش نییە لە دڵ و هزرو ویژداندا بچەسپێت و بەس، خواوویستی : راگەیاندنی قبوڵکردن و پابەندبوونە بە رێبازێكی کامڵی گشتگیری ژیانەوە، کە هەموو چالاکی و ئاراستەیەك دەگرێتەوە ، هەموو گوفتارو کردارێك دەگرێتەوە ، هەموو ختورەیەكی ناخو ئینفیعالاتێكی رەفتاری دەرێ دەگرێتەوە ..

- رَبُّنَا اللَّه : خواوویستی : تەرازووی تەقییمی دیدو هەڵوێستە ، پێوەری هەڵسەنگاندنی هزرو هەستە ، بۆ کێشانی خەڵك و کەرەستە ، بۆ رەفتارو ڕوداو ، دابونەریت و پەیوەندی و جۆری پەیوەستە .. لە هەموو موفرەداتێکی ئەم بوونەوەردا کە شاراوەیە یان بەرجەستە ، مەبەستە ...

- رَبُّنَا اللَّه : خواوویستی : بە جۆرێكە کە هەموو خوا پەرستییەك تەنها لە پێناوی ئەودابێت ، بە ئاراستەی ئەوو بۆ ئەو ئەنجام بدرێت، خۆفی ئەو لە دڵدا بێت و ترسيش تەنها لەو بێت  و پشت تەنها بەو ببەسترێت و ئیعتیماد تەنها بکرێتە سەر ئەوو بەس ..

- رَبُّنَا اللَّه : خواوویستی : بە شێوەیەكە کە هیچ جۆرە حسابێك بۆ کەس ، بۆشت ، بۆ غەیری خوا نەکرێت هیچ جۆرە ترسێك لە غەیری ئەو نەبێت ، هیچ جۆرێكی هیواو نیازو ئومێد بە غەیری ئەو نەبێت ..

- رَبُّنَا اللَّه : خواوویستییە: بە شێوازێکە کە هەموو هۆش و یادێك هەر لە خوا بێت ، هەموو بیرو ژیرێك ڕوو لەو بێت، هەموو هەست و نەستێك بەرەو ئەو بێت، مەبەست لە سوکنا بوون سرەوت ، لە بزاوت و ڕەوت رەزامەندی ئەو بێت و بەس ..

- رَبُّنَا اللَّه : خواوویستییە لە داوەریی بردنەوە لای خوای پەروەردگار ، بە ڕازیبوون بە حوکمی ، بە بڕياری ، بەشەرع و دەسەڵات و ئیقراری.. بە مافی ڕەهای رێبەریی ، بە توانای رێنیشاندەریی ، بە هیدایەت و راست و دروستی رێنمایی و ئاراستەو دەسەڵاتی سەروەریی...

- رَبُّنَا اللَّه : ئەو مەبدەء و خوا وویستییەیە کە بە هەموو ئەوانەمان دەبەستێتەوە کە لەم (وجود)ەدان ، لە خاوەن هزرو غەریزە یان لە کائیناتی تر ، هەموو لەگەڵ خوا وویستیماندا کۆکن ، گونجاون ، هەماهەنگن .. هەموو هاوڕاو هاوئاراستەو هاودەنگن ..

- رَبُّنَا اللَّه : بەم دیدو هەست و هۆشە ، بەم یەقین و کارتێکردن و خرۆشە ، بەم خولیا شەیداو پەرۆشە ، بۆتە بەرنامەی کامڵ و گشتگیریی ئەم ژیانە ، نەك بە ووشەی سەر زارەکی و باوەڕی دامرکاو و هەست و هۆشێكی ساردو سڕ ، دوور لە ڕوداوی رۆژانەو دەبەڕێکڕاچوونی چەندو چوون ، لەسەر گرنگی بوون و نەبوون !

- رَبُّنَا اللَّه : خوا وویستییە و ئاوا دەبێتە ديدورێ .. پاشان ئاستی پابەندبوون و خۆراگریی و مانەوە (الاستقامة)ی لە دوو دێ...

* ثُمَّ اسْتَقَامُوا : ئەرکی پلەی دوای خواوویستی .. پابەندبوونی سەر راستانەی دینداریی و مانەوە، کە بەئارامگریی و خۆڕاگریی و پشوو درێژی دەچەسپێت ، بە مانەوەی دلێرانەو بە خۆگریی جوامێرانەو شلنەبوون و کۆڵنەدان دەسەلمێت..

* پابەندبوون : واتە هێمنی و سرەوت و دڵنیایی، پابەندبوون و جێگیر بوون و دابینبوونی هەست و نەست و پارسەنگبوونی ناخی دەروون لە راڕایی، لە دوودڵی و گومان و هەستی نامۆیی و دڵە ڕاوکەو ئاڵۆزیی و پشێویی و دڵە خورپێیانەی هێزی پاڵنەری ناوەکی و هێزی راکێشانی دەرەکی و تین و تەوژمە کاریگەرەکانی تر دەیانوروژێنن ، کە هەر یەکەیان خاوەن تەکان و گوژمی جۆراوجۆرو کێش و تین و تەوژمی زۆری خۆیەتی ، هەر هەمووشيان دەبنە بەربەستی رێی خواوویستی و سەر راستێتی پابەندبوونەکە و لەگەڵ لێدانی دڵی داچڵەکاودا هاوار دەکەن : شل بە ، کول بە ، کۆڵدە.. بــەسە !

* ثُمَّ اسْتَقَامُوا : دوای پارسەنگی دەروون پارسەنگی رەفتار دێت . پارسەنگی گوفتارو کردار کە دەبێت بە پێی رێبازە خواوویستییەکە بێت ، هەڵدێرو کەندەڵان و کۆسپی رێی پارسەنگبوونی رەفتاریش لە لەمپەرەکانی پارسەنگی دەروون و سرەوتی دڵ کەمترنین و کاریگەریشيان کەمتر نییە، چونکە ئەمانیش بۆ خوا سوڵحان و لارێبوون و ریزپەڕيی زاهیریی دەخوازن، رێی هەڵخليسکان و بەزین و جێمان خۆشدەکەن ، پاڵدەنێن ، بانگەشەی ئینحیراف دەکەن ، کە وەڵام نەبوو تین و فشار لە سەر جەستەو وویست و دەروون دروست دەکەن..

- رَبُّنَا اللَّهُ : رێبازم ، پێوە پابەندبوونیشی پلەیەکی باڵاتری دوای دۆزینەوەو ناسین و هەڵبژاردن و گرتنە بەرێتی ، ئەو کەسانەی خوای گەورە رێی خواوویستیان نیشان دەدات و ووزەی خواپەرستی و خۆڕاگرییان پێدەبەخشێت و پشتگیرو یارمەتی پابەندبوونیان دەدات ، نوخبەیەکی دەستنیشانکراوی خوایین ، کۆمەڵێکی هەڵبژاردەی تایبەتن، نوخبەیەکی ناوازەن ، بۆیە دەیانگەیەنێتە ئەو ئاستە باڵایەی ئاسوودەیی و کامەرانی وشادی کە هیچ ترس و بیمێکیان نامێنێت ((فَلا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلا هُمْ يَحْزَنُونَ )) نە لە خەمی ئەوەدان کە رابردووەو نە لە پەژارەی ئەوەدان کە دێت .. جا خەم و پەژارە بۆچی دەخۆن کە مادام لە سەر رێبازێكن راست و رەوایەو بەرەو خوایە .. کە وویستی پێوە پابەندبوونی سەر راستانەیان سەلماندوێتی کە گەیشتنیان بە خوای گەورە مسۆگەرە .. ئیدی خەم لە چی ؟

(( أُوْلَئِكَ أَصْحَابُ الْجَنَّةِ خَالِدِينَ فِيهَا جَزَاء بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ))

ووشەی (يَعْمَلُونَ) ووشەی خواوویستی (رَبُّنَا اللَّه) کە روون دەکاتەوە و جەخت لەسەر مومارەسە کردنی خوا وویستییەکە دەکاتەوە .. چونکە خواوویستی ووشەیەکی لووسی سەر زمان نییە ، کە کسێکی زۆر بڵێ بیڵێ و هەڵێ ! نا ، خوا وویستی پابەندبوونی راستگۆیانەیە بە رێبازەکەی خوای گەورەوە ، چەسپاندی بەرنامەی خوایە لە هەموو لایەنەکانی ژیانییدا..

ئەم (يَعْمَلُونَ)ە ئاماژە بۆ پاداشتێك دەکات کە بەهەشتی هەتا هەتایی و ژیانی نەمرییە بەرامبەر ، (خواوویستی و پابەندی)یەك ئەنجام دراوە ، ئەمە کارو کردەوەیەک بووە کە بەپێی مەنهەجی خواوویستی ئەنجامدراوە، ئەم کاروکردەوانەی شایانی ئەم پلەو پاداشتە گەورەو کاریگەرو دەگمەنەن لە (رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا)ە وە هاتوون..

   ئەمە داوا کراوەكە بووەو ئەوەش ئەنجامەکەیەتی

  ئاوا لەوە دڵنیا دەبین کە زاراوە عەقائیدییەکانی ئەم دینە ئەوەندە نین بە زمان بوترێن و بەس....

ئەم شایەتمانی ( لاالە الا اللە) یە تەنها رستەیەکی سەر زمان نییە .. ئەمە رێبازو دیدو هەڵوێستە ...

خوا وویستی و پابەندییە .. ئەگەر هەر سەر زارەکی دەرببڕرێت ئەوە بە تەئکید نابێتە (پایە)ی ئیسلامەتی..

نابێتە ئەو یەکەمین پایە ( لە پێنج پایەکانی) کە ئیسلامی لەسەر دادەمەزرێت ..

لەم ڕوانگەوە دەزانین (نرخ وبەها) ی ئەو شایەتمانە چەندە کە ئەمڕۆ ملوێنەها کەس بەسەر زارەکی دەیڵێن ، بەڵام هیچ کەلێنێکی ژیانیان بە داواکارییەکانی ئەم شایەتمانەو بەرنامەکەی پڕ نەبۆتەوە .. ئەم شایەتومانە هیچ کاریگەرییەکی لە دیدو هەڵوێستیاندا نییە .. شایەتومان دێنن کەچی لەسەر رێبازی جاهیلین ! شایەتومان دێنن کەچی بە پێی دیدو هەڵوێستی جاهیلییەتێك رەفتار دەکەن کە نیمچە بتپەرستییە ، شایەتومان دێنن و لە هاوار بۆ کردنییدا زار دادەپچڕن ، بەڵام هەر قسەیەو لە هەناوێکی خاڵی و دڵێکی بێ هۆش و هزرێکی بۆشەوە دێت ..

(لاالە الا اللە) یان (رَبُّنَا اللَّه) ڕێبازی ژیانە .. ئەمە ئەو داواکارییەیە کە دەبێت لە ناخی دڵ و دەروون و هزرو ژیریدا بچەسپێت ، هەست و هۆش داگرێت ، تا رەفتار (گوفتارو کردار) ی ژیانی مرۆڤ خواوویستانە راگرێت .

في ظلال القرآن

نووسینی : سەید قطب

وەرگێڕانی: کرێکار


[1]  بێگومان بە کوردی کردنی ئایەتەکە لە منەوەیە نەك لە سەید قوتبی رەحمەتی (ك).

2353 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.