هەر لە سەرەتای نوسینی فیکری ئیسلامییەوە بە زمانی کوردی، نووسەران زاراوەی (جێنشین)یان بەرامبەر (خلیفة) داناوە. ئەمە بۆ جینشێتی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم شیاوە کە سەیدنا ئەبوبەکری صددیق خوا لێی رازی بێت بوو بە خەلیفە/ جێنشینی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم. بەڵام ئەمە بۆ خوای گەورە شیاو نییە واللە اعلم، چونکە شوێن و مەنزیلەو دەسەڵاتی خوای گەورە شتێک نین کە مرۆڤ بیانگرێتەوە.. مەبەستیش لەم ئایەتە ئەوەیە کە خوای گەورە دەیەویست بریکارێک لەسەر زەمیندا نیشتەجێ بکات تا ئەو ئەرکی ئیستیخلافەی پێ بسپێرێت کە بریتییە لە ١ـ ناسین و ناساندنی خوای تاکوپاک. ٢ـ پەرستنی خوای تاکوپاک. بە نیازپاکیی و ئەنجامدانی ئەو دروشمە پەرستنانەی پێغەمبەران سەلامی خوایان لێ بێت دیارییان کردووە. ٣ـ سەلماندن و چەسپاندنی شەریعەتی خوای گەورە تا دادپەروەریی لە نێوان مرۆڤەکاندا بێتەدیی. ٤ـ دەرهێنانی خیروبێری سەرزەمین بۆ ئاوەدانکردنەوی و بۆ دەستەبەرکردنی نان و ئەمان و خێروخۆشی بۆ مرۆڤایەتی.. ئەمە بریکارێتییە نەک جێنشینی..