له هه‌ولێر بووم له مزگه‌وت له دوای مامۆستایه‌كی به‌ڕێزه‌وه نوێژی عه‌سرمان ده‌كرد ، باوكی ئه‌و مه‌لا به‌ڕێزه‌ش مه‌لایه‌كی ناسراوی شار بوو رحمه الله بەڵام خاوه‌ن وه‌سوه‌سه‌یه‌كی سه‌یر بوو ، هه‌رچه‌ندی ده‌كرد نییه‌تی نوێژه‌كه‌ی پێ دانه‌ده‌مه‌زرا ، ئێمه ركاتی یه‌كه‌م و دووه‌میشمان ته‌واو كرد ئه‌و هه‌ر ده‌یفه‌رموو : نییه‌تم هه‌یه ... هه‌ر چوار ركاته‌كه‌مان ته‌واو كرد ئه‌و هه‌ر ده‌یفه‌رموو : نییه‌تم هه‌یه .. كه سه‌لاممان دایه‌وه ، فه‌رمووی : ئه‌ها دیسان بۆم دانه‌مه‌زرا !! جارێكی تر له تاران له ماڵی مامۆستایه‌كی به‌ڕێزی پاوه‌یی بووم ، كاتی نوێژی خه‌وتنان هه‌ستاین بۆ نوێژ ، قامه‌تم بۆ ده‌كرد فه‌رمووی : من وا زوو نییه‌ته‌كه‌م بۆ دانامه‌زرێت ، تۆ ببه به ئیمام ، عه‌رزم كرد : جا من په‌له‌م چیه‌و وا له خزمه‌تتدام .. له دوایه‌وه وه‌ستابووم و هه‌ر ده‌یفه‌رموو : نی ، نییه .. نییه‌تم .. نییه‌تم هه‌یه .. نییه‌تم هه‌یه چوا .. چوار .. نییه‌تم هه‌یه چوار .. كه ده‌گه‌یشته ووشه‌كانی دواتر دڵخۆش ده‌بووم ده‌مووت : خوایه سه‌ری خه‌یت .. كه‌چی له‌پڕ نییه‌ته‌كه‌ی ده‌پساو ده‌هاته‌وه سه‌ر : نی .. نییه‌ت ، نییه‌تم ، نییه‌تم هه‌یه .. به‌م شێوه‌یه حه‌ڤده ده‌قیقه له دوایه‌وه راوه‌ستام تا نییه‌تی ئه‌و نوێژه‌ی هێنا !! داماوێكی خواناسی كوردی رۆژهەڵات له تاو وه‌سوه‌سه‌ی نییه‌ت هێنانی له‌ئێرانه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ كردم ، ووتی : له‌وه‌تای بانگی مه‌غریبی داوه له‌سه‌ر به‌رماڵم و نییه‌تم پێ دانامه‌زرێت و نوێژیش ده ده‌قیقه‌ی ماوه !! ئاخر ئه‌مه ئه‌شكه‌نجه‌دانه یان خواناسی ؟! به خه‌یاڵ بیری لێ بكه‌ینه‌وه كه چۆن ئه‌م داماوه یه‌ك دانه سه‌عاته له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی هه‌ر ده‌ڵێ : نی ، نییه ، نییه‌ت .. نییه‌تم .. نییه‌تم هه .. نییه‌تم هه‌یه .. شه‌رعم لای مامۆستایه‌كی به‌ڕێز ده‌خوێند له باسی نییه‌تدا تووشی وه‌سوه‌سه‌یه‌كی كردم ، سێ دانه ساڵ ره‌نجمدا تا له كۆڵم بۆوه !! ئه‌مه روداون و له مه‌لامه‌وه بینیووه !! ده‌بێت ئه‌مه‌یان له كام به‌ڵگه‌وه هێنابێت ؟! ئه‌گه‌ر نییه‌ت هێنانی نوێژ ئه‌وه‌نده قورس بوایه ئه‌و یاوه‌ره به‌ڕێزانه كه له به‌ره‌ی شه‌ڕه شمشێردا به‌ره‌و دوژمن ده‌وه‌ستان چۆن ده‌یانتوانی نوێژێك دابه‌ستن ؟ ! ئه‌مانه هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م توێژینه‌وه‌مه كه ساڵانێكه خۆی لێ لا ده‌ده‌م بەڵام وا ئێستا ناچار بووم، كات وشوێن و ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌ش شیاوی ئێستایه .. خوا یارمه‌تیده‌رمان بێت .. پێناسه‌ی نییه‌ت : نوێت یان نییه‌ت ووشه‌یه‌كی عه‌ره‌بییه : - له رووی زمانه‌وانیه‌وه له ( نَوَى الشَّئَ يَنْويهِ ) ە وه هاتووه كه وه‌كو ئیبنو مه‌نزوور ده‌فه‌رموێ : بریتیه له : (الإعتزام و التوجُّه والنهوضُ نَحوَ الشئ).. (ابن منظور : لسان العرب : مادة قصد) .. كه هه‌مووی به مانای وویست ومه‌به‌ست ونیازن .. نییه‌ت كه كۆده‌كرێته‌وه ده‌وترێت : نییات .. - له رووی زاراوه‌ییه‌وه : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانای نییه‌ت هه‌ر ( قصد ) ە ، شه‌رعناسانێكی وه‌كو ئیمامی نه‌وه‌وی پێناسه زمانه‌وانیه‌كه‌ی كردۆته‌وه به پێناسه‌ی زاراوه‌یی (المجموع ( 1/367) .. قورافی شه‌رعناسی مالیكی ده‌فه‌رموێ : نییه‌ت ئه‌و وویسته‌یه كه كه‌سێك له دڵیدا دایناوه‌و به ته‌مایه بیكات .. ( الذخیره 1/134 ) . زانایان هه‌ر یه‌كه به جیا له دیدو مه‌به‌ستی خۆیه‌وه پێناسه‌ی زاراوه‌یی نییه‌تیان كردووه ، بۆیه ده‌بینیت پێناسه‌ی زمانه‌وانێك جیاوازه له پێناسه‌ی شه‌رعناسێك ، پێناسه‌ی شه‌رعناسێك جیاوازه له پێناسه‌ی ته‌زكیه‌وانێك .. بەڵام پێناسه‌ی هه‌ندێك له شه‌رعناسه توێژه‌ره‌وه‌كان وورده‌كارتره ، به‌یزاوی ده‌فه‌رموێ : نییه‌ت : بریتیه له هۆشدانی دڵ به شتێك كه خاوه‌نه‌كه‌ی وا گومان ده‌بات كه سوودی بۆ ده‌هێنێت یان زیانی لێ لا ده‌بات ، له رووی شه‌رعیشه‌وه بریتیه له : وویست و ئاڕاسته‌ی ئه‌نجامدانی كارێك كه فه‌رمانی خوای گه‌وره‌یه‌و له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ش ده‌كرێت ..[1] ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمانه ئه‌و پێناسه‌یه كه بریتیه له (وویستنی ئه‌نجامدانی خواپه‌رستی له‌به‌ر خاتری خوا) وه‌كو نوێژ‌و رۆژووه كه له دڵدایه‌و كه‌س ناتوانێت حوكمی به‌سه‌ردا بدات .. نییه‌ت و زانین و كرده‌وه : نییه‌ت نیازی دڵه ، پاڵنه‌ری ئیراده‌یه ، پێویستی به دوو شته : زانین و كرده‌وه ، زانین ده‌بێت پێش كرده‌وه‌كه كه‌وتبێت ، چونكه كرده‌وه‌كه به‌رهه‌می زانین و وویسته‌كه‌یه.. تۆ ده‌بێت بزانی چی جائیزه تا بیكه‌یت ، چی جائیز نیه تا نه‌یكه‌یت ، له هه‌ردووكیشیاندا ده‌بێ پابه‌ند بیت به خواوویستی و سنوری شه‌رعه‌كه‌وه ، كه‌سێك نه‌زانێت سوجده‌ی تیلاوه‌تی قورئان چیه ، چۆن داوای لێ بكرێت له‌به‌ر خاتری خوا‌و به گوێره‌ی شه‌رع بیكات .. نوێژ‌و رۆژوو باقی خواپه‌رستیه‌كانی تریش هه‌ر ئاوان .. ئیمامی غه‌زالی ره‌حمه‌تی ئه‌وه‌ی جوان لێك داوه‌ته‌وه كه نیاز‌و مه‌به‌ست پێویستی به زانین هه‌یه ، ده‌فه‌رموێ : مرۆڤ پێویستی به‌وه‌یه كه شتێك بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێت كه له‌گه‌ڵ نه‌فسی خۆیدا ده‌گونجێت ، شتێكیش له خۆی دوور ده‌خاته‌وه كه زیانی بۆ نه‌فسی خۆی هه‌یه .. ئه‌م دوو دیده‌ش پێویستیان به زانینی پێش وه‌خت و پێناسه‌ی شته‌كان هه‌یه ، پێویستیان به په‌ی بردن به شتی به‌سوودو شتی زیانبه‌خش هه‌یه ، تا ئه‌ویان په‌یداكات و ئه‌میان له رێی خۆیدا رادات .. ئه‌و كه‌سه‌ی خۆراكێك نابینێت و نازانێت ئه‌وه خۆراكه چۆن داوای لێ ده‌كرێت بیخوات ؟! ئه‌و كه‌سه‌ی نازانێت ئه‌وه ئاگره‌و سوتێنه‌ره چۆن خۆی لێ دوور ده‌گرێت ؟! ئاخر بۆیه خوای گه‌وه‌ر رێنمایی و زانیاری به‌خشیووه‌و هۆكاری ناسینیانی له هه‌سته‌وه‌ره‌كان و په‌ی پێبردنه نهێنیه‌كاندا ره‌خساندووه .. [2] له جێیه‌كی تردا گاڵته‌ی به‌و كه‌سانه دێت كه به له‌فز نییه‌تی شتێك دێنن و وا ده‌زانن ئه‌وه نییه‌ت هێنانه ! له‌وه‌ش ته‌ئكید ده‌كاته‌وه كه نییه‌ت له‌به‌ر ده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌یدایه ده‌توانێت نییه‌تی پاك بێت ، ده‌شتوانێت پیسی نه‌فس و دنیاوویستی و هه‌واوهه‌وه‌س به نییه‌تی خۆیه‌وه هه‌ڵواسێت ، بۆیه شه‌رعیش حوكمی خۆی له‌سه‌ر نییه‌تی كابرا دامه‌زراندووه .. ئیمامی غه‌زالی ده‌فه‌رموێ : ئه‌وه بزانه كه خه‌ڵكی نه‌فامی وا هه‌یه كه ده‌ڵێین ده‌بێ نییه‌تی خۆت پاك كه‌یته‌وه، ده‌ڵێ نییه‌تمه ئه‌م ده‌رسه بۆ خوا ده‌ڵێمه‌وه ، نییه‌تمه له‌به‌ر خاتری خوا ده‌خۆم ، وا ده‌زانێت ئه‌مه نییه‌ته !! هه‌یهوو هه‌یهوو .. ئه‌مه قسه‌ی نه‌فسه ، ئه‌مه ووشه‌ی سه‌رزمانه ، ئه‌مه چوونه له یادێكه‌وه بۆ یادێكی تر .. نییه‌ت هیچ یه‌كێك له‌مانه نیه .. نییه‌ت : وویست و ئاڕاسته‌ی نه‌فس و حه‌زو مه‌یلێتی بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه وای لێ حاڵی بووه كه ئێستا یان له داهاتوودا ئامانجی دێنێته دی .. ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌وه نابێت كه بیه‌وێت .. ئه‌و وویستنه وه‌كو ئه‌وه‌یه كه‌سێك بڵێ : نیازم هه‌یه حه‌زم له خواردن بێت !! نیازم وایه فڵانم خۆش بوێت و شه‌یدای بم ، رێزی لێ بگرم و به مه‌زنی دانێم .. ئه‌مه مه‌حاڵه .. [3] عاده‌ت و عیباده‌ت به نییه‌ت لێك جیا ده‌كرێنه‌وه : شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون : ئه‌وه‌ی كه كیتاب و سووننه‌ت فه‌رمانی به‌سه‌ردا داوه ، دڵ و ده‌روونی كابرایه نه‌ك جه‌سته‌ی .. جه‌سته ئامێره .. نییه‌ته‌كه‌ش كاری دڵ و ده‌روونه نه‌ك كار‌و ره‌فتاری جه‌سته .. بۆیه نییه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر حوكم هه‌یه .. زۆر كار‌و ره‌فتار هه‌یه وه‌كو یه‌ك ئه‌نجام ده‌درێن ، ته‌نها به نییه‌تی بكه‌ره‌كانیاندا ده‌زانرێت كه ئایا مه‌به‌ست لێی خواپه‌رستی بووه یان شیرك ! وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو كه‌س دوو مه‌ڕ سه‌رده‌بڕن : یه‌كه‌میان بۆ خوای سه‌ر ده‌بڕێت و ره‌فتاره‌كه‌ی ته‌وحیده ، دووه‌میان له‌به‌ر پێی سه‌رۆكدا سه‌ری ده‌بڕێت و ره‌فتاره‌كه‌ی شیركه !! به نییه‌تدا ده‌زانرێت كار‌و ره‌فتار خواپه‌رستیه یان پابه‌ندبوونه به خوو نه‌ریتی کۆمەڵایه‌تی[4]؟! وه‌كو : ١- غوسڵ ده‌ركردن و خۆشتن و خۆ فێنك كردنه‌وه .. هه‌ر سێكیان هه‌ر خۆ ته‌ڕ كردنن به ئاو، ئه‌وه‌ی جیایان ده‌كاته‌وه نییه‌تی بكه‌ره‌كانیانه . كابرا غوسڵی جومعه ده‌رده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواپه‌رستیه ، ئه‌وی تریان خۆی ده‌شوات چونكه چڵك و چه‌په‌ڵی پێوه‌یه ، سێیه‌میش گه‌رمایه‌تی .. ٢- سێ كه‌س پاره‌یان داوه‌ته سێ كه‌سی هه‌ژار ، یه‌كه‌میان له‌به‌ر خاتری خوا زه‌كاتی ده‌ركردووه، دووه‌میان له‌به‌ر زیره‌كی قوتابیه هه‌ژاره‌كه خەڵاتی كردووه ، سێیه‌میان به پێی عورفی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی جه‌ژنانه‌ی داوه‌تێ .. چی ئه‌م سێ ره‌فتاری به‌خشینه له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه ؟! نییه‌تی بكه‌ره‌كان .. ٣- خۆگرتنه‌وه له خواردن و خواردنه‌وه : سێ كه‌س خۆراك ناخۆن ، یه‌كیان به‌رۆژووه‌و بۆ پاداشتی لای خوای گه‌وره فه‌رمانه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات ، دووه‌میان رێجیم ده‌كات و ده‌یه‌وێت خۆی له‌ڕتر كات .. سێیه‌میان پارێز ده‌كات ، پزیشك پێی ووتووه ئه‌و خۆراكه نه‌خوات .. چۆن ئه‌م كارانه جوێ ده‌كرێنه‌وه ؟! بێ گومان به نییه‌تی بكه‌ره‌كانیان . ٤- سێ كه‌س له نوێژن له مزگه‌وت : یه‌كێكیان چووه تا نوێژ به جه‌ماعه‌ت بكات ، دووه‌میان بۆ جاسووسی چووه ، سێیه‌میان له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی له ته‌عزێخانه‌كه بوو ، رووگیر بووه بۆیه چۆته نوێژ ! چۆن ئه‌مانه جوێ ده‌كرێنه‌وه ؟! به نییه‌تی بكه‌ره‌كانیان .. ٥- سێ كه‌س سێ مه‌ڕ سه‌رده‌بڕن : یه‌كه‌میان قوربانی له‌سه‌ره‌و ده‌یكات ، دووه‌میان مه‌ڕداره‌و میوانی زۆری هاتوون ، سێیه‌میان ده‌وڵه‌مه‌ندێكی ریابازه‌و پێی شه‌رمه خه‌ڵك قوربانی ده‌كه‌ن ئه‌ویش نه‌یكات !! شه‌رع حوكمی ئه‌مانه چۆن ده‌دات ؟! به پێی نییه‌ته‌كانیان .. ئینجا له ناو بازنه‌ی هه‌ر یه‌كێكیشیاندا خانه‌ی تر هه‌یه كه جوێ كردنه‌وه‌ی تری تێدایه‌و زه‌رووریه، وه‌كو بازنه‌ی نوێژه‌كان : ١- سێ كه‌س نوێژ ده‌كه‌ن : یه‌كیان گه‌شتیاره‌و دوو ركات فه‌رزی نیوه‌ڕۆ ده‌كات ، دووه‌میان سووننه‌تی راتب ده‌كات ، سێیه‌میان نوێژی ته‌حییه‌تول مه‌سجید ده‌كات ! حوكمی خۆیان و نوێژه‌كانیان به پێی نییه‌ته‌كه‌یانه . ٢- دوو پۆل خه‌ڵكی له‌و ده‌شته وه‌ستاون نوێژ ده‌كه‌ن ، پۆلێكیان نوێژه بارانه ده‌كات ، پۆله‌كه‌ی تر نوێژی جه‌ژن .. نوێژه‌كانیان وه‌ك یه‌كه بەڵام نییه‌ته‌كانیان جوێ كه‌ره‌وه‌یه .. ٣-ره‌مه‌زان نیه‌و سێ كه‌س به‌ڕۆژوون : یه‌كه‌میان نه‌زری له‌سه‌ره‌و دووه‌میان قه‌رزی ره‌مه‌زان ده‌داته‌وه‌و سێیه‌میان كه‌فاره‌تی قه‌تڵه .. هه‌ر سێكیشیان فه‌رزه .. له‌و لاوه‌ش سێ كه‌سی تر به‌ڕۆژوون : یه‌كه‌میان رۆژه ناڕۆژێك به‌ڕۆژووه ، دووه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێنج شه‌ممه‌یه ، سێیه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پازده‌ی مانگی عه‌ره‌بیه .. رۆژووی هه‌ر سێكیان سووننه‌ته ، ئه‌وه‌ی جوێیان ده‌كاته‌وه نییه‌تی رۆژووه‌وانه‌كانه .. كه‌وابوو نییه‌ت كاریگه‌ره ، بەڵام ئه‌م نییه‌ته وویستی دڵ و هۆشه نه‌ك رسته‌ی هۆنراوه‌ی زوبان .. نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی له مزگه‌وته‌كانی كوردستانی ئێمه‌دا شه‌وانی ره‌مه‌زان هاوار ده‌كه‌ن : ره‌حمه‌تی خواتان لێ بێت نییه‌تی رۆژووی سبه‌ینێ بێنن به فه‌رز ان شا‌ء الله ته‌عالا.. ئینجا هه‌ر یه‌ك به ده‌نگی به‌رز نییه‌ت دێنێت !! نییه‌ت چاره‌كی زانسته : زۆر له پێشه‌وایان و شه‌رعناسان و زانایان نییه‌تیان به چاره‌كی زانست یان به سێیه‌كی زانست داناوه ، له‌وانه : ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئه‌حمه‌دو ئیبنول مه‌دینی و ئه‌بو داوودو داره‌قوتنی و به‌یهیقی .. (الاشباه و النظائر ل 9) . چونكه كاریگه‌رییه‌كه‌ی هه‌ر له دنیادا نیه ، به‌ڵكو له قیامه‌تدا ده‌بێته هۆكاری هەڵاوێردنی چاك و خراپ ! له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا هاتووه كه پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ : (عَنْ عَائِشَةُ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا ، ( قَالَتْ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : يَغْزُو جَيْشٌ الْكَعْبَةَ ، فَإِذَا كَانُوا بِبَيْدَاءَ مِنْ الْأَرْضِ ، يُخْسَفُ بِأَوَّلِهِمْ وَآخِرِهِمْ ، : قُلْتُ : يَا رَسُولَ اللَّهِ كَيْفَ يُخْسَفُ بِأَوَّلِهِمْ وَآخِرِهِمْ ، وَفِيهِمْ أَسْوَاقُهُمْ ، وَمَنْ لَيْسَ مِنْهُمْ ، قَالَ : يُخْسَفُ بِأَوَّلِهِمْ وَآخِرِهِمْ ، ثُمَّ يُبْعَثُونَ عَلَى نِيَّاتِهِمْ )[5] واته : عائیشه‌خان خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ : پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم فه‌رمووی : سوپایه‌ك دێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌عبه داگیر كات ، بەڵام له‌و كاته‌ی ده‌گه‌نه ده‌شتایی خوای گه‌وره سه‌ره‌تاو كۆتایان به زه‌ویدا رۆ ده‌بات ، عائیشه خاتوون ده‌فه‌رموێ : ووتم : ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ، سه‌ره‌تاو كۆتایان به زه‌ویدا رۆ ده‌بات له كاتێكدا خه‌ڵكی بازاڕییان تێدایه ، كه‌سانی وای تێدایه كه له‌گه‌ڵیاندا نه‌بووه ، فه‌رمووی : سه‌ره‌تاو كۆتاییان به زه‌ویدا رۆ ده‌بات ، پاشان له‌سه‌ر نییه‌تی خۆیان زیندوویان ده‌كاته‌وه .. نییه‌ت له دڵدایه : ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ : شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه شوێنی نییه‌ت دڵه .. ( الفتاوی 18/262 ) .. ئه‌مما ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له شه‌رعناسان به تایبه‌تی شافیعیه‌كانی وه‌كو القه‌ففال[6] به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شه‌رعناسانه‌وه پێی وایه هه‌ر كه‌سێك نییه‌تی زه‌كاتی به له‌فز به ده‌م هێنا ئه‌وه جێی نییه‌تی دڵیشی بۆ ده‌گرێت !! پاشان هه‌ندێك شه‌رعناسی تری شافیعی وه‌كو ئیمامی غه‌زالی و ئیمامی حه‌ره‌مه‌ین فه‌رموویانه كه ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی شافیعی خۆیه‌تی [7].. دوای توێژینه‌وه‌و به‌دواداچوون ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ی قه‌ففال فه‌رموویه‌تی دروست نیه . چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌فه‌رموێ كه له زه‌كاتدا ده‌شێت پشكه زه‌كاتی سامانی مورته‌ددێك ده‌ركرێت له كاتێكدا كابرای مورته‌دد نییه‌تیشی نه‌بووه‌و نییه بیدات .. بەڵام ئه‌گه‌ر هات و ووتی ئه‌مه زه‌كاته‌كه‌مه وه‌رده‌گیرێت .. بەڵام ئایا ئه‌مه‌ی ئه‌و ئیستیدلالی پێكردووه ده‌بێته هۆی پاداشت دانه‌وه‌ی كابرای مورته‌دد ؟! ئه‌مه موناقه‌شه‌یه‌كی زۆرتری ده‌وێت .. كه ده‌شفه‌رموێ له زه‌كاتداندا له جیاتی دان هه‌یه كه نییه‌تی دڵی پێویست نیه ، وا نیه ، خۆ حه‌ج و عه‌مره له جیاتی خه‌ڵكی ده‌كرێن ، بەڵام نییه‌تی به‌كرێگرو به‌كرێگیراو تێیاندا فه‌رزه‌و كاری هیچیان بێ نییه‌تی دڵ نابێت .. ئه‌مما ئه‌وه‌ی كه فه‌رموویانه ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی شافیعیه ، ئه‌وه‌ش به‌دواداچوونێكی ده‌وێت ، چونكه ئیمامی شافیعی خۆی ده‌فه‌رموێ : من ووتم كه زه‌كاتدان به بێ نییه‌ت نابێت، چونكه كابرا بۆی هه‌یه سامانێك ببه‌خشێت و نه‌زانرێ ئایا زه‌كاته یان خێروخێرات! ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی زه‌كات بووبێت ، ده‌بێت دیاری كات ،جا چ به‌وه‌ی له‌دڵی خۆیداساغی كردبێته‌وه یان به‌وه‌ی به له‌فزبیڵێت .[8] پاشان ده‌فه‌رموێ : ئه‌وه‌ی رێی لێگرتم بڵێم نییه‌تی نوێژیش وه‌كو زه‌كاته ئه‌وه‌یه كه نوێژ‌و زه‌كات له هه‌ندێك حاڵه‌تدا جیاوازییان هه‌یه ، مه‌گه‌ر نا‌بینیت زه‌كات ده‌شێت كابرا پێش وه‌خت بیدات ، یان ده‌شێت دەسەڵاتی ئیسلامی لێی سه‌نێت بێ ئه‌وه‌ی خۆی نییه‌تی به‌خشینی هه‌بێت، له‌و حاڵه‌ته‌یدا فه‌رزی زه‌كاته‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت ، بەڵام ئه‌مه له نوێژدا وا نیه[9] .. هه‌ندێك له شه‌رعناسانی مه‌زهه‌ب ئه‌مه‌یان كردووه به هه‌نجه‌تی نییه‌ت به له‌فز هێنان !! له كاتێكدا كه شه‌رحه‌كه‌ی ئیمام خۆی روونی ده‌كاته‌وه كه جیاوازی نێوان نییه‌ت له زه‌كات و نییه‌ت له نوێژیدا دیووه .. له‌مه‌ش روونتر ئه‌وه‌یه كه خۆی فه‌رموویه‌تی : ئه‌گه‌ر كابرایه‌ك ده درهه‌می جیا كرده‌وه‌و ووتی : ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی هه‌مه‌و ئێستا لام نیه ، به سه‌لامه‌تی بێته‌وه ده‌ستم ،ئه‌م ده درهه‌مه ده‌خه‌مه بری زه‌كاته‌كه‌ی یان ده‌یكه‌مه خێروخێرات .. ئه‌گه‌ر پاره غائیبه‌كه‌ی به سه‌لامه‌ت هاته‌وه ده‌ست ، ئه‌م ده درهه‌مه‌ی ده‌بێته خێروخێرات نه‌ك زه‌كات ، چونكه نییه‌ته‌كه‌ی ساغ نه‌كرده‌وه كه ئه‌وه زه‌كاتی ئه‌و پاره‌یه‌یه .. ( ئیمامى شافیعى : الأم 2/19) .. له‌به‌ر ئا ئه‌مه‌یه شافیعیه‌كان فه‌رموویانه ده‌بێت له‌و كاته‌ی نییه‌تی ئه‌نجامدانی نوێژێكی هه‌یه ، ده‌بێت نییه‌ته‌كه به ده‌میش بهێنێت ! له راو بۆچوونی ئه‌مانیش سه‌یرتر قه‌ولی هه‌ندێك له حه‌نه‌فیه‌كانه كه فه‌رموویانه : ئه‌گه‌ر كه‌سێك دەسەڵاتی به‌سه‌ر دڵیدا نه‌بوو بیهێنێته ژێر بار بۆی هه‌یه نییه‌ته‌كه‌ی به ده‌م بهێنێت[10].. ئاخر ئه‌مه چ گه‌ڕه‌لاوژێیه‌كه ؟! ئایا مه‌عقوو که تۆ وویستت له دڵی خۆتدا بۆ دروست نه‌بێت كه ده‌چیت بۆ مزگه‌وت ، ناچار ده‌بیت بڵێیت : نیه‌تم هه‌یه ده‌چم بۆ مزگه‌وت؟ ! به هه‌ر حاڵ وه‌كو سیوتی ده‌فه‌رموێ : رای ئه‌و كه‌سه‌ی پێی وایه ده‌شێت نییه‌ت به له‌فز بهێنرێت له جیاتی نیازی دڵ ، رایه‌كی لاوازه .. (سیوتی : الاشباه و النظائر ( ل 32 ) .. نه‌ك لاوازه، به‌ڵكو نامۆی ناو شه‌رعه (شه‌رحی العه‌ینی له‌سه‌ر بوخاری 1/33 ) و بێ لانه‌ی ناو ئیسلامه‌كه‌یه ..ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌فه‌رموێ : هه‌موو پێشه‌وای موسوڵمانان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ن كه ئه‌گه‌ر كابرا به له‌فز نییه‌ت بهێنێت و له دڵیدا نییه‌تی نه‌بووبێت ، نییه‌تی دانه‌مه‌زراوه .[11] نییه‌ت هێنان به له‌فز به ده‌نگی به‌رزو نزم بیدعه‌یه‌و حه‌رامه : زۆرینه‌ی زۆری مه‌لای شافیعی مه‌زهه‌ب به تایبه‌تی مه‌لای كورد ، له پێش هه‌مووشیانه‌وه مامۆستا مه‌لا عبدالكه‌ریمی موده‌ڕیس گۆڕی پڕبێت له نوور ده‌فه‌رموون: نییه‌ت هێنان به له‌فز سووننه‌ته !! بەڵام به راستی ئه‌مه سه‌رخستنێكی ده‌مارگیرانه‌ی مه‌زهه‌به‌و هیچی تر .. ئه‌وه‌مان نه‌قڵ كرد كه نییه‌ت به له‌فز هێنان نه فه‌رزه نه سووننه‌ته ، نه رای یاوه‌رانه ، نه قه‌ولی شه‌رعناسانه به پێچه‌وانه‌وه شه‌رعناسان فه‌رموویانه : هه‌ر كه‌سێك نییه‌ت به له‌فز به ده‌م بهێنێت و پێی وا بێت ئه‌وه سووننه‌ته ده‌بێ سزا بدرێت !! - قازی جه‌مالوددینی شافیعی ده‌یفه‌رموو[12] : نییه‌ت هێنان به له‌فزو قورئان خوێندن له دوای ئیمامه‌وه سووننه‌ت نین ، به‌ڵكو مه‌كرووهن ، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌ده‌نگی لێ بكه‌وێته‌وه حه‌رام ده‌بێت.. هه‌ر كه‌سێك بڵێ نییه‌ت هێنان به له‌فز سووننه‌ته به هه‌ڵه‌دا چووه ، نه بۆ ئه‌وو نه بۆ كه‌سی تر جائیز نیه به بێ زانیاری به ناوی دینه‌وه دابهێنن .. (ئیبنو ته‌یمییه : مجموع الرسائل الكبرى 1/254 ) .. - ئه‌بوعبدالله محمدی كوڕی ئه‌لقاسمی تونسی مالیكی ده‌فه‌رموێ : نییه‌ت كاری دڵه ، ووتنی به ده‌م بیدعه‌یه ، ته‌شویشێكی زۆر له ناو موسوڵماناندا دروست ده‌كات .. - شێخ عه‌لائوددین ئیبنول عه‌تتار ده‌یفه‌رموو : ده‌نگ به‌رز كردنه‌وه بۆ نیه‌ت هێنان ، ئه‌گه‌ر بۆ نوێژخوێنانی تر ته‌شویش دروست نه‌كات بیدعه‌یه‌كی ناشیرینه ، ئه‌گه‌ر ته‌شویش دروست كات به كۆڕای شه‌رعناسان حه‌رامه ، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ریای تێكه‌وێت له دوو سه‌ره‌وه حه‌رام ده‌بێت و ده‌بێته گوناحی كه‌بیره .. ئه‌و كه‌سانه له‌سه‌ر هه‌قن كه ده‌ڵێن سووننه‌ت نیه ، هه‌ر كه‌سێكیش وا بزانێت ئه‌مه له دینی خوادایه‌و ئیعتیقادی وا بێت پێی كافر ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر ئیعتیقادی وا نه‌بێت هه‌ر گوناحباره‌و ده‌بێت موسوڵمانان به روویدا بوه‌ستنه‌وه‌و رێی لێ بگرن، چونكه كه‌س ئه‌مه‌ی له پێغه‌مبه‌ری خواوه صلی اللە علیە وسلم یان له یه‌كێك له یاوه‌رانه‌وه ریوایه‌ت نه‌كردووه ، كه‌س له كه‌سێكی وای نه‌گێڕاوه‌ته‌وه له‌وانه‌ی دینه‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گیررێت .. یه‌ك كۆمه‌ڵ راو بۆچوونی تری واتوندو تیژم له‌به‌ر ده‌ستدایه له‌سه‌ر به خه‌ته‌ر ناساندنی ئه‌م بیدعه‌ی نییه‌ت هێنانه به ده‌م .. كه لایه‌نگری سزاكانیان نیم ، بەڵام ئه‌و توندوتیژییه ئه‌وه عه‌كس ده‌كاته‌وه كه ئه‌و زانایانه چه‌ند دژی ئه‌و بیدعه‌یه وه‌ستاونه‌ته‌وه ، كه‌چی له كۆمه‌ڵگه‌ی داماوی كورده‌واری ئێمه‌دا پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ی فێر ده‌كه‌ن ..[13] ئیمامی شافیعی نه‌یفه‌رمووه نییه‌ت به ده‌م بهێنن : كه‌س له چوار پێشه‌وا شه‌رعناسه به‌ڕێزه‌كه‌ی ئه‌هلی سووننه‌ت و غه‌یری ئه‌وانیش كه شوێنكه‌وتووی هه‌بێت ، نه‌یفه‌رمووه نییه‌ت به ده‌م بهێنرێت، نه بۆ غوسڵ و ده‌سنوێژ ، نه بۆ نوێژ‌و رۆژوو ، نه بۆ حه‌ج و خواپه‌رستی تر .. جه‌ده‌لی نییه‌ت هێنان به ده‌م زیاتر له مه‌زهه‌بی شافیعیدایه چونكه هه‌ندێك شه‌رعناسی مه‌زهه‌به‌كه له هه‌ندێك عیباراتی ئیمامی شافیعی خۆی كه له كتێبی (الأُم به‌رگی 3 / لاپه‌ڕه 132 ) دا هاتووه وای لێ حاڵی بوون .. كه‌سانێكی وه‌كو ئه‌بوعبدالله‌ی زوبه‌یری[14] ، ئیمامی شافیعی له باسی حه‌جدا له‌و كتێبه‌یدا (له‌و به‌رگ و لاپه‌ڕه‌یه‌دا) ده‌فه‌رموێ : (إذَا نَوَى حَجَّاً وَعُمْرَةً أجْزَأ ، وَإنْ لَمْ يَتَلَفَّظْ ، وَ لَيسَ كَالصَّلاةِ لا تَصُحُّ إلا بِالنُّطْقِ) واته : ئه‌گه‌ر نییه‌تی حه‌ج وعه‌مره‌ی پێكه‌وه هێنا جائیزه ، با به له‌فزیش نه‌یووتبێت ، چونكه ئه‌مه وه‌كو نوێژ نیه كه به ووتن نه‌بێت نابێت . ئیمامی نه‌وه‌وی به‌رپه‌رچی هه‌موویان ده‌داته‌وه‌و ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان به هه‌ڵه له قه‌وله‌كه‌ی ئیمامی شافیعی تێگه‌یشتوون .. ده‌فه‌رموێ : ( قَال أصْحَابُنَا : هَذا غَلَطُ هذا القَائِلِ ، وَلَيسَ مُرَادُ الشَّافِعِيِّ بِالنُّطْقِ فِي الصَّلاةِ هَذا ، بَلْ مُرَادُهُ التَّكْبِيرُ (المجموع 3/243) واته : یاوه‌رانی ئێمه (پێشه‌وایانی مه‌زهه‌بی شافیعی) فه‌رموویانه : ئه‌مه هه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سه‌یه كه وای ووتووه (وه‌كو زوبه‌یری و قه‌ففال نه‌ك ئیمام) مه‌به‌ستی شافیعی ئه‌وه نه‌بووه ( كه نییه‌ت به ده‌م بهێنرێت ) به‌ڵكو مه‌به‌ستی نوتق كردن بووه به ته‌كبیره‌ی نوێژه‌كه (ووتنی الله اكبری ده‌سپێكی نوێژ ) .. ئیمامی شافیعی له چه‌ندین شوێنی تریشدا ئه‌م جۆره عیباره‌تانه به هاوشێوه‌یان دووپات ده‌كاته‌وه بۆیه لای ئه‌و شه‌رعناسه به‌ڕێزانه‌ی مه‌زهه‌به‌كه ئه‌و تێكه‌ڵییه دروست بووه .. بۆ نموونه كه ده‌فه‌رموێ : (فِيمَا حَكَيْنَا مِنْ أحَاديثَ عَنِ النَّبيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ دَليلٌ عَلَى أنَّ نِيَّةَ المُلَبِّي كَافِيةٌ لَهُ مِنْ أنْ يُظْهِرَ مَا يُحْرِمُ بِهِ ، كَمَا تَكونُ نِيَّةُ الْمُصَلِّي مَكْتوبَةً أو نَافِلَةً أو نَذْرَاً كَافيةً لَهُ مِنْ إظْهَارِ مَا يَنوي مِنْهَا بِأيِّ إحْرَامٍ نَوَى ، وَنِيَّةُ الصَّائِمِ كَذلِكَ ، وَكذلكَ لَو اعْتَمَرَ أو حَجَّ عَنْ غَيرِهِ كَفَتْهُ نِيَّتُهُ مِنْ أنْ يُسَمِّي أنَّ حَجَّهُ هَذا عَنْ غَيرِهِ ).. ( الأم 2/132) واته : له‌و فه‌رموودانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواوه صلی اللە علیە وسلم كه گێڕامانه‌وه به‌ڵگه‌ی ته‌واو هه‌یه كه ئه‌و كه‌سه‌ی حه‌ج ده‌كات ، هه‌ر به‌وه‌نده‌ی نیشانه‌یه‌كی ئیحرام به‌ستن به شتێك ده‌رخات كه شیاو بێت بۆئیحرام ، هه‌ر ئه‌وه به‌سه بۆ نییه‌ت هێنانی، هه‌ر وه‌كو نییه‌تی كه‌سێك كه نوێژ ده‌كات ، نوێژه‌كه‌ی فه‌رز بێت یان سووننه‌ت یان نه‌زر ، به هه‌ر ئیحرامێك (داخڵی نوێژه‌كه‌ی بوو) بێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه كه لێوه‌ی ده‌ركه‌وێت مه‌به‌ستی چ نوێژێكه ده‌یكات نییه‌ت هێنانی رۆژووه‌وانیش وایه ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سێك عه‌مره یان حه‌جی له جیاتی كه‌سێكی تر كرد ، هه‌ر نییه‌ته‌كه‌ی به‌سه وه‌ك له‌وه‌ی بناسێنێت كه ئه‌م حه‌جه بۆ غه‌یری خۆیه‌تی . سه‌یر ئه‌وه‌یه كه‌سی تر له شه‌رعناسانی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی و مه‌زهه‌به‌كانی تر نه پێش زوبه‌یری نه دوای ئه‌و نه‌یانفه‌رمووه نییه‌ت هێنان به ده‌م واجبه .. ئه‌مه‌ش یه‌عنی ده‌رچوون له كۆڕا ( ئیجماع ) ی شه‌رعناسان ، بۆیه وه‌رگرتنی بۆچوونه‌كه‌ی حه‌رامه .. ئیمامی مالیك و ئیمامی ئه‌حمه‌د فه‌رموویانه نییه‌ت هێنان به ده‌م باش نیه .. به شێوه‌یه‌كی گشتی شه‌رعناسانێكی كه‌م له شوێن كه‌وتووانی مه‌زهه‌بی شافیعی و حه‌نه‌فی هه‌ن كه فه‌رموویانه : نییه‌ت هێنان به ده‌م شتێكی باشه به هه‌نجه‌تی ئه‌وه‌ی زیاتر هۆشی له نییه‌ته‌كه‌ی دڵی بێت ، بەڵام شه‌رعناسانی گه‌وره‌و موعته‌به‌ریان ره‌تیان كردۆته‌وه‌و فه‌رموویانه باش نیه .. چونكه كه ووترا باشه، ده‌بێت به‌ڵگه‌ی شه‌رعی هه‌بێت كه باشه ..[15] سه‌یره كه زانایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو قه‌سته‌لانی له شه‌رحی سه‌حیحی بوخاریدا بفه‌رموێ كه ئه‌مه سووننه‌تێكی هه‌میشه‌یی پێغه‌مبه‌ری خوا بووه‌و صلی اللە علیە وسلم كه به‌رده‌وام كردوێتی .. (إرشاد الساری 1/54) .. هیچ به‌ڵگه‌و ریوایه‌تێكیشی نه‌هێناوه‌ته‌وه[16] .. له كاتێكدا چه‌ندین فه‌رمووده‌ی سه‌حیح هه‌یه باس له چۆنیه‌تی ده‌سپێكی نوێژی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا ده‌كه‌ن صلی اللە علیە وسلم .. وه‌ك ئه‌وه‌ی عائیشه خان خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم (يَسْتَفْتِحُ الصَّلاةَ بالتَّكْبِيرِ) [17] واته: نوێژی به ته‌كبیره‌ی ئیحرام داده‌به‌ست ! كاتی نییه‌ت هێنانی نوێژ : شه‌رعناسان له‌سه‌ر سات و ئانی نییه‌ت هێنانه‌كه سێ بۆچوونیان هه‌یه : بۆچوونی یه‌كه‌م : ده‌بێت وویستی دڵ هاوكاتی ته‌كبیره‌ی ئیحرام بێت : بۆچوونی ئیمامی مالیك ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت نییه‌ت هێنانه‌كه كه وویستی دڵه له‌گه‌ڵ ووتنی الله اكبری ده‌سپێكی نوێژه‌كه‌دا بێ، بێ پاش و پێش كه‌وتنی ..[18] بۆچوونی ئیمامی شافیعی ئه‌وه‌یه كه : نییه‌ت هێنانه‌كه ده‌بێت هاوكاتی ته‌كبیره‌ی ئیحرام بێت، پێش و پاش كه‌وتنی سوودی نابێت[19] . له (مختصر المزني) دا هاتووه : ئیمامی شافیعی فه‌رموویه‌تی : ئه‌گه‌ر كه‌سێك نییه‌تی ئیمامه‌تی هێنا یان به ته‌نها بوو نوێژی ده‌كرد ، ده‌بێت نییه‌ته‌كه‌ی له ئان و ساتی ته‌كبیره‌كه‌یدا بێت ، نابێت نییه‌ته‌كه‌ی نه پێش ئه‌و نه دوای ئه‌و بهێنێت [20] .. ئه‌مه بۆچوونی ئیبنول مونزیریشه له حه‌نه‌فیه‌كانیشدا ئه‌مه بۆچوونی ته‌حاویشه. به‌ڵگه‌ی ئه‌مان ئه‌وه‌یه كه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ : (وَمَا أُمِرُوا إِلاَّ لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ) البینه/5 واته : فه‌رمانی ئه‌وه‌یان پێ‌درابوو كه سه‌ڕاستانه دینداریی بۆ خوای گه‌وره بكه‌ن و ته‌نها ئه‌و بپه‌رستن .. ئه‌م پۆله شه‌رعناسه به‌ڕێزه ده‌فه‌رموون : ئایه‌ته‌كه ده‌فه‌رموێ: له‌و ساته‌ی كه خواپه‌رستی ده‌كه‌ن ، وویستیان بۆ خوا پاك كردۆته‌وه‌و خواوویستانه ئه‌و ده‌په‌رستن ! چونكه (مُخْلِصِينَ) حاڵە‌و باسی حاڵه‌تی بكه‌ر ( فاعل ) ە كه‌یه له ساته‌وه‌ختی ئه‌نجامدانی خواپه‌رستیه‌كه‌یدا ، ئه‌و (إخلاص) ە‌ش نییه‌ته‌كه‌یه كه بۆ خوا ساغ بۆته‌وه .. - هه‌ندێك له شه‌رعناسانی شافیعی كه‌وتوونه‌ته راجوێییه‌كی سه‌یره‌وه .. هه‌ندێكیان فه‌رموویانه: ده‌بێت نییه‌ت هێنانه‌كه پێش ووتنی ته‌كبیره‌ی ئیحرام بێت ، هه‌ندێكی تر فه‌رموویانه : نابێت ئیللا ده‌بێت له سه‌ره‌تای هه‌مزه‌ی ته‌كبیره‌كه‌وه بێت تا رائی كۆتایی ، ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا نییه‌تی دڵیشی بهێنێت ، كۆمه‌ڵێكی تریان فه‌رموویانه : هه‌ردوو شێوه‌كه جائیزه .. ئیمامی حه‌ره‌مه‌ینی ( ئیمامی جوه‌ینی شافیعی ) بۆچوونی هه‌موانی ره‌ت كردۆته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ : ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی دیاره كه ئه‌وانه تێیكه‌وتوون ، چونكه نییه‌ت هێنان ئه‌وه‌ڵ و ناوه‌ندو كۆتایی نیه ، ئه‌وه‌ی وای لێكردوون ئاوا راجوێ بن ئه‌وه‌یه كه له پێناسه‌ی حه‌قیقه‌تی نییه‌ته‌كه‌دا پشێو بوون .. نییه‌ت هێنان له چركه‌ساتێكدایه ، هی ئه‌وه نیه ئه‌وه‌نده درێژكرێته‌وه [21] .. ئیمامی نه‌وه‌وی و ئیمامی غه‌زالیش پشتگیریی ئه‌م بۆچوونه‌یان كردووه ..[22] بۆچوونی دووه‌م : ده‌شێت نییه‌تی دڵ پێش ته‌كبیره‌ی ئیحرام بێت : ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئیمامی ئه‌حمه‌ده كه فه‌رموویانه : ده‌شێت كابرا به چركه‌ساتی كه‌م نییه‌ته‌كه‌ی كه ختووره‌ی دڵه پێش ته‌كبیره‌ی ئیحرامی بكه‌وێت[23] . شه‌رعناسانی دوو مه‌زهه‌بی ئه‌م دوو پێشه‌وا به‌ڕێزه‌ش له شه‌رحیاتی ئه‌م بۆچوونه‌دا كه‌وتوونه‌ته‌وه ره‌دوبه‌ده‌ل و راجوێیی زۆر‌و ئه‌مانیش وه‌كو شه‌رعناسانی دوایی مه‌زهه‌بی شافیعی لق وپۆپی زۆریان لێ كردۆته‌وه ، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه نابێت له‌و ساته وه‌خته‌دا به غه‌یری نوێژه‌وه خه‌ریك بێت ، نابێت نیه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه ، نابێت هۆشی بڕوات ، ده‌نا نییه‌ته‌كه‌ی فریای نوێژه‌كه‌ی ناكه‌وێت[24]. به‌ڵگه‌ی ئه‌مان : ١- پێغه‌مبه‌ری خوا صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێ : ( إنَّمَا الاعمالُ بالنِّيَّاتِ وَلِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى)[25] واته: هه‌موو كارێك په‌یوه‌نده به نیه‌ته‌كه‌یه‌وه ، هه‌موو كه‌سێكیش به پێی نییه‌تی خۆی ده‌یبێت .. پێش خستنی نییه‌ته‌كه مانای ئه‌وه نیه كه كاره‌كه بێ نییه‌ت ده‌كرێت ، مانای واش نیه كه كابرا خواوویستی (ئیخلاص)ە كه‌ی بۆ خوا نه‌بووه، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه رۆژووه‌وان و زه‌كاتده‌ر نییه‌تیان پێش ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان خستووه‌و قبووڵیشه ، به‌ڵگه‌ش نیه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خواوویست نین ! ٢- نییه‌ت هێنانی نوێژ وه‌كو نییه‌ت هێنانی رۆژوو ، نییه‌ت هێنانی حه‌ج وایه ، هه‌موویان هه‌ر خواپه‌رستیین ، ئیتر بۆچی ئه‌میان جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌و دوانه‌ی تریاندا هه‌بێت ؟ ! ٣- مه‌رجی هاوساتی نییه‌ت و ته‌كبیره‌ی ئیحرام قورس كردنی خواپه‌رستیه‌كه‌یه ، دینیش بۆ ئه‌وه هاتووه ئاسانكاریی بكات ، وه‌ك خوای گه‌وه‌ر ده‌فه‌رموێ : (وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ) الحج/78 .[26] بۆچوونی سێیه‌م : واجبه نییه‌تی دڵ پێش ته‌كبیره‌ی ئیحرام بخرێت : ئه‌مه‌ش بۆچوونی زاهیریه‌كانه ، كه پێیان وایه نییه‌ت هێنان ده‌بێت حه‌تمه‌ن پێش ته‌كبیره‌ی ئیحرام بخرێت . بەڵام ده‌شفه‌رمون كه نابێت فاسڵ بكه‌وێته نێوان نییه‌ت و ته‌كبیره‌ی ئیحرامه‌وه ، ده‌بێت كه نییه‌ته‌كه‌ی به دڵدا هات یه‌كسه‌ر ته‌كبیره‌كه‌ش بكات ..[27] ئه‌وه‌ی پێم په‌سه‌ندتره بۆچوونی دووه‌مه كه ده‌فه‌رموێ : ده‌شێت نییه‌تی دڵ پێش ته‌كبیره‌ی ئیحرام بێت ، هه‌ر وه‌كو كه ده‌شێت هاوكات بن .. والله اعلم .. * * * سیفه‌تی نییه‌ت له نوێژدا : زۆر له شه‌رعناسانی شافیعی و حه‌نبه‌لی فه‌رموویانه ته‌نها نییه‌تی ئه‌نجامدانی نوێژه‌كه به‌س نیه ، به‌ڵكو ده‌بێ نییه‌تی ئه‌وه‌ش ساغ كاته‌وه كه ئایا چ نوێژێكه ؟ فه‌رزه یان سووننه‌ته ؟ ئه‌گه‌ر فه‌رزه نوێژی كه‌یه ؟ چۆن ده‌یكات ، به ته‌نها یان به جه‌ماعه‌ت یان به پێشنوێژی؟! هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌ش موناقه‌شه‌ی مه‌زهه‌به‌كانی به دوورودرێژی له‌سه‌ره.. بەڵام هه‌ندێك له شه‌رعناسانی دوایینی مه‌زهه‌بی شافیعی نییه‌ت هێنانی نوێژیان كرد به مه‌ته‌ڵی شه‌وله‌بان و تیۆری فیساغۆرس . فه‌رموویان ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی نییه‌تی نوێژ ده‌هێنێت : هۆشی بچێته سه‌ر ئه‌نجامدانی یه‌ك به یه‌كی روكنه‌كانی نوێژ ، ئینجا به‌شه‌كانیان وه‌كو خوێندنی ته‌حیات ، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له نێوانی هه‌مزه‌ی ته‌كبیره‌ی ئیحرام و رائه‌كه‌ی ئه‌خیرییدا !! ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه داماوه‌ی دوایانه‌وه‌ی سووك كه‌ن ووتیان نییه‌ت هێنان وه‌كو ساتی بیركردنه‌وه‌ی ژن هێنانه !! كه بیر له هه‌موو شتێكی ده‌كرێته‌وه ! شه‌رعناسانی مه‌زهه‌به‌كانی تر به تایبه‌تی حه‌نه‌فی ره‌ددیان له‌مه دایه‌وه‌و فه‌رموویان : ئه‌م نموونه‌یه زۆر له واقیعی نییه‌ت هێنان دووره ، چونكه له ژن هێنانه‌كه‌دا رازاندنه‌وه‌ی بوكێی تێدایه كه كۆمه‌ڵێك سیفاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌و ده‌رده‌كه‌وێت ، بەڵام ئه‌ركانه‌كانی نوێژ هه‌موو پێكه‌وه‌ن ، ده‌ستپێكی هه‌ر یه‌كێكیان به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی روكنی رابوردوویه‌تی : ركوع كۆتایی هاتنه به خوێندنی فاتیحه‌و ئایه‌تی تر ، هه‌ستانه‌وه له ركوع كۆتایی پێهنێانی ركوعه .. وه هه‌روه‌ها .. نیه‌تی ئه‌سته‌م !! : له هه‌موو ئه‌و قه‌ولانه‌ش سه‌یرتر قه‌ولی قازی ئه‌بوبه‌كری شه‌رعناسی مالیكیه كه نییه‌ت هێنانه‌كه‌ی وا قورس كردووه كه بێ كاره‌ش پێی ناهێنرێت .. ئه‌م قازیه ده‌فه‌رموێ : ده‌بێت له كاتی نییه‌ت هێناندا كابرا بیر له خه‌لق بوونی ئه‌م گه‌ردوونه‌ش بكاته‌وه ، هۆشی بچێته سه‌ر به‌ڵگه‌ی دروستی دینداران له‌سه‌ری ، هه‌روه‌ها هۆشی بچێته سه‌ر ماهییه‌تی جه‌وهه‌رو ئه‌عراز و به‌ڵگه‌ی زانستی و ئه‌و فه‌رزانه‌ی خوا له‌سه‌ر عه‌بدی داناوه ، له ریزیشیاندا نوێژ‌و ئینجا ئه‌م نوێژه‌ی به ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی !![28] كه توێژه‌ره‌وانی مه‌زهه‌ب كه‌وتنه جه‌نگ و جیدالی به‌رگری له خۆ‌و له مه‌زهه‌بیان ، دیتیان ئه‌مه ئه‌سته‌مه كه‌سێك بتوانێت نییه‌تی وا بهێنێت ، كه له نێوانی هه‌مزه‌و رائی ته‌كبیره‌ی ئیحرامدا هۆشی بخاته سه‌ر كات و ئه‌ركان و جۆر‌و چۆنیه‌تی ئه‌و ته‌فسیلاته داواكراوه ..كه پێیان ده‌ووت : (استحضار القصد و النية و التعين) ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیشیان وا بوو كه ئیمامی شافیعی نییه‌تی ئاوا هێناوه ، ناچار بوون بڵێن : روتبه‌ی ئیمامی شافیعی له خواناسییدا به‌رز بووه بۆیه توانیوێتی وا نییه‌ت بهێنێت !! وه‌كو ئیبنو حه‌جه‌ری هه‌یته‌می ره‌حمه الله وا ده‌فه‌رموێ !! سه‌یر ئه‌وه‌یه كه داواكراوی نییه‌ته‌كه سێزده روكن بوو ، ئیبنو حه‌جه‌ری هه‌یته‌می له جیاتی سووكتر كردنی كردنی به ئیزافه كردنی (استحضار القصد و النية و التعين) كردنی به شازده روكن !! دیاره ئه‌م زیاده بێ مانایانه‌ی خراوه‌ته سه‌ر نییه‌ت هێنان گه‌ڕه‌لاوژێیه‌كی شه‌ڕه مه‌زهه‌بی بێ جێیه چونكه : ١- كه‌س له باسی نییه‌ت هێنانی رۆژوو حه‌جدا شتی وای باس نه‌كردووه ، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م ته‌فسیلاته بخرێته سه‌ر نییه‌ت هێنانی رۆژوو حه‌ج ئاسانتره .. ٢- هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی له‌سه‌ر ئه‌م ته‌فسیلاته نیه ، كه‌ڕه مه‌زهه‌بیه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تیان به خۆیان كردووه كه ئه‌وه نییه‌ت هێنانی ئیمامی شافیعی بووه ، ئیتر بۆ سه‌رخستنی بۆچوونه‌كه‌ی ، ئەو هه‌ورازه‌یان خستۆته به‌ر ئوممه‌تی محمدالموسته‌فا صلی اللە علیە وسلم . ٣- به‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر نییه‌ت هێنانی نوێژ به‌و شێوه‌یه نه‌بووه‌و نیه ، ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه شه‌رعناسانی یاوه‌ران و تابعین ئیعتیمادیان كردۆته سه‌ر هه‌ر فه‌رمووده‌ی : (إنَّمَا الاعمالُ بالنِّيَّاتِ)[29] واته : هه‌موو كارێك په‌یوه‌ستی نیازه‌كه‌یه‌تی . ٤- هیچ كه‌سێك نه‌بووه‌و نیه فێری ئه‌م جۆره نییه‌ت هێنانه ببێت و نه‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و وه‌سوه‌سه ناشه‌رعیه‌ی له دینی خوادا نیه .. ئه‌و وه‌سوه‌سه‌یه‌ی كه هه‌ندێك زانا پێی ده‌ڵێن : خه‌له‌لی ژیریی و نوقسانی دین و نه‌زانینی شه‌رعه !! له‌به‌ر ئه‌مه بوو ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ی شه‌رعم لا خوێند تووشی ئه‌و وه‌سوه‌سه‌یه‌ی كردم كه به سێ ساڵ ره‌نجی به‌رده‌وام له كۆڵم بۆوه ! هۆیه‌كه‌ی ئائه‌مه بوو كه شه‌رعناسانی دوایینی مه‌زهه‌ب خستیانه سه‌ر نییه‌ت هێنان .. كه فه‌رموویانه كابرا كه نییه‌تی نوێژه‌كه‌ی ده‌هێنێت ده‌بێت ، هۆشی بچێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه نوێژی فه‌رزه یان سووننه‌ت و كام نوێژه‌یانه ، كه به جه‌ماعه‌ت یان به ته‌نها ، رووه‌و قیبله بۆ خوای ده‌كات ! مامۆستاكه‌ی منیش ده‌یفه‌رموو ده‌بێت كه هه‌مزه‌ی ته‌كبیره‌كه دێنێت ، واته ده‌ڵێی ( ئه ) ، له ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ری ده‌سپێكی نوێژه‌كه‌وه تا ( راء ) ی ئه‌كبه‌ره‌كه له‌و نێوانه‌دا فریا كه‌ویت بڵێی : (نییه‌تم هه‌یه چوار ركاتی نوێژی نیوه‌ڕۆ به فه‌رز به ئیمامه‌ت رووه‌و قیبله بۆ خوای ته‌عالا ده‌كه‌م ) .. منیش له مزگه‌وتێكدا پێشنوێژ بووم ، وام لێهات كه ته‌كبیره‌ی ئیحرامم بۆ ده‌سپێكی نوێژ ده‌هێنا ریزی خه‌ڵكی له دوامه‌وه بێزار ده‌بوون ، له درێژكردنه‌وه‌ی له‌فزی ئه‌ڵڵاااااااااااااااااااهو ئه‌كبه‌ر سه‌بریان نه‌ده‌ما ! سه‌رباری ئه‌وه‌ش جاری وا هه‌بوو ده جار ده‌مووت : ئه‌ڵڵااااااااا نا سه‌بر كه‌ن نییه‌تم بۆ نه‌هات .. ده‌مووته‌وه : ئه‌ڵڵااااااااااااهو ئه‌كبه‌ر.. نییه‌تیان ده‌هێناو سه‌لامم ده‌دایه‌وه‌و ده‌مووت سه‌لام بده‌نه‌وه نییه‌ته‌كه‌م ته‌واو نه‌بوو .. دیسان ده‌كه‌وتمه‌وه نییه‌ت هێنان .. ____________________________________ [1] ئه‌م پێناسه لای زۆرینه‌ی زانایان و شه‌رعناسان په‌سه‌نده ده‌یانی وه‌كو ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی و مه‌ناوی و سیوتی و كرمانی و سندی و تیبی و شه‌وكانی .. كرمانی ( 1/18 ) و العینی ( 1/23 ) ، یان سیوتی : الاشباه و النظائر ( ل 30 ) نه‌قڵیان كردووه . الغزالي : إحياء علوم الدين ( 4/365 ) . [2] إحياء علوم الدين ( 4/373 ) . [3] [4] القرافي : الذخيرة (1/236) ، السيوطي : الاشباه و النظائر (ل 12) ، عزالدين بن عبدالسلام : قواعد الاحكام (1/307) . [5] بوخاری و موسلیم. [6] ئه‌حمه‌دی كوڕی محمدی كوڕی حسه‌ینی شاشی قه‌ففال سه‌رۆكی شافیعیه‌كانی سه‌رده‌می خۆی له به‌غدا ، به‌رپرسی مه‌دره‌سه‌ی نیزامییه‌ی به‌غدا بوو ، ساڵی 507 ك كۆچی دوایی كرد .. چه‌ندین كتێبی هه‌یه وه‌كو :(حلية العلما‌ء في معرفة مذاهب الفقهاء) ، (المعتمد) ( الشافي في شرح مختصر المزني ) .. (شذدرات الذهب 4/1/ ، معجم المؤلفين 8/253 ). النووي : المجموع ( 6/185 ). [7] النووي : المجموع ( 6/185 ) . [8] به له‌فز ووتنه‌كه‌ی ده‌بێته هه‌واڵدان ، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێ زه‌كات بووه ، ده‌سەڵاتی ئیسلامی زه‌كاته‌كه‌ی لێ ده‌ستێنێت .. بۆیه لێره‌دا نییه‌ت به له‌فزه‌كه روون كردنه‌وه‌یه‌كه حوكمی تری له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت .. والله اعلم . ( ئيمامى شافيعى : الأم 2/19 ) [9] [10] ( ئیبنو نوجه‌یمی حه‌نه‌فی : الاشباه و النظائر ( ل 45 ). [11] (ئیبنوته‌یمییه : مجموع الفتاوی (22/218). [12] قازی جه‌مالوددین ئه‌بوڕڕه‌بیع سوله‌یمانی كوڕی عومه‌ری شافیعی له شه‌رعناسانی شافیعیه ، ئه‌سڵی مه‌غریبییه بەڵام له ساڵی (645ك) له شام له‌دایك بووه‌و له ( 734 ك) له میسر كۆچی دوایی كردووه ، له زۆر ووڵات قازی بووه .. بڕوانه : الزركلی : الاعلام (3/194). [13] هاوڕێیه‌كمان له پاكستان ناوی ده‌رچوو بوو بۆ ئه‌وروپا بێت ، هاته لامان ووتی : له منداڵیمه‌وه مولته‌زیمم به دینه‌كه‌وه بەڵام ده‌مه‌وێت بچمه ئه‌وروپا شتێكم فێر كه‌ن ، خۆشم سی‌و پێنج نییه‌تم نوسیوه‌ته‌وه !! دوایی له ئه‌وروپا كه كه‌مێك له دینه‌كه حاڵی بوو چووه كۆلیجی شه‌ریعه‌ی دیمه‌شق و الحمد لله ته‌واوی كرد .ره‌نگه زانیبێتی نییه‌ت هێنان به‌زمه ! [14] زوبێری كوڕی ئه‌حمه‌دی زوبێری له نه‌وه‌ی سه‌یدنا زوبه‌یری كوڕی عه‌ووامه ، شه‌رعناسی شافیعیانی به‌سره بوو ساڵی ( 317 ك ) كۆچی دوایی كردووه رحمه الله .. [15] ابن هبيرة : الافصاح ( 1/56 ) ، المرداوي : الانصاف ( 1/142 ) ، ابن تيمية : مجموع الفتاوى ( 22/221 ) ، الهداية ( 1/186 ) . [16] ئه‌مه كاریگه‌ریی ئه‌و پابه‌نده ووشكه‌یه به رێڕه‌وی مه‌زهه‌به‌كانه‌وه .. بۆیه ده‌بینیت له پاكستان زانایه‌كی حه‌نه‌فی سه‌حیحی بوخاری بۆ فه‌قێكان شه‌رح ده‌كات ، كه‌چی كه ده‌گاته فه‌رمووده‌كانی ده‌ست به‌رز كردنه‌وه له نوێژدا پێیان ده‌ڵێ : ئێمه ناتوانین ئه‌م فه‌رموودانه وه‌رگرین چونكه پێچه‌وانه‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌مانن !! ئه‌مه‌ی قه‌سته‌لانیش هه‌ر وا بووه .. [17] چه‌ندین فه‌رمووده لای ئیمامی بوخاری و موسلیم له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه ، ئه‌مه‌یان لای ئیمامی موسلیمه ( 498 ) .. بڕوانه مشكاة المصابیح ( 1/246 ) .. المغني (1/419 ) ، الافصاح ( 1/88 ) ، الذخيرة ( 1/243 ) . [18] [19] الأم ( 1/86 ) . [20] مختصر المزني ( 1/70 ) موزەنی قوتابی ئيمامی شافيعی بووەرحمهما اللە .. [21] نهاية الأحكام ( ل 35 ـ 38 ) . [22] المجموع ( 3/244 ) . [23] حاشية ابن عابدين ( 1/306 ) ، الافصاح ( 1/88 ) ، المجموع ( 3/244 ) . [24] حاشية ابن عابدين ( 1/306 ) ، البداية ( 1/185 ) ، بداية الصنائع ( 1/129 ) . [25] بوخارى ( 54 ) موسليم ( 1907 ) . [26] بدائع الصنائع ( 1/129 ) . [27] التوضيح (ل 35 ) ، فتح القدير ( 1/185 ) . [28] القرافی : الذخیره ( 1/510 ) قورافی هه‌ر لێره‌دا ده‌فه‌رموێ : ئیمامی مازه‌ری ده‌فه‌رموێ : جارێك نییه‌تێكم به‌و شێوه‌یه هێنا كه قازی ئه‌بوبه‌كر ده‌فه‌رموێ ، شه‌و له خه‌ونمدا بینیم له ده‌ریایه‌كی تاریكی‌دا نقووم بووم ، كه خه‌به‌رم بۆوه زانیم ئه‌مه ئه‌و گومڕاییه‌یه كه قازی ئه‌بوبه‌كر له باسی نییه‌ت هێناندا فه‌رموویه‌تی .. [29] بوخارى ( 54 ) موسليم ( 1907 ) .