موسلیم بەرزنجی
نەخۆشیەکانی ئوممەت و ڕێگای سەرکەوتن/ بەشی دووەم
نەخۆشی شەشەم: پێویستی موسوڵمانان بۆ پێشەوایەک
پەروەردەی پێشڕەوان و پێشەوایان هەزاران جار گرنگترە لە پەروەردەی ووتارو ڕاپۆرت، سەربازان هەست بە نامۆیی و لەدەستدانی هیزو تواناو خوێن گەرمیان دەکەن لەکاتی نەبوونی پێشڕەوێک، هەزار ووتاری حەماسی هیچ ناکات و سوودی نابێت ئەگەر سەربازان پێشڕەوێکیان نەبێت کە یەکەم خۆ ئامادەکار بێت لەکاتی ناخۆشیەکان، هەزار ووتار لەسەر خۆڕاگری لەکاتی بارودۆخە ناهەموارەکان و ڕازی بوون بە کەم و پشت کردنە دونیاو خۆڕاگرتنی لە کاتی بوونی کێشەی ئابوری سوودی نابێت ئەگەر گەل سەرکردەکەی ببینێت لە کۆشک و تەلارەکان ڕابوێرێت و هەزاران کەسی لەژێر سێبەری خۆیدا حەواندبێتەوە، هەزار ووتار لەسەر خوڕەوشتە بەرزەکان هیچ سوودێک پێشکەش ناکات، ئەگەر ئەوەی پێشڕەوێتی دەکات نویژ نەکات و ڕۆژوو نەگرێت، گرنگی بە پاک وخاوێنی دەرو دەروونی نەدات، چۆن ئوومەتێک لەسەری پێویست دەکرێت پابەندی شەرعەکەی بێت لەکاتێکا زۆر بەکەمی ناوی (خـــــــوا) لە سەرپەرشتیکارەکەی دەبیستێت، چۆن گەنجان ئومێدیان لێ دەکرێت کە دەبینن ئەوانەی خۆیان وەکو پێشڕەو نیشانداوە زۆر لەسەر ڕێگای چاکسازی دوورن؟
ئەو پێشڕەوەی نەبێتە پێشڕەوێکی زیندوو بۆ گەلەکەی لە جیهادو خوڕەوشت و ئارامگرتن و زوهدو دادپەروەری، چاوەڕێ ناکرێت گەلەکەی بیپارێزن لەکاتی ناخۆشی و لە ناڕەحەتیدا لەگەڵی بوەستنەوە.. لە میژوشدا پەندو ئامۆژگاری هەیە.
نەخۆشی حەوتەم: دۆستایەتی دوژمنانی ئوممەت
زۆرێک لە سەرکردەکانی موسوڵمانان لەسەردەمی تەتارەکان کەوتنە ناو زەلکاوەوە بەهۆی دۆستایەتی دوژمنانی ئوممەت، هەموو هەنجەتیشیان ئەوەبوو کە بەو هۆیەوە خۆیان و گەلەکەیان لە شەڕو کوشتار دەپارێزن، بەو هۆیەوە کەوتنە هەڵەیەکی بێزراو لە ڕووی شەرعی و عەقڵیەوە، بەڵکو کەوتنە چەند هەڵەیەکی زۆرەوە، دوورکەوتنەوە لە جیهاد لەکاتی پێویستی هەڵەیە، پەروەردەکردنی ئوممەت لەسەر زەلیلی بۆ دوژمن هەڵەیەکی ترە، دۆستایەتی دوژمن و بە هاوڕێ دانانی و متمانە بە بەڵێنەکانی هەڵەی سێیەمە.. لە کاتێکا زۆر بە ڕاشکاوی پەروەردگار لە کتێبە پیرۆزەکەیدا دەفەرموێت:
{يَا
أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْيَهُودَ وَالنَّصَارَىٰ
أَوْلِيَاءَ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ وَمَن يَتَوَلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ
مِنْهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ}ﭐ المائدة: ٥١
واتا: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە جولەکەو گاوران مەکەنە یاوەرو پشتیوانی خۆتان، ئەوانە هەندێکیان پشتیوانی یەکترن بۆ هەندێکیان، ئەوەی لە ئێوە پشت بەوان ببەستێت ئەوە لەوانە، بەڕاستی خوا هیدایەتی قەومی ستەمکار نادات.
ئەوە هۆشداریەکی ترسناک و هەستیارە لەلایەن خواوە، ئای چەند گەمژەو ئیمان لاواز هەیە گوێ لەو هۆشداریە دەگرێت و ئاوڕی لێ ناداتەوە!
نەخۆشی هەشتەم: داڕمـــــــــــــان
ئوممەتێکی داڕماو و شکست خواردوو ئەستەمە سەربکەوێت، داڕمان و بێ ئومێدو بێ هیوا بوون سیماو خاسیەتی ئیمانداران نییە،
{إِنَّهُ لَا يَيْأَسُ مِن رَّوْحِ اللَّهِ إِلَّا الْقَوْمُ الْكَافِرُونَ} يوسف: ٨٧
واتە: بەڕاستی هیچ کەسێک نائومێد نابێت لە میهرەبانی خوا جگە لە قەومانی بێباوەڕ نەبێت.
دوژمنان و نەیاران کاریان کردووە لەسەر تێکشکاندنی دەروونی تاکی موسوڵمان لەناو ئوممەتی موسوڵماناندا بۆ نزمترین پلە، وە کاریان کردووە لەسەر بەرفراوانکردنی نێوانی نەیاران و ئوممەتدا، وایان خەمڵاندووەو نیشان داوە کە هیچ ڕێگایەک نییە بۆ گەیشتن بەوان مەگەر لەڕێی زەلیل و ملکەچ بوون نەبێت بۆ ئەوان، بەڵام ئێمە مێژوومان بینی.. ناڕەحەتیەکانی تەتارمان بینی کە بە سەرکەوتنێکی شکۆمەند کۆتایی پێهات لەسەر دەستی فەرماندەی موسوڵمانان: (قطز)، لە سەرەکیترینی هۆکارەکانی ئەو سەرکەوتنە بەرزکردنەوەی ڕۆحی مەعنەویەتی هێزەکەی بوو، فێری کردن کە تەتاریش وەکو خۆیان دروستکراوی خوان و دەسەوسان نین بەرامبەریان، وە موسوڵمانان کە پەیوەندیان لەگەڵ خوا هەبێت هیچ کەسێک سەرناکەوێت بەسەریاندا.. نە تەتار نە جولەکە نە ئەمریکاو نە.... نە.....، جەولەی کۆتایی بۆ موسوڵمانانە، سەرخستنی خوا بۆ ئوممەتێک لەسەر ڕێگای خوا بڕوات شتیکی ئەگەری نییە، بەڵکو تەئکیدەو یەقینیەو باوەڕییە،
{كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي إِنَّ اللَّهَ قَوِيٌّ عَزِيزٌ} المجادلة: ٢١
واتا: خوا بڕیاری داوەو نوسیویەتی کە بێگومان هەر خۆم و پێغەمبەرەکان سەرکەوتوو دەبین، چونکە بەڕاستی هەر خوا خۆی بەهێزو باڵادەستە.
بەبێ ئامادەکاری ئەو هێزە مەعنەویەو بڵاوکردنەوەی ڕۆحی هیواو ئومێد لەناو ئوممەت سەرکەوتن بێگومان زۆر دوورە.
نەخۆشی نۆیەم: سپاردنی ئەرک بە کەسی نەشیاو
ئەگەر ئەرک بە کەسی نەشیاو سپێردرا، ئەمانەت خیانەتی تیا کرا، پلەو پۆستە باڵاکان پێویستیان بە کەسانی هاوشێوەی خۆیان هەبوو، ئەوە نە هێز هەیە و نە ئەمانەت، ئائەوەش بەڵای گەورەیە! ئەگەر تەنها واستەچی و خزمایەتی و بەرتیل خۆر گەیشتنە پۆستە باڵاکان و پێشڕەوێتی، ئەوە مەترسیدارە.. بەڵکو زۆر مەترسیدارە، ئەگەر بینیتان خزم خزمەکەی دادەمەزرێنێت، شوێنەکان دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن و بە دیاری دەبەخشرێن، ئەوە بزانە سەرکەوتن زۆر مەحاڵە، ئەگەر دەبینین ئێستا ژێردەستەی گەلانی ترین با سەیرێکی پۆستەکان بکەین بزانین کێ دانیشتووە لێیان، وە چۆن بەو شوێنە گەیشتوون، زۆرینەی دەبینی کە بەشێوەیەک بەو شوێنە گەیشتون کە خوا پێی ڕازی نییە، ڕێگای بەرەو سەرکەوتنیش نییە مەگەر بە سپاردنی ئەرک نەبێت بە کەسی شیاو.
نەخۆشی دەیەم: غیاب بوونی ڕاوێژ ـــــ شوڕاـــــ
ڕاوێژ(شوڕا) بنچینەیەکە لە بنچینەکانی حوکم لە ئیسلامدا، ئەوەی دەستی پێوە ناگرێت وزەی هەزاران کەس لە گەلەکەی لەدەست دەدات، داوای پێگەیشتنیش دەکات!
پێچەوانەی ڕێڕەوی پێغەمبەران دەکات و دەکەوێتە هەڵە دوای هەڵەوە، لەسەرووی هەموو ئەوەشەوە بێ فەرمانی خوای کردووە، کە پەروەردگار بە ڕاشکاوی دەفەرموێت: ﭐ
{وَشَاوِرْهُمْ
فِي الْأَمْرِ} آل عمران: ١٥٩
واتا: لەکار و پێشهاتەکان ڕاوێژیان پێ بکە.
مەبەستمان لەوە ڕاوێژیی حەق و ڕەوایە، نەک ئەو ڕاوێژە خەیاڵیەی کە کاری تەنها کۆکردنەوەی ئەو بۆچوونانەیە کە پشتگیرین بۆ بۆچوونی سەرۆک، نە ئەو ڕاوێژەش کە لەژێر پەردەی بریقەداری دیموکراسی دیکتاتۆریەتی شاردووەتەوە، پەردەیەک هیچ سەنگێکی نییە.
ئەوە نەخۆشی دەیەم بوو لەو نەخۆشیانەی کە موسوڵمانان بەهۆیانەوە تێک شکاون لەهەموو سەردەمەکانەوە تاوەکو ئێستا.
ڕێگای بەرەو سەرکەوتن..
سەرکەوتن ئەوەیە چارەسەری ئەو دە نەخۆشیانە بکەیت کە باسمان کردن، چارەسەرێکی ڕاست و دروست، دەبێ دان بنێین بەو نەخۆشیانە، بەڕاستگۆییەوە هەوڵی چارەسەریان بدەین، وە خستنە گەڕی هەموو تواناکان بۆ جێگیرو تەمکین بوونی ئەو ئوممەتە لەسەر زەوی.
سەرکەوتن بەو دە (١٠) ڕێگایە دەبێت:
١ــــ گەڕانەوە بۆ لای خواو شەرعەکەی.
٢ــــ یەکڕیزی لەنێوان موسوڵمانان لەسەر بنچینەی دینەکە.
٣ــــ ئیمان بە بەهەشت و ڕونەکردنە دونیاو ڕابواردن.
٤ــــ بە گەورە سەیرکردنی جیهادو هاندان بۆی و پەروەردەکردنی گەنجان لەسەر خۆشەویستی مردن لە پێناو خوا.
٥ــــ گرنگیدان بە ئامادەکاری ماددی، لە چەک و زانست و نەخشەو پلان و ئابوری و هونەری و سیاسەت.
٦ــــ بەگەڕخستن و دەرخستنی پێشڕەوان و سووربوون لەسەر ڕمزە ئیسلامیەکان و بەگەورەیی کردنیان لای موسوڵمانان.
٧ــــ دۆستایەتی نەکردنی دوژمنان و تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست لەجیاوازی نێوان نەیار و هاوڕێ.
٨ــــ چاندنی ئومێدو هیوا لە ئوممەتی موسوڵمانداو بەرزکردنەوەی هیممەت.
٩ــــ سپاردنی ئەرک بە کەسانی شیاو.
١٠ــــ شوڕاو ڕاوێژ، کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی باشترین بۆچوونە.
{تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ} البقرة: ١٩٦
نووسینی: ڕاغیب السرجانی
وەرگێڕانی: موسلیم بەرزنجی