هەڵبژاردەی نوسەران
ئیلحاد و قورئانیبوون دوو ڕووی یەك دراون
پڕۆفیسۆر د. خالید محمد ساڵح


بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە گرنگترین خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەو دوو ڕەوتە دەخەینە ڕوو:
1- کار لەسەر پەکخستنی ڕۆڵی ئیسلام و نەهێشتنی کاریگەری لەسەر ئاراستەی تاک و کۆمەڵ دەکەن. لەڕێی دروستکردنی گومان و نەهێشتنی متمانەی تاک بە سەرچاوەی زانیارییەکانی و کاڵکردنەوەی پیرۆزییەکانی و لێدان لە بەها باڵاکانی.
2-  چاویان بە جوانییەکانی ئیسلام و پەیامبەرەکەیدا هەڵنایە و لەهەر شوێنێک باسیان بەباشە بکرێت ئەوان پێی قاڵسن و لەبەرامبەردا هەوڵی لەکەدارکردن و ناشیرینکردنیان دەدەن.
3- سەرچاوەی زانیارییەکانیان یەکە و پشت بەزانیاری و بڵاوکراوەی یەکتر دەبەستن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
4- زۆرێک لە دەمڕاست و بەناو بیریارەکانییان خەڵکانی نەخوێنەوار و ناشین و بەدەگمەن بتوانن دەقێکی عەرەبی سادە بەدروستی بخوێننەوە چجای لێی تێبگەن یان ڕەخنەی لێبگرن. سەرەڕای ئەوەیش ئەوندە بێ شەرم و چاوقایمن ڕەخنە لەدەقەکانی قورئان و سوننەت دەگرن.
5-  هیچ کام لەڕەخنەکانیان نوێ و بێ وەڵام نین و هەمان ڕەخنەی ڕۆژهەڵاتناسەکانی سەدەکانی پێشوو دەجونەوەو گەرم دەکەنەوە و بە کاڵای نوێ و بەرهەمی خۆماڵی بەخەڵکی دەفرۆشنەوە.
6- زۆر کات ناوێرن ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان خەڵکی بدەن و لەژێر پەردەی خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ ئیسلام ژەهرەکانیان دەڕێژن؛ هەر  بۆیە زۆر لەوە دەترسن و بەوە قاڵسن کە زانایان حوکمی (کافر، مورتەد، مونافیق) بوونیان بەسەردا بدەن؛ چونکە ئەو کات خەڵکی نەفریینان لێ دەکەن و گوێ بۆقسەکانیان ناگرن.
7- بەردەوام لەخولگەی بەرژەوەندی خەڵکانی دژە دیندا دەیانبینیت و ئیسلام لەبری ئەوەی بەرنامە ژیانیان بێت و بۆی بژین، لای زۆرێکیان کاڵایەکی بازرگانییە و پێی دەژین و لەبەرامبەر ئەو ڕەخنە و قسە نەشیاوانەیان ئیمتیازات و پۆست و پلە و موچە و مافی پەنابەری وەردەگرن.
8-  بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کەقورئان یان سوننەت دوو سەرچاوەی هەڵبەستروان و جێی متمانە نین؛ کە چی بۆ پشتڕاستکردنەوەی درۆو گومانەکانیان و هەرکات لەبەرژەوەندیان بێت پەنایان بۆ دەبەن و بەڵگەیان پێ دەهێننەوە.


سەرەڕای ئەوانە دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانین کە مەترسی ڕەوتی بەناو قورئانییەکان لەسەر ئیسلام  زۆر زیاترە لە ڕەوتی ئیلحاد ئەمەیش لە دوو ڕوووە:
1- قورئانییەکان  دوایین ڤایرۆسی بەرهەمهێنراوی تاقیگەی ڕۆژهەڵاتناس و داگیرکەرەکانن، کە دەتوانن زۆر بەئاسانی دزە بکەنە ناو جەستەی ئەم ئوممەتە و لەژێر پەردەی خەمخۆریدا خۆیان وەک بەشێک لە خانەکانی بەرگری وێنا بکەن بەڵام لە ناوئاخندا ڤایرۆسێکی کوشندەن و کار لەسەر تێکشکان و لاوازکردن و پەکخستنی دەکەن، ئەمەیش بەدڵنیاییەوە مەترسی لە ڕەوتی ئیلحاد زیاترە کە بائاشکرا دژایەتی دین دەکات و بەئاسانی دەناسرێتەوە و پۆلێن دەکرێت.
2-  ڕەوتی ئیلحاد دژایەتی قورئان و ئیسلام دەکات و ئەمەیش زۆر بەزەحمەت سەردەگرێت و لەدڵی موسوڵماناندا جێ خۆی دەکاتەوە؛ چونکە هەموو خەڵکی دەزانن کە قورئان فەرموودەی خوای گەورەیە و لێوان لێوە لە موعجیزاتی ئاشکرا و ڕوون و خوای گەورە خۆی بەڵێنی پاراستنی داوە؛ بۆیە قورئانییەکان وا فێرکراون کە خۆیان لەقەرەی قورئان نەدەن و هەڵەی مولحیدەکان دووبارە نەکەنەوە بەڵکو سوننەت بکەنە ئامانج و ڕاستەوخۆیش لەسوننەت نەدەن بەڵکو گومان لەسەر ئەو کەسانە دروست بکەن کە گێڕاویانەتەوە یان نووسیویانەتەوە. بەمەیش کارەکەیان زیاتر سەردەگرێت و کاریگەری زیاتر دەبێت و هەموویشمان ئەو ڕاستییە دەزانین کە: (الطعن في الناقل طعن في المنقول).

 

سەرچاوە: https://www.facebook.com/DrKhalid2014Muhammad/photos/a.261526497325246/2117340201743857/?type=3&theater

1153 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/16/2020 6:36:14 AM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.