کتێبخانە

ڕێبازی بانگه‌واز

کتێبی رێبازی بانگەواز

   سه‌ید به‌ره‌حمه‌ت بێت ده‌فەرموێ: (زۆربه‌ی زۆری زاراوه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ جێی خۆیان بۆ مانای تر داخزێنراون و ئێستا بۆ مانای تر به‌كار ده‌هێنرێن! بۆیه‌ ده‌بینیت زۆربه‌ی ئه‌م خه‌ڵكه‌ وا تێگه‌یشتوون كه‌ به‌رزترین پله‌ی ئیسلامه‌تی ئه‌وه‌یه‌ خۆت له‌ كونجی مزگه‌وتێك بئاخنی و حاڵت لێ بێت و خه‌ریكی زیكرو فیكر بیت با دڵیشت مه‌شغوڵ بێت. با  بیروهۆشیشت به‌ شتی تره‌وه‌ خه‌ریك بێت! خه‌ڵكی وا تێ ده‌گه‌ن كه‌ گۆڕینی كۆمه‌ڵ و به‌رهه‌ڵستی كردنی خراپه‌كاری و جیهاد كردن وه‌كو جاران شتێكی سه‌ره‌كی ئیسلامه‌تی نه‌ماون!

    له‌ ڕاستیدا فیكرو بیروهۆش و دیدو بۆچوون زۆر گۆڕاوه، ته‌م و مژێكی زۆر چڕ رێی له‌ بینینمان گرتووه، بۆیه‌ ئاوا واتاو زاراوه‌ ئیسلامیه‌كان - وه‌ك كه‌ پێوویستن - له‌ بیرو ژیرییماندا باش دابین نابن! هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ رێبازو  شێوازی كارو جموجوڵی بزاڤمان گه‌ڕه‌لاوژێیه، بۆیه‌ ده‌بینیت باوه‌ڕمان بێ تین و دامركاوه‌یه‌.. كه‌سمان تین و ته‌وژمێكی وامان نییه‌ ووزه‌و ووره‌مان بخاته‌ گه‌ڕ. سست و مه‌ستین! ده‌ردی هه‌ره‌ سه‌ختیشمان بێده‌نگی و كڕوكپی مه‌لاو داعی و زاناكانمانه‌. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ زانای وامان تێدا هه‌ڵ نه‌كه‌وتووه، وا بێت كه‌ له‌ ڕووی ده‌وڵه‌تی سته‌مكارو كاربه‌ده‌ست و دەسەڵاتداری زاڵمدا قسه‌ی حه‌ق بكات و راستی ئیسلام بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ پاك و داماوو بێ ئاگایه‌ ڕوون بكاته‌وه.

ئه‌م كتێبه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ (سێ بەندی گرنگە و بەرگی یەکەمی رێبازی بانگەوازە) به‌شێكه‌ له‌ كتێبی (طريق الدعوة في ظلال القرآن) كه‌ مامۆستا احمد فائز له‌ کتێبە گرنگه‌كه‌ی سه‌یید قوتب (في ظلال القرآن) وه‌ری گرتووه، كه‌ بریتییه‌ له‌ گوشراوی دیدو بۆچوونی سه‌ییدی ره‌حمه‌تی‌ ده‌رباره‌ی دیارو نادیار، ده‌رباره‌ی گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ، ده‌رباره‌ی مرۆڤ و کۆمەڵگە..  دەربارەی بنیاتنانی ئوممەتی عەقائیدیی و بزاوتی گۆڕانكاریی.. هەروەها دەربارەی چۆنیەتی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەو دەوڵەت بە ئیسلامەکەو حوکمکردنیان بە پێی شەریعەتەکەی خوای گەورە..

 

دیدو تێڕوانین و بەرنامەو رێبازی سەیید رحمە اللە بەم شێوەیە:

یەکەم: موسوڵمانان دەبێ زۆر چاک لە عەقیدەکە تێبگەنەوەو بزانن کە تەوحیید بریتییە لە :

١-  خوا ناسین (الربوبیة).

٢- خواپەرستن (الالوهیة).

٣- حاکمێتی خوای گەورە (کە لە سەروەرێتی شەریعەتەکەیدا دەردەکەوێت کە دەکرێتە هێزی باڵادەستی دەوڵەت).

دووەم: موسوڵمانان دەبێ لەوە چاک حاڵیی ببن کە ناسین و پەرستنەکەی خوای گەورە بۆ ئەداکردنی ئەو فەرزەیە کە بۆی هێنراونەتە سەر زەوی، کە (ئیستیخلاف)ە، واتە بریکارێتی خوای گەورە لە ئیدارەدانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دەرهێنانی خێروبێری زەمین و بەکارهێنانییان بۆ کامەرانی مرۆڤایەتیی و دابەشکردنی رۆزیی بە پێی دادی خوایی بەسەر تاکوکۆی کۆمەڵگەکاندا.

 

سێیەم: زانینی ئەم دیدو بۆچوونەو بە کردەوە کردنیی، دەبێ لە سێ روکنی کۆمەڵکارییدا گەشەو نەشونما بکات و ووزەی تاکوکۆی خۆیان و دەوروبەریان بۆ ناسین و پەرستن و ئیستیخلافەکە بخەنە گەڕ. کە بریتین لە:

 

١- مەنهەجی عەقائیدیی.

٢- کۆمەڵێکی ئوممەتی.

٣- بزاوتێکی شیاو. 

واته‌ له‌سه‌ر دیدی (دینی)ی چۆن موسوڵمانان كۆمه‌ڵه‌كه‌یان (ئوممه‌ت) دروست ده‌كه‌ن، ئینجا چۆن به‌ كۆمه‌ڵكاری و به‌ رێبازی دینه‌كه‌یان له‌ ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژین، خه‌بات (بانگه‌واز) و (جیهاد) لە پێناوی سەروەرێتی شەرعدا ده‌كه‌ن ..

 



بینین:  5192
6/11/2018 12:52:20 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.