کتێبخانە

ئه‌حكامی زه‌كات

پێشه‌كی مامۆستا كرێكار 

   له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ ناسروشتییه‌شدا كه‌ تێیدابووم، به‌یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ له ‌ماوه‌ی مانگێك و چوار رۆژدا باسی زه‌كاتیش تەواوبوو. تەعلیماتی زیندان وابوو كه ‌داوای دووشتم بكردایه‌ (پۆشاك، كتێب.. هتد) ده‌بوو دووشتم لای خۆم لابردایه، گوایە لەبەرئەوه‌ی (بەحساب) ژووری زینداكه‌م بچووكه، ‌لێم بچوكترنه‌بێته‌وه، واشنەبوو‌.. بۆیه‌ ناچارده‌بووم چواركتێب سه‌یركه‌م و بیگۆڕمه‌وه‌ به‌چوار كتێبیتر، كه‌ بەپۆستیش بۆیان ده‌ناردم.. جاری واش هه‌بوو، دوای گه‌یشتنی كتێبه‌كه‌ به‌پۆست، من دوای ‌سێ هه‌فته‌ ده‌ستمده‌كه‌وت. بەڵام خوا پاداشتی ماڵ و منداڵ و هاوكارانیتر بداته‌وه،‌ ئه‌و چاپانه‌یان بۆ په‌یداده‌كردم كه‌ كراون به‌یه‌كبه‌رگ، یان بەدوو، وه‌كو (نیل الاوطار)ی شه‌وكانی كه‌ چاپێكی چواربه‌رگی و چاپێكی حه‌وتبه‌رگی هه‌یه‌، بەڵام چاپێكی یه‌كبه‌رگیش كراوه‌و خێزانم له‌ سوریاوه‌ بۆی هێنام.. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ کە زۆرجار‌ ئاماژه‌ به‌یه‌كبه‌رگییه‌كه‌ ده‌كه‌م.
- هه‌ندێك كتێبیتری دووچاپییم لەبه‌رده‌ستدابوو، وه‌كو چاپی یه‌كه‌م و دووه‌می (مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ)ی ئیمامی ئیبنوته‌یمیه‌، كه ‌لاپه‌ره‌و به‌رگه‌كانیان جیاوازن، یه‌كه‌میان چاپی سعودیه‌یه‌و ٣٧ به‌رگه‌، دووه‌میان چاپی لوبنانه‌و‌ ٢٥به‌رگه‌. بەڵام ئه‌وه‌ی باشه ‌كه‌ له‌ چاپی دووه‌مدا ناوی به‌رگه‌كانی نه‌گۆڕیووه‌، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ردووچاپه‌كه‌دا باسی زه‌كات وا له‌به‌رگی بیست و پێنجه‌مدا، بەڵام چاپی دووه‌م ووردتر نوسراوه‌ بۆیه‌ جیاوازیان نزیكه‌ی ٣٠ لاپه‌ره‌یه‌ بۆ نموونه‌ باسی (عوشر) له‌ چاپی یه‌كه‌می سعودیه‌دا لاپه‌ره‌ (٥٥)ـە‌ و له‌ چاپی دووه‌می لوبناندا لاپه‌ره‌ (٢٨)ـە.‌ هیوادارم خوێنه‌ر له‌مه‌دا سه‌ری لێ تێكنه‌چێت، كه‌ ده‌بینێت لاپه‌ره‌كان كه‌مێك لێك دوورن.
- ده‌توانم بڵێم ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ست ناوەڕۆكی كتێبی (صَحِيحُ فِقْهُ السُّنَةَ) و (مصارف الزكاة‌) و (الزكاة في الاسلام)ی هه‌موو تێدایه‌و ٩٠% ی مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ و ٨٠% ی نیل الأوطار و ٦٠% (المجموع)و پاشان سه‌رچاوه‌ی شه‌رعناسی مه‌زهه‌به‌كانی ئه‌هلی سووننه‌ت (حه‌نه‌فی و مالیكی و شافیعی و حه‌نبه‌لی و زاهیریی) هه‌مووشیان تا رادەیەكی زۆر، بەتوێژینه‌وه‌ی شه‌رعناسانی سه‌رده‌م وه‌كو ئیبن بازو بن عوثێمين رحمهم االله و شێخ یوسف قه‌رەزاوی. فه‌رمووده‌كانیشم به‌حوكمی ناساندنی شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی كردووه‌و هه‌ڵبژادنی رای په‌سه‌ندتر زیاتر له‌ ئیمامی ئیبنوته‌یمیه‌و ئیبنوقودامه‌و نه‌وه‌وی و شه‌وكانی وەرگرتووە، كه‌ پسپۆڕی به‌راووردی مه‌زهه‌به‌كانن و دوورن له‌ ده‌مارگیریی مه‌زهه‌بی والْحَمْدُ لِلَّهِ.
- هه‌روه‌كو له‌ باسه‌كانی نوێژه‌كه‌شدا ئاماژه‌م پێداوه،‌ لێره‌شدا ته‌ئكیدی لێ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ من بۆ خۆم خاوه‌نی بۆچوونێكی سه‌ربه‌خۆی شه‌رعه‌كه‌ نیم، چونكه‌ له‌و ئاسته‌دانیم تا بۆچوونی خۆمم هه‌بێت و خۆبخزێنمه‌ ريزی شاره‌زایانی شه‌رعه‌وه،‌ چجای شه‌رعناسان و ئینجا پێشه‌وایانمان، بەڵام بۆ چاوكردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر _به‌تایبه‌تی فه‌قێ و قوتابیانی دیراساتی دینیی و داعییه‌كان_ بۆچوونی هه‌موان دێنمه‌وه‌ به‌ ئیستیدلاله‌كانیشیانه‌وه‌، تا بزانرێت چۆن و بۆچی بۆچوونێكیانم بەپه‌سه‌ندتر ناساندووه‌. كه‌ توێژه‌ره‌وه‌كانیش له‌ناو خۆیاندا راجوێبوون، بەڕای خۆم به‌هێزه‌كه‌یانم په‌سه‌ندکردووە. چونكه‌ نامه‌وێت خوێنه‌ر له‌و دووسێ رێیانه‌دا جێبهێڵم، بۆ خۆم زیاتر له‌ پازدەساڵ ئه‌و په‌سه‌ندنه‌زانینه‌م له‌ (فقه‌ السنة‌)ـە‌كه‌ی سه‌یید سابقی ره‌حمه‌تییدا كێشاوه‌و پێمناخۆشبوو كه‌ بۆچوونی زۆری شه‌رعناسانی ده‌هێنایه‌وه‌و ته‌رجیحی به‌هیچیان نه‌ده‌داو بۆ خوێنه‌ری جێده‌هێشت.. دیارە ئه‌و رەحمەتی خوای لێبێت مه‌به‌ستی ئه‌وەبوو کە خوێنه‌رو قوتابیانی شه‌رع ئازادانه‌ سه‌رنجی بۆچوونه‌كان بده‌ن و خۆیان په‌سه‌ندترینیان هه‌ڵبژێرن، بەڵام ئه‌و رَحِمَەُ اللە كتێبه‌كه‌ی بۆ شه‌رعزانان نووسی، نه‌ك بۆ ئێمەمانان، كه‌ ئێستا بۆچوونه‌كان و خاوه‌نه‌كانیان ده‌ناسمه‌وه‌.. بۆیه‌ ویستم ئه‌م رێیه‌ به‌وه ‌كورتكه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێم: پێم وایه‌.. په‌سه‌ندتره‌.
- زۆرو كه‌میی خاوه‌ن بۆچوونه‌كان و ئاستی پێشه‌وایەتییان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌سه‌ندتر ناساندنه‌كانم نه‌بووه‌، هه‌رچه‌ند بێگومان پێشه‌وایانی تابعین و پاشان سه‌رمه‌زهه‌به‌كان له ‌پێشترن، بەڵام ده‌شێت بۆچوونێكی ئیمامی نه‌وه‌وی یان شه‌وكانی یان بن عوسمێن په‌سه‌ندتر بێت، با به‌ته‌نهاش بێت، وه‌كو له ‌پاكژییه‌كه‌دا بۆچوونی بن عوثێمينم پێ په‌سه‌ندتربوو ده‌رباره‌ی پاكی خوێن و ئیسپه‌رتۆ، له ‌كاتێكدا له ‌پاكژێتیی خوێندا پێچه‌وانه‌ی چوار مه‌زهه‌به‌كه‌و ئیبنوته‌یمیه‌و طه‌به‌ری و شه‌وكانیش بوو.. چونكه‌ ئیستیدلاكه‌ی به‌هێزتر بوو وَاللَّهُ أَعْلَمُ.. لێره‌شدا وامكردووه‌.. رای ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌ له‌ شیاوێتیی پاره‌دان بۆ سه‌رفتره‌ له‌ جیاتی سامانی سه‌رفتره‌م پێ په‌سه‌ندتربووه،‌ یان بۆچوونی شێخی قه‌ره‌زاوی له ‌زه‌كاتی لۆكه‌دا، چونكه‌ نه ‌شه‌رعناسانی پێشترو نه ‌شه‌رعناسانی سه‌رده‌م وه‌كو ئه‌و گرنگی و نرخ و كاریگه‌ریی به‌رهه‌می لۆكه‌ نازانن، كه‌ ووڵاته‌كه‌ی ئه‌و (میسر) یه‌كه‌مین ووڵاتی جیهانه‌ له‌ بەرهەمهێنانی لۆكه‌دا.. حه‌تمه‌ن شه‌رعناسێكی وه‌كو ئه‌م زیاتر په‌ی به ‌باسه‌كه ‌ده‌بات.
- هه‌ندێك تێبینی له‌سه‌ر لیستی فه‌رمووده‌كان كه‌ له‌ كۆتایی كتێبه‌كه‌دایه‌.
١- فه‌رمووده‌ی واهه‌یه‌ دوو جار یان سێ جار دووباره‌ بۆته‌وه‌ (هه‌ندێك بڕگه‌ی یان هه‌مووی) هه‌مووشیان به‌ گوێره‌ی پیتی سه‌ره‌تایان ريزكراونه‌ته‌وه،‌ ئه‌مه‌ له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ جاری وا هه‌یه‌ فه‌رمووده‌یه‌ك بۆ سێ باسی جیاواز ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌، چونكه‌ خۆی چه‌ند بڕگه‌و واتایه‌كی هه‌یه، ئه‌مه‌ش له ‌نووسینی كتێبی پێشه‌وایاندا باوه‌.. بۆیه‌ ده‌بینیت فه‌رمووده‌وانێكی پێشه‌وای وه‌كو ئیمامی بوخاری جاری وا هه‌یه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی له‌ ده ‌شوێندا هێناوه‌ته‌وه‌ (به ‌پێی بابه‌ت و بڕگه‌و واتاكانی).
٢- له‌ لسیته‌كه‌دا ده‌بینیت فه‌رمووده‌ی زه‌عیفی تێدایه‌و وتراوه‌ كه ‌زه‌عیفه‌، له‌به‌رئه‌وه ‌نییه‌ كه‌ من كردوومه ‌به‌ به‌ڵگه‌، نا، ئه‌وه‌ لایه‌نێكی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كانی شه‌رعناسان كردوێتی به‌ به‌ڵگه‌ی خۆی، بەڵام دواتر زانراوه‌ كه‌ زه‌عیفه‌، منیش وه‌كو بۆچوونی خۆیان هێناومه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌م به‌ زه‌عیفێتی ریوایه‌ته‌كه‌ داوە.، كه‌ بێگومان منیش هه‌ر له نه‌وه‌وی یان ئیبنوحەجەر یان شه‌وكانی ئەحمەد شاکرو‌ ‌شێخی ئه‌لبانییەوە رحمهم اللە هێناومە.
٣- فه‌رموده‌ی وا هه‌یه‌ کە خاوەنی هه‌ر چوار (السنن) هێناویانه‌ته‌وه،‌ یان سیانیان و ئیمام ئه‌حمه‌د، شه‌وكانیش هێناوێتییه‌وه،‌ یان غه‌یری ئه‌و، كه‌س ئاماژه‌ی به‌حه‌سه‌ن و سه‌حیحی نه‌داوه‌، ئه‌رجه‌ح ئه‌وه‌یه ‌كه‌ ئه‌و چوار پێشه‌وایەی فه‌رموده‌وانی، یان توێژه‌ره‌وه‌ی وه‌كو شه‌وكانی ئه‌گه‌ر زه‌عیفبوایە، ئەوان بێباسکردنی بەجێیان نەدەهێشت.. بەمانەشدا چوومەتەوەو حوکمی توێژەرەواکانم دەربارەیان هێناوەتەوە والحمدللە.




بینین:  5047
8/22/2019 2:45:02 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.