پەرتووکی: بە دا ڕوخانی موسوڵمانان جیهان چ زیانێکی لێکەوت؟! نووسینی: ئەبولحەسەنی نەدەوی
وەرگێڕانی: ئارامی گەڵاڵی
بڵاوکراوەی: نوسینگەی تەفسیر
چاپی: دووەم _ ٢٠٠٨
ناساندنی نوسەر و پاشان کتێبەکە بە پێنوسی سێ نوسەر:
سەید ئەبو حەسەنی نەدەوی رحمە اللە زانایەکی خواناسی هیندی و مامۆستایەکی بلیمەت و نوسەرێکی فرەزان و بانگخوازێکی بەئەزموون و ئیسلامپەروەرێکی کۆڵنەدەر بوو، بەدەیان گەشتی زانستی ئەنجامداوە و لەسەدان کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرەدا بەشدار بوەو وتاری خوێندۆتەوە، بەهەزاران پەرتوکی خوێندۆتەوە چەندین گوند و شار و وڵاتی دونیای بینیوە و تێیان ڕاماوە، بەسەدان پەرتوکی بچووک و گەورە و جۆراوجۆری بەهەرسێ زمانی ئوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نوسیوە، عەرەب و عەجەم خوێندوویاننەتەوە، وەرگێڕدراون بۆ چەندین زمانی دونیا، کتێبەکانی دووجار و سێ جار و چوار جار چاپکراون هەتا ئەم کتێبەی بۆ سێنزدەیەمین جاریش چاپکراوەتەوە. ئەو زانا بەڕێزە، پیاوێکی نورانی و ڕۆح سووک بوو، عەرەبی زانێکی زمان پاراوی ڕەوانبێژ بوو. ....................... کتێبی زۆری نوسیوە و داناوە بەڵام نۆبەرە و سەرتۆپی هەر هەموویان ئەم کتێبەی بەردەستتە، لەساڵی 1944 بۆ 1945ئەم پەرتوکەی نوسیوە کە نوسەر تەمەنی سی ساڵانێک بووە.. کتێبێکی ناوازە و شیرینە پیاو کەدەیخونێتەوە ئەوجا دەزانێ سەید ئەبولحەسەن چەند شایەنە بۆ ئەو شان و شکۆ و پێزانینەی کەلە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی دا پێشکەشی کراوەو، لەهەر شوێنێک بووە ڕێزی لێ گیراوە و ویستوویانە نیشتەجێ بێ زیاتر بمێنێتەوە. چەندین نوسەر و بیرمەندیی ئیسلامی پێشەکیان بۆ ئەم کتێبە ناوازەیە نوسیوە و شایەتی نایابی و گرنگی ناوەڕۆکیان داوە.. لەوانە: دکتۆر محمد یوسف هێژا دەڵێ: شاهێدی دەدەم دەڵێم:هیچ پەرتوکێکی ئیسلامی کە لەم ڕۆژگارە دەرچووبێ، پێشوازی وا گەرمی لێ نەکراوە، کاتێک چاپی یەکەمی ئەم کتێبە دەرچوو ڕۆژێکی نەبرد سەرلەبەریم خوێندەوە، زۆر کەوتە بەردڵم، تەنانەت کەلێ بوومەوە لەدواهەمین لاپەڕەیدا نوسیم:{هەر موسڵمانێک لەپێناو هێنانەوەی شکۆی ئیسلامدا تێبکۆشێ،لەسەر واجبە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە}. هێشتاش نوسەرم نەدەناسی ،بەڵام کاتێ بەناسینی بەختەوەربووم و لەگەڵیدا دوام، دوای ئەوە زانیم چۆن و بۆچی وا شەیدای پەرتوکەکەی بوومە، تێگەیشتم بەهێزی پەرتووکەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەنوسەر شارەزایەکی تەواوی بەئیسلام هەیە، لەژیانیدا پەیڕەوی دەکات و بانگەوازی بۆ دەکات. ............. بیرمەندی گەورەش سەید قوتب رحمە اللە سەبارەت بە کتێبەکە دەڵێ: ئەم پەرتوکەی بەردەستم، کە بەڕێز سەید ئەبولحەسەن نوسیویەتی یەکێکە لەچاکترین ئەو پەرتوکە کۆن و تازانەی لەم بارەوە نوسرابن و من خوێندبمەوە، ئەم پەرتووکە وێنەیەک دەکێشێ کەسەرجەم جیهان بگرێتە خۆی و بەجوانی وەسفی دەکات، بێ ئەوەی ستەم بکات یان خۆسەپێنی بنوێنێ، ڕۆڵی ئیسلام نیشان دەدا، باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئیسلام توانیویەتی ڕۆحی مرۆڤایەتی لەئەفسانەو ئەندێشەی پوچ، لەبەندایەتی و کۆیلایەتی، لە خراپەکاری و بۆگەنبوون، لە چروکی و شپرزەبوون، ڕزگار بکات، چۆن توانیویەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ستەم و دەستدرێژی، لەداڕمان و لێک ترازان، لەجیاوازی چینایەتی، لەزۆرداری دەسەڵاتداران، لەڕیسواکاری کاهینان ڕزگار بکات، پاشان باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات، کە موسڵمانان ڕوو لەنشێوی دەکەن و دادەڕوخێن و واز لەسەرکردایەتی و سەرپەرشتایەتی و مەسولیەتە فراوانەکەیان دێنن و جڵەو لەدەست ئیسلام بەردەبێ.. ........... استاد عبدالرحمن حبنکە المیدانیش دەڵێ:ئەم پەرتووکە هەر لەگەڵ دەرچوونی یەکەم چاپیدا، بیرمەندان و زانایان دەستیان دایە خوێندنەوەی، پەرتوکەکە مێژووی ڕەوشی گەلانی بەر لە ئیسلام بەسەردەکاتەوە، کەچۆن لەڕووی هزر و زانست داڕوخاون و لە ژیاردا تێکۆشاون، چۆن لەناو بتپەرستیەکی پڕوپوچ و نەفامیەکی دزێو، ستەم و زۆرداریەکی لەدادەبەدەر دەژیان، چۆن ملهوڕ و خاوەن هێز و دەسەڵاتداران ڕەشوڕووتیان دەچەوساندەوە.. دووپات دەکاتەوە کە جیهان زیانێکی گەورەی بەهۆی داڕووخانی موسڵمانان بەرکەوتووە، ڕەنگە مڕۆڤایەتیش توشی مەترسیەکی گەورەی خاپوربوون ببێت. ووتەکانی منیش لەسەر ئەم کتێبە.. وەک یەکێکە چرایەکی کزۆڵەی بەدەستەوە بێ و خەڵکێکی چاوساغ بەرە و گڵۆپێکی گەورەی کارەبایی ڕێنوێن بکات، کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی بەدەورەی خۆیدا ڕووناک کردبێتەوە.. ....................
تێبینی:
ئەم پەرتووکە (بە داڕوخانی موسوڵمانان جیهان چ زیانێکی لێکەوت؟!) بەشێکی لە پۆلی دووەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی دەخوێندرێت بە ناوی: (جاهیلیەتی یەکەم و ڕادانی)
بەشی دووەمیشی لە پۆلی سێیەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی دەخوێندرێت بە ناوی: (جاهیلیەتی سەردەم و ڕادانی)
* بەشی دووەمی کە لە پۆلی سێی ئامەد دەخوێندرێت لە لاپەڕە (٢٣١)ەوە دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی، واتا لە (کۆبەندی چوارەم _ سەردەمی ئەوروپایی) تاوەکو کۆتایی پەرتووکەکە.