کتێبخانە

تەفسیری سورەتی الحشر

       سەیید قوتب رحمەالله دەربارەی بابەتەكانی ئەم سوورەتە وەكو پێشەكیەك بۆ سوورەتەكە دەفەرموێ:

   ئەم سوورەتە دەربارەی بەسەرهاتی بەنوننەزیر هاتۆتە خوارەوە كە تیـرەیەك بوون لە جوولەكەكانی مەدینە.. بەسەرهاتەكە كە لـێرەدا باسی چۆنیەتی و روودانی هاتووە كە لە ساڵی چوارەمی كۆچییدا بوو، چەندەها پەندو ئامۆژگاریی و خاڵی  سەرەتایی عەقائیدیی و رێسای بزاڤ نیشان موسوڵمانان دەدات كە ئوممەتە عەقائیدیەكەی نەوەی یەكەمیان پێوەی پابەند بوون و لە ژیانی كردەوەیی خۆیاندا سەلماندیان و چەسپاندیان.. قورئان بەسەرهاتەكە هەر بە شێوەو شێوازی قورئانیانەی خۆی دەگـێرێتەوە. هەر وەكو شێوازی شیكارو ئاڕاستەی قورئان خۆی، بەدواداچوون بۆ روداوەكە دەكات و كۆمەڵێك رێسای پەروەردكاریی دەخاتە بەردەست موسوڵمانان. ئەوەش شێوازی ئاڕاستەوانی قورئانە كە بەڕوداوو ئاڕاستەو بەدواداچوون و شیكارو خاڵی تۆخكردنەوە،پەروەردە دەكات.

   پێش ئەوەی دەقە قورئانیەكان شی بكەینەوە، بەشێك لەو ریوایەتانە دەخەینە بەرچاو كە دەربارەی هاتنەخوارەوەی سوورەتەكە گـێڕراونەتەوە.. تا لە لایەكەوە دیمەنی واقیعەكەمان بێتە بەرچاو، لە لایەكی ترەوە شێوازی قورئانمان زیاتر بۆ روون بێتەوە كە چۆن باسی روداوێك دەكات.. كە دوای مولابەساتی روداوەكەو هێزە تێكچڕژاوەكانی، دەقە قورئانیەكان دێن و دیمەنەكە دەكەنە دەرسێكی هەمیشە لەبەرچاوو سەرچاوەیەكی ئاڕاستەی دیدو رێ و بزاوت و هەڵوێستی تاكو كۆی نەوەی موسوڵمانان و ئوممەت و بزاوتیان. چونكە عادەتەن قورئان مەودایەكی كات و شوێن و هـێزە كاریگەرەكان لە بواری دوورتردا نیشان دەدات و روداوەكان بە قەدەری خوای گەورەوە دەبەستێتەوە، تا روداوەكان نەبنە تەنها گـێڕانەوەی چیرۆكێكی كات و شوێن.



بینین:  6036
6/12/2018 7:17:53 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.