بسم الله الرحمن الرحیم
الْحمـد لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِینَ وَ الصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِه الاَمِیْنِ، محمـد وَ عَلَی آلِهِ وَ صَحبِه أَجْمَعِين.
کتێبی (رقابة الأمة علی الحکام) کە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بەنرخی عەلی موحەممەد حەسەنەینەو ساڵی 1979 بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی ئەزهەری میسر لەسەر وەرگرتووە. دوای (فصل تمهیدي)یەکەی سێ (باب)ەو هەر بابێکی دوو (فصل)ە. کتێبەکە هەمووی لەسەر چاودێری ئوممەتە بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسیی وڵات لە روانگەی ئیسلامەوە، پاشان بەراووردکراوە بە تیۆرییە رۆژئاواییەکان لە هەمان بواردا.. ساڵی 2014 ماڵومنداڵی خۆم بۆیان هێنام بۆ زیندان، بینیم کتێبێکی زۆر نایابەو شایانی ئەوەیە _بۆ زێدە هۆشیاریی سیاسیی_ بە کوردی بیخەینە بەردەستی نەوەی نوێمان لە رابوونی کوردستان. بۆیە کەوتمە بەکوردیی کردنی.
دوای زیندان لە ساڵی 2018دا لە کاتی پێداچوونەوەی وەرگێڕانەکەیدا بینیم بەشی دووەمی بەندی یەکەم، واتە (الفصل الثاني) لە (الباب الأول) باسێکی تێروتەسەل و کامڵی ئیستیخلاف (بریکاریی خوای گەورە لەسەر زەمین) دەکات لە روانگەی تەوحیدەوە. بۆیە لەگەڵ برایانی ئیدارەی زانکۆی دیراساتی ئیسلامی (زادی)دا بڕیارماندا بیکەینە یەکێک لە کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی پۆلی دووەمی ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی تا بە شێوەیەکی مەنهەجیی بخوێندرێت و قوتابیانی لەسەر پەروەردە بکرێت..
پێداچوونەوەیەکی ووردم بۆ کردو توێژینەوەم لەسەر سەنەدی فەرموودەکانی کردو لە چەند شوێنێکدا، لە پەڕاوێزدا هەندێک روونکردنەوەم _کە پێویست بووبێت_ بۆ کردووە.. هیوادارم خوێندکاران بە تایبەتی و خوێنەران بە گشتی سوودی لێ بکەن و ببێتە مایەی بیرخستنەوەی ئەهلی ئیمان لەم ئەرکە سەرەکییە، تا بە یارمەتی خوای گەورە بانگەوازی خواوویستیی شایستەتر هەڵگرن و بەلاغی دینەکە جوانتر بگەێنن.
خوای گەورە بە لوتفی خۆی ئەم رەنجە کەمەش لە من و هاوکارانم قبووڵکات.. اللهم آمین.
وصلی الله علی سیدنا محمـد وعلی آله وصحبە وسلم تسلیما
کرێکار/ ئۆسلۆ