هه‌ر كه‌سێك ئاوی ده‌ست نه‌كه‌وت و ته‌یه‌ممومی كرد‌و نوێژه‌كه‌ی پێكرد، پاشان ئاوی ده‌سكه‌وت كه هێشتا كاتی نوێژه‌كه ماوه، ئایا نوێژه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه؟!
نه‌خێر، ئه‌مه‌ش رای ئیمامی مالیك و سه‌وری و ئه‌وزاعی و موزه‌نی و ته‌حاوی و قه‌ولێكی ئیمامی ئه‌حمه‌دو بۆچوونی ئیبنوحه‌زمه[1].. به‌ڵام ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموون[2] : مادام ده‌توانێت ئاوه‌كه به‌كار بهێنێت، ده‌بێت نوێژه‌كه‌ی بكاته‌وه ..
ئیبنو حه‌زم ره‌دیان لێ ده‌داته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ : بۆچوونی ئه‌بوحه‌نیفه‌و شافیعی دیاره كه چه‌وته!! یان ده‌بێت ئه‌و نوێژه‌ی ئه‌م دوانه فه‌رمانیان به كابرا كردووه بیكاته‌وه، ئه‌و نوێژه بێت كه خوای گه‌وره فه‌رزی كردووه، یان نوێژێكی تره‌و خوا فه‌رزی نه‌كردووه! ئه‌گه‌ر نوێژه‌كه‌ی خوایه، ئه‌وه كابرا له كاتی خۆیدا ئه‌دای كردووه، ئیتر بۆچی دووباره‌ی بكاته‌وه؟! ئه‌گه‌ر نوێژێكی تریشه‌و خوای گه‌وره فه‌رزی نه‌كردووه، ئه‌وه دیاره ده‌یانه‌وێت پابه‌ندی كه‌ن به شتێكه‌وه كه پێوه‌ی پابه‌ند نابێت .. ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه ..
به‌ڵگه‌یه‌كی تریش ئه‌و فه‌رمووده‌یه كه ئه‌بو سه‌عیدی خودری خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه: (خَرَجَ رَجُلانِ فِي سَفَرٍ، فَحَضَرَتْ الصَّلاةُ وَلَيسَ مَعَهُمَا مَاءٌ، فَتَيَمَّمَا صَعِيدَاً طَيِّبَاً فَصَلَّيَا، ثُمَّ وَجَدَا الماءَ فِي الوَقْتِ، فَأعَادَ أحَدُهُمَا الصَّلاةَ وَالوُضوءَ، وَلَمْ يُعِد الآخِرُ، ثُمَّ أتَيَا رَسولَ اللهِ صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ فَذَكَرَا ذلِكَ لَهُ، فَقَالَ لِلِّذِي لَمْ يُعِدْ: أَصَبْتَ السُّنَّةَ، وَأجْزَأتْكَ صَلَاتُكَ، وَقَالَ لِلَّذِي تَوَضَّأَ وَأَعَادَ: لَكَ الأجْرُ مَرَّتَينِ )[3] واته : دوو كه‌س پێكه‌وه سه‌فه‌ریان كرد، كاتی نوێژیان هات و ئاویان پێنه‌بوو، بۆیه ته‌یه‌ممومیان كرد‌و نوێژه‌كانیان كرد، پاش ماوه‌یه‌ك ئاویان ده‌سكه‌وت، یه‌كێكیان نوێژه‌كه‌ی كرده‌وه‌و ده‌سنوێژه‌كه‌ی گرته‌وه ئه‌وی تریان نه‌یكردنه‌وه، كه هاتنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ، و حاڵه‌ته‌كه‌یان عه‌رز كرد (بۆیان گێڕایه‌وه)، به‌وه‌یانی فه‌رموو كه نوێژه‌كه‌ی نه‌كرده‌وه: به پێی سوونه‌ت ره‌فتارت كردووه، نوێژه‌كه‌ت ئه‌دا كردووه، به‌وی تریشیانی فه‌رموو كه ده‌سنوێژو نوێژه‌كه‌ی كرده‌وه: تۆ دوو پاداشتت هه‌یه..
ئه‌وه‌ی له‌مه‌شدا بۆم ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه كه: هه‌ر كه‌س ته‌یه‌ممومی كرد‌و نوێژی پێكرد، پاشان ئاوی ده‌سكه‌وت و ده‌یتوانی به‌كاری بهێنێت، ئه‌و نوێژانه‌ی ناكاته‌وه كه به ته‌یه‌ممومه‌كه كردوونی .. والله اعلم. نووسینی : مامۆستا کرێکار .....................................
[1] المحلى ( ٢/١٣٩ ) ، المجموع ( ٢/٣٥٣ ) .
[2] المجموع ( ٢/٣٥٣ ) .
[3] ئەبو داوود ( ٣٣٤ ) ، نەسائی ( ١/٢١٣ ) شێخی ئەلبانيش لە صحيح أبي داود ( ٣٣٨ ) دا بە سەحيحی داناوە.