تەیەمموم

ئه‌وی ته‌یه‌مموم ده‌كات به‌ نیه‌تی لابردنی حوكمی له‌شگرانی، ئایا به‌ ده‌ستنوێژ گرتن بۆی حسێبه‌؟!

له‌سه‌ر قه‌ولی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئیمامی شافیعی به‌ڵێ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆیه‌ :

١- پاك بوونه‌وه‌ له‌ هه‌ردووكیان یه‌كه‌، به‌ ئه‌نجامدانی یه‌كێكیان ئه‌وی تریش نامێنێت، وه‌كو خۆ پاكردنه‌وه‌ له‌ میزو پیسایی ..

٢- ته‌یه‌مموم له‌ جیاتی به‌كارهێنانی ئاوه‌، كه‌وابوو حوكمی ئاویشی وه‌رگرتووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كو غوسڵ ده‌ركردنه‌كه‌یه‌ كه‌ ده‌سنوێژگرتنیشی پێ داده‌مه‌زرێت .. 

   ئه‌مما كه‌سێك بڵێ : ته‌یه‌مموم ده‌كه‌م به‌ نیه‌تی لابردنی حوكمی بێ ده‌سنوێژی له‌ خۆم، بەڵام ده‌شمه‌وێت حوكمی له‌شگرانیشمی پێ دابمه‌زرێت، ئه‌وه‌ جێ سه‌رنجه‌و ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئه‌و شه‌رعناسانه‌ی ته‌یه‌ممومه‌كه‌یان له‌ جێی ئاو داناوه‌، ده‌فه‌رموون : ئه‌وه‌ نابێت، چونكه‌ ئه‌و ته‌یه‌ممومه‌كه‌ی وه‌كو ئاوی ده‌سنوێژ به‌كار هێناوه‌و بۆی نابێته‌ ئاوی غوسڵ ده‌ركردن .. شه‌رعناسانی تر فه‌رموویانه‌: به‌ڵێ بۆی ده‌بێته‌ حوكمی لابردنی هه‌ردووكیان ( بێ ده‌سنوێژیی و غوسڵ )، چونكه‌ هه‌ردووكیان به‌ ته‌یه‌ممومێك لاده‌چن ..

  ئیمامی مالیك و ئه‌بوسه‌ورو حه‌نبه‌لیه‌كان و ئیبنو حه‌زم فه‌رموویانه‌[1]  هه‌ردووكیان به‌ یه‌ك نییه‌ت نابێت چونكه‌ دوو خواپه‌رستین و هه‌ر یه‌كه‌یان نییه‌تی خۆی ده‌وێت، چونكه‌ ده‌قه‌ گشتیه‌كه‌ ده‌فه‌رموێ : (إنَّمَا الاعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ وإنَّمَا لِكُلِّ امْرِئٍ مَا نَوَى)[2]  واته‌ : هه‌موو كرده‌وه‌یه‌ك به‌ پێی نیه‌ته‌، نیه‌تی هه‌ر كه‌س چۆن بوو، هه‌ر ئاوای به‌رده‌كه‌وێت .    

 

نووسینی : مامۆستا کرێکار

 

*   *   *



[1] المغني (١/١٥٩) ، المحلى ( ٢/١٣٨).

[2] بوخارى (١) ، موسليم ( ١٩٠٧ ) .

1404 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/10/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.