تەیەمموم

ته‌یه‌مموم له‌ جیاتی ده‌ستنوێژه‌

 

هه‌رچی جائیز بێت به‌ ده‌سنوێژه‌وه‌ بكرێت  به‌ ته‌یه‌ممومیشه‌وه‌ جائيزه‌ بكرێت، وه‌كو نوێژو ته‌وافی كه‌عبه‌و قورئان خوێندن و ده‌ستدان له‌ قورئان و خواپه‌رستی تر .. ئه‌و حوكمه‌ ده‌مێنێت تا ته‌یه‌ممومه‌كه‌ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ .. هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌ ته‌یەمموم نوێژی فه‌رزو سوننه‌ته‌كان بكرێن ئه‌گه‌ر ته‌یه‌ممومه‌كه‌ بۆ سوننه‌ت كرابوو، ده‌شێت نوێژی فه‌رزیشی پێ بكرێت، هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ .. ئه‌مه‌ش بۆچوونی زۆرینه‌ی ئه‌هلی عیلمه‌ جگه‌ له‌ ئیمامی مالیك و هه‌ندێك له‌ شافیعیه‌كان ..[1]

ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه‌ ده‌فه‌رموێ : ئه‌م بۆچوونه‌ راستتره‌، به‌ڵگه‌ی زۆرتری قورئان و سوننه‌ت لایه‌نگرێتی .. له‌ لایه‌كه‌وه‌ قورئانی پیرۆز ته‌یه‌ممومی به‌ پاكه‌ره‌وه ‌داناوه‌ وه‌كو كه‌ ئاوی به‌ پاك كەره‌وه‌ داناوه‌، وه‌ك ده‌فه‌رموێ : (فَتَيَمَّمُواْ صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُواْ بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُم مِّنْهُ مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْكُم مِّنْ حَرَجٍ وَلَكِن يُرِيدُ لِيُطَهِّرَكُمْ وَلِيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكُمْ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ) المائدة/٦‌ واته‌ : به‌ شتی پاكی سه‌ر رووی زه‌وی (گڵ یان لم یان قسڵ و به‌رد یان زیخ و چه‌و یان شتی تر ) ته‌یه‌مموم بكه‌ن، مه‌سحی ده‌موچاوو ده‌ستانی پێ بكه‌ن، خوای گه‌وره‌ نایه‌وێت هیچ سه‌ختیی و گرێ و گۆڵییه‌كتان له‌ دینداریدا بهێنێته‌ رێ، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت پاكتان كاته‌وه‌و نیعمه‌ته‌كانی خۆی به‌سه‌رتاندا ته‌واو كات، تا ئێوه‌ش سوپاسگوزاریی بكه‌ن .. هه‌ر كه‌سێك بڵێ گڵ ته‌یه‌ممومی پێ ناكرێت ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی قورئان و سووننه‌تی ووتووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێ : به‌ڵێ ته‌یه‌ممومی پێ ده‌كرێت ئه‌وه‌ بێ ده‌سنوێژی نامێنێت، بەڵام به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیی كاری پێ ده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ی ئاو ده‌ست ده‌كه‌وێت و له‌ توانادا ده‌بێت به‌كاری بهێنێت .. 

پێم وایە هه‌ر كه‌سێك ته‌یه‌ممومی كردو نیه‌تی لابردنی بێ ده‌سنوێژی خۆی بوو، ئه‌وه‌ حوكمی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سنوێژی هه‌یه‌و ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و خواپه‌رستیانه‌ بكات كه‌ به‌ ده‌سنوێژ ده‌یانكات ..

نووسینی: مامۆستا کرێکار

*   *   *



[1] المغني ( ١/١٥٨ ) ، المجموع ( ٢/٢٥٥ ) ، المبسوط ( ١/١١٧ ) ، مجموع الفتاوى ( ١٢/٤٣٦ )

1598 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/10/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.