ناوه جوانه‌كانی خوای گه‌وره
(اسماء الله الحسنی)
خوای گه‌وره گەلێك ناوی جوان و پیرۆزی هه‌یه، ئه‌و ناوانه وه‌كو ناوی به‌نده‌كان نین، چونكه ناونانی به‌نده‌و دروست كراوانی خوا بۆ دوو مه‌به‌سته:
١- ناسرانه‌وه‌ی له نێوان هاوڕه‌گه‌زه‌كانی دا .
٢- جیاكرانهوهی له غه‌یری خۆی.
بەڵام خوای گه‌وره بۆ ئه‌وه خۆی ناو نه‌ناوه بناسرێته‌وه‌و نه‌گۆڕێت چونكه هیچ هاوتایه‌كی نییه، نازناویشی له خۆی نه‌ناوه بۆ ئه‌وه‌ی له غه‌یری خۆی جیا بكرێته‌وه چونكه هیچ كام له دروست كراوان له خوای گه‌وره ناچن، خوای گه‌وره هاوشێوه‌ی نییه، به‌ڵكو هه‌ر ناوێك له ناوه‌كانی كه له چاوگهیهكهوه وه‌رگیراوه واتای سیفه‌تێك، یان چه‌ند سیفه‌تێكی خوای گه‌وره ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نمونه ناوی (العلیم) واته: زانا له چاووگی (علم)ـە وه وه‌رگیراوه، واته: (زانین)، یاخود (القدیر) واته: توانا له چاووگی (قدره)ـەوه وه‌رگیراوه واته: (توانین)، كه‌واته: هه‌ر ناوێك به‌دیهاتنی (تحقیق) ی سیفه‌ته‌كه‌یه‌تی، ئنجا ناوێكی گشتی كه واتای هه‌موو ناوه‌كانی تر بگه‌یه‌نێت ناوی پیرۆزی (الله) یه، هه‌ندێك له زانایان فه‌رموویانه له بنه‌ڕه‌تدا (الإله) بووه‌و (همزه) ی ناوه‌ڕاستی لابراوه‌و دوو (لام)ـە كه‌ی لێكدراون و بوون به (لام) ێكی گه‌وره، خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ناوه جوانه‌كانی ده‌فه‌رموێت: (وَلِلَّهِ الأَسْمَاء الْحُسْنَى فَادْعُوهُ بِهَا) الأعراف/١٨٠ واته: خوا خاوه‌نی ناوه جوانهكانه، به‌و ناوانه لێی بپاڕێنه‌وه. هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر صَلَی اللَهُ عَلَيْهِ وَسَلَمَ ده‌فه‌رموێت: (إنَّ للهِ تِسْعَةً وَتِسْعِينَ اسْمَاً،مِائةٌ الا وَاحِدَاً،مَنْ أحْصَاهَا دَخَلَ الجَنَّةَ،إنَّهُ وِتْرٌ يُحِبُّ الْوِتْرَ) البخاری و مسلم[1] واته: خوا نه‌وه‌دونۆ ناوی هه‌یه، له سه‌د یه‌كێكی كه‌مه، هه‌ركه‌س بیانژمێرێت ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه، خۆی تاكه‌و تاكیشی خۆش ده‌وێت.
مه‌به‌ست له ژماردنی ناوه‌جوانه‌كان كه باوەڕداری پێ ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه چه‌ند خاڵێكه:
یه‌كه‌م: له‌به‌ركردنیان: بەڵام پێویسته پێش ئه‌وه‌ی له‌به‌ریان بكات ساغیان بكاته‌وه‌و بزانێت ئه‌و ناوانه كامانه‌ن كه له قورئان و سوننه‌تدا هاتوون .
دووه‌م: تێگه‌یشتن له واتاكه‌یان: واته چه‌مك و واتاكانیان بزانێت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان تێ بگات، وه ڕاستترین ڕاڤه‌و لێكدانه‌وه‌ش بۆ زاتی ناوه جوانه‌كانی خوای گه‌وره له سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر صَلَی اللَهُ عَلَيْهِ وَسَلَمَ و تێگه‌یشتنی هاوەڵان و سه‌رچاوه‌ی باوەڕ پێكراوی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت .
سێ یه‌م: پاڕانه‌وه له خوای گه‌وره پێیان: پاڕانه‌وه به ناوه جوانه‌كانی خوا به دوو مه‌به‌ست ده‌كرێت:
أ- پاڕانه‌وه‌ی ستایش (ثناء): وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَی اللَهُ عَلَيْهِ وَسَلَمَ ده‌فه‌رموێت: (اللهُمَّ أنْتَ الأوَّلُ فَلَيسَ قَبْلَكَ شَيءٌ، وَأنْتَ الاخِرُ فَلَيسَ بَعْدَكَ شَيءٌ) صحيح الكلم الطیب: حدیث/٣٤ [2] واته: خوایه گیان تۆ یه‌كه‌میت و هیچ شتێك له پێشته‌وه نه‌بووه، وه تۆ دواهه‌میت و هیچ شتێك له دواته‌وه نییه .
ب- پاڕانه‌وه‌ی داخوازی (طلب): وه‌ك پێغه‌مبه‌ر صَلَی اللَهُ عَلَيْهِ وَسَلَمَ ده‌فه‌رموێت: (ياحَيُّ، يا قَيُّومُ،بِرَحْمَتِكَ أسْتَغِيثُ) اخرجه الترمذي وهو حسن[3] واته: ئه‌ی خوای زیندووی ڕاگیركار به‌به‌زه‌یی و به‌خشنده‌ییت داوای فریاد ڕه‌سی ده‌كه‌م ..
چواره‌م: به ئاگا بوون لێیان: به‌و واتایه‌ی:
أ- كاتێك باوەڕدار به زمان ده‌یانڵێت بیریان لێ بكاته‌وه‌و لێیان وورد ببێته‌وه‌و بچێته قووڵایی واتای هه‌ر ناوێكه‌وه كه له‌سه‌ر زمانیه‌تی .
ب- چاودێری چاكی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بكات و پارێزگاری سنوره‌كانیان بكات له كاتی مامه‌ڵه كردنی له‌گه‌ڵ خوای گه‌وره‌دا.
بۆ نموونه: كاتێك باوەڕدار ده‌ڵێت: خوا ڕۆزی ده‌ره نابێت كه‌س به رۆزیده‌ر بزانێت و چاوه‌ڕێی بژێوی له هیچ كه‌سێكی تره‌وه بكات بێجگه له خوای گه‌وره‌و نابێت تهنگاوو بێ تاقه‌ت ببێ و به‌و به‌شه‌ی خوا پێی ده‌دات هه‌رچه‌نده زۆر كه‌میش بێت و له هیچ دروستكراوو به‌نده‌یه‌ك نه‌ترسێت كه رۆزی لێ ببڕێت. هه‌ركه‌س بیه‌وێت به چاكی له ناوه جوانه‌كانی خوای گه‌وره تێبگات و شاره‌زا ببێت پێویسته سه‌رنج له نیشانه‌و به‌ڵگه‌كانی دەسەڵاتی خوا بدات له بونه‌وه‌رو ژیاندا، وه‌ك پێشه‌وا فه‌خر الرازی ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ده‌فه‌رموێت: ڕێگه‌ی ناسینی خوای گه‌وره بریتییه له شاره‌زا بوون له كار‌و فرمانه‌كانی، ئنجا هه‌ركه‌س زیاتر له نهێنی حیكمه‌ته‌كانی خوا ڕامێنێت له دروستكراوه‌كانیدا، زۆرتر شاره‌زایی و زانیاری ده‌رباره‌ی ناوه‌كانی خوا په‌یدا ده‌كات .
ئاماده‌كردنی: كــاوان كــوردی
پێداچوونەوە و توێژینەوەی فەرمودەکان: مامۆستا کرێکار
[1] بوخارى ژمارە (٢٧٣٦)، موسليم ژمارە (٢٦٧٧).. ئەم فەرموودەیە سێزدە یاوەر لە ئەبو هورەیرەيان گێڕاوەتەوە خوا لێیان رازي بێت لەوانە سەیدنا عەلی و سەیدنا سەلمان و ئيبنو عومەرو ئيبنو عەبباس خوا لێیان رازي بێت، فەرموودەیەكي ئاحادە نەك متەواتر وەکو ئينو عەتييەی ئەندەلووسی لە تەفسیرەكەيدا (المحرر الوجيز) دا فەرموویەتی، چونکە قسە لەسەر شەش حەوتێك لە سەنەدەکان هەیە كە زەعيف بن ..
[2] ئەمە لە کتێبی المستدرك على الصحيحين/ الحاكمدايە، (٢/٢٤٢ ژمارە ٨١٣) بەڵام لە سەحيحەيندا هاتووە: ( اللَّهُمَّ رَبَّ السَّمَاوَاتِ السَّبْعِ، وَرَبَّ الْعَرْشِ الْعَظِيمِ، رَبَّنَا وَرَبَّ كُلِّ شَيْءٍ، فَالِقَ الْحَبِّ وَالنَّوَى، مُنْزِلَ التَّوْرَاةِ وَالْإِنْجِيلِ وَالْقُرْآنِ، أَعُوذُ بِكَ مِنْ شَرِّ كُلِّ دَابَّةٍ أَنْتَ آخِذٌ بِنَاصِيَتِهَا، أَنْتَ الْأَوَّلُ فَلَيْسَ قَبْلَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ الْآخِرُ فَلَيْسَ بَعْدَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ الظَّاهِرُ فَلَيْسَ فَوْقَكَ شَيْءٌ، وَأَنْتَ الْبَاطِنُ فَلَيْسَ دُونَكَ شَيْءٌ، اقْضِ عَنِّي الدَّيْنَ، وَأَغْنِنِي مِنَ الْفَقْرِ) ئەمە لەفزی موسليمە.
شێخی ئەلبانی لە (السلسلة الصحيحة ٣١٨٢) دا بە حەسەنی داناوە.
[3] الترمذي (٣٥٢٤)، شێخی ئەلبانی لە سلسلة الصحيحة ٣١٨٢ دا بە حەسەنی داناوە.