باوەڕ

ڕاڤه‌ی هه‌ندێك له‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانی خودا

ڕاڤه‌ی هه‌ندێك له‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانی خودا

 بۆ ئه‌وه‌ی ئاشنایییه‌ك ده‌رباره‌ی گوڵزاری ناوه‌ جوانه‌كانی خوای گه‌وره‌ په‌یدا بكه‌ین، لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانین تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند ناوێكی پیرۆز، كه‌ كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆو سه‌ره‌كی یان له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ هه‌یه، ئه‌وانیش:

الْخَالِق – القْوَیُّ– الرَّزاق الفَتَّاح الرّقيب القادِرُ المنتَقِم الرَّافِعالمُميتُ

 

- الْخَالِق: واته‌ (دروستكار: كردگار): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ به‌دیهێنه‌رو داهێنه‌ری دروستكراوه‌كانه‌ به‌ بێ بوونی نموونه‌و شێوه‌یه‌ك له‌ پێشتردا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕوانگه‌ی مرۆڤانه‌ی خۆمان بیر له‌ دروست كردن بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ توانای هیچ جۆره‌ دروست كردنێكمان نییه‌ به‌م مه‌رجانه‌ نه‌بێ:

أ- شێوه‌یه‌كمان له‌به‌ر ده‌ستدا بێت .

ب- كه‌ره‌سته‌ی پێویستمان هه‌بێت .

ج- قه‌باره‌و بارستایی و چۆنیه‌تییه‌كی سنووردار بێت .

د- مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاری كراو بێت .

 ئه‌و كاته‌ تێده‌گه‌ین كه‌ خوای گه‌وره‌ دروستكه‌رو به‌دیهێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو شتێكه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌و شێوه‌و بارسته‌و قه‌باره‌و به‌رده‌وامییه‌وه، هه‌ر له‌ گه‌ردیله‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌ی بنچینه‌یی پێكهاتنی بوونه‌وه‌ره‌ تاكو سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ران و گیانداران و مرۆڤ و زه‌وی و ئاسمانه‌كان و سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌ر، خوای گه‌وره‌ دروستی كردون و هه‌ر خۆی شێوه‌ی بۆ داناون و ڕێسای به‌ڕێوه‌ چوونی بۆ دیاری كردون و مانه‌وه‌و كۆتایی یان هه‌ر به‌ده‌ستی خۆیه‌تی، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ * أَمْ خَلَقُوا السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضَ بَل لّا يُوقِنُونَ) الطور/٣٥-٣٦ واته‌: ئایا له‌ هیچه‌وه‌ دروست كراون؟ یان خۆیان دروست كه‌رن؟ ئایا ئاسمانه‌كان و زه‌وییان دروست كردووه‌؟ بەڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ باوەڕیان نییه‌.

كاتێك جوبه‌یری كوڕی موتعیم خوا لێی رازی بێت گوێی له‌م ئایه‌تانه‌ بوو پێغه‌مبه‌ر صَلَی اللَهُ عَلَيْهِ وَسَلَمَ ده‌یخوێنده‌وه، خۆی له‌و كاته‌دا هاوبه‌ش دانه‌ر بوو، ده‌فه‌رموێت: خه‌ریك بوو دڵم ده‌فڕی، واته‌ ده‌ستی به‌ لێدان كردو ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار بوو باوەڕ له‌ دڵمدا جێگیر بوو .

 

- الرَّزاق: واته‌ (ڕۆزیده‌ر): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌:

أ- هه‌موو جۆره‌ ڕۆزییه‌كی دروست كردووه‌ .

ب- ده‌یدات به‌ هه‌موو دروست كراوه‌كانی .

ج- بڕی دیاری كراوی نییه‌له‌ ئه‌ندازه‌یدا .

خوای گه‌وره‌ بۆ دابین كردنی ڕۆزی سه‌ر زه‌وی چه‌نده‌ها هۆكاری ده‌سته‌به‌ر كردووه‌ له‌وانه‌: خاك و ڕه‌گه‌زه‌كانی و ئاوو گه‌رمی و .. هتد، ئنجا ڕۆزی خوای به‌خشنده‌ به‌شی هه‌موو دروست كراوه‌كانی ده‌كات و به‌ ئه‌ندازه‌و ڕێژه‌و جۆری دیاری كراو ده‌یدات به‌ تێكڕایان و هیچیان لێی بێ به‌ش نابن و ڕۆزییه‌كی هه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌ر ڕه‌گه‌زێك له‌و دروست كراوانه‌ تاكو له‌به‌ر چاویان نه‌كه‌وێت و لێی وه‌ڕس نه‌بن، وه‌ خوای میهره‌بان بێ نیازه‌ له‌ به‌خشینی ڕۆزی فراوانی به‌ هه‌موو دروستكراوه‌كانی و بێ به‌رامبه‌ر پێیان ده‌به‌خشێت، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (مَا أُرِيدُ مِنْهُم مِّن رِّزْقٍ وَمَا أُرِيدُ أَن يُطْعِمُونِ * إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ) الذاريات/٥٧-٥٨ واته‌: نه‌ ڕۆزیم لێیان ده‌وێت و نه‌ ده‌مه‌وێت خواردنم پێ بده‌ن، خوا خۆی ڕۆزی ده‌ره‌و خاوه‌نی هێزی قایم و له‌ بن نه‌هاتووه‌  ئه‌گه‌ر له‌ خۆمانه‌وه‌ بڕوانین ده‌بینین له‌ ڕووی ڕۆزی دانه‌وه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین و خوای گه‌وره‌ چه‌نده‌ خاوه‌نی منه‌ت و چاكه‌و به‌هره‌و به‌خشنده‌یییه، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌:

١-  نه‌ دروستكه‌ری خواردنین .

٢- نه‌ دابین كردنی به‌ ده‌ست خۆمانه‌ .

٣- نه‌ خاوه‌نی هیچ چاكه‌یه‌كین به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ .

بەڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ جێبه‌جێ كردنی مافی ڕۆزیدان و به‌خشینی خواردندا:

أ-  چروكی ده‌كه‌ین.                   

ب- به‌ ئاره‌زووی خۆمان ده‌یبه‌خشین .

ج- به‌خشینه‌كه‌ به‌ نیازی شتێكه‌.   

د-  له‌گه‌ڵ به‌خشیندا منه‌ت ده‌كه‌ین  !

كه‌واته‌: پێویسته‌ داوای ڕۆزی و بژێوی هه‌ر له‌ ڕۆزیده‌ی ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ین و منه‌تبارو چاو له‌به‌ری خوای گه‌وره‌ بین و شوكرانه‌ بژێریی بۆ ده‌ربڕین چونكه‌ هیچ كاتێك فه‌رامۆشمان ناكات، نابێت كه‌سی تر به‌ سه‌رچاوه‌ی ڕۆزی بزانین.

 

- القْوَیُّ: واته‌: (به‌هێز): خوایه كه‌ توانایی ته‌واوی به‌سه‌ر دروستكراوه‌كاندا هه‌یه‌و ئه‌وپه‌ڕی هێزی هه‌یه‌و هه‌رگیز بێ توانایی و بێ هێزی و ده‌سته‌وسانی ڕووی تێ ناكات، به‌ واتایه‌كی تر خوای گه‌وره‌ خاوه‌ن هێزێكه‌ كه‌:

١- بێ سنورو ڕه‌هایه‌.  

٢- به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كاندا ڕاده‌گات .

٣- له‌ بن نه‌هاتووه‌و هه‌میشه‌یییه‌.

٤- كاربه‌جێی ته‌واو له‌ به‌كارهێنانیدا هه‌یه‌ .

   هه‌ردوو سیفه‌تی دروست كردن و ڕۆزی دان كه‌ پێشتر باسمان كرد به‌ڵگه‌ی ئاشكراو ڕونن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ دەسەڵاتێك نییه‌ هێنده‌ی خوای گه‌وره‌ به‌هێز بێت، به‌ڵكو هه‌ر خۆی به‌ ته‌نها ئه‌وپه‌ڕی هێزو دەسەڵاتی هه‌یه‌و شایسته‌یه‌ باوەڕدار ملكه‌چی بێ و بیپه‌رستێت، واته‌ پێویسته‌ كاریگه‌ری هه‌ر هێزو دەسەڵاتێكی تر له‌سه‌ر هه‌ست و هۆشی خۆی داڕنێت و نه‌یكات به‌ كانگای ئاڕاسته‌و ڕووگه‌ی بڕیار، به‌ڵكو سه‌نگییه‌ك بدات به‌ باوەڕ به‌ خوای گه‌وره‌و له‌ ناوه‌ندی ئه‌و باوەڕه‌وه‌ ئاڕاسته‌ وه‌ربگرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژیانی كامه‌رانی ده‌وێت ئه‌وا ژیانی مردنی به‌ده‌سته‌و به‌خته‌وه‌ری دنیاو دواڕۆژی له‌لایه‌و ئه‌گه‌ر ڕۆزی ده‌وێت ئه‌وا گه‌نجینه‌ی ڕۆزی هه‌موو دروست كراوان هی خۆیه‌تی و هه‌ر خۆی توانایی ڕۆزی دانی هه‌یه، وه‌ ئه‌گه‌ر پشتیوانی ده‌وێت ئه‌وا هه‌ر خوا هێزو دەسەڵاتی ڕه‌هاو بێ سنوری هه‌یه‌و زاڵه‌ به‌سه‌ر هه‌موو دروستكراوانیدا .

 

- الفَتَّاح: واته‌ (ده‌روو كه‌ره‌وه‌): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌:

 أ- ده‌رووی خستوه‌ته‌ نێوان ڕه‌وا (حق) و ناڕه‌وا (باطل)ـە‌وه‌و لێكی جودا كردونه‌وه‌و ڕه‌وا سه‌ر ده‌خات و ناڕه‌وا تێك ده‌شكێنێت .

ب- حوكمڕانی به‌نده‌كانی ده‌كات و به‌ دادێكی ڕه‌وا دادوه‌ری نێوانیان ده‌كات.

ج- ده‌رووی به‌زه‌یی و لێخۆشبوون و ڕۆزی دان له‌ به‌نده‌كانی ده‌كاته‌وه‌و هه‌ر گرفتێكیان بێته‌ ڕێ بۆیان چاره‌سه‌ر ده‌كات و دوڕووی ناڕه‌حه‌تی گوشاد ده‌كات .

   ئاشكرایه‌ ئه‌م ژیانه‌ گۆڕه‌پانی ململانێ و كێشمه‌كێشمی نێوان ڕه‌واو ناڕه‌وایه‌و باوەڕدار هه‌میشه‌ توشی ناسۆرو ژان و ئازارو گیروگرفت و هه‌ژاری و سته‌مكاری ده‌بێت، حه‌تمه‌ن له‌م ڕێیه‌شدا پێویستی به‌ پشتیوانێكی به‌ هێزه‌ سه‌ری بخات و ڕێنمایی بكات و ده‌روی لێ بكاته‌وه‌ چونكه‌ كێشه‌و مه‌ینه‌تییه‌كان له‌ ئه‌ندازه‌ی توانای مرۆڤ به‌ده‌رن، ئنجا خوای گه‌وره‌ به‌هێزترین پشتیوانه‌و خاوه‌نی تواناو دەسەڵاتی بێ سنووره‌و هه‌ر خۆی شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ باوەڕدار پشتی پێ ببه‌ستێت تاكو به‌ره‌ی ناڕه‌وایی تێك بشكێنێت بۆی و مل ملانێی نێوان باوەڕدار و بێ باوەڕ یه‌كلا بكاته‌وه‌و باوەڕدار سه‌ر بخات و ده‌روی ڕۆزی و به‌زه‌یی و لێخۆشبونی لێ بكاته‌وه‌و له‌ ته‌نگانه‌ی هه‌ژاری و نه‌خۆشی و ژێر ده‌سته‌یی و شكست و په‌ژاره‌و كۆست كه‌وتن ده‌ربازی بكات و به‌ ئاسانترین شێوه‌و زووترین كات ڕه‌وتی ڕوداوه‌كان و سه‌رچاوه‌ی كێشه‌و گیروگرفته‌كان به‌لایه‌كی له‌باردا بخات و سه‌رفرازی بكات .

 

- الرّقيب: واته‌ (چاودێر): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ زاناو پارێزه‌ره‌و هیچ زانیارییه‌كی سه‌باره‌ت به‌ دروست كراوه‌كانی لێ ناشارێته‌وه‌و پاراستنی هیچ كام له‌ دروست كراوه‌كانی له‌ ده‌ست ده‌رناچێت .

   به‌و پێودانگه‌ی كه‌ هه‌ر خوای گه‌وره‌ دروست كه‌رو مشور خۆرو دەسەڵات داره‌و بوونه‌وه‌ری دروست كردووه‌و ڕێسای به‌ڕێوه‌چونی بۆ داناوه‌و ژیانی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌و پێداویستییه‌كانی دابین كردوه‌و به‌نده‌كانی به‌دی هێناوه‌و هه‌موو ده‌وروبه‌ری بۆ ژێر بار كردوون، بێ گومان:

أ- چاودێری بونه‌وه‌ر ده‌كات و ئاگای له‌ هه‌موو گۆڕانكارییه‌كانیه‌تی و پارێزه‌ریه‌تی له‌ تێك چوون و له‌ ناو چوون .

ب- چاودێری  ژیان ده‌كات و ئاگای له‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیه‌تی، له‌ ڕۆزی و بارو دۆخ و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌ چوونی و ڕێژه‌ی ژیان و مردن و .. هتد .

ج- چاودێری به‌نده‌كان ده‌كات بۆ دوو مه‌به‌ست:

١-  پاراستنی ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌چونی ژیانیان .

٢- هه‌ڵسه‌نگاندن و مه‌زەنده‌ كردنی ڕادده‌ی پابه‌ند بوونیان به‌ ڕێبازی په‌روه‌ردگاریانه‌وه‌ .

 

- القادِرُ: واته‌: (توانا): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ هیچ ده‌سته‌وسانی ناكات و بۆ هیچ دانامێنێت چونكه‌: هه‌رچی بیه‌وێت و هه‌رچۆنێك ئاره‌زوو بكات و له‌ هه‌ر كاتێكدا ویستی بێت ئه‌نجامی ده‌دات و پێویستی به‌ هیچ هۆكارو هه‌وڵێك نییه‌، ئاشكرایه‌ كاتێك خوای گه‌وره‌ ژیان و بوونه‌وه‌ری ڕاگرتووه‌و له‌ ژێر چاودێری خۆیدان حه‌تمه‌ن به‌ ویستی خۆشی (توانا) یه‌ كه‌ هه‌ر ئاڵو گۆڕو ته‌سه‌ڕوف (تصرف)ێكیان تێدا بكات بێ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌م جۆرو چۆنیه‌تی و كات و شێواز ببنه‌ به‌ربه‌ست له‌ ڕێیدا. به‌ واتایه‌كی تر: ڕاسته‌ خوای گه‌وره‌ ڕێسای بۆ ژیان و بونه‌وه‌ر داناوه‌ بەڵام ئه‌مه‌ واناگه‌یه‌نێت كه‌ ئیتر هه‌رگیز خوای گه‌وره‌ ئاڵو گۆڕیان تێدا ناكات، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆی چۆنی بوێت ئاوایان لێ ده‌كات،

كه‌واته‌ باوەڕدار نیازی هه‌ر شتێكی هه‌بێت و بیه‌وێت باری ژیانی هه‌ر چۆنێك بێت و داخوازی به‌سه‌ر چوونی هه‌ر ته‌نگانه‌و ئاسته‌نگێك بێت پێویسته‌ چاوی له‌ به‌خشنده‌یی خوای گه‌وره‌ بێت و هانای بۆ به‌رێت و پشتی پێ ببه‌ستێت .

 

- المنتَقِم: واته‌ (تۆڵه‌سێن): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی تۆڵه‌ی به‌ زه‌برو كاریگه‌ره‌ به‌رانبه‌ر هه‌ریاخی و گومڕایه‌ك كه‌ له‌ ژێر فەرمانی ده‌رچێت و هه‌ر كه‌م ته‌رخه‌مێك كه‌ مافه‌كانی پشت گوێ بخات،

تۆڵه‌ی خوای گه‌وره‌ ئه‌م سێ شێوه‌یه‌ی هه‌یه‌:

أ-  بۆ خاوێن كردنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی گوناهه‌: وه‌ك هه‌ژاری و گیرو گرفت و ئازارو .. هتد، كه‌ پێی ده‌گوترێت (ابتلاء) واته‌: (تاقی كردنه‌وه‌)، یان (ممصیبة‌) واته‌: بەڵاو مه‌ینه‌ت .

 ب- بۆ سه‌ركۆنه‌و ته‌مبێ كردن و له‌ناوبردن و تیاچوونه‌: وه‌ك قاتوقڕی و نه‌خۆشی وجه‌نگ و كوشتاری به‌ كۆمه‌ڵ و تیاچوون كه‌ پێی ده‌گوترێت (هلاك).

ج- بۆ ڕسوا كردن و خاكه‌ سارییه‌: وه‌ك سزای گۆڕو شكاندنی ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌و سزای نه‌بڕاوه‌و هه‌میشه‌یی دۆزه‌خ، بێگومان تۆڵه‌ی خوای گه‌وره‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك به‌ گوێره‌ی ڕاده‌ی سه‌ركه‌شی و كه‌م ته‌رخه‌می و یاخیبوونیه‌تی .

   كه‌واته‌: پێویسته‌ باوەڕدار ئاگای لێ بێت به‌رانبه‌ر مافه‌كانی خوای گه‌وره‌ كه‌م ته‌رخه‌می نه‌كات و پشت گوێیان نه‌خات، تاكو به‌ جۆرێك خوای په‌روه‌ردگار تاقی نه‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رگه‌ی نه‌گرێت و لێی ده‌ر نه‌چێت .

   هه‌روه‌ها سه‌ركه‌ش و سته‌مكاریی نه‌كات و یاخی نه‌بێت و هه‌میشه‌ په‌نا به‌ خوای گه‌وره‌ بگرێت تاكو نه‌ له‌ دنیادا تووشی تیاچوون ببێت و نه‌ له‌ ڕۆژی دوایشدا ڕسواو شه‌رمه‌زاری به‌رده‌می خوای گه‌وره‌ ببێت.

- الرَّافِع: واته‌: (به‌رز كه‌ره‌وه‌و بڵندكار): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر پابه‌ند بوون و مل كه‌چ كردن بۆ فه‌رمانه‌كانی پله‌و پایه‌ی باوەڕداران به‌رز ده‌كاته‌وه‌ .

   هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ تۆڵه‌ له‌ یاخی و سته‌مكار و سه‌ركه‌ش ده‌كاته‌وه‌و ڕێگه‌یان نادات له‌ سنوری خۆیان تێپه‌ڕ بكه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ پاداشتی گوێڕایه‌ڵی و فه‌رمانبه‌ریه‌تی و به‌ مشووریدا پله‌و پایه‌ی باوەڕدار بڵند ده‌كاته‌وه‌. له‌و شتانه‌ش كه‌ پله‌و پایه‌یان پێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ باوەڕو زانست و كرده‌وه‌ی چاكن  پله‌ی به‌رزیش گەلێك جۆری هه‌یه‌ له‌وانه‌:

١- كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری.

٢- پێشه‌وایه‌تی كردن.

٣-هێزو دەسەڵاتی دادگه‌رانه.

‌٤- لێبوردن و لێخۆش بوون

٥- پله‌ به‌رزه‌كانی به‌هه‌شت .

   هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ دڵی ببه‌ستێته‌وه‌ به‌و شتانه‌وه‌ كه‌ به‌رزی و به‌خته‌وه‌ری و خۆشییان تێدا ده‌بینێته‌وه‌ هێشتا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ به‌ ده‌ستیان ناهێنێت مادام سه‌رچاوه‌ی ئه‌و شتانه‌ به‌ پێی فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و دڵه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌و شتانه‌وه‌ كه‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت له‌ ڕاڕایی ناكه‌وێ بەڵام ئه‌و دڵه‌ی په‌یوه‌ست بێت به‌ خوای گه‌وره‌وه‌ دامه‌زراو هێمنه‌ چونكه‌ خوای گه‌وره‌ زیندووه‌و گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت، هه‌روه‌ها به‌هره‌و به‌خشینه‌كانی هه‌تا سه‌رن و پله‌ی به‌رزی كامه‌رانیش هه‌ر له‌ خوای گه‌وره‌وه‌یه‌ .

   هه‌ر بۆیه‌ باوەڕدار پله‌ی به‌رزی ده‌سگیر ده‌بێت چونكه‌ باوەڕه‌كه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ی نزیك ده‌خاته‌وه‌، هه‌ركه‌سیش له‌ خوا نزیك بێت بێگومان پله‌ی به‌رزه‌.

 

- المُميتُ: واته‌ (مرێنه‌ر): ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ به‌ ویستی خۆی دروست كراوه‌كانی ده‌ژیێنێت هه‌تا ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆی دیاری كردوون و به‌ ویستی خۆی هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ده‌یان مرێنێت .

   بێگومان ماده‌م دروست كردن و ڕۆزیدان و ژیاندن به‌ ده‌ست خوای گه‌وره‌ بێت حه‌تمه‌ن مراندنیش هه‌ر ته‌نها به‌ده‌ست خوای گه‌وره‌یه، هه‌روه‌ك له‌ باسی ناوی (الرقیب) واته‌: (چاودێر) دا ئاماژه‌مان بۆ كرد، خوای گه‌وره‌ (چاودێری ژیان ده‌كات و ئاگای له‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیه‌تی، له‌ ڕۆزی و بارو دۆخ و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌ چوونی و ڕێژه‌ی ژیان و مردن و .. هتد.

   كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ژیاندن و هۆكاره‌كانی هه‌ر به‌ده‌ست خوای په‌روه‌ردگاره، به‌ هه‌مان شێوه‌ مراندن و هۆكاره‌كانیشی هه‌ر به‌ ده‌ست خۆیه‌تی .

   ئنجا ده‌بێت له‌ هه‌موو سات وسه‌رده‌مێكدا مردن به‌ ئاماده‌و نزیك بزانین و لێی به‌ ئاگا بین و خۆمانی بۆ ئاماده‌ بكه‌ین و به‌ هیچ سه‌رمایه‌یه‌ك ده‌ست خه‌ڕۆ نه‌بین .

هه‌روه‌ها بێجگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ هیچ كه‌س به‌ مرێنه‌ر نه‌زانین و سڵی لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌و سه‌ری بۆ نه‌وی نه‌كه‌ین هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕواڵه‌ت خاوه‌نی دەسەڵات و زه‌برو زه‌نگ بێت و خه‌ڵكی چاو ترسێن بكات .

 

ئاماده‌كردنی: كــاوان كــوردی

پێداچوونەوە و توێژینەوەی فەرمودەکان: مامۆستا کرێکار

1016 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/10/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.