زه‌كاتی پاره
نوسینی: مامۆستا کرێکار
بڕگەی یەکەم: پێناسەی پارەی کاغەز
پارەی کاغەز: یەکەیەکی ئاسانکاریی مامەڵەیە کە خەڵکی لەسەری رێکەوتوون، کە لە جیاتی زێڕو زیوی جاران بەکاری بهێنن، بەوەی بیکەنە نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریی و رەفتاری بازرگانیی نێوان خۆیان. پارە کاغەزو کانزایەکی رەسمیی دەوڵەتییە، کە لای دەوڵەتان و گەلان ئیعتیباری هەیەو ناسراوە. نە دەوڵەت و نە خەڵکی بۆیان نییە پارەی تەزویر (جەعلی) بخەنە بازاڕی خەڵکییەوە. ئەمە حەرامە.. کەوابوو مەبەستمان لە پارە: پاره‌ی بانقه، جا به‌كاغه‌ز بێت یان به‌كانزا، وه‌كو پێناسه بۆ هه‌ردووكیان ووتوومه پاره‌ی كاغه‌ز، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دانیشتوانی سه‌رزه‌مین زۆرتر بووە، زه‌مانی ئیمپراتۆرێتی گه‌وره نه‌ماوەو ده‌یان ووڵاتی لێك جودا دروستبووە، هه‌ر یه‌كه‌شیان پاره‌ی تایبه‌ت بە خۆی دروستكردووە. ئینجا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگه‌كان و ووڵاته‌كان به‌رفراوانتربوون، زه‌حمه‌تە بازرگانه‌كان بتوانن پاره‌ی زێڕو زیوو له‌گه‌ڵ خۆیان بگوێزنه‌وه. ئه‌مانه‌و چه‌ندین هۆیتر وایكرد پاره‌ی كاغه‌ز بێته‌كایه‌وه، كه له به‌رامبه‌رییدا زێڕ له بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، داده‌نرا، كه پێی وترا (كاغه‌زی بانكوتی).. سەرەتا لە چینەوە دەستی پێ‌کرد بە سادەیی، دواتر لە ساڵی ١٦٠٨ ی زاینییدا لە بانکی ستۆکهۆڵم لە سوید زنجیرە پارەیەکی کاغەزینیی چاپکرد کە بە ئاوی زێڕ رووکەش کرابوو، دواتر زێڕەکەیان بۆکردە رەصیدو لە بانک دایاندەنا، واتە کەسێک پارەی کاغەزی بەقەدەر ئەو بڕە زێڕە دەبوو کە لە بانکدا داینابوو.. له ماوه‌ی دووسه‌د ساڵی رابوردوودا به تایبه‌تی سه‌دساڵی دووه‌میان هه‌موو سه‌وداو مامه‌ڵه‌یه‌كی تاك و كۆ‌و ده‌وڵه‌تان به پاره‌ی كاغه‌ز ده‌كرا، كه ئێستا ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌ویش نه‌هێڵێت كارتی ئه‌لیكترۆنی و بازاڕی ئه‌لیكترۆنی بكاته جیهانی.[1]
شه‌رعناسانی سه‌رده‌م و ده‌زگاكانی فه‌توا له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه توێژینه‌وه‌ی ئه‌م پاره كاغه‌زه‌یان له هه‌موو لایه‌كه‌وه كرد و بوونه خاوه‌ن پێنج بۆچوون ده‌رباره‌ی.[2]
١- پاره‌ی كاغه‌ز بڕوانامه‌ی قه‌رزه:
واته: ئه‌و كه‌سه‌ی دهریكردووهو پڕیكردۆته‌وه ئیعتیرافی به‌وه كردووه كه بایی ئه‌وه‌نده زێڕو زیووی له لایه[3] بەڵام خاڵی سلبی ئه‌م لێكچواندنه له‌وه‌دایه كه:
أ- ئه‌و شه‌رعناسانه‌ی ده‌فه‌رموون قه‌رز زه‌كاتی لێ نادرێت، كه‌وابوو له ملیۆنان پاره‌ی كاغه‌زیش ناكه‌وێت!.
ب- ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یه وه‌سڵی قه‌رزه، كەوابوو نابێت بفرۆشرێت و بكڕرێت. واته معامه‌له‌ی پێوه‌بكرێت، چونكه له ئیسلامدا قه‌رز به قه‌رز نادرێت.[4]
ج- ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه قیمه‌تی زێڕی دانراوه چۆن كڕین و فرۆشتنی پێ ده‌كرێت كه زێڕه‌كه (پاره‌كه) له‌به‌ر ده‌ستدا نییه؟!.
٢- پاره‌ی كاغه‌ز كه‌لوپه‌لێكی بازرگانییه:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو هه‌موو كه‌لوپه‌لێكی بازاڕ ده‌كه‌وێته ژێر هه‌بوون و داوا (العرض والطلب)ی خه‌ڵكی و له كه‌لوپه‌لیتر زیاتر یاسا ده‌یگرێته‌وەو ده‌خرێته‌ژێر چاودێریی.. بۆیه ده‌بێ سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی شه‌رعی ئه‌میش بگرێته‌وه.[5]
خاڵی سلبی ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌وه‌دایه كه:
أ- ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌كی واڵای مامه‌ڵه‌ی سووه (ربا) چونكه پاره به پاره ده‌فرۆشرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك جۆریش بن! ئه‌مه‌ش حه‌رامه.
ب- كه كه‌لوپه‌لی بازرگانی نه‌بێت و هه‌ر دانرابێت، كه‌وابوو زه‌كاتی لێ نادرێت، چونكه هه‌ر وه‌كو پۆشاك و كه‌لوپه‌لی ناو ماڵ و هاوشێوهیانی لێ دێت.
٣-پاره‌ی كاغه‌ز هه‌ر پاره‌یه‌و بەڵام له زێڕو زیوو نییه:
ده‌شێت بشوبهێنرێت به پاره‌یه‌ك كه له مس و نیكل و شتی وا دروستكرابێت. ئه‌میش له كه‌ره‌سته‌یەكی وا دروستكراوه، هه‌ر چییه‌كیش بێت به‌هاكه‌ی له عورف و داب‌و ده‌ستوری بازاڕدایه، نه‌ك له‌وه‌ی لێی دروستكراوه.. بۆیه كڕین و فرۆشتنی پاره‌ی كاغه‌ز وه‌كو كڕین و فرۆشتنی مس و نیكل و قەڵڵایی و شتی وایه.. گرنگ به‌هاكه‌یه‌تی. كێشه‌ی سلبی ئه‌میش له‌وه‌دایه كه ناشێت (فلس) بچوێندرێت كه له كانزا دروستده‌كرێت، چونكه له زۆر روویترهوه جیاوازیان هه‌یه.
٤-پاره‌ی كاغه‌ز لقێكه له زێڕو زیوو: [6]
یان به‌دیلێتی. چونكه پاره‌ی كاغه‌زی وڵاتان به قه‌ده‌ر ئه‌و زێڕه چاپده‌كرێت كه هه‌یانه‌و له بانكه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا دایانناوه.. بۆیه حوكمی پاره‌ی كاغه‌ز هه‌ر حوكمی پاره‌ی زێڕه.
خاڵی سلبی ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌وه‌دایه كه:
أ- له جیهانی ئه‌مڕۆدا دووجۆر پاره نین كه یهكنرخیان هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی هه‌مووشیان هه‌ر له‌به‌رامبه‌ر زێڕدا دانراون، به‌م پێیه بێت دیناری عێراق و دیناری لیبیا‌و دیناری كوه‌یت ده‌بوایه یه‌كسانبوونایه، كه واش نییه.
ب- پاره‌و نرخ و به‌های ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێزو ده‌وڵه‌مه‌ندیی ده‌وڵه‌تان، نه‌ك بۆ ئه‌و زێڕه‌ی له‌به‌رامبه‌ر پارهكهیاندا -كه كاغه‌زه - دایانناوه.
٥- پاره‌ی كاغه‌ز پاره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه:[7]
هه‌ر سامانێك، یان هه‌ر شتێك خه‌ڵكی له‌ناوخۆیاندا رێكه‌وتبن كه له شوێنی پاره به‌كاریبهێنن، حوكمی نرخ وه‌رده‌گرێت و دهبێتهپاره، چونكه له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا نرخ تایبهتنهكراوه به‌زێڕو زیووەوه. شێخولئيسلام ئیبنوته‌یمیه رەحمەتی خوای لێبێت ئاماژه‌یه‌كی به به‌دیلی زێڕو زیوو داوه کە ببێته پاره، له‌وه‌دا كه ده‌فه‌رموێ: (ئه‌گه‌ر فلس بوو به نرخ، ئینجا بوو به مایه‌ی سه‌وداو مامه‌ڵه پێكردنی..).[8] ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ووردهكارانهیه كه ده‌شێت شتێك ببێته پاره‌و وه‌كو زێڕو زیوو بكرێته نرخی شت.. له شوێنێكیتریشدا ده‌فه‌رموێ: (درهه‌م و دینار پێناسه‌یه‌كی شه‌رعی، یان عورفی تایبه‌تییان نییه، چونكه پێناسه‌یان له خه‌ڵكییه‌وه هاتووە، كه له‌سه‌ری رێكه‌وتوون و به مامهڵهپێكردنیانهوه راهاتوون، له مامهڵەكهشدا درهه‌م و دیناره‌كه ئه‌سڵ نییه، بەڵام بۆته پێوه‌ری بڕو رادەی مامه‌ڵه‌كه).[9] واته: خه‌ڵكی كه سه‌وداو مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن له ئه‌سڵی كاره‌كه‌یاندا مه‌به‌ست گۆڕینه‌وه‌ی كاڵاكانیانە، وه‌كو پۆشاكێك به بڕێك دانه‌وێڵه، یان بڕێك خۆراك به ده‌نكه زێڕێك.. كه دواتر پارهداهات تا ئاستی نرخ دیاریبكات بۆ نموونه ئه‌و خۆراکەی به ده‌نكه زێڕێكبوو.، خواردنی زۆرتر‌و چاكتر به سێ ده‌نكه زێڕبووه، هه‌روه‌ها شته‌كانیتر.. كه‌وابوو پاره‌كه دوای زه‌مانی ئاڵوگۆڕی كاڵا دروستبووه، پێشبردیكردووه و خۆی گرنگییهکەی وه‌رگرتووه‌و گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته، كه بۆته كاڵایه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
پێم وایه ئه‌م بۆچوونه‌ی دوایی زیاتر له‌گه‌ڵ واقیعی سه‌رده‌مدا ده‌گونجێت، كه هه‌موو جۆره پاره‌یه‌ك بۆته جۆری كاڵا‌و بانكه‌كان و سهڕافهكان ده‌یكڕن‌و دهیفرۆشنهوەو ته‌نانه‌ت پاره‌یه‌كی وه‌كو دۆلار له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه له هه‌موو جیهاندا بۆته پێوه‌ری نرخی هه‌موو شتێك ته‌نانه‌ت نرخی پارهیتریش! خوا بیشكێنت.
بڕگه‌ی دووه‌م: نيصابی پاره‌ی كاغه‌ز
هه‌ندێك له شه‌رعناسانی سه‌رده‌م نيصابی پاره‌ی كاغه‌زیان به‌رامبه‌ر نيصابی زه‌كاتی زیوو دیاریكردووه.
له بری ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و زه‌مانی سه‌له‌فدا نرخێكی تا رادەیەكی زۆر نه‌گۆڕی هه‌بووه.. هه‌ندێكیتری شه‌رعناسانیش به‌رامبه‌ر نيصابی زێڕ دیاریانكردووه، چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌دا زێڕ ئه‌و رۆڵه ده‌بینێت كه زیووی ئه‌و سه‌رده‌مه دیوێتی.. ئه‌مه‌ش راسته، چونكه ئێستا له جیهاندا ئه‌وه‌ی زۆركهمدهگۆڕێت نرخی زێڕه. له سه‌رده‌می سه‌له‌فدا نيصابی زه‌كاتی زیوو سامانێكی زۆربوو، ده‌یكرده پێنج حوشتر، یان چل سەرمهڕ، بەڵام نرخی ئێستای ناكاته مه‌ڕێك! كه‌وابوو بهرامبهركردنی نيصابی پاره‌ی كاغه‌زین به نيصابی زێڕ باشتره و زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاراندایه[10] وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
نموونه‌یه‌ك
کابرایه‌ك بڕی ٢٠٠٠ دوو هه‌زار درهه‌می هه‌یه، کابرایه‌كیتر بڕی ٠٠٠ر١٠٠ سه‌د هه‌زار درهه‌می هه‌یه، ساڵێك به‌سه‌ر سامانی هه‌ردووكیاندا تێپه‌ڕیووه، حوكمی زهكاتدانهكهیان چۆن ده‌بێت؟
- زانیمان كه نيصابی زێڕی عه‌یار (٢٤) ده‌كاته ٨٥ گرام.
- ئه‌گه‌ر له بازاڕی شارەکەیان نرخی گرامێك زێڕی عه‌یار (٢٤) به (٣٠)درهه‌م بێت نيصابه كه ده‌كاته ٨٥×٣٠ = ٢٥٥٠ درهه‌م. كه‌وا بوو کابرا زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه چونكه له نيصاب كه‌متری هه‌یه.
* زه‌كاتی کابرای دووه‌م لە ٠٠٠ر١٠٠درههم دەکاتە٥٠٠ر٢ درهەم.
بڕگەی سێیەم: زەکاتی پارەی ئەلیکترۆنیی:
روونکردنەوەیەکی زەرووریی:
پارەی ئەلیکترۆنی: پارەیەکی ژمارەیی یەکجۆر دراوە، لەناو کارتێک (یان لەناو خەپلە: قرص)ێکدا گەنجینە دەکرێت، وەکو حسابی بانکییەو خاوەنەکەی دەتوانێت هەموو جۆرە رەفتارێکی سەوداومامەڵە بە پارەکەی ناویەوە بکات. بانکی مەرکەزیی ئەوروپایی ئاوای پێناسەکردووە: گەنجینەکراوێکی ئەلیکترۆنییە کە کراوە بە نرخی پارەیەک و لە کارتێکی نایلۆنیی، یان لە ئامێرێکی تەکنۆلۆجی تایبەتدا (میمۆری، تەلەفۆن، لاپ‌تۆپ، کۆمپیوتەر.. هتد) هەڵگیراوە، سەوداومامەڵەی خەڵکی پێوە دەکرێت بێ ئەوەی پێویستیان بە حسابێکی بانکییەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.. ئەم پارە ئەلیکترۆنییە پێشتر کڕراوەو وەکو جزدانێکی پارەی لێهاتووە کە لەگەڵ خۆ هەڵدەگیرێت[11]..
بۆ نموونە کەسێک پارە ئەلیکترۆنییەکەی لە مۆبایلەکەیدایەو لە دوکانێک شتدەکڕێت، لە مۆبایلەکەیەوە پارەکەی دەدات. تا ئێرە، ئەمە وەکو پارەدانە بە کارتی بانکی ڤیزەکارت و هاوشێوەی. زانایانی سەردەم لەسەر ئەمە رێکن، فەرموویانە کە دەشێت شتێکی‌تر ببێتە پارەو جێی زێڕو زیوی قەدیم بگرێتەوە[12]. خاڵێکی‌تری چاکیی ئەم پارە ئەلیکترۆنییە ئەوەیە کە _بێ ئەوەی حسابێکت لە بانکێکدا هەبێت_ هەر لە تەلەفۆنەکەتەوە لەسەر ئینتەرنێت دەتوانیت شتێکبکڕیت و هەر بە مۆبایلەکەشت پارەکەبنێریت.. نموونەیەکیتری ئاسان: منداڵەکەی خۆتت ناردووە بۆ دوکانێک بۆ شتکڕین، بێئەوەی پارەت دابێتێ، لەوێ کە شتەکە دەباتە بەردەم کاسەی پارەدانەکە، تۆ پەیوەندی بە دوکانەکەوە دەکەیت و دەڵێیت نرخی شتەکان چەندە، وا بۆتی دەنێرم، بە ژمارە تەلەفۆنی دوکانەکە هەقی شتەکڕراوەکان دەنێریت.. بەم شێوەیە خاوەنێتی کاڵا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر دەگوێزرێتەوە. ئەم گواستنەوەی خاوەنێتییە لایەنێکی سەرەکیتری شیاوێتیی مامەڵەی کڕینە لە ئیسلامدا، کە زانایان لەسەری راجوێ نەبوون.. تا ئێرە، پارە ئەلیکترۆنییەکە وەکو پارەی کاغەزە کە ئوممەت لە مامەلەپێوەکردنی راجوێ نەبوون.. لەبەر ئەوەی پێش ١٩٧٠ هەر وڵاتێک کە پارەی خۆی چاپبکردایە، دەبوو بە قەدەر بڕی ئەو زێڕە چاپبکات کە هەیەتی (زانینی ئەم رەصییدە لە سویسرا تۆماردەکر). بەڵام ئەمریکای طا‌غووت لەساڵی ١٩٧١ دا دۆلاری خۆی چاپکرد بێ ئەوەی پەیوەستی بکاتەوە بە زێڕی دانراوەوە، ئەمەش وایکرد وڵاتانی تریش وا بکەن، ئیتر کە پارەی ئەلیکترۆنی هاتە کایەوە، زۆرینەی وڵاتان بینییان کە ئەمە بێ رەصیدەو بێ مەسرووفیشە، هیچ لەسەر کاغازی تایبەت و بە شیوەی تایبەت چاپناکرێت، بۆیە وا وردەوردە وڵاتان پارەی ئەلیکترۆنی بەکار دەهێنن.. وڵاتێکی وەکو سوید پلانی وایە کە لە دوای ساڵی 2030ەوە پارەی کاغاز بەکانەهێنێت..
ئەوەی جێ ئیعتیبارەو گرنگە ئەوەیە کە ئەم یەکە ئەلیکترۆنیانەی بۆتە بەدیلی پارەی کاغەز، نرخی دارایی خۆی هەیەو ئیعتیرافی پێکراوە، بۆیە زۆر ئاسان کاڵای _لە دوکانان یان لەسەر ئینتەرنێت_ پێدەکڕرێت.
زەکاتی پارەی ئەلیکترۆنیی:
کە ئەمەمان لا ساغبۆوە _کە پارەی ئەلیکترۆنی وەکو پارەی کاغەزە کانزای زێڕو زیوو و تێکەڵەیان_ نرخی هەیەو دەشێت کەسێک ببێتە خاوەنی ملیۆنەها یەکەی ئەلیکترۆنی (پارەی ئەلیکترۆنی)، کەوابوو دەبێ بزانریت کە هەموو باسەکانی سەوداو مامەڵە بە پارەوە دەیگرێتەوە، وەکو سو‌و (ریبا)، قەرز.. بۆیە حەتمەن زەکاتیش دەیگرێتەوە.. ناوەکەشی هەر دەبێتەوە بە ناوی ئەو جۆرە پارەیەی کە پێی کڕراوە، دۆلاربووبێت پارە ئەلیکترۆنییەکەش بەدۆلار هەژماردەکرێت، یۆرۆ بووبێت هەر بەیۆرۆ هەژماردەکرێت، دینار‌و ریاڵ و لیرە بووبێت هەر بەمانە هەژماردەکرێت و هەموو حوکمێکی ئەم جۆرە پارانە دەگرێتەوە.. بۆ نموونە ناکرێت سەد دۆلاری کاغەزیی بکرێتە حەفتاوپێنج دۆلاری ئەلیکترۆنیی، ئەمە چونکە هەر لە یەک توخمی پارەیە، دەبێتە سو‌و (ریبا). بەڵام ئەگەر سەدو پێنج دۆلاریدا تا بیکاتە سەدی ئەلیکترۆنی، ئەوە نابێتە سو‌و، چونکە ئەو پێنج دۆلارە زیادەیە، هەقی گۆڕینەکەیەتی[13]..
کەوابوو ئەگەر کەسێک پارەی ئەلیکترۆنی ئەوەندە هەبوو کە بڕی ٨٥ گرام زێڕی حەیارە بیست‌وچواری پێبکڕێت و ساڵێک بوو داینابوو، پێویستی پێی نەبوو، دەبێ زەکاتی لێبدات . واللە اعلم.
بڕگه‌ی چوارەم: زه‌كاتی قازانج و پاره‌ی نوێ
- مه‌به‌ست له قازانج سوودی كاسبییه، كه لێی دڵنیایه ده‌ستیده‌كه‌وێت. وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سێك دووسه‌د هه‌زار درهه‌می هه‌یه‌و ساڵی بهسهرداتێپهڕیووەو ده‌یه‌وێت زهكاتهكهیبدات، بەڵام ده‌شزانێت كه له ماوه‌ی مانگه‌كانی داهاتوودا په‌نجاهه‌زار دیناریتری قازانج ده‌ستده‌كه‌وێت.
ئەگەر ووردتر سەیری ئه‌م جۆره پاره زیاده‌یه بكه‌ین، دەبینین سێ جۆرەو حوكمه‌كه‌شیان هه‌روایه:[14]
١- ئه‌گه‌ر پارهزیادهكه قازانجی كاسبییه‌كه‌ی بوو، یان به‌خشینێكی زیاده‌ی موچه بوو، یان لە زاوزێی مه‌ڕو بزنهكانیهوه هاتبوو، ئه‌مانه چونكه له توخمی سامانه ئهسڵییهكهن، دهخرێنهپاڵیهك و یهكزهكات له هه‌موویان ده‌رده‌چێت. ئیمامی ئیبنوقودامه‌ی مه‌قدیسی ده‌فه‌رموێ: (وا نازانم ئه‌م حوكمه راجوێیی تێدا بێت).[15] بەڵام ئیمامی ئینوحهزم له‌گه‌ڵ ئه‌و رایه‌دا نییە.[16]
٢- ئه‌گه‌ر پاره نوێیه‌كه له توخمی سامانه ئهسڵییەكه نه‌بوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی مه‌ڕوماڵاتی هه‌یه‌و له‌ولاشه‌وه پشكهمیراتێكی زۆری به‌ركه‌وتووه، ئه‌مه دوو سامانی جیاوازن، زه‌كاتی مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ی ده‌رده‌كات، كه ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه‌و له‌و رۆژه‌شه‌وه كه سامانی میراته‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه حساب بۆ زه‌كاته‌كه‌ی ده‌كات، دوای ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌رییدا.
٣- ئه‌گه‌ر سامانه نوێیه‌كه هه‌ر له توخمی سامانی زه‌كاته‌كه‌ی بوو، كه گه‌یشتۆته نيصاب، بەڵام به سامانه ئه‌سڵییه‌كه زیادینه‌كردووه، بۆ نموونه خۆی هه‌شت سه‌رمه‌ڕی هه‌بوو، دواتر حه‌فتا سهرمهڕیتریان دایه، یان خۆی كڕی، شه‌رعناسان دووبۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه:
أ- هه‌ر دووبڕه سامانه‌كه ده‌كات به‌یه‌ك و له دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر خاوه‌نێتی بڕو سامانی یه‌كه‌مییدا زه‌كاتی هه‌ر دووكیان پێكه‌وه ده‌دات. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه رەحمەتی خوای لێبێت.
ب- ده‌یانكات بەیه‌ك، تا بگه‌نه بڕی نيصاب، بەڵام زهكاتهكانیان بهجیادهدات، هه‌ریه‌كه‌یان له دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵی خۆی به‌سه‌رییدا.. ئه‌مه‌ش بۆچوونی شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كانه.
بڕگه‌ی پێنجەم: زه‌كاتی قه‌رز
شه‌رعناسان له‌سه‌ر زه‌كاتی قه‌رز یه‌كڕا نین، هه‌یانه ده‌فه‌رموێ زه‌كاتی قه‌رز نادرێت تادێتهوهدهست، هه‌شیانه ده‌فه‌رموێ : ئه‌گه‌ر لای قه‌رزاری سه‌رڕاست بێ، ده‌بێ لێیبدرێت، هه‌شیانه ده‌فه‌رموێ قهرزارهكه ده‌بێ لێیدهركات، چونكه لای ئه‌وه، هه‌شیانه ده‌فه‌رموێ، ئه‌و كه نییه‌تی قه‌رزه‌كه بداته‌وه چۆن كۆڵێكیتری دهخرێتهسهرشان؟ كه‌وابوو ده‌بێ خاوه‌ن قه‌رزه‌كه بیدات، ئه‌مانیتر ده‌فه‌رموون: جا كه کابرای خاوه‌ن قه‌رز ئه‌و بڕه سامانه‌ی وه‌كو فه‌وتاوی لێ هاتووه، بۆچی بڕێكیتریش بدات.. وه هه‌روه‌ها.
پێم وایه ده‌بێت له چه‌ند لایه‌كه‌وه سه‌یری سامانی قه‌رز بكرێت، تا بزانرێت ئایا سامانی زه‌كاته یان نا؟ پاشان ده‌بێ بووترێت : باشه له‌سه‌ر كێیه؟.
قه‌رز دوو حاڵه‌تی هه‌یه:
١- ئومێدی ده‌ستكه‌وتنه‌وه‌ی هه‌یه. وه‌كو ئه‌وه‌ی لای حكومه‌ته، یان لای بازرگانێكی سه‌رڕاسته‌و هه‌یه‌تی بیداته‌وه. خاوه‌نی ئه‌م قه‌رزه خاوه‌ن سامانه، ده‌بێ قه‌رزه‌كه‌و سامانه‌كانیتری یه‌كخات و زه‌كاتەكه‌یان لێده‌ركات.. ئه‌مه‌ش بۆچوونی سه‌یدنا عومه‌رو سه‌یدنا عوسمان و ئیبنوعومه‌رو زۆرێكی یاوه‌ران و تابعینه.[17]
٢- قه‌رزێك كه ئومێدی وه‌رگرتنه‌وه‌ی له‌م ساڵه‌دا نییه.. به‌وه‌ی لای ده‌ستكورته، یان لای قهرزكوێره، یان لای بازرگانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندو سه‌رڕاسته، بەڵام نییه‌تی ئێستا بیداته‌وه، چونكه شتی پێكڕیووهو ئێستا مه‌وسیمی فرۆشتنه‌وه‌ی نییه، وه‌ك پاڵتۆی خوری له هاویندا.. یان له‌سه‌ر کابرایه‌كی حهرامخۆرهو نكووڵی لێده‌كات و ده‌ڵێ قه‌رزی لام نییه، ئه‌میش به‌ڵگه‌ی نییه، یان هاوشێوازی ئه‌مانه.. ئه‌م قه‌رزه سامانی زه‌كات نییه، زه‌كاتی لێ‌نادرێت تا دێتهوهدهست. شه‌رعناسان له‌مه‌شدا راجوێن:
أ- كه هاتهوهدهستی، ده‌بێ زه‌كاتی هه‌موو ساڵه‌كانی لێبدات، چونكه مافی هه‌ژارانه‌و نابێ بفه‌وتێت. ئه‌مه‌ش بۆچوونی سه‌یدنا عه‌لی و ئیبنوعه‌بباسه خوا لێیان رازی بێت.
ب- هه‌ر زه‌كاتی ساڵێكی لێده‌دات، زه‌كاتی ئه‌و ساڵه‌ی هاتۆتهوهدهستی. ئه‌مه‌ش مه‌زهه‌بی ئیمامی مالیكه رەحمەتی خوای لێبێت.
ج- زه‌كاتی هیچ ساڵێكی لێنادات ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه كه بۆی ده‌بێته‌وه به‌سامانی نوێ و ده‌خرێته‌وه‌سه‌ر ئه‌سڵه‌كه‌ی. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه رەحمەتی خوای لێبێت.
ئیمامی ئیبنوته‌یمیه ده‌فه‌رموێ (نزیكترین بۆچوون ئه‌وه‌یانه كه ده‌فه‌رموێ زه‌كاتی لێ‌نادرێت، تا ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕده‌بێت، یان زه‌كاتی ساڵێكی لێده‌دات.. ئه‌مه‌ش بۆچوونێكه).[18]
خاتووعائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (لَيْسَ فِي الدَّيْنِ زَكَاةٌ حَتَّى يَقْبِضَهُ).[19] واته: قه‌رز زه‌كاتی تێدا نییه تا وه‌ری ده‌گرێته‌وه.
سه‌یدنا عوسمانیش خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (هَذَا شَهْرُ زَكَاتِكُمْ فَمَنْ كَانَ عَلَيْهِ دَيْنٌ فَلْيُؤَدِّ دَيْنَهُ حَتَّى تَحْصُلَ أَمْوَالُكُمْ فَتُؤَدُّونَ مِنْهُ الزَّكَاةَ).[20] واته: ئه‌مه مانگی زهكاتدانتانه هه‌ر كه‌سێك قه‌رزی له‌سه‌ره بابیداتهوه، تا سه‌روه‌ت و سامانتان بزانن چه‌نده و زه‌كاته‌كه‌ی بده‌ن.
دیاره ئه‌مه له‌و حاڵه‌ته سروشتییه‌دا بووه كه قه‌رزاره‌كان نكووڵییان له قه‌رزه‌كه نه‌كردووه‌و ئه‌مینداریش بوون له گێڕانه‌وه‌یدا. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بۆیه پێم وایه، قه‌رزێك زه‌كاتی لێده‌درێت كه له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی له‌وساڵه‌دا دڵنیابێت. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
* ئه‌گه‌ر سامانی زه‌كاتی هه‌بوو بەڵام قه‌رزاریش بوو؟.
١- ئه‌گه‌ر زه‌كاته‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر بڕی قه‌رزارییه‌كه‌ی بوو، زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه.
٢- ئه‌گه‌ر قهرزهكهی كه‌متربوو له بڕی زه‌كاته‌كه‌ی، قهرزهكهی له‌سه‌ر زه‌كاتەكه حسابده‌كات، زیاده‌كه‌ی ده‌دات.. ئەگەر زه‌كاته‌كه‌ی ٥٠٠ر٢ بوو، قهرزهكهی ٠٠٠ر٢ بوو، كه‌وابوو ٥٠٠ درهه‌م زه‌كاتده‌دات. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بڕگه‌ی شەشەم: زه‌كاتی مووچه‌و كاسبی
خاوهنمووچه له‌وانه‌یه پاره‌یه‌كی دانراوی هەبێت، كه گه‌یشتۆته نيصاب و ساڵی به‌سه‌رداتێپه‌ڕیووه، بەڵام مانگانه‌ش بڕێكی زیاده‌ی له مووچه‌كه پاشهكهوتكردووهو خستوێتیه‌سه‌ری و به‌رده‌وامیشه له‌مه‌دا، یان پاره دانراوه‌كه‌ی هه‌یه‌و كاسبییهكیتریشدهكات، خاوه‌ن ته‌كسییه، یان شاگردی دوكانە، یان دوكانی لاكۆڵانی هه‌یه، وه هه‌روه‌ها. یان كاسبه‌و پاره‌یه‌كی دانراوی هه‌یه، بەڵام مانگی وا هه‌یه بڕێكیتریشی دهخاتهسهرو مانگی واش هه‌یه هیچی ناخاته‌سه‌ر. ئه‌م كه‌سانه ده‌توانن زه‌كاتی پاره‌دانراوه‌كه له دوای تێپه‌ڕ بوونی ساڵێك به‌سه‌ریدا بده‌ن و سه‌ره‌تای پاره زیاده‌كانیش لای خۆیان بنووسن. تا ساڵی ئایینده، له هه‌ر مانگێكدا بڕه‌زه‌كاتیان بزانن و داینێن.. هه‌رچه‌ندە ئەمە قورس دێته‌به‌رچاو، بەڵام له‌م زه‌مانی حاسیبه‌و كۆمپیوته‌ره‌دا ئاسانتربووه.. هەر ئەوەیە کە سۆراغی به‌رده‌وامی ده‌وێت. ئه‌مه‌ش رەنگە بۆ كاسبی بازاڕ زه‌حمه‌تتر بێت. بەڵام له جیاتی ئهوەو بۆ سه‌رسووكی خۆی و ره‌چاوكردنی هه‌ژاران و دووربوونی له گومانی ته‌واوێتیی زه‌كاتدانه‌كه‌ی، ده‌توانێت مانگی ره‌مه‌زانی هه‌موو ساڵێك بكات به‌كاتی زه‌كاتدان. پارەدانراوه‌كه‌ی و مانگه‌كانی پێش و پاشی ره‌مه‌زان دهكاتهیهككات و له ره‌مه‌زاندا زه‌كاتی خۆی ده‌دات. به‌مه‌ش زه‌كاتی بڕێك له سامانه‌كه‌ی پێش هاتنه‌وه‌ی ساڵ ده‌بێت، ئه‌ویش جائیزه.
یان ئه‌و كاته‌ی كه نيصاب و ساڵی پاره دانراوه‌كه‌ی ته‌واوبووه، زه‌كاتی دانراوه‌كه‌و زیاده‌كانیش هه‌ر ئه‌و كاتەدهدا.. ئه‌مه فه‌تواو هاندانی شێخ ئیبنوبازی ره‌حمه‌تی و فه‌توای لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی فه‌تواو ئیرشادیشه[21] وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بڕگه‌ی شه‌شه‌م: زه‌كات له سامانی هه‌تیو ده‌كه‌وێت
ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه رەحمەتی خوای لێبێت له پوخته‌ی بۆچوونی شه‌رعناساندا ده‌فه‌رموێ: زه‌كات له ماڵ و سامانی هه‌تیوو ده‌كه‌وێت.. ئه‌مه‌ش بۆچوونی مالیك و له‌یث و شافیعی و ئه‌حمه‌د و ئەبوثەوره كه له سه‌یدنا عومه‌رو خاتووعائیشه‌و سه‌یدنا عه‌لی و ئیبنوعومه‌رو جابره‌وه خوا لێیان رازی بێت هاتووه.
سه‌یدنا عومه‌ر ده‌یفه‌رموو: كاسبی به ماڵ و سامانی ههتیووهوە بكه‌ن، با هه‌ر دانه‌نرێت و زه‌كات لێی بخوات.. خاتووی عائیشه‌ش هه‌ر وای ده‌فه‌رموو.. ئه‌وه بۆچوونی عه‌تاء و جابری كوڕی زه‌یدو موجاهیدو ئیبنوسیرینه، كه له سه‌یدنا حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لییه‌وه خوا لێیان رازی بێت وه‌ریانگرتووه.[22]
[1] ئه‌مه‌ش هه‌ر دزین و ڕوتاندنهوهیهكی تر میلله‌تانه چونكه قاڵبه زێره‌كان له رۆژئاوا پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن و كاغه‌ز ده‌ده‌نه میلله‌تان دواتریش كاغه‌زه‌كه‌ش ده‌كه‌نه ره‌سیدو ره‌فتاری ئه‌لیكترۆنی!!.
[2] علا‌ء الدين زعتري: النقود.. وظائفها الأساسیة واحكامها الشرعية ل٣٢٩ ودواتر.
[3] ئه‌مه بۆ چوونی ئه‌زهه‌ر و شێخی شهنقیتیه له اضواء البیان ١/٢٥٧ دا.
[4] بەڵام له سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌مدا ده‌یان كۆمپانیای قهرزكڕینهوه هه‌یه له ده‌وڵه‌تان، وه‌كو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یكات یان ووڵاته زه‌به‌لاحه‌كان یان كۆمپانیاکانی فره ره‌گه‌زیی شركات متعدده الجنسات كه نه‌هه‌نگی لووشدانی ئابوری ووڵاته هه‌ژاره‌كانه، یان كۆمپانیای تری ناوخۆ یان بانکه‌كان كه قه‌رز له رێكخراو دائیره‌و كه‌سه‌كان ده‌كڕنه‌وه!.
[5] شێخ عبدالرحمن السعدي: الفتاوى السعدية ل٣٣٧ ، بەڵام شێخ ئيبنوعوثێمين رحمەاللە کە قوتابي شێخ شەعدی بوو، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی هەبوو.
[6] بۆچوونی شێخ عبدالرزاق العفیفی یه رَحِمَەُ اللە كه له گه‌وره زانایانی هئیه كبار العلمائی حیجاز بوو.
[7] بۆچوونی ده‌سته‌ی گه‌وره زانایانی سعودیەیه كه به بڕیاری ژمارە ١٠ له ١٧/٤/١٣٩٣ دا ده‌ریانكرد ساڵی ١٩٧٢ هه‌روه‌ها ڕای شێخی قهرهزاویشه حفظه الله.
[8] مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ ٣٠/٤٧٢.
[9] مجموع الفتاوى ١٩/٢٥١.
[10] فقه الزكاة ١/٢٨٦ وهبة الزحيلي الفقه الاسلامي وادلته ٢/٧٦٠.
[11] الدکتور محمد إبراهيم الشافي: الآثار النقدية والاقتصادية والمالية للنقود الإلكترونية ١/١٣٣.
[12] ئیمامی مالیک رەحمەتی خوای لێ بێت کە ساڵی ١٧٥ی ک کۆچی دوایی کردووە، ئاماژەی بەمە داوە کە فەرموویەتی دەشێت پارەیەک لە پێستە دروستکرابێت، ببێتە بەدیلی زێڕو زیوو.. بڕوانە: (المدونة ٣/٥).
[13] بۆ زانینی زیاتر دەکرێت بگەڕینەوە سەر ئەم سەرچاوە گشتگیرانە:
ـ الدکتور محمد إبراهيم الشافي: الآثار النقدية والاقتصادية والمالية للنقود الإلكترونية، الدکتور سلطان الهاشمي: التجارة الإلكترونية وأحكامها في الفقه الإسلامي، الدكتور عايض المري: النقود الإلكترونية (ماهيتها، مخاطرها وتنظيمها القانوني)، النظام القانوني للنقود الإلكترونية (بحث في مجلة جامعة بابل للعلوم الإنسانية) العدد 2 ، 2014.
[14] ابن الهمام: فتح القدير ١/٥١٠ المغني ٢/٦٢٦ الموسوعة الفقهية ٢٣/٢٤٤.
[17] ابو عبيد الاموال ل٤٣٢.
[19] ئيبوئەبوشەيبە ٤/٣٢ شێخی ئەلبانی رەحمەتی لە الاروا‌ء/ ٧٨٤ دا دەفەرموێ حەسەنە.
[20] ئیمامی ماليك ٥٩١ ئیمامی شافعي ١/٢٣٧ بەیهەقی ٤/١٤٨ شێخی ئەلبانی دەفەرموێ صەحيحە الاروا‌ء ٧٨٩.
[21] فتاوی اسلامیة/ كۆكردنه‌وه‌ی محمـد بن عبدالعزیز المسند ل٧٦ له صه‌حیح الفقە السنة ٢/٢٨ وه.
[22] مجموع الفتاوى ٢٨/١٢ ج٢ دار الكتب.