زه‌كاتی گه‌نجینه‌ی دۆزراوه‌ی ناو زه‌وی (الرِّكَازُ)
نووسینی: مامۆستا کرێکار
مه‌به‌ست له دۆزینه‌وه، نه‌زانینی خاوه‌نێتی كه له كۆندا بووه.
گه‌نجینه: مه‌به‌ست له خه‌زنكراوه، پاره بێت یان زێڕو شتی‌تر.
ناوزه‌وی: مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه كاتی خۆی (دفن)كراوه بۆ شاردنه‌وه‌ی، یان هه‌ر له‌گه‌ڵ وێرانبوونی شوێنه‌كه‌دا بنگڵكهوتووه.. ئه‌مانه له شه‌رعدا ناویان (الرِّكَاز)ـە.
ده‌شێت كانزای بن زه‌وی بێت؛ وه‌كو زێڕو ئاسن و فۆسفات و نه‌وت و .. هتد كه (معدن)ن.
ئێمه ئێستا باس له سامانی دۆزراوه‌ی ژێرزه‌وی ده‌كه‌ین، نه‌ك كانزا (المعدن)، كه لای جمهوری شه‌رعناسان دووشتی جیاوازن. له راستییشدا وان. ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه پێی وایه هه‌ردووكیان یه‌ك شتن و یه‌ك پێناسه‌و حوكمیان هه‌یه.. پێشم وانییه وا بێت، چونكه كۆپهڵه زێڕو زیوێك له قەڵایهكی كۆندا ده‌دۆزرێته‌وه، كه‌ی وه‌كو بیری نه‌وت و سه‌رچاوه‌ی یۆرانیۆمه[1] كه سه‌دان بۆمبای ئه‌تۆمی لێ دروست ده‌كرێت.
له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خواشدا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ به دوو شتی جیاواز هاتوون، وه‌ك ده‌فه‌رموێ: (...وَالْمَعْدِنُ جُبَارٌ، وَفِي الرِّكَازِ الْخُمُسُ).[2] واته: كانزا؛ بۆ ده‌رهێنانی رەنجی ده‌وێ و زه‌كاتی گه‌نجینه‌ی دۆزراوه‌ش، پێنجیهكێتی (١/٥).
بڕگه‌ی یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سه‌ی گه‌نجینه‌یه‌كی ژێر زه‌وی ده‌دۆزیته‌وه
ئه‌مه له پێنج حاڵه‌ت تێناپه‌ڕێت:
١- له زه‌ویه‌كدا دۆزیوێتیه‌وه، كه موڵكی كه‌س نییه: ئه‌مه چوار دانە لە پێنجیەکی (٤/٥)ی بۆ خۆیه‌تی و پێنجیەک (١/٥)ەکەی ده‌داته به‌یتولمال.. عه‌مری كوڕی شوعه‌یب له باوكیه‌وه و ئه‌ویش له باپیرییه‌وه خوا لێیان رازی بێت گێڕاوێتییه‌وه كه گهنجینهیەکی له كه‌لاوه‌یه‌كی زه‌مانی جاهیلییدا دۆزیه‌وه، چووه خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تا بزانێت حوكمی چییه؟ پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ پێی فه‌رموو: (: إِنْ وَجَدْتَهُ فِي قَرْيَةٍ مَسْكُونَةٍ، أَوْ سَبِيلٍ مِيتَاءٍ فَعَرِّفْهُ، وَإِنْ وَجَدْتَهُ فِي خَرِبَةٍ جَاهِلِيَّةٍ، أَوْ فِي قَرْيَةٍ غَيْرِ مَسْكُونَةٍ فَفِيهِ وَفِي الرِّكَازُ الْخُمْسُ).[3] واته: ئه‌گه‌ر له‌گوندێكدا دۆزیوته‌ته‌وه كه خه‌ڵكێكی لێ ده‌ژی، یان لهسهرەڕێیهك كه خه‌ڵكی پێدادێت، بڕۆ هاواری بۆ بكه (كه گهنجینهیهكم دۆزیوه‌ته‌وه كێ خۆی به خاوه‌نی ده‌زانێت بێت و نیشانه‌كانی هه‌ڵدا تا بیده‌مه‌وه) ئه‌گه‌ر له كه‌لاوه‌یه‌كی جاهیلییه‌تدا دۆزیوته‌ته‌وه، یان له گوندێكی چۆڵ، ئه‌وه زەکاتی لێده‌كه‌وێت؛ پێنجیەک (١/٥)ی ریكازەو بۆ بهیتولماله.
٢- له ئاواهدانی، یان له‌سه‌ره رێی خه‌ڵكییدا دۆزیوێتیه‌وه: ئه‌وه به پێی فه‌رمووده‌كه‌ی پێشوو جاڕی بۆ ده‌دات، هه‌ر كه‌س نیشانه‌كانی بۆ هه‌ڵدا، ده‌یداته‌وه پێی، ئەگەرنا، ئه‌وه مافی خۆیه‌تی.
٣- له زه‌ویوزاری خه‌ڵكێكدا دۆزیوێتییه‌وه: شه‌رعناسان له حوكمییدا سێ بۆچوونیان هه‌یه:[4]
أ- ئه‌وه موڵكی خاوهنزهویهكەیە: ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و محمدی كوڕی حه‌سه‌نی قوتابی خۆی و لێكچواندنێكی ئیمامی مالیك و ریوایهتێكی ئیمامی ئه‌حمه‌ده.
ب- موڵكی دۆزهرهوهكهیه. ریوایهتێكیتری ئیمامی ئه‌حمه‌ده و ئیمامی ئه‌بو یوسفیش بۆچوونی وایه.
ج- ئه‌گه‌ر خاوهنزهویهكه نیشانه‌كانی بۆهه‌ڵدا، ئه‌وه موڵكی خاوهنزهویەكه خۆیه‌تی، ده‌نا موڵكی دۆزهرهوهكهیهتی، كه ده‌بێته یه‌كه‌مین خاوه‌نی نوێی. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی شافیعییه. كه پێم وایه په‌سه‌ندتره چونكه بێ كێشه چاره‌سه‌ری كردووه بۆچی ببێته موڵكی خاوه‌ن زه‌ویه‌كه كهگهنجینهكه خۆی هی سه‌رده‌مانی زووەو له‌وانه‌یه كاتێك دفن بووبێت كه خاوه‌ن زه‌ویه‌كه له دایك نه‌بووبێت.
٤- له زه‌ویه‌كدا دۆزیوێتییه‌وه كه بووه به موڵكی خۆی:[5] به كڕین یان به پشكهمیرات، یان به دیاری، دراوێتییه، یان به شێوه‌یتر.. ئه‌مه دوو بۆچوونی له‌سه‌ره:
أ- ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیك ده‌فه‌رموون موڵكی خاوه‌نه‌كه‌ی پێشووتره، ئیمامی ئه‌حمه‌د لایه‌نگریانه، به مه‌رجێك نیشانه‌كانی هه‌ڵدات.. واته بیسه‌لمێنێت كه مافی پێوه‌یه‌تی.
ب- ئیمامی شافیعی هه‌روه‌كو حاڵه‌تی پێشوو ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی پێشووی زه‌ویه‌كه یان پێشووتر یان له‌ویش پێشووتر نیشانیان هه‌ڵدا، ئه‌وه هی ئه‌و كهسهیانه. ده‌نا موڵكی دۆزهرهوهكهیهتی، هه‌ر وه‌كو دۆزراوهیتره.
٥- له (دار الحرب) دا دۆزیوێتییه‌وه:
- ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌سێك بوون دۆزیبوویانه‌وه، ئه‌وه حوكمی ده‌سكه‌وتی جه‌نگ (غه‌نیمه‌ت)ـە وحوكمیشی هه‌ر حوكمی غه‌نیمه‌ته له دابهشكردنییدا.
- ئه‌گه‌ر ته‌نها خۆی دۆزیبوویه‌وه، ئه‌وه شه‌رعناسان تێیدا دوو بۆچوونن.[6]
أ- موڵكی خۆیه‌تی (دۆزهرهوهكهی). ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمام ئه‌حمه‌ده، كه ده‌یچوێنێت به زه‌وی مردووی بێخاوه‌ن.
ب- ئه‌گه‌ر خاوه‌ن زه‌ویه‌كی بۆ ئاشكرابوو، كه كافرێكی شهڕانییهو زه‌ویه‌كه‌ی ده‌پارێزێت، ئه‌وه حوكمی غه‌نیمه‌ت وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر وا نەبوو ئه‌وه حوكمی (ریكاز)ی هه‌یه (گه‌نجینه‌ی دۆزراوه‌ی بن زه‌وی) ئه‌مه‌ش بۆچوونی سێ پێشهواكهیتره (ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیك و شافیعی) له‌گه‌ڵ هه‌بوونی تهفسیلاتێك له دیدو بۆچوونیاندا.
* له ریكازدا نه نيصاب مه‌رجه، نه تێپه‌ڕ بوونی ساڵێك:
ئه‌و كاته‌ی گه‌نجینه دفنهكهی ناو زه‌وی ده‌دۆزرێته‌وه، نرخه‌كه‌ی هه‌ر چه‌ند بێت، پێنجیه‌ك (١لهسهر٥ی) لێ دهردەكرێت و هه‌ر ئه‌و كاته‌ش ئه‌و بڕه‌ی تێدا فه‌رزده‌بێت.. چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه فه‌رمووی (..وَفِي الرِّكَازُ الْخُمْسُ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ واته: پێنج یه‌ك له ریكاز ده‌درێت. نه نيصابی دیاری كردووه‌و نه تێپه‌ڕبوونی ساڵ. ئه‌مه‌ش بۆچوونی جمهوره والْحَمْدُ لِلَّهِ.
بڕگه‌ی دووه‌م: پێنج یه‌كی ریكاز به‌كێ ده‌درێت؟
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه رێكن كه هه‌ر كه‌سێك گه‌نجینه‌یه‌كی بێخاوه‌نی له ژێرزه‌ویدا دۆزیه‌وه، (٤لهسهر٥ی) بۆ خۆی ده‌بێت، بەڵام له دابه‌شكردنی (١لهسهر٥ی) باقییهكهیدا بوون به خاوه‌نی دووبۆچوون.[7]
بۆچوونی یه‌كه‌م: ده‌درێت به‌وانه‌ی زه‌كاتیان پێ ده‌شێت:
ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئه‌حمه‌ده كه ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر بیدات به هه‌ژاران له‌سه‌ری لاده‌چێت. به‌ڵگه‌یان ئه‌و ریوایهتەیە كه عبدالله ی كوڕی بیشری خهثعهمی گێڕاوێتیه‌وه كه کابرایه‌كی هۆزه‌كه‌یان كه ناوی (حه‌جه‌مه) بووه له ناوچه‌ی (جیبانهتو بیشر) له كوفه، له دێرێكی كۆندا كوپهڵهیهكی دۆزییه‌وه، كه چوار هه‌زاری درهه‌می تێدابوو، منیش كوپهڵهم هه‌ڵگرت و چوومه خزمه‌ت عه‌لی كوڕی ئه‌بوطالیب، فه‌رمووی بیكه به پێنج به‌شه‌وه. منیش كردم. سه‌یدنا عه‌لی به‌شێكی هه‌ڵگرت و چوار بهشهكهیتری دامه‌وه.. كه وویستم بڕۆم بانگیكردم فه‌رمووی: دراوسێی هه‌ژارو دهسكورتت هه‌یه؟ عهرزمكرد (پێمووت) به‌ڵێ، فه‌رمووی دهبگره، ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر ئه‌واندا دابهشكه[8] واته: (١لهسهر٥ ـەكهی) ته‌رخانكرد بۆ هه‌ژارو ده‌ستكورته‌كان، چونكه حوكمی وه‌كو حوكمی سامانی زه‌وی دا.. وه‌كو بەرهەمی چاندنێك.
بۆچوونی دووه‌م: وه‌كو (فهی) دابه‌شده‌كرێت:
واته وه‌كو سامانی كافران كه ده‌كه‌وێته ده‌ست موسوڵمانان بهبێجهنگ. دابه‌شكردنه‌كه‌شی به‌سه‌ر ئامادهبوواندایه. ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیك و ریوایهتێكی بۆچوونی ئه‌حمه‌ده، كه ئیبنوقودامه پشتگیرییكردووه. به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش ئه‌و ريوایهتهی شه‌عبییه رەحمەتی خوای لێبێت كه ده‌فه‌رموێ: (کابرایه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی مه‌دینه بڕی هه‌زار دیناری له‌ژێرزه‌ویدا دۆزیه‌وه، هێنایه خزمه‌ت عومه‌ری كوڕی خەططاب خوا لێی رازی بێت، سه‌یدنا عومه‌ر پێنجیه‌كی لێ هه‌ڵگرت، باقییه‌كه‌ی دایه‌وه به كابرا، ئینجا پێنجیهكهكهی دابه‌شكرد به‌سه‌ر ئه‌و موسوڵمانانه‌ی له خزمه‌تیدا بوون، بەڵام دوایی بڕێكی لێ مایه‌وه، پرسی كوا خاوه‌ن دیناره‌كه له‌كوێییه؟ كابرا هه‌ستایه سه‌ر پێ، سه‌یدنا عومه‌ر پێی فه‌رموو: وه‌ره باقی پێنجیهكهكه وه‌رگره پاره‌ی خۆته).[9]
دیاره ئه‌گه‌ر حوكمی وه‌كو زه‌كات بوایه باقی (١لهسهر٥ ـەكهی) نه‌ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ كابراو حه‌تمه‌ن له دابهشكردنەكهشیدا ده‌گه‌ڕا به دوای ههژارتردا، وه‌كو عاده‌تی خۆی خوا لێی رازی بێت.
شێخی ئه‌لبانی رەحمەتی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: (به راستی له فه‌رمووده‌دا لایه‌نگرێتی هیچ رەفتارێكیانم نه‌بینیووه، بۆیه پێده‌چێت وه‌كو له: (احكام الركاز)دا باسمكردووه، بگه‌ڕێته‌وه به‌رده‌ست پێشه‌وا خه‌لیفه‌كه، به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت له كوێدا بوو له‌وێی داده‌نێت.. ئه‌مه بۆچوونی ئهبوعوبهیدە كه له الأموال دا دهریبریووه).[10]
پێم وایه بۆچوونی شێخی ئه‌لبانی بە رەحمەت بێت په‌سه‌ندتر بێت بەتایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت (بیت المال) ئه‌ركی زۆری لهسهرەو ئه‌و جۆره سامانانهش شایه‌نی ئه‌وێن وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
*** *** ***
[1] یۆرانێوم مادده‌یه‌كی زۆر دژواره كه ئێستا له چه‌كی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌تۆم و سارووخ و تەنانەت لە فیشهكیشدا به‌كاردێت. گه‌ردیله‌یه‌كی یۆرانیۆم كه له گوللـهیەکدا به‌كار هاتبێت (١٤٩ سەدوچلونۆ) ملێون ساڵی ده‌وێت تا ئاسه‌واری خراپی نامێنێت!! ئیحتیلالی ئه‌مریكایی و ئیسرائیلی له بۆمبای بچوك و فیشه‌كی چه‌كی سووكیشدا به‌كاری ده‌هێنن!.
[2] بوخاری ١٤٩٩ موسلیم ١٧١٠.
[3] ئەبوداوود ١٧١٠، نەسائی ٢٤٩٤، ترمذی ١٢٨٩، ئیمامی شافعي: المسند ٦٧٣ ئیمامی ئەحمەد ٢/٢٠٧ شێخی ئەلبانی رحمەاللە دەفەرموێ: حەسەنە.
[4] المسبوط ٢/٢١٤ فتح القدير ٢/١٨٣ الام ٢/٤١ المجموع ٦/٤١ المغني ٣/٤٩.
[5] المسبوط ٢/٢١٢ المدونة ١/٢٩٠ المغني ٣/٤٩ الام ٢/٤٤ المجموع ٦/٤٠.
[6] المغني ٣/٥٠، المدونة ١/٢٩١، المسبوط ٢/٢١٥، المجموع ٦/٤٠.
[7] الام ٢/٤٤، المسبوط ٢/٢١٢، المدونة ١/٢٩٢ المغني ٣/٥١.
[8] عبدالرزاق ١٧٩ الطحاوي له شرح المعاني ٣/٣٠٤ بەیهەقی ٤/١٥٧ بە سەنەدێكی زەعيفەوە.
[9] ابوعبيد الاموال ل٨٧٤ سەنەدی ئەميشيان زەعيفە .
[10] ئەلبانی: تمام المنة ل٣٧٨.