هاوسەرێتی

پێناسه‌ی هاوسه‌رگیرى

 

بڕگه‌ى یه‌كه‌م: پێناسه‌ى هاوسه‌ر گیرى:

 

خاڵى یه‌كه‌م

پێناسه‌ى زمانه‌وانی و كاریگه‌ریی ڕاجوێیی تێیدا:

-  له‌ كوردییدا:

هاوسه‌رگیرى له‌ كوردیدا وشه‌یه‌كى زۆر جوان و پڕاو پڕى وشه‌ى (زواج)ى عه‌ره‌بییه، هاوسه‌رگیرى دامه‌زراندنى هاوبه‌شیانه‌ى خێزانه‌ له ‌لایه‌ن هه‌ر دوو هاوسه‌ره‌وه‌.

به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ (ژن) و (مێرد) ده‌وترێت هاوسه‌ر،كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ سه‌ریان به‌ سه‌رى یه‌كتره‌وه‌ نابێت ڕازو نیاز و خوشه‌ویستیان ئاوێته‌ى یه‌كتر كردووه، من له‌م نوسینه‌دا بۆ توخم(امرأة‌/نساء) ده‌ڵێم ئافره‌ت تا جوداى بكه‌مه‌وه‌ له‌ (الزوجة) كه‌ پێى ده‌ڵێم ژن.

كه‌واته‌ ده‌ڵێم مافى ئافره‌ت بۆ توخمى ئافره‌تانه، بەڵام ده‌ڵێم مافى ژن واته‌ به‌سه‌ر مێرده‌كه‌یه‌وه‌ یان مافه‌كانى ترى كه‌ خاوه‌ن مێرد بوونى بۆى ئیزافه‌ كردووه‌.

 

-  له‌ عه‌ره‌بیدا:

- له‌ زمانه‌وانیدا: عه‌ره‌ب هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ زاراوه‌ى (الزواج) و (النكاح) یان بۆ هاوسه‌ر گیرى داناوه‌.

الزواج: پۆل و جۆرو جووت و هاوتوخم و ته‌واو كارى توخمى جودایه‌.به‌ دوو شتى لێكچوو ده‌ڵێن (زوج) واته:‌ جووت/جووته، بەڵام دیاره‌ خودى جوتیش ته‌واو كارى یه‌كترن، وه‌كو جووته‌ گۆره‌ویی و جووته‌ پێڵاو،یان ته‌واوكارى یه‌كترن بەڵام لێكیش جیاوازن و هه‌ر پێكه‌وه‌ به‌كاردێن، ده‌شێت پێچه‌وانه‌ى سروشتى یه‌كتر بن وه‌كو شه‌و و ڕۆژ،سه‌رما و گه‌رما، تاڵ و شیرین،ژن و مێرد.[1]

 

ووشه‌ى (زوج) به‌م مانایه‌ زۆر له‌ قورئاندا هاتووه‌ وه‌كو :

 

(خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا ....) یس/٣٦،(مِن كُلِّ فَاكِهَةٍ زَوْجَانِ ....)الرحمن/٥٢ ، (مِن كُلِّ زَوْجٍ بَهِيجٍ ....) الحج/٥.

 ئه‌مانه‌ به‌ مانای دووانه‌یه‌كى پێكه‌وه‌ كه‌ یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن به‌ ژن و مێردیش ده‌وترێت (الزوجان). وه‌كو بۆ سه‌یدنا ئاده‌م علیە السلام فه‌رمووى: (اسْكُنْ أَنتَ وَ زَوْجُكَ الْجَنَّةَ.....)البقرة/٣٥،نەيفه‌رموو (زوجتك) چونكه‌ (زوج) هاوسه‌ره‌ هه‌م پیاوه‌كه‌یه‌ كه‌ مێردى ژنه‌كه‌یه‌ هه‌م ژنه‌كه‌یه‌ كه‌ ژنى ئه‌و مێرده‌یه[2]‌. بۆیه‌ ده‌فه‌رموێ: (حَتَّى تَنكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ .....) البقرة/٢٣٠ ، واته‌ تا ئافره‌ته‌كه‌ شوو به‌ مێردێكى تر ده‌كاته‌وه، له‌ هه‌ولێر ده‌قا و ده‌ق ده‌وترێت (تا مێردێكى دى ده‌كاته‌وه‌).

- له‌ كۆى (زوج)دا كه‌ به‌ماناى هاوسه‌ر بێت یان به‌ ماناى مێرده‌كان بێت ده‌وترێت (أزواج) بەڵام بۆ ژن و مێرد ده‌وترێت (زوجات)[3]. له‌ زیاتر له‌ بیست فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ كه‌ ژن (زوجة)یه‌ وه‌كو: (هَلْ لَكَ زَوْجَة)؟ ژنت هه‌یه‌..بەڵام له‌ قورئاندا هه‌ر (زوج)بۆ هه‌ردووكیان به‌كار هاتوه،له‌گه‌ڵ ووشه‌ى ژنیش وه‌كو(امْرَأَتُ عِمْرَانَ) یان مێرد (بَعْل):(وَهَذَا بَعْلِي شَيْخًا .....)هود/٧٢ ، ژنى سه‌یدنا ئیبراهیم علیە السلام فه‌رمووى: ئه‌وه‌ مێرده‌كه‌مه‌ كه‌ پیره‌.

شه‌رعناسان له‌ باسه‌كانیاندا هه‌ر (زوج) و (زوجة‌) به‌ كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ى ڕسته‌كانیان تێكه‌ڵى و پێكه‌ڵى دروست نه‌كات وه‌كو بڵێیت (من حق الزوج) كه‌ نازانرێت مه‌به‌ست له‌ مێرده‌كه‌یه‌ یان ژنه‌كه‌. بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ (زوج)بۆ پیاوه‌كه‌ به‌كار دێنن.

 

(زوج) له ‌ ژمێریاریدا به‌رامبه‌ر تاكه‌كانه‌ (١،٣،٥،٧) كه‌ ده‌بێته‌ (٢،٤،٦،٨).

ده‌بێ به‌ جووته‌كه‌ بوترێت (زوجان)بەڵام خه‌ڵكى به‌هه‌ڵه‌ ده‌ڵێن (زوج) كه‌ له‌ ڕاستیدا (زوج)یه‌كێكیانه[4]. خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنْثَى .....) النجم/٤٥

پێغه‌مبه‌رى خواش صَلَّى اللهُ علَيه وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (مَنْ أَنْفَقَ زَوْجَيْنِ فِي سَبِيل اللَّه... قِيلَ : وَمَا زَوْجَانِ؟ قَالَ : فَرَسَانِ أَوْ عَبْدَانِ أَوْ بَعِيرَانِ ) واتە: هه‌ر كه‌سێك جوتێكى له‌ پێناوى خوادا به‌خشى.... عه‌رزیان كرد: جووتێك چیه‌؟ فه‌رمووى: دوو ئه‌سپ ، یان دوو كۆیله‌،یان دوو حوشتره‌.

النكاح:  له‌ زمانه‌وانیدا (النِّكَاح هُوَ الضَّمُّ وَالْجَمْعُ) وه‌كو: تَنَاكَحَتِ الأشْجَارُ [5]...

- له‌ زاراوه‌ییدا: به‌و گرێبه‌سته‌ (عقد) ده‌وترێت كه‌ له‌ نێوان پیاوێك و ئافره‌تێكدا ده‌به‌سترێت،كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان ببێته‌ هاوسه‌رى ئه‌وى تریان.(بۆیه‌ به‌ ماره‌كردنیش وتراوه‌(نكاح) چونكه‌ به‌ مۆڵه‌تى شه‌رع ژن و پیاوه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌بن وه‌كو دوو تاكى ده‌رگایه‌كیان لێدێت)[6]

 

ماره‌ییه‌كه‌ گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یه‌ یان گواستنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ نووستن؟

شه‌رعناسان له‌ دیاریكردنى وەڵامی ئه‌مه‌دا ڕاجوێ بوون، بێگومان هه‌ر خاوه‌ن بۆ چونێكیشیان ئه‌حكامى له‌سه‌ر وەڵامه‌كه‌ى داڕشتووه‌.  بۆیه‌ زانین و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى گرنگه‌:

- حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون: حه‌قیقه‌تى مارییه‌كه‌ پێكه‌وه‌نوستنیانه،گرێبه‌سته‌كه‌ واتایی (مجاز‌)ە[7].

پێشه‌وایانى زمانه‌وانى عه‌ره‌بیش وه‌كو ئه‌زهه‌ریی و جه‌وهه‌ریی و ئیبنوسعيدەش لایه‌نگرى ئه‌م بۆچونه‌ن.[8] كه‌ ده‌فه‌رموون گرێبه‌ستى ماره‌ییه‌كه‌ ڕیگاى پێكه‌وه‌ نووستن و سه‌ر جێش(جماع)كردنه‌كه‌یه‌. بۆیه‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا سه‌رجێكردنه‌كه‌ ماره‌كردنه‌كه‌یه‌. عه‌ره‌به‌كانیش (نكاح)یان به‌ ماناى (الوطء:جماع كردن) به‌كارهێناوه‌.[9] چونكه‌ خواى گه‌وره‌ش ئاشكرا و ڕاشكاوانه‌ فه‌رموویه‌تى:( فَإِن طَلَّقَهَا فَلاَ تَحِلُّ لَهُ مِن بَعْدُ حَتَّىَ تَنكِحَ زَوْجاً غَيْرَهُ.... )التوبة/٢٣٠، ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ى به‌ ته‌واویی ته‌ڵاقییدا (هه‌رسێ ته‌ڵاقه‌كه‌ى كه‌وت)بۆی نییه‌ بیهێنێته‌وه‌ مه‌گه‌ر مێرد به‌ كه‌سێكى تر بكاته‌وه‌ و لێى بێوه‌ژن ببێته‌وه‌ ئینجا ئه‌میان بۆى هه‌یه‌ بیهێنێته‌وه‌.. كه‌وابوو مێردكردنه‌وه‌كه‌ مه‌به‌ست سه‌رجێكردنى مێرده‌ دووه‌مه‌كه‌یه‌ له‌ گه‌ڵیدا نه‌ك هه‌ر گرێبه‌ستى ماره‌كردنى.

 

- شافعیه‌كان و حه‌نبه‌لیه‌كان به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌فه‌رموون:حه‌قیقه‌تى ماره‌كردن گرێبه‌ستى هاوسه‌ر گیرییه‌كه‌یه‌:

به‌ڵگه‌شیان ئه‌مانه‌یه[10]:

١- له‌ هه‌موو به‌كارهێنانى ووشه‌ى (نكاح)دا له‌ قورئان و سوونه‌ت و زاراوه‌ى دابونه‌ریتى عه‌ره‌بدا هه‌ر به‌ماناى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى هاتووه‌ جگه‌ له‌و تاكه‌ شوێنه‌ى:( فَإِن طَلَّقَهَا فَلاَ تَحِلُّ لَهُ مِن بَعْدُ حَتَّىَ تَنكِحَ زَوْجاً غَيْرَهُ .....) البقرة/٢٣٠.

 

٢- راغیبى ئه‌سفه‌هانى ده‌فه‌رموێ: ئه‌سڵى(نكاح) گرێبه‌سته‌كه‌یه، له‌وێوه‌ خوازراوه‌ بۆ سه‌رجێيكردن (جماع)[11]

٣- ئایه‌تى: (الزَّانِي لا يَنكِحُ إِلاَّ زَانِيَةً أَوْ مُشْرِكَةً وَالزَّانِيَةُ لا يَنكِحُهَا إِلاَّ زَانٍ أَوْ مُشْرِكٌ ....) النور /٣-٤ واتە:  پیاوى زیناكار غه‌یرى ئافره‌تى زیناكار ماره‌ناكات، ئافره‌تى زیناكاریش به‌ غه‌یرى پیاوى زیناكار مێرد ناكات.. ده‌فه‌رموون: ڕۆشنه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ سه‌ر جێیی (جيماع)كردن نییه‌ له‌گه‌ڵییدا.

به‌ڵكو مه‌به‌ستى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یه، چونكه‌ ڕه‌وانبێژیی و پاكى و بڵندى شێوازى قورئان زۆر دووره‌ له‌وه‌ى مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ بێت كه‌ پیاوى داوێنپیس هه‌ر ده‌بێ بڕوات زینا له‌گه‌ڵ ئافره‌تى داوێنپیسدا بكات!

٤- به‌ كۆرپه‌ى زینا ده‌‌وترێت (ولد السفاح) بەڵام بۆ ماره‌ كراو ده‌وترێت (ولد النكاح).بۆ كه‌نیزه‌ش (ژنه‌ كۆیله‌)ده‌وترێت (لازوجة و لامنکوحة) نه‌ ژنه‌ و نه‌ ماره‌ كراوه‌. ئه‌مه‌ و جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ لاى زۆر له‌ شه‌رعناسان مه‌رجه‌ ووشه‌ى (نكاح) له‌ گرێبه‌ستدا هه‌بێت.[12]

كاریگه‌رى ئه‌م ڕاجوێییه‌ له‌ كوێدایه؟

كاریگه‌رى ئه‌م ڕاجوێییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك زیناى له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكدا كرد له‌ لاى حه‌نه‌فییه‌كان له‌ باوك و ئه‌ولادى كابرا حه‌رام ده‌بێت، بەڵام شافعییه‌كان ده‌فه‌رموون هه‌ر یه‌كه‌یان بۆى هه‌یه‌ ماره‌ى بكات یان كه‌سێك ته‌ڵاقدانى ژنه‌كه‌ى خۆیی به‌ (نیكاح)ە ‌وه‌ به‌ستۆته‌وه،لاى شافعییه‌كان به‌ ته‌واو بوونى ماره‌كردنه‌كه‌ ته‌ڵاقه‌كه‌شى ده‌كه‌وێت بەڵام لاى حه‌نه‌فییه‌كان ماره‌ى كردووه‌و هه‌موو ماوه‌ى ده‌ستگیرانییه‌كه‌ش پێكه‌وه‌ ده‌بن تا دواى گواستنه‌وه‌(یان پێش گواستنه‌وه‌)سه‌رجێى(جيماع)ى له‌گه‌ڵ ده‌كات،ئه‌و كات تەڵاق ده‌كه‌وێت.[13]

 

ڕاى په‌سه‌ند:

ئیمامى ئیبنو ته‌یمیه‌ دواى توێژینه‌وه‌ و شیكاریی و به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ى هه‌ر دوولا ده‌فه‌رموێت زاراوه‌ى (نكاح) كه‌ له‌ شه‌رعدا دێت مه‌به‌ست لێى هه‌ردووكیانه‌(ماره‌كردن)و(سه‌رجێيكردن)وه‌كو له‌ ماناى یه‌كه‌مدا ده‌فه‌رموێ: (فَانْكِحُوا ما طابَ لَكُمْ مِنَ النِّساءِ ....) النساء/٣ ، یان  (حَتَّى تَنكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ ....) البقرة/٢٣٠له‌ فه‌رمووده‌كه‌شدا هاتووه‌: (يا مَعْشَرَ الشَّبَابِ من اسْتَطَاعَ مِنْكُمْ الْبَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ.....) واتە: هۆ گه‌نجینه‌ هه‌ر كه‌سێكتان تواناى هه‌بوو ژن بهێنێت.

 كه‌وا بوو فه‌رمان پێدراوه‌ كه‌ هاتنه‌دى مه‌به‌سته‌، كه‌ مه‌به‌ست له‌ ژن هێنان و شووكردنیش حه‌ڵاڵێتى سه‌رجێكردنه‌.هه‌ر وه‌كو به‌ كه‌سێك ده‌وترێت:خواردنێكم بۆ بكڕه‌.مه‌به‌سته‌كه‌ هه‌ر كڕینه‌كه ...

كاتێكیش كه‌ له‌ شه‌رع (نكاح)ێك حه‌رام ده‌كات هه‌م گرێبه‌سته‌كه‌ى حه‌رام ده‌كات هه‌م چوونه‌ لاى وه‌كو ده‌فه‌رموێ: ( وَلاَ تَنكِحُواْ مَا نَكَحَ آبَاؤُكُم مِّنَ النِّسَاءِ .....) النساء /٢٢ واتە: ئه‌و  ژنانه‌ ماره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ژنى باوك و باپیرى خۆتان بوون . به‌و مانایه‌ش ده‌فه‌رموێ:  (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَاتُكُمْ وَبَنَاتُكُمْ .....) النساء/٢٣ واته‌ دایكتان و كچه‌كانتان لێتنان حه‌رام كراوه،حه‌رامكراوه‌  ماره‌ كرێن حه‌رام كراوه‌ سه‌ر جێییان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

كه‌وا بوو ئه‌وه‌ى به‌ر هه‌ڵستى لێدەكرێت هه‌ر خراپه‌كارییە گەورەکە نیە (كه‌ سه‌ر جێیه‌ حه‌رامه‌كه‌یه‌) به‌ڵكو ڕیگاكه‌شیه‌تى كه‌ ماره‌ كردنه‌كه‌یه.[14]

 

خاڵى دووه‌م

پێناسه‌ى زاراوه‌یی (زواج):

ئیبنوعابدینى حه‌نه‌فى ده‌فه‌رموێ: (گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى بریتییه‌ له‌ كۆى عه‌رزكردن و قبوڵ كردن، یه‌كێكیان هاوسه‌رگیریه‌كه‌ عه‌رز ده‌كات(ئاماده‌یی تێدا دەر‌ده‌بڕێت)و  ئه‌وى تریان قبوڵى ده‌كات، یان یه‌ك كه‌س له‌ جێى هه‌ر دووكیان ده‌بێت كه‌ سه‌رپه‌رشتیارى گرێبه‌سته‌كه‌یه‌.[15]

ئه‌م پێناسه‌یه‌ دوو لایه‌نى گرێبه‌سته‌كه‌ و (ایجاب) و (قبول)ى باسكردووه‌.

ئیجاب: له‌فزی ڕه‌زامه‌ندى نیشاندانى سه‌رپه‌ریشتیارى ئافره‌ته‌كه‌یه‌ وه‌كو ده‌ڵێ: وا كچه‌كه‌ى خۆم دایتێ هاوسه‌رت بێت.

 قبوڵ : ڕه‌زامه‌ندى نیشاندانى لایه‌نه‌كه‌ى به‌رامبه‌ره‌ كه‌ بۆ نموونه‌ ده‌ڵێ: ڕازیم..كه‌ وابوو گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیریی كۆى ئه‌م ئیجاب و قبووڵه‌یه‌ و به‌ ته‌نها لایه‌نێكیان نایه‌ته‌دى، وه‌كو ئه‌وه‌ى باوكى كچه‌ بڵێ وا كچه‌كه‌ى خۆم دایتێ ماره‌ى بكه‌یت، بەڵام به‌رامبه‌ر بێده‌نگ بێت و هیچ نه‌ڵێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌میان بڵێ داخوازى كچه‌كه‌ت ده‌كه‌م و بمده‌رێ، باوكى كچه‌كه‌ش هیچ نه‌ڵێ، ئه‌مه‌ داخوازییه‌ نه‌ك ماره‌ كردن.

ئیبنو عابدین كه‌ ده‌فه‌رموێ یان یه‌ك كه‌س له‌ جێى هه‌ردوكیان بێت ئه‌وه‌ له‌ مه‌زهه‌بى حه‌نه‌فیه‌كاندا جائیزه، وه‌كو ئه‌وه‌ى باوكى كچه‌كه‌ بوبێته‌ وه‌كیلى كوڕه‌كه‌ش.

- ئیبنو قودامه‌ى حه‌نبه‌لى له‌ پێناسه‌ى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیریدا ده‌فه‌رموێ: نیكاح له‌ شه‌رعدا: گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرییه‌ ئه‌گه‌ر مانایه‌كى ترمان پێ مه‌به‌ست نه‌ بوو لێى.[16]

كه‌ ده‌فه‌رموێ گرێبه‌سته‌: واته‌ له‌ نێوان دوو لایه‌ندایه، وه‌كو گرێبه‌ستى كڕین و فرۆشتن. دوو لایه‌نى ئه‌م گرێبه‌سته‌ش ئافره‌تێك و پیاوێكه، كه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوون  به‌و مه‌رجانه‌ ڕێده‌كه‌ون كه‌ ده‌بێته‌ كۆلكه‌ى هاوبه‌شى نێوانیان، ئه‌م گرێبه‌سته‌ (ڕه‌سمى بێت یان نا) ئاسه‌واریی لێده‌بێته‌وه‌ وه‌كو چێژ وه‌رگرتن له ‌یه‌كترى به‌ حەڵاڵى، ماره‌یی، مه‌سروف كێشان...

ئه‌مما ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ى ئاسه‌وارى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌ پێى ناوترێت گرێبه‌ست وه‌كو ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر سه‌فه‌ر یان ڕێكه‌وتنى چه‌ند پیاو ماقوڵێك له‌سه‌ر داخوازیی ئافره‌تێك بۆ كه‌سێك.. ئه‌مه‌ وه‌كو به‌ڵێنى گشتییه‌..

ئیبنو قودامه‌ هه‌ر به‌ كورتى پێناسه‌كه‌ى به‌ ڕوكنه‌كانیه‌وه‌ كردووه‌. وه‌كو دواییتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌ إن شاء الله.

- شێخ قاسمى له‌ پێناسه‌یدا ده‌فه‌رموێ: (هاوسه‌رگیرى گرێبه‌ستێكه‌ بۆ به‌ خاوه‌ن بوونى چێژ،واته‌:چێژ وه‌رگرتنى پیاو له‌ ئافره‌ت.[17]

ئه‌میش باسى له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو لایه‌ن ده‌بنه‌ خاوه‌نى مافى چێژ وه‌رگرتن له‌ یه‌كتریی. بەڵام به‌ته‌نیا چێژ وه‌رگرتنه‌ حەڵاڵه‌كه‌ نابێته‌ گرێبه‌ست وه‌كو چێژ وه‌رگرتنى پیاوێك له‌ كه‌نیزه‌كێك كه‌ كڕیویه‌تى. چونكه‌ مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى له‌ كڕینى كه‌نیزه‌كه‌كه‌دا به‌ خاوه‌ن بوونێتى نه‌ك خواستنى هاوسه‌رگیریی.

هه‌موو ڕه‌فتارى ڕێكه‌وتنى دوولایه‌نێكیش گرێبه‌ستى خۆى هه‌یه، كڕین ڕێكه‌وتنه‌ و گرێبه‌ستى نێوان دوو لایه‌نه، به‌كرێگرتنى خانوویه‌ك گرێبه‌ستى مامه‌ڵەیه‌كه‌ كه‌ به‌ كرێدانه‌.. وه‌ هه‌روه‌ها..

شه‌رعناسانى سه‌رده‌م باسى ئاسه‌وارى گرێبه‌سته‌كه‌یان له‌ پێناسه‌كه‌دا ده‌رخستووه‌ وه‌كو شێخ على حه‌سبواللە ده‌فه‌رموێ: ( ڕێكه‌وتنێكه‌ به‌ مه‌به‌ستى چێژ وه‌رگرتنى هه‌ریه‌ك له‌ هاوسه‌ره‌كان لەوی تر   ئه‌نجام ده‌درێت تا ببنه‌ هاوده‌نگى یه‌كترو به‌ شێوه‌یه‌كى شه‌رعى وه‌چه‌ بخه‌نه‌وه‌).[18] ئه‌مه‌ش دیاره‌ كه‌ گاریگه‌رى ئایه‌ته‌كه‌ى زیاتر پێوه‌ دیاره‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: ( وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً ..... )الروم/٢١ واتە: له‌ نیشانه‌ى خواى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ توخمى خۆتان هاوسه‌رى بۆ خه‌لق كردوون تا ئارامیتان له‌ كه‌ناریدا ده‌ستكه‌وێت وه‌ دڵتان پێیان سوكنا ببێت، هه‌ر خواى گه‌وره‌شه‌ كه‌ سۆز و به‌زه‌یی له‌ نێوانتاندا(ژن و مێرد)دروست كردووه‌.



[1] لسان العرب (٢/٦١)، المصباح المنير(ل ٢٥٨).

[2] لسان العرب(٢/٦٠)المصباح (ل ٢٥٩). 

[3] البصائر ذوي التمييز(٣/١٤٢)، المفردات في غريب القرآن( ل٢١٦).

[4] السان العرب(٢/٦٠)،المصباح المنير (ل ٢٥٩)،التعريفات(ل ١٢١)،المفردات(ل ٢١٦).

[5] مغنى المحتاج(٣/١٢٣).

[6] أنيس الفقهاء (ل ١٥٤).

[7] حاشية ابن عابدين(٣/٥)

[8] لسان العرب (٣/٧١٤)،الروضة البهية(٢/٢).

[9] جواهرالإكليل (١/٢٧٤).

[10] مغنى المحتاج(٣/١٢٣)، كفايةالآخيار(٢/٦٥)، المغنى(٧/٣٣٣).

[11] المفردات(ل ٥٠٥).

[12] المغني (٧/٣٣٣).

[13] مغني المحتاج (٣/١٢٤)، ابن عابدين (٣/٥).

[14] مجموعة الفتاوی ( ٧/٤٢١) (٣٢/١١٣).

[15] حاشية ابن عابدين (٣/٣).

[16] المغني(٧/٣٣٣).

[17] انيس الفقهاء (ل١٤٥).

[18] علي حسب اللە: الزواج في الشريعة الإسلامية (ل٣٣).

2270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/10/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.