بانگه‌واز

له‌ ژێر ئاڵای لا اله‌ الا الله دا

داعیيه‌ ئیسلامیيه‌كان ده‌بێت ئاشكراو راشكاوانه‌ لا اله‌ الا الله كه‌یان مانا كه‌ن ، ئه‌مه‌ راسپارده‌ی خوایه‌و وا له‌ گه‌ردنیاندا .. ده‌بێت وه‌كو روون كردنه‌وه‌و ئاشكرا كردنی نوح و پێغه‌مبه‌رانی دوا تر سه‌لامی خوایان لێ بێت بیخه‌نه‌ روو .. ده‌بێت حه‌قیقه‌تی ئه‌م شایه‌تمانه‌ وه‌كو خۆی بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌یان كه‌ن .. چونكه‌ شایه‌تمان یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌ی باوه‌ڕو روكنی ئیسلامه‌تییه‌ .. پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێ : {خَيرُ مَا قُلْتُ أنَا والنَّبيُّونَ مِنْ قَبْلِي: لا اله إلا اللهُ وَحْدَهُ لا شَريكَ لَهُ لَهُ الْمُلْكُ ولَهُ الحَمْدُ وهو عَلَى كُلِّ شَيءٍ قَديرٌ} واته‌ : باشترین شتێك من و پێغه‌مبه‌رانی پێش من ووتبێتمان (لا اله إلا الله وَحْدَهُ لا شريكَ لَهُ لَهُ الُملْكُ ولَهُ الحَمْدُ وهو عَلى كُلِّ شيءٍ قَديرٌ)ـه‌ . یه‌عنی شایه‌تیدان كه‌ هیچ خوایه‌كی تر نیه‌ شایانی په‌رستن بێت جگه‌ له‌ الله‌ ، ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌و سوپاس و ستایش هه‌ر بۆ ئه‌و ده‌كرێت و هه‌ر ئه‌ویش به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا زاڵه‌ ..

شایه‌تی (لا اله‌ الا الله ) شایه‌تیه‌كه‌ خه‌ڵكانێك ناڕه‌حه‌ت ده‌كات و خه‌ڵكانێكی تر ده‌تۆقێنێت..! خه‌ڵكانێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر فریوودان و چه‌واشه‌كاریی دامه‌زراندووه‌ ، له‌ بانگه‌وازی ئه‌م شایه‌تمانه‌ ده‌ترسن ، ده‌زانن كه‌ به‌ شایه‌تمان لێیان ده‌سێنرێته‌وه‌ !! به‌ڵام ئه‌م شایه‌تمانه‌ روون كردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌وێت، تا ئه‌وی ده‌یه‌وێت موسوڵمان بێت شایه‌تمانه‌كه‌ بهێنێت و بڕیاری له‌سه‌ر بدات و ئاشكرا بیڵێت  ده‌بێت هه‌ر واش بیڵێت كه‌ مافی خۆی بداتێ، یه‌عنی به‌و شێوه‌یه‌ بووترێت كه‌ خوای گه‌وره‌ وویستوێتی بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت . به‌و شێوازه‌ش كه‌ محمد صلی الله علیه وسلم ئیعلانی كردووه‌و روونی كردۆته‌وه‌.  ئینجا ئه‌وی شایه‌تمان ئاوا دێنێت با له‌سه‌ر كۆسپی رێی ئارام بگرێت و ته‌حه‌ممولی ئه‌و ناسۆرانه‌ بكات كه‌ تاغووتان ده‌یهێننه‌ رێی تا ئه‌و زه‌مانه‌ی خوای گه‌وره‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌گه‌ێنێته‌ ئه‌و قۆناغی كات و شوێنه‌ی كه‌ خۆی بڕیاری له‌سه‌ر داوه‌..

   ئه‌گه‌ر موسوڵمانان ( لا اله‌ الا الله )یان به‌ مانای حه‌قیقه‌تی خۆی وه‌رگرت ، به‌ راستی داخڵی ئیسلامه‌تیه‌كه‌ ده‌بن وبه‌ موسوڵمان ده‌ژمێررێن .. جا ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌ فه‌رمایشته‌ی خوایان به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت كه‌ ده‌فه‌رموێ : {وَلَن يَجْعَلَ اللّهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلاً} النسا‌ء/141 واته‌ خوای گه‌وره‌ سه‌رپه‌رشتیاری موسوڵمانان ناداته‌ ده‌ست كافران . ئه‌م به‌ڵێنه‌ی خوا حه‌تمییه‌ ، ئه‌مه‌ په‌یمانێكی خوایه‌ كه‌ له‌م گه‌ردوونه‌دا  له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕو حه‌قیقه‌تی كوفردا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌.

به‌ڵام ده‌بێت هه‌ر ده‌م ئاگامان له‌وه‌ بێت حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕ تێكه‌ڵ به‌ دیارده‌و رواڵه‌تی باوه‌ڕ نه‌كه‌ین. حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕو رواڵه‌تی باوه‌ڕ دوو شتی لێك جودان..

حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕ: حه‌قیقه‌تێكی چه‌سپاوو نه‌گۆڕه‌ ، وه‌كو حه‌قیقه‌تی رێساكانی تری گه‌ردوونه، كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌رون و ئه‌و كردارو ره‌فتارو هه‌ڵوێستانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ مرۆڤی ئیمانداره‌وه‌ ده‌رده‌چن.. حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕ راستیه‌كی زۆر گه‌وره‌و مه‌زن و كاریگه‌ری بوون و ژینه‌، به‌ تایبه‌تی له‌و كاتانه‌دا كه‌ رووبه‌ڕووی كوفر ده‌بێته‌وه، ئه‌میان له‌ملاوه‌ چه‌سپاوو جێگیرو دابینی گه‌ردوونه‌و ئه‌ویان نامۆو بێ په‌ناو لێك ترازاوه‌، گه‌رچی هه‌میشه‌ كوفر له‌ ره‌نجی ئه‌وه‌دا یه‌ كه‌ باوه‌ڕو باوه‌ڕداران بهێنێته‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆی تا بوونی سه‌ربه‌ستی خۆیان نه‌هێڵێت و زه‌لیلیان كات.

 به‌ڵام كاتێك كه‌ حه‌قیقه‌تی باوه‌ڕ ده‌بێته‌ باوه‌ڕێكی دیارده‌و رواڵه‌ت:  ئیدی كوفر به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت، چونكه‌ ململانێكه‌ بووه‌ ململانێی حه‌قیقه‌تی كوفرو رواڵه‌تی باوه‌ڕ ! ئیدی حه‌تمه‌ن حه‌قیقه‌ت (كه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا راستی كردووه‌ ) به‌سه‌ر رواڵه‌تدا زاڵ ده‌بێت، چونكه‌ باوه‌ڕه‌ رواڵه‌ته‌كه‌ هه‌ر خۆفش كردنه‌وه‌و لاف وگه‌زافی ئینتیما بوو..! ئه‌مه‌ش سروشت و ته‌بیعه‌تی هه‌موو شتێكه‌. با ئه‌ویان بشڵێت من باوه‌ڕم و ئه‌و كوفره‌..

كه‌وا بوو ئه‌ركی سه‌رشانی داعیانی ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تی (لا اله‌ الا الله) به‌ ته‌واوی و وه‌كو خۆی روون كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ بناغه‌ی یه‌كه‌می بنیاتنانی عه‌قیده‌و ویژدانی موسوڵمانه‌و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ بناغه‌ی بنیاتنانی سه‌رله‌نوێی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی ، دیسانه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م حه‌قیه‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ بناغه‌ی خیلافه‌تی ئیسلامی له‌سه‌رزه‌وی . 

تاغووته‌كان به‌ درێژایی مێژوو زۆر باش له‌وه‌ حاڵی بوون كه‌ ئه‌و (لا اله‌ الا الله)یه‌ی موسوڵمانان ده‌یڵێن یه‌عنی چی ؟! به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ ره‌نجی كپ كردنی ئه‌و ئیعلانه‌دا بوون و هه‌ن ، ناهێڵن ئه‌و بانگه‌ ئیسلامیه‌ سه‌رڕاسته‌ به‌ گوێی خه‌ڵكیدا بدرێت . كه‌ دراش هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن لێی حاڵی نه‌بن ، تا ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ر به‌ كۆیله‌یی به‌ره‌و دیدو نه‌ریت و سیستم و یاسای خۆیان كێش كه‌ن .. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت داعیانی ئیسلام ئاڵای (لا اله‌ الا الله)كه‌ به‌رز راگرن و له‌سه‌ر رێبازی قورئان و شێوازی بانگه‌وازه‌كه‌یان خۆ گرن ، به‌رده‌وام بێ ترس و بیم حه‌قیه‌قه‌ته‌كه‌ی روون كه‌نه‌وه‌ ، با ده‌رسی خه‌بات و ئارامی و قوربانی دانیش له‌و كه‌ڵه‌ پیاوچاكانه‌ی پێش خۆیانه‌وه‌ وه‌رگرن كه‌ ئه‌م ئیسلامه‌ له‌ كاروانی بانگه‌وازی خۆیدا ریزی كردوون ..

3128 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.