بۆچی بانگه‌واز بكه‌ین: به ڕاستی كاری بانگه‌واز بۆ لای خوا له فیقه و ورد بونه‌وه‌یه له ئایینی خوادا، فیقی بانگه‌وازیش بۆ لای خوا سبحانه‌وتعالی له بانگه‌وازی گه‌وره نییه، واته: له فیقی ئه‌حكام و به‌شه‌كانی دین نییه، به‌ڵكوو فیق‌و تێگه‌یشتنی هه‌ره‌گه‌وره‌یه بۆ دین كه: ته‌وحید و یه‌كخواپه‌رستی خوایه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كان حوكم و فه‌رمانی مه‌به‌سته‌كانیان هه‌یه (الوسائل له‌م حكم المقاصد)، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رێزترین و گه‌وره‌ترین كارێك له‌م ئایینه‌دا بریتیه له ته‌وحید و ناسینی خوا به تاك و ته‌نهاو بێ هاوه‌ڵ، وه بانگه‌وازیش هۆكارو رێگه‌یه‌كه بۆ یه‌كخواپه‌رستی خوا، له به‌ر ئه‌وه ده‌بێته گه‌وره‌ترین فیق‌و تێگه‌یشتن و ورد بوونه‌وه له دیندا، به‌م پێیه ده‌بێته فیقی هه‌ره‌گه‌وره كه له سه‌ر بانگخوزان و قوتابیانی علیم ئه‌رك و واجبه كه بیزانن، وه هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌فه‌رموێت: {من یرد الله به خیراً یفقهه فی ا‌لدین) واته: هه‌ركه‌س خوا خێری بۆی بوێ ئه‌وه له دین شاره‌زای ئه‌كات و ورده‌كاری پێ ئه‌به‌خشێ}.. به‌ڕاستی په‌یڕه‌وی بانگه‌واز بۆ لای خوا دینه، له ته‌وحیدو یه‌كخواپه‌رستی ناپچڕێت و جیانابێته‌وه، هه‌روه‌ها له فه‌رمانه خواییه‌كانشه و به‌شێكه لێیان، شوێنكه‌وتن و پێهه‌ڵگرتنی پێغه‌مبه‌ره صلی اللە علیە وسلم نه‌ك بیدعه‌و داهێنان. خوای گه‌وره ئه‌م ئایینه‌ی بۆ هه‌موو كات و شوێنێك هێناوه‌ته خوارێ، فه‌رزی كردووه له سه‌ر مرۆڤ كه شوێنكه‌وته‌ی بن و باوه‌ری پێ بێنن تا ئه‌وكاته‌ی خوا زه‌وی و ئه‌وه‌ش كه تێیدایه ده‌یباته‌وه، حاڵ و بار‌و دۆخه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگۆڕێت ئه‌م بنه‌ما جێگیرانه‌ن كه بۆ بانگه‌واز بۆ لای خوا پێویسته له سه‌رمان كه شوێنیان بكه‌وین و بیانكه‌ینه به‌رنامه‌ی ژیانمان، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌گه‌ر بانگخوازان له سه‌ری ڕۆشتن و قوتابیان و زانست دۆستان به‌جێیان هێنا به هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی و دووبه‌ره‌كی ناكه‌وێته نێوانیان و ده‌بنه یه‌كڕیزو یه‌ك وته‌و یه‌ك مه‌به‌ست به یارمتی خوا، ته‌نها له‌و شتانه‌دا جیاواز ده‌بن كه جیاوازی و ڕاجودایی تێدایاندا دروسته و كارێكی ئیجتیهادیه. ئایه‌ته‌كانی قورئان په‌یڕه‌و و مه‌نهه‌جێكی ئێجگار ته‌واو و تێروته‌سه‌لمان ده‌ده‌نێ له چۆنیه‌تی و شێوازی بانگه‌وازماندا بۆ لای خوا، مه‌به‌ست له بانگه‌واز ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، چۆنیه‌تی و شێوازی بانگه‌واز ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، وه ئه‌و هۆكاره پله‌پله‌ییانه چین كه ده‌بێ بیگرێننه به‌ر له بانگه‌وازدا، هه‌روه‌ها ئینتماو خۆدانه‌پاڵی بانگه‌واز ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، وه ئه‌وه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كامه ئێمه ناتوانین په‌ی پێ به‌رین و بیزانین، به‌ڵكوو ئه‌وانه ده‌یزانن و شاره‌زاییان لێی هه‌یه كه له علیم وزانستدا ڕۆچوون و قوڵ بوونه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر باش ورد بوینه‌وه له كتێبی خوا‌و به په‌ندو ئامۆژگاری ته‌واومان له چیرۆك و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران وه‌رگرت له بانگه‌وازدا، ئه‌وه به‌ڕاستی عیلم و تێگه‌یشتن و وردبوونه‌وه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌مان ده‌بوو له زانست و زانیاری بانگه‌واز بۆ لای خوادا، به جۆرێك كه هه‌رچی كۆشش و هه‌وڵ و ئیجتیهادێكی ئێمه له بانگه‌وازدا نه‌ئه‌گه‌شته ئه‌و ڕادده‌و سنووره. جا ئه‌و بنه‌ماو بنچینه‌یه‌ی له بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌راندا سه‌لامی خوایان لێ بێ، دووباره ده‌بنه‌وه، ئه‌م فه‌رموودانه ئایا به‌ڵگه‌و ده‌لاله‌تی خۆیان نییه؟ نرخ و به‌های خۆیان نییه؟ ئه‌گه‌ر بیرمان كرده‌وه كه بۆ لای كێ بانگ ده‌كه‌ین؟ ئێمه بۆ لای خوا بانگ ده‌كه‌ین، جا ئایا هیچ بانگخوازێكی ئیسلامی هه‌یه ئه‌مڕۆ بڵێ: من بانگه‌شه بۆ لای خوا ناكه‌م؟ به‌ڵام له ڕاستیدا تێیاندایه كه بانگه‌واز بۆ لای خوا ناكات، جا یان به ڕه‌هایی یان به چڵك و پڵكێك كه لێی نیشتووه. كه‌واته یه‌كه‌م كارێك كه پێویسته بیزانین، مه‌به‌ست له بانگه‌وازه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه بۆ خوایه‌و له به‌ر خوایه، خۆ ئه‌گه‌ر بانگخوازانی ئیسلام هه‌موویان بانگه‌وازه‌كانیان –هه‌مووی- بۆ خوا بوایه‌و پابه‌ند بوونایه به ڕێگه‌و ڕێبازی پێغه‌مبه‌ره‌وه صلی الە علیە وسلم به هیچ جۆرێك جیاواز نه‌ده‌بوون و په‌رته‌وازه نه‌ده‌بوون. به‌ڵام ئایا هه‌موو بانگخوازێك بانگه‌واز بۆ لای خوا ده‌كات؟ هه‌یه كه بانگه‌واز بۆ لای جگه له خوا ده‌كات، به‌ڵام بانگه‌واز بۆ لای خوای كردۆته په‌رده‌و هۆكارێك بۆ كاره‌كه‌ی، نه‌یكردۆته مه‌به‌ست و ئاواتی، به‌ڵكوو كردویه‌تیه هۆكارو وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بانگ ده‌كات، جا ئاگای لێ بێت و بیزانێ، یان نه‌فام و بێ‌ئاگا بێ به‌و كاره‌ی. هه‌یه بانگه‌واز ئه‌كات بۆ لای كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو، واش گومان ئه‌بات كه بانگه‌واز بۆ لای خوا ده‌كات، ئه‌گه‌ر پرسیاریشی لێ بكه‌یت ده‌ڵێ: من بانگ ده‌كه‌م بۆ لای خوا. هه‌یه بانگه‌واز ئه‌كات بۆ ڕای خۆی به تایبه‌تی، یان بۆ لای ڕای كه‌سانی تر، یان شێخه‌كه‌ی، یان كۆمه‌ڵه‌كه‌ی، یان پێشه‌نگه‌كه‌ی كه جگه له پێغه‌مبه‌ری خوای صلی اللە علیە وسلم كردۆته پێشه‌نگی خۆی، پێشت ده‌ڵێ: من بانگه‌واز ئه‌كه‌م بۆ لای خوا. هه‌یه بانگه‌واز ئه‌كات بۆ ئیجتیهادو كۆششی خۆی، یان ئیجتیهادی جگه له خۆی، با هه‌قیش بێ با به‌ڵگه‌شی له‌گه‌ڵ بێ، به‌ڵام ده‌یه‌وێ له ڕوانگه‌ی ئیجتیهاده‌كه‌ی ئه‌وه‌وه بۆ به‌ڵگه‌و ده‌قه شه‌رعیه‌كان بڕوانرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لافی ئه‌وه لێ ده‌دات كه بانگه‌واز بۆ لای خوا ئه‌كات . بانگخوازی سەرکەوتوو کێیە؟ ن: عبداللە خاکی