بنەماکانی شەرع

ده‌رگای ئیجتیهاد دانه‌خراوه‌

له ‌ناو مه‌لای كوردا ئه‌و قه‌وله‌ به‌قه‌ده‌ر ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ به ‌پیرۆز سه‌یركراوەو كاری پێكراوه‌ كه‌ ده‌ڵێ (ده‌رگای ئیجتیهاد داخراوه‌) بەڵام وانییه‌، چونكه‌ ئیجتیهاد هه‌ڵوێستێكی ئوممه‌ته‌و به‌رده‌وامه‌ و ناوه‌ستێت وه‌كو زانایان ده‌ڵێن: (لَنْ تخْلُوَ الأَرضُ مِنْ قَائِمٍ لِلَّهِ بحُجَّةٍ) واته‌: سه‌ر زه‌وی له ‌زانای خواوویستی به‌هانه‌ بڕ هه‌رگیز چۆڵ نابێت، پێغه‌مبه‌ری خواش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (لَا تَزَالُ طَائِفَةٌ مِنْ أُمَّتِي ظَاهِرِينَ عَلَى الْحَقِّ لا يَضُرُّهُمْ مَنْ خَذَلَهُمْ حَتَّى يَأْتِيَهُمْ أَمْرُ اللَّهِ وَهُمْ كَذَلِكَ)موسلیم واته‌: كۆمه‌ڵێك له‌ ئوممه‌ته‌كه‌م به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م دینه‌ حه‌قه‌ به‌ ئاشكرایی ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌وی له ‌سه‌ریان ناكاته‌وه‌ زیانیان پێ ناگه‌ێنێت، هه‌رواش ده‌مێننه‌وه‌ تا فه‌رمانی (سه‌ركه‌وتنی) خوای گه‌وره‌ دێت .  

طَائِفَة: له‌كوردیدا كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ بەڵام له ‌عه‌ره‌بییدا بۆ یه‌ك كه‌س و زیاتره‌ واته‌ یه‌ك تاك كه‌س و كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ر پێیان ده‌وترێت طَائِفَة.[1]

   فه‌رمووده‌كه‌ جه‌خت له‌وه ‌ده‌كاته‌وه‌ كه ‌سه‌ر زه‌وی له‌ هیچ زه‌مانێكدا له‌ حه‌قبێژ چۆڵ (خاڵی) نابێت، حه‌تمه‌ن له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا حه‌قناس هه‌یه‌ كه‌ موناقه‌شه‌ی باتڵ بكات و به‌هانه‌ی پێبڕێت و ئیقامه‌ حوجه‌ بكات، ئه‌مه‌ش بوارێكی تری ره‌حمه‌ت و به‌زه‌یی خوایی په‌روه‌ردگاره‌ به‌ خه‌ڵكی و به‌ڵگەشێتی له‌سه‌ر که‌لـله ‌ره‌ق و لاده‌رو سه‌ختگیره‌كان، تا له‌ قیامه‌تدا به‌هانه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بێت بڵێن جا خۆ موسوڵمان ده‌بووین و حه‌قمان وه‌رده‌گرت ئه‌گه‌ر حه‌قناس له ‌ناوماندا بوایه‌ و بۆی روون بكردینایه‌ته‌وه‌ ..

   ئیبنولقه‌یم رحمه‌الله ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رموویه‌تی: (لَا تَزَالُ طَائِفَةٌ مِنْ أُمَّتِي ظَاهِرِينَ عَلَى الْحَقِّ) واته‌: كۆمه‌ڵێك له‌ ئوممه‌ته‌كه‌م هه‌روا به‌رده‌وام له‌سه‌ر حه‌قناسی دینه‌كه‌ ده‌مێننه‌وە..  

   عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب خوا لێی رازی بێت دەفەرموێت: سه‌ر زه‌وی له ‌زانای خواوویست و حه‌قناس خاڵی نابێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی خوای گه‌وره‌ به‌تاڵ نه‌بنه‌وه‌ و ئیهمال نه‌كرێن و نه‌خرێنه ‌لاوه‌، تا نیشانه‌و به‌ڵگه‌كانی به‌رده‌وام به ‌خه‌ڵكی بناسرێن.[2]

   ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌قه‌كان به‌رده‌وامن و كۆتایی نایه‌ن، رووداوو هه‌ڵوێستیش به‌رده‌وام له ‌روودان و ده‌ركه‌وتندان، روداوی وا هەیه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مانی سه‌له‌فدا روویداوه‌ و ئه‌وانیش هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ده‌ربڕیووه‌، روداوی واش هه‌یه‌ له ‌سه‌رده‌مانی ئه‌واندا نه‌بووه‌ و هه‌ڵوێستی ئه‌وانی له‌سه‌ر نه‌بووه‌، كه‌وابوو حه‌تمه‌ن هه‌ر ده‌بێ موجته‌هیدی زانا و حه‌قناس له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكی دوای ئه‌واندا هه‌بێت كه‌ روداوه‌كان شیی كاته‌وه‌و راو هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ده‌رببڕێت، موجته‌هیده‌كه‌ش كه‌ شاره‌زایی له ‌شه‌رع و شێوازی لێوه‌رگرتن له‌شه‌رع هه‌یه‌و واقیعه‌كه‌ی له ‌به‌رچاوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ له‌واقیعه‌كه‌دان ده‌ناسێت، واته‌ عورف و داب و نه‌ریت و زمانیان، به‌مه‌ش هه‌رسێ ئالییه‌تی فه‌تواكه‌ی لاكۆ ده‌بێته‌وه‌ (تێگه‌یشتنی ده‌ق، واقیعناسی، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌قه‌كه‌یان له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێنرێت) ئه‌وجا ڕا و هه‌ڵوێستی شیاو ده‌رده‌بڕێت.. هه‌بوونی ئه‌م شه‌رعناسه‌ زانا و حه‌قبێژه‌ له ‌ناو نه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رده‌مێكدا زه‌رووره‌ته‌، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵكەكه‌ له‌ پشێویی نه‌زانی و گه‌ڕه‌لاوژێی ڕاو بۆچوونی بێ به‌ڵگه‌دا ده‌مێننه‌وەو به‌ڵگه‌ی خوای گه‌وره‌ش له‌سه‌ر خه‌ڵكەكه‌ نامێنێت.. ئه‌مه‌ش شیاو نییه‌ .

   شێخ عبدالرحمن بن حه‌سه‌ن ئالی شه‌یخ له‌ (فتح المجید) دا ده‌فه‌رموێ: ئیمامی ئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموێ: كه‌ ده‌رگای ئیجتیهاد داناخرێت چونكه‌ هه‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رفراز (الطائفة‌ المنصورة‌) له‌ هه‌موو زه‌مانێكدایه‌.[3] ئه‌مه‌ بۆچوونی زۆرینه‌ی شه‌رعناسانی حه‌نبه‌لییه ‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی جمهوری شه‌رعناسانه[4] ‌چونكه‌ جمهور ده‌فه‌رموون: ده‌شێت زه‌مانێك بێت موجته‌هیدی تێدا نه‌بێت، به‌ڵگه‌ی جمهور ئه‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كه‌ عبدالله‌ی كوڕی عه‌مر خوالێیان رازی بێت ده‌رباره‌ی فه‌وتان و دیار نه‌مانی زانستی شه‌رعی گێڕاوێتیه‌وه‌، مه‌رفوعه‌و ده‌فه‌رموێ: (إِنَّ اللَّهَ لاَ يَنْزِعُ العِلْمَ بَعْدَ أَنْ أَعْطَاكُمُوهُ انْتِزَاعاً، وَلَكِنْ يَنْتَزِعُهُ مِنْهُمْ مَعَ قَبْضِ العُلَمَاءِ بِعِلْمِهِمْ، فَيَبْقَى نَاسٌ جُهَّالٌ، يُسْتَفْتَوْنَ فَيُفْتُونَ بِرَأْيِهِمْ، فَيُضِلُّونَ وَيَضِلُّونَ).[5] واته‌: خوای گه‌وره‌ ئه‌و زانستیه‌ی پێی به‌خشیون مه‌فحی ناكاته‌وه‌ له‌ ناوتاندا، بەڵام به ‌مراندنی زاناكان زانستیه‌كه‌ش نامێنێت، كه‌ زاناكان مردن خه‌ڵكێكی نه‌زان ده‌مێننه‌وه‌ كه‌ داوای فه‌توایان لێ بكرێت، ئه‌مانیش به‌گوێره‌ی ڕاو بۆچوونی خۆیان فه‌توا ده‌ده‌ن، ئاوا هه‌م خۆیان گومڕا ده‌بن، هه‌م خەڵك گومڕا ده‌كه‌ن .

   له ‌به‌راوورد كردنی بۆچوونی ئیمام ئه‌حمه‌د و ئیمامه‌كانی تردا، یان مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی و سێ مه‌زهه‌به‌كه‌ی تردا ده‌بینی بۆچوونی حه‌نبه‌لییه‌كان و به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌یان به‌و فه‌رمووده‌یه‌ به‌هێزترو په‌سه‌ندتره‌، چونكه‌ هه‌ردوو فه‌رمووده‌كه‌ی له ‌خۆ گرتووه‌، والله اعلم .

   ئه‌مه‌ش كه ‌تێبينی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه ‌كه‌ زه‌مان دوای زه‌مان موجته‌هیدو شه‌رعناسی شاره‌زا كه‌متر بوونه‌ته‌وه‌، له ‌ناو هه‌موو گه‌ل و میلله‌تێكی ئوممه‌تی ئیسلامییدا ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی زه‌قه‌و دیاره‌، موفتی نه‌زان و چه‌واشه‌كاریش زۆر زۆر بوون كه‌ خۆیان به‌ زانست و ئیجتیهاددا هه‌ڵواسیوه‌ بێ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌لایه‌تیش بشێن! بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حه‌تمه‌ن هه‌ر ده‌بێت شه‌رع ناسی شاره‌زاو حه‌قناس و حه‌قبێژ له‌ هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا و له‌ هه‌موو كات و شوێنێكدا هه‌ر هه‌بن، با كه‌متریش بن له‌ موجته‌هیدو شه‌رعناسانی شاره‌زای زه‌مانی پێشووتریش سازدانی ئه‌م دووفه‌رمووده‌یه‌ پێكه‌وه، فه‌رمووده‌كه‌ی لای ئه‌نه‌سیش دێته‌ پاڵیان و پشت ڕاستی بۆچوونی حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.. فه‌رمووده‌كه‌ی ئه‌نه‌س  ده‌فه‌رموێ : (مِنْ أَشْرَاطِ السَّاعَةِ أَنْ يَقِلَّ الْعِلْمُ وَيَظْهَرَ الْجَهْلُ...).[6] واته‌: له ‌نیشانه‌كانی رۆژی دوایی ئه‌وه‌یه‌ كه ‌زانستی شه‌رعی کەم ‌دەبێته‌وه‌ و نه‌زانین ده‌رده‌كه‌وێت دیسان هه‌ر له ‌ئه‌نه‌سه‌وه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تری مه‌رفوع هاتووه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: (اِصْبِرُوا فَإِنَّهُ لَا يَأْتِي عَلَيْكُمْ زَمَانٌ إِلَّا الَّذِي بَعْدَهُ أَشَرٌّ مِنْهُ حَتَّى تَلْقَوْا رَبَّكُمْ).[7] واته‌: ئارام  بگرن هه‌ر زه‌مانێكتان به ‌سه‌ردا دێت، زه‌مانی دوایی ئه‌و خراپتره‌ (أَشَرٌّ) تـا ئه‌و كاته‌ی به ‌خوای گه‌وره‌ ده‌گەن .

   ئیبنوحه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی رحمه‌الله له ‌راڤه‌ی ووشه‌ (أَشَرٌّ مِنْهُ) دا ده‌فه‌رموێ: (ئه‌م به‌گشتی كردنه ‌لای هه‌ندێك له ‌زانایان ئیشكالێكی دروست كردووه‌ چونكه‌ زه‌مانی وا هه‌یه‌ كه‌ خراپه‌ كاریی تێدا كه‌متره‌ له ‌زه‌مانه‌كه‌ی پێش خۆی، خۆ ئه‌گه‌ر زه‌مانی عومه‌ری كوڕی عبدالعه‌زیز به‌ نموونه‌ بهێنرێته‌وه‌ كه‌ له‌ دوای زه‌مانی حه‌ججاجی كوڕی یوسفی سه‌قه‌فییه‌، نموونه‌یه‌كی واقیعییه‌) تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌فه‌رموێ: (پاشان ریوایه‌تی عبدالله‌ی كوڕی مه‌سعوودم بینی كه ‌تێیدا راشكاوانه‌ ئاماژه ‌به‌ ماناكه‌ ده‌كات و شایانیشه‌ وه‌رگیرێت، له ‌رێی شه‌عبی و ئه‌ويش له ‌مه‌سرووق و ئه‌میش له‌ عبدالله‌ی كوڕی مه‌سعووده‌وه‌ خوالێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: (لَا يَأْتِي عَلَيْكُمْ زَمَانٌ إِلَّا وَهُوَ أَشَرُّ مِمَّا كَانَ قَبْلَهُ، أَمَا إِنِّي لَا أَعْنِي أَمِيرًا خَيْرًا مِنْ أَمِيرٍ وَلَا عَامًا خَيْرًا مِنْ عَامٍ وَلَكِنْ عُلَمَاؤُكُمْ وَفُقَهَاؤُكُمْ يَذْهَبُونَ ثُمَّ لَا تَجِدُونَ مِنْهُمْ خَلَفًا، وَيَجِيءُ قَوْمٌ يُفْتُونَ بِرَأْيِهِمْ) واته‌: هه‌ر زه‌مانێكتان به‌سه‌ردا دێت خراپتر ده‌بێت له ‌زه‌مانی پێشووتری، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌میرێك باشتره‌ له ‌ئه‌ميرێك، یان ساڵێك باشتره‌ له‌ساڵێكی تر، مه‌به‌ستم زاناو شه‌رعناسه‌كانتانه‌ كه‌ كۆچی دوایی ده‌كه‌ن و نامێنن هی تریان له ‌پاش به‌جێ نامێنێت، ئه‌وجا كۆمه‌ڵێكی تر دێن و به‌ ڕاو بۆچوونی خۆیان فه‌توا ده‌ده‌ن.. له ‌ریوایه‌تێكی تردا هاتووه‌كه:‌ (وَمَا ذَاكَ بِكَثْرَةِ الْأَمْطَارِ وَقِلَّتِهَا وَلَكِنْ بِذَهَابِ الْعُلَمَاءِ، ثُمَّ يُحْدِثُ قَوْمٌ يُفْتُونَ فِي الْأُمُورِ بِرَأْيِهِمْ فَيَثْلِمُونَ الْإِسْلَامَ وَيَهْدِمُونَهُ).[8] واته‌: ئه‌وه ‌كه‌ به‌ر زۆری ناوچه‌كان و به‌رفراوانی یان كه‌مبوونی ناوچه‌كان و ته‌سكبونه‌وه‌ی رووبه‌ری ووڵات نییه‌، به‌ڵكو به‌ نه‌مانی زاناكانه‌، كه ‌ئه‌وان نامێنن پاشان خه‌ڵكانێك دێن و فه‌توا به‌راو بۆچوونی خۆیان ده‌ده‌ن و ئاوا‌  كه‌لێن ده‌خه‌نه‌ ئیسلامه‌وه‌ تا تێك و پێكی ده‌ده‌ن ..

   نه‌مانی زانایان و شه‌رعناسان هه‌موویان، بە جۆرێك كه‌ موجته‌هیدێك نه‌مێنێتەوە ئه‌مەش‌ له‌ كۆتایی زه‌ماندایه‌، ئه‌و كاته‌ كه ‌شنه‌با خۆشه‌كه‌ (الریح الطیبة‌) دێت و گیانی هه‌ر هه‌موو موسوڵمانانی سه‌ر زه‌وی ده‌كێشێت، ئیتر هه‌ر كافران ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای هاتنه ‌خواره‌وه‌ی سه‌یدنا عیسایه‌ سه‌لامی خوای لێ بێت كه ماوه‌یه‌ك له ‌ناو موسوڵماناندا ده‌مێنێته‌وه‌ و ئینجا كۆچی دوایی ده‌كات.. تا موسوڵمان نامێنێت و خراپه‌كاران ده‌مێنن ئه‌و كاته‌ش قیامه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا دێت.. هه‌ڵهاتن و هاتنی ئه‌و شنه‌ با خۆشه‌ كۆتا كاتی ده‌سته‌ سه‌رفرازه‌كه‌ (الطائفة‌ المنصورة‌)یه‌ ئه‌مه‌ش هه‌موو له‌و باسه‌دایه‌ كه‌ له ‌نێوان عبدالله‌ی كوڕی عومه‌رو عوقبه‌ی كوڕی عامردا خوالێیان رازی بێت روویدا كه‌ ئیمامی موسلیم نه‌قڵی كردووه.[9]

   محمدی كوڕی ئیبراهیم ئه‌لوه‌زیری یه‌مانی گونجاندنێكی دووروو درێژو باسی له ‌نێوان فه‌رمووده‌كاندا كردووه‌.[10]

   سوودێكی تریش له ‌پێكه‌وه‌ سازاندنی -دووفه‌رمووده‌كه‌دا هه‌یه‌- فه‌رمووده‌ی داماڵینی زانستی شه‌رعی و نه‌مانی له‌گه‌ڵ فه‌رمووده‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رفراز(الطائفة المنصورة‌).. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانایان و شەر‌عناسانی حه‌قناس و جوامێر كه‌ فه‌رمووده‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رفراز ئاماژه‌یان پێ ده‌كات هه‌ڵده‌ستن به ‌ئه‌ركی خۆیان كه ‌بریتیه‌ له‌ ره‌ت كردنه‌وەو ره‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌ ده‌ربڕاوه‌كان و كه‌شف كردنی گومڕاییه‌كان و ڕوون كردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌كانی رێبازی حه‌ق تا دیدو هه‌ڵوێستی هه‌مووانی به‌رامبه‌ر ئاشكرا ببێت كه ‌له‌ فه‌رمووده‌ی فه‌وتان و نه‌مانی زانستی یه‌كه‌دا هاتووه‌ .

ئه‌مه‌ش له‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوادا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رۆشنه‌ كه ‌ده‌فه‌رموێ: (يَحْمِلُ هَذَا الْعِلْمَ مِنْ كُلِّ خَلَفٍ عُدُولُهُ، يَنْفُونَ عَنْهُ تَحْرِيفَ الْغَالِينَ، وَانْتِحَالِ الْمُبْطِلِينَ، وَتَأْوِيلِ الْجَاهِلِينَ) پێشتر قسه‌مان لێوه‌كرد .

   شێخ محمد حامد الفقی رحمه‌الله له‌و نامیلكه‌یەیدا (لزوم اتباع مذاهب الأئمة حسماً للفوضى الدينيية)دا ده‌فه‌رموێ: كه ڕێ له‌ ئیجتیهاد گیراوه‌، (ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه‌ كاری پێ بكه‌ین و پێوه‌ی پابه‌ند بین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌رعناسه‌كانمان رحمهم الله بڕیاریان له‌سه‌ری داوه‌ كه‌ ئیجتیهادی گشتی له‌ ئه‌حكامه‌كاندا قه‌ده‌غه‌كراوه‌، به ‌تایبه‌تی له ‌دوای تێپه‌ڕ بوونی چوار سه‌دساڵ به‌سه‌ر كۆچی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌رماندا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له ‌مه‌ككه‌وه‌ بۆ مه‌دینه).[11]

   شێخ محمد حامد الفقی (كه‌ حه‌نه‌فی بوو) ئه‌م بۆچوونه‌ی له ‌پێشه‌وایانی حه‌نه‌فییه‌وه‌ هێنا كه‌ له‌ كتێبی (حاشیة ابن عابدین)دا باس كراوه،[12] وابزانم ئه‌وه‌ رۆشنه‌ كه‌ قسه‌یه‌كی بێ به‌ڵگه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ دیاری كردنی ماوه‌كه‌یدا.. هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له ‌قورئان یان له‌ سووننه‌ت یان له‌ كۆڕا (ئیجماع)ی ئوممه‌تی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمودانه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ته‌ئكید له ‌به‌رده‌وامێتی ده‌سته‌ی سه‌رفراز (الطائفة‌ المنصورة‌) ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌و ریوایه‌ته‌ سه‌حیحانه‌ی باس له ‌نوێكردنه‌وه‌ی دینه‌كه‌ ده‌كه‌ن .

   شێخ حامد ره‌حمه‌تی خوای لێبێت دواتر ده‌فه‌رموێ: (هه‌ر كه‌سێك له‌م زه‌مانه‌ی ئێمه‌دا لاف و گه‌زافی ئیجتیهادی گشتی لێبدات ئه‌وه‌ حه‌تمه‌ن كه‌م ئه‌قڵ و كه‌م عیلم و كه‌م دینه)![13] ئینجا دواتر ده‌فه‌رموێ: (ڕێ له‌وه  ‌نه‌گیراوه‌ ئیجتیهاد له ‌هه‌ندێك شتی تاك كه‌سی سه‌رده‌مدا بكرێت تا حوكمی شه‌رعی بزانرێت، بەڵام ئه‌مه‌ش تاكه‌ كه‌سانێك ده‌یكه‌ن كه ‌لێره‌و له‌وێ ووڵاتانی ئیسلام ده‌یانخه‌نه ‌ڕوو، نه‌ك هه‌ركه‌س خۆی پێ زانا بێت، یان خه‌ڵكه‌ ساده‌كه‌ وابزانن زانایه).[14]

   دیاره‌ كه‌ شێخ حامد نه‌یتوانیووه‌ ڕێ له‌ ئیجتیهاد به‌ره‌هایی بگرێت و مه‌بده‌ئی ئیجتیهاد كردنه‌كه‌ی پێ ره‌فز نه‌بووه‌ بەڵام دیسان جه‌ختی لێ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م دیدو هه‌ڵوێسته‌ نه‌ ده‌قی شه‌رعی لایه‌نگرێتی و نه ‌ژیریی و هزریش، چونكه‌ روداوو واقیعی نوێ  -به ‌تایبه‌تی دوای داهێنانی ئامێرو ته‌كنەلۆژیای سه‌رده‌م- به‌رده‌وام دێنه‌ پێش و هەموو موجته‌هیدی شه‌رعی ده‌خوازن،کە فه‌توا بۆ خه‌ڵكەكه‌ بدەن له‌ سه‌ریان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه ‌راجوێیی نێوان زاناو شه‌رعناسانیش پێویستی به ‌موجته‌هیدو شه‌رعناسی شاره‌زا هه‌یه‌ تا ڕای په‌سه‌ندتریان لێ هه‌ڵبژێرێت..  والله اعلم .



[1] ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌مانای ووشه‌ نوێیەكه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌مه‌ باوه‌ڕییه‌كان ده‌گه‌ ێنێت وه‌كو طائیفة الیعة والطائفة العلویة والطائفة المارونیة یان الحرب الطائفیة والصراع الطائفي.. هه‌ر كه‌ له‌ كوردیشدا بۆته‌ (تایه‌فه‌) ئه‌مه‌ش به‌ره‌بابی ناوتیره‌ و هۆزو عه‌شره‌تییەو په‌یوه‌ندی به‌ ووشه‌ شه‌رعیه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ نییه‌..

[2] ابن القيم: اعلام الموقعين (٤/١٥٠).

[3] فتح المجيد (ل٢٨٨) طبع أنصار السنة.

[4] سێ له‌ چوار مه‌زهه‌به‌كه‌ پێی ده‌وترێت جمهور.

[5] بوخاری.

[6] بوخاری.

[7] بوخاری(١٤ /ژمارە ٧٠٦٨)

[8] فتح الباري (١٣/٢١).

[9] صحيح مسلم بشرح النووي (ب١٣/ل٦٧-٦٨).

[10] الروض الباسم (١/٣٨) طبع دار المعرفة ١٣٩٩ك.

[11] له ل (9)دا.

[12] له (1/55)دا.

[13] له ل (11-12)دا.

[14] له (ل12)دا.

2223 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/02/2017
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.