فەرموودە

شاره‌زایی دین خه‌ڵاتی خوایه

 

قَالَ حَميدُ بنُ عبدِ الرَّحمنِ سَمِعْتُ مُعاويَةَ خَطِيبَاً يقولُ: سَمِعْتُ النَّبيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّمَ يقولُ:(مَنْ يُرِدِ اللهُ بِهِ خَيراً يُفَقِّهْهُ فِي الدِّينِ) 1
واته‌: ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره‌ خێرو خۆشی كه‌سێكی بوێت، له‌ دینه‌كه‌ تێی ده‌گه‌ێنێت

..
راویه‌كه‌ی:
    سه‌یدنا معاویه‌ی كوڕی سه‌یدنا ئه‌بوسوفیانی كوڕی حه‌رب یه‌كه‌مین مه‌لیكی ئیسلام، 15 ساڵ پێش هیجره‌ت له‌ مه‌ككه‌ له‌دایكبوو، له‌گه‌ڵ باوكیدا له‌ فه‌تحی مه‌ككه‌دا موسوڵمان بوو.. ته‌مه‌نی ئه‌و كاته‌ 23 ساڵان بوو.. چه‌ند جار نوسه‌رێتی بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم كردووه‌و ریوایه‌تی فه‌رمووده‌ی له‌ سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كرو سه‌یدنا عومه‌رو خاتوو ئوم حه‌بیبه‌ی خێزانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلی الله علیه وسلم كه‌ خوشكی خۆیه‌تی گێڕاوه‌ته‌وه‌.. له‌ویشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك یاوه‌رو تابیعین ریوایه‌تیان كردووه‌ له‌وانه‌: ئیبنوعه‌بباس و عبدالله‌ی كوڕی زوبه‌یرو جه‌ریری كوڕی عبدالله‌ و ئه‌بو سه‌عیدو نوعمانی كوڕی به‌شیر كه‌ یاوه‌رن، له‌ تابعینیش ئه‌بوئیدریسی خه‌ولانی و سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب و عوروه‌ی كوڕی زوبه‌یرو سالمی كوڕی عبدالله‌ و محمدی كوڕی سیرین و ده‌یانی دیكه‌.. دواتر بوو به‌ یه‌كێك له‌ سه‌رله‌شكرانی ئیسلام، سه‌ره‌تا له‌ خیلافه‌تی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری سددیقدا خوا لێی رازی بێت كرا به‌ سه‌ر له‌شكری ئه‌و سوپایه‌ی ناردی بۆ پشتگیریی سه‌یدنا یه‌زیدی برای خوا لـێی رازی بێت كه‌ دژی رۆم له‌به‌ره‌دا بوو، دواتر بووه‌ یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ی جه‌نگی یه‌مامه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر مورته‌دده‌كان بوونه‌وه‌.. پاشان چووه‌وه‌ بۆ ته‌واو كردنی فه‌تحی كه‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست له‌ خزمه‌ت یه‌زیدی برایدا.. دواترله‌ ساڵی 21 كۆچیدا سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت كردی به‌ والی ئه‌رده‌ن و یه‌زیدی براشی كرد به‌ والی دیمه‌شق، كه‌ یه‌زیدی برای له‌ تاعوونه‌كه‌ی عامواسدا كۆچی دوایی كرد، سه‌یدنا عومه‌ر كردی به‌ والی دیمه‌شق وئیتر تا كۆچی دوایی سه‌یدنا عوسمانی كوڕی عه‌ففانیش خوا لێی رازی بێت كه‌ ساڵی 35 ی كۆچی بوو، ئه‌و هه‌ر له‌وێ به‌ والێتی مایه‌وه‌.. كه‌ سه‌یدنا عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب خوا لێی رازی بێت بوو به‌ خه‌لیفه‌ هه‌موو والیه‌كانی گۆڕین و كه‌سانی تری خسته‌ شوێنیان، به‌ڵام سه‌یدنا معاویه‌ قبووڵی نه‌كردو داوای خوێنی سه‌یدنا عوسمانیشی لێ كرد كه‌ ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك بكوژانی سه‌یدنا عوسمان بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ كاتێك سه‌یدنا عوسمان كوژرا سه‌یدنا حه‌سه‌ن و سه‌یدنا حوسه‌ینی كوڕی ئه‌و خوا لێیان رازی بێت پاسه‌وانی بوون!! ئیتر سوپایه‌كی زۆری بۆ جه‌نگی سه‌یدنا عه‌لی پێكه‌وه‌ناو شه‌ڕی سیففین (یان سه‌ففه‌ین) روویدا كه‌ موسوڵمانی زۆری له‌ هه‌ردوولا تێدا كوژراو ئه‌نجامیش وه‌ستاندنی جه‌نگه‌كه‌ بوو كه‌ له‌ قازانجی سه‌یدنا معاویه‌و له‌شكری شام هاته‌وه‌.. سه‌یدنا معاویه‌ هه‌روا له‌ شام به‌ ده‌سه‌لێتداریی خۆی به‌ والێتی هێشته‌وه‌و خۆی بینا كرد. له‌ملاوه‌ش سه‌یدنا حه‌سه‌نی كوڕی سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت بوو به‌ خه‌لیفه‌و ته‌نازولی له‌ خیلافه‌ت بۆ سه‌یدنا معاویه‌ كردو ئیتر ئه‌م به‌ ره‌سمی بوو به‌ خه‌لیفه‌و پایته‌ختی برده‌ دیمه‌شق و بوو به‌ یه‌كه‌مین خه‌لیفه‌ (یان مه‌لیك) ی ئه‌مه‌ویه‌كان كه‌ حوكمی یه‌ك له‌ دوای یه‌كیان له‌ 41 ـ 132 كۆچی به‌رده‌وام بوو ..
سه‌یدنا معاویه‌ له‌ ساڵی 60 ی كۆچیدا له‌ دیمه‌شق كۆچی دوایی كرد دوای ئه‌وه‌ی بیست ساڵ له‌ دیمه‌شق والی بوو، بیست ساڵی دیكه‌ش خه‌لیفه‌ بوو له‌ ته‌مه‌نی 78 ساڵیدا هه‌مووی بۆ یه‌زیدی كوڕی به‌جێ هێشت، كه‌ بڕیاری دا دوای خۆی ببێته‌ خه‌لیفه‌!! ئه‌مه‌شی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و په‌یمانه‌بوو كه‌ به‌ ئوممه‌ته‌كه‌ی دابوو كه‌ وا ده‌كات دوای خۆی ره‌ویه‌ی سیاسی بێته‌وه‌ سه‌ر سیستمی خوله‌فای راشدین.. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی نه‌كرد.. ئه‌مه‌شی له‌ شه‌ڕنانه‌وه‌كانی دژوارتر بوو ..


ده‌یان فه‌رمووده‌ی سه‌قه‌ت له‌ مه‌تحی سه‌یدنا معاویه‌دا هێنراونه‌ته‌وه‌ پێده‌چێت هه‌مووی دوای ده‌ست قایم كردنه‌كه‌ی بێت له‌ ده‌سه‌لێت، چونكه‌ فه‌رمووده‌وانانی وه‌كو ئیمامی زه‌هه‌بی هه‌موویان شی ده‌كاته‌وه‌و هیچیان به‌ سه‌حیح ناناسێنێت مه‌گه‌ر كه‌مێكیان ..


لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كه‌ :


1
ـ مه‌به‌ست له‌ تێگه‌یاندن و حاڵی كردن له‌ دینه‌كه‌، فێركردنی زانستی شه‌رعیه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌و زانستیه‌یه‌ كه‌ خوای په‌روه‌ردگار له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌ وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ری مه‌زنی صلی الله علیه وسلم ناردۆته‌ خواره‌وه‌، كه‌ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌دا روون كراوه‌ته‌وه‌، ئینجا له‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ لقه‌ زانستی تری شه‌رعی جوێ بۆته‌وه‌. خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ :(وَأَنزَلَ اللّهُ عَلَيْكَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَكَ مَا لَمْ تَكُنْ تَعْلَمُ وَكَانَ فَضْلُ اللّهِ عَلَيْكَ عَظِيمًا)النساء/113 واته‌ : خوای گه‌وره‌ قورئان و حیكمه‌تی بۆ ناردوویته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی نه‌شتده‌زانی ئه‌و فێری كردیت، به‌راستی فه‌زڵی خوا گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌رت .
ئیبنوحه‌جه‌ر ـ رحمه الله ـ ده‌فه‌رموێ : (زانستی شه‌رعی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانی دینه‌كه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ له‌ خواپه‌رستی و مامه‌ڵه‌و ره‌فتاردا، له‌ ناسینی خواو زانینی سیفات و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤن به‌رامبه‌ر خوای گه‌وره‌، له‌ به‌ دوور راگرتنی له‌ كه‌م و كورتی.. ئه‌وی ئه‌مانه‌ش له‌ خۆ ده‌گرێت ته‌فسیری قورئان و فه‌رمووده‌ و فیقهه‌) فتح الباری /1/141 .
2
ـ ئیمامی شاطبی ـ رحمه الله ـ ده‌فه‌رموێ : (زانستی هۆكاره‌، خۆی له‌ خۆیدا مه‌به‌ست نییه‌، به‌ڵكو هۆكاری كاركردنه‌، بۆیه‌ هه‌رچی له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و مه‌زنی و رێزی زانستی هاتووه‌ له‌به‌ر پیاده‌كردن و جێبه‌جێ كردن و كار پێ كردنه‌كه‌یه‌تی) الموافقات 1/65 چاپی دار المعرفه‌ . 
له‌ لاپه‌ڕه‌ 69 شدا ده‌فه‌رموێ: (زانستی: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لای شه‌رع په‌سه‌نده‌ ـ مه‌به‌ستم له‌وه‌یه‌ كه‌ خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم مه‌تحی خۆی و خوێندكارانیی كردووه‌ ـ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ پاڵنه‌رو هانده‌ری خاوه‌نه‌كه‌ی بۆ كار پێ كردنی، ئه‌وه‌ ئه‌و زانستیه‌ییه‌یه‌ كه‌ لێ ناگه‌ڕێت خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ كه‌یفی خۆی هه‌ڵس و كه‌وت بكات و به‌ حه‌زی خۆی كار بكات! ئه‌وه‌ ئه‌و زانستییه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ـ خۆشی بێ و ترشی بێ ـ ناچار ده‌كات پێوه‌ی پابه‌ند بێت ..(.

3ـ زانستی شه‌رع به‌ پـێی ئه‌نجامدانی دوو جۆره‌: فه‌رزی عه‌ینی و فه‌رزی كیفایه‌ :

1ـ فه‌رزی عه‌ین: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌رع داوای له‌ یه‌ك یه‌كی موكه‌لله‌فه‌كان كردووه‌ كه‌ بیكه‌ن، هیچ موكه‌لله‌فێك بۆی نییه‌ له‌جیاتی موكه‌لله‌فێكی تر بیكات. وه‌كو نوێژو زه‌كات كه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك فه‌رز بوو بێت، یان دووركه‌وتنه‌وه‌ی یه‌ك یه‌كی موكه‌لله‌فان له‌ حه‌رام .
2
ـ فه‌رزی كیفایه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ شه‌رع داوای له‌ كۆمه‌ڵێك ـ نه‌ك یه‌ك یه‌ك ـ له‌ موكه‌لله‌فان كردووه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئه‌و فه‌رزه‌یان ئه‌نجام دا، به‌شداربوونی ئه‌وانی تر له‌ ئه‌نجامدانیدا له‌سه‌ریان فه‌رز نامێنێت، به‌لێم ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك ره‌نجیان به‌ ئه‌نجامدانی فه‌رزه‌كه‌ خسته‌ كارو پێیان ئه‌نجام نه‌درا، موكه‌لله‌فانی تر نه‌هاتنه‌ یارمه‌تییان، ئه‌و كاته‌ هه‌ر هه‌موویان گوناحبار ده‌بن، چونكه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و فه‌رزه‌یان ئیهمال كردووه‌. وه‌كو فه‌رمان به‌ چاكه‌و به‌رهه‌ڵستی كردن له‌ خراپه‌و نوێژی سه‌رجه‌نازه‌و ..هتد .


4
ـ دوای زانیـنی جۆرو فه‌رزێتی زانستی شه‌رعی، ئینجا كۆمه‌ڵێك مه‌رج دێته‌ رێی قوتابی شه‌رعناسیی، له‌هه‌موویان دژوارترو گرنگترو له‌پێشتر خواوویستیی (اخلاص)ــه‌.. واته‌ خوێندنی ئه‌و زانستیانه‌ له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌.. بۆ خواناسین و خواپه‌رستی، ته‌نانه‌ت نابێت به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ش بخوێنێت كه‌ ده‌بێته‌ مه‌لاو داعی و چاوساغی خه‌ڵكی، چ جای بۆ ئه‌وه‌ی بێت پـێی بڵێن: زانایه‌!! ئه‌مه‌ ره‌نج به‌ خه‌سارییه‌.. پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێ:(مَنْ تَعَلَّمَ عِلْمَاً مِمَّا يُبْتَـغَى بِهِ وَجهَ اللهِ عَزّ وجَلَّ لا يَتَعَلَّمُهُ إلَّا لِيُصيبَ بِهِ عَرَضَاً مِنْ الدُّنيا لَمْ يَجِدْ عُرْفَ الْجَنَّةِ يَومَ الْقِيامَةِ) 2 واته‌: هه‌ر كه‌سێك زانستیه‌ك فــێر بێت له‌وه‌ی كه‌ مه‌به‌ست لـێی ناسین و په‌رستنی خوای گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و بۆ مه‌به‌ستێكی دنیایی فـێری ببێت، ئه‌وه‌ له‌ رۆژی دواییدا بۆنی به‌هه‌شتی به‌سه‌ردا نایه‌ت .. 


5
ـ مه‌رجی تر كه‌ ده‌بێت قوتابی زانستی شه‌رعیی بیزانێت و پێوه‌ی پابه‌ند بێت زۆرن به‌لێم ئێمه‌ لـێره‌دا سیانیان بۆ بـیر خستنه‌وه‌ دێنینه‌وه‌ :
ـ دڵی به‌و پله‌و پاداشته‌ خۆش بێت كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆی داناوه‌، با خۆی بخاته‌ ئه‌و ئاسته‌وه‌ كه‌ شیاوی وه‌رگرتن و گه‌یاندنه‌وه‌ی زانستی شه‌رع بێت، پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێ:(فَضْلُ الْعَالِمِ عَلَى الْعَابِدِ كَفَضْلِي عَلَى أدْنَاكُمْ)3 واته‌: پله‌و پایه‌و گه‌وره‌یی زانا به‌سه‌ر خواپه‌رستدا وه‌كو پله‌و پایه‌ی من وایه‌ به‌سه‌ر نزمترین ئاستی ئێوه‌دا!! یه‌ك ساتێك راوه‌سته‌ له‌ ئاستی ئه‌م به‌راورد كردنه‌ سه‌رنجده‌و رامێ ..
ـ هه‌میشه‌ له‌و قه‌ناعه‌ت و هه‌ست و هۆشه‌دا بێت كه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م دینه‌ به‌ هه‌بوونی زانای شاره‌زاو ئازاو بۆ خوا سوڵحاوه‌وه‌ به‌نده‌، كه‌ی زانای پسپۆڕو به‌جه‌رگ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا نه‌ما، ئیتر خه‌ڵكی دوای وێڵ ده‌بن، چونكه‌ هه‌ر كه‌س به‌ ناوی دینه‌كه‌وه‌ بانگیان بكات رووی تێ ده‌كه‌ن و ئه‌و چه‌واشه‌كارانه‌ش هه‌ڵیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن و به‌ دینه‌كه‌ سواری ملێیان ده‌بن.. : (إنَّ اللهَ لا يَقْبِضُ الْعِلْمَ انْتِزَاعَاً يَنْتَزِعُهُ مِنْ الْعِبَادِ، وَلكِنْ يَقْبِضُ الْعِلْمَ بِقَبْضِ الْعُلَمَاءِ حَتَّى إذَا لَمْ يَبْقَ عَالمٌ اتَّخَذَ النَّاسُ رُؤوسَاً جُهَّالاً فَسُئِلُوا فَأفْتَوا بِغَيرِ عِلْمٍ فَضَلُّوا وَأَضَلُّوا)4 واته‌: خوای گه‌وره‌ ئه‌م زانستیه‌ شه‌رعیه‌ به‌ له‌ ده‌ست ده‌رهێنان و راپسكان و داڕنین لانابات، به‌ڵكو به‌ نه‌مانی زانای شاره‌زا ده‌بێت كه‌ له‌ نێواندا نایهێڵَێت، ئیدی كه‌ زانایه‌ك نه‌ما شوێنی كه‌ون، ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌سانی نه‌فام و نه‌زان ده‌كه‌نه‌ پێشه‌وای خۆیان و شوێنیان ده‌كه‌ون، به‌وه‌ش گومڕا ده‌بن، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ لێیان ده‌پرسن، ئه‌وانیش به‌ بێ هه‌بوونی زانستی شه‌رعی وه‌لێمیان ده‌ده‌نه‌وه‌، ئاوا هه‌م خۆیان گومڕا ده‌بن، هه‌م ئه‌وانیش گومڕا ده‌كه‌ن ..
ـ باشتر وایه‌ قوتابی شه‌رع به‌ شێوازی فه‌قێیه‌تی زانسته‌ شه‌رعیه‌كان بخوێنێت، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌م زه‌مانه‌ی ئێمه‌دازۆر كه‌م بۆته‌وه‌.. نه‌ مه‌لا ماوه‌ فه‌قێ راگرێت و نه‌ قوتابیش په‌ی به‌ گرنگی ئه‌م شێوازه‌ ئیسلامیه‌ قه‌دیمیه‌ ده‌بات.. به‌ڵام نه‌بوونی ئه‌مه‌ نابێت ببێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه‌ قوتابییه‌كه‌ بچێته‌ لای كه‌سانی شه‌رعناس و زانینه‌كه‌ی خۆییان نیشان دات تا دڵنیابێت كه‌ زانستیه‌كانی راست و دروست وه‌رگرتوون.. ئه‌گه‌ر نه‌بوو، ئه‌وه‌ له‌به‌ر كتێبی موعته‌به‌رو متمانه‌ پێكراویش ده‌شێت زانستیه‌كه‌ وه‌رگرێت كه‌ له‌ زاراوه‌ی شه‌رع خوێندندا پێی ووتراوه‌ (ويجادة)، واته‌ وه‌رگرتـنی زانستی شه‌رع له‌ كتێبه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌یان باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی بچێته‌ لای مه‌لای مونحه‌ریف.. سوود وه‌رگرتنیش له‌ ئینته‌رنێت رێگایه‌كی زۆر باشه‌ بۆ چاوكردنه‌وه‌و شاره‌زابوون و بیرفراوانی ..


6
ـ ده‌بێ قوتابی شه‌رع كۆمه‌ڵێك سیفه‌ت هه‌یه‌ له‌ خۆیدا بیانهێنێته‌ دی، ده‌نا دوا ده‌كه‌وێت، یان ده‌ستی له‌و پله‌و ئاسته‌ به‌ڕێزه‌ گیر نابێت كه‌ خوای گه‌وره‌ بۆ زانایانی داناوه‌، له‌وانه‌ :
ـ ده‌بێ زۆر بێ هه‌واوفیز بێت له‌ وه‌رگرتنی زانستی شه‌رعدا، تا زیاتر فێربێت باشت روایه‌ هه‌ر وا خۆی نیشاندا كه‌ هێشتا ماوێتی فێر ببێت، هه‌میشه‌ خۆی له‌ ئاستێكی كه‌متردا دابنێت وه‌ك له‌وه‌ی ده‌توانێت، باشتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی خۆی بخاته‌ ئاستێكی به‌رزتره‌وه‌ كه‌ دوایی ناتوانێت ئاسان بیبڕێت و لێی ده‌بێته‌ كۆڵێكی قورس، ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات بێزار ببێت له‌ وه‌رگرتنی زانستیه‌ شه‌رعیه‌كه‌و به‌رده‌وام بوونی ..


ـ ئه‌و زانستیه‌ شه‌رعیه‌ گشتیانه‌ بخوێنێت كه‌ چاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.. پاشان هه‌وڵ بدات خۆی له‌ بوارێكدا بكاته‌ پسپۆڕ كه‌ زیاتر مه‌یلی به‌لایدا چووه‌، بۆ نموونه‌ به‌شێك له‌ هه‌موو زانسته‌كان ده‌خوێنێت ، له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت زۆری حه‌ز له‌ ته‌فسیره‌ یان له‌ فه‌رمووده‌یه‌، یان له‌ شه‌رع (فقه)ه‌.. له‌مه‌وه‌یه‌ كه‌ رێسایه‌كیان بۆ فێرخواز داناوه‌ كه‌ ده‌ڵێ: ( تَعَلَّمْ مِنْ كُلِّ عِلْمٍ شَيئَاً، وَتَعَلَّمْ مِنْ عِلْمٍ كُلَّ شَئٍ)واته‌: له‌ هه‌موو زانستیه‌ك شتێك بزانه‌و له‌ زانستیه‌كیان هه‌موو شتێك بزانه‌ .. 
ـ له‌ش سووك و هیممه‌ت به‌رز بێت، فێربوونێك كه‌ ئه‌مڕۆ بۆی لواوه‌ دوانه‌خات، كتێبێك كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستی كه‌وتووه‌و بواری سه‌یركردنی ئیهمالی نه‌كات، زۆر بایه‌خ به‌ رواڵه‌ت وپۆشاك وخۆراِزاندنه‌وه‌ نه‌دات، به‌ ده‌سكورتی زانست فێر بێت باشتره‌، قوتابی ده‌وڵه‌مه‌ند زۆر ده‌خوات و زۆر ده‌خه‌وێت و كه‌م هیممه‌ت و نازونووز زۆره‌ !
ـ نه‌بێته‌ ده‌م سپی كۆڕی شه‌رع و خۆی لێ ببێته‌ به‌رپرسی فه‌توادان، كه‌ وه‌لێمی پرسیارێكی شه‌رعی ده‌زانی باشه‌ وه‌لێمه‌كه‌ بداته‌وه‌و دوای نه‌خات.. وه‌لێمێك نه‌داته‌وه‌ تا راوبۆچوونی زانایانی له‌سه‌ر نه‌زانێت .


7
ـ زۆر پێویسته‌ خۆی له‌و سیفه‌ته‌ به‌دو ناپه‌سه‌ندانه‌ بگرێت، كه‌ له‌ ناوه‌ندی قوتابیان و زانایانی شه‌رعدا دروست بووه‌، له‌وانه‌ :
ـ وا نه‌زانێت ئاسان ده‌توانێت دین ودنیا پێكه‌وه‌ له‌ یه‌ك كاتی خوێندندا بگرێت، ناشێت دوكانداریش بێت و قوتابی شه‌رعیش! ناشێت بایه‌خی دنایی زۆر بێت و بۆ زانستی شه‌رعیش لێبڕابێت. ئه‌وه‌ لێـبڕان نیه‌ ..
ـ هه‌رگیز به‌ زیره‌كی خۆیه‌وه‌ نه‌نازێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌هره‌یه‌كی خواییه‌و دراوێتێ، به‌ ره‌نجی خۆی په‌یدای نه‌كردووه‌.. نازین به‌ زیره‌كی و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ په‌یژه‌ی بوغرابوون و خۆبه‌زلزانینه‌كه‌ی ئیبلیسه‌ .
ـ خۆی ناچار بكات له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و زانستیانه‌ش كه‌ حه‌زی لێییان نیه‌و زه‌رووین، یان ئارام بگرێت له‌سه‌ر شێوازی ده‌رس ووتنه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ له‌ شانی گرانه‌! ناشێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌جویده‌كه‌ی لا قورسه‌ بچێته‌ سه‌ر زانیاریه‌كانی قورئان! یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئوسوڵی فیقهی پێ قورسه‌ واز له‌و زانستیه‌ گرنگه‌ بهێنێت و بڵێ ده‌ی قه‌یدی نیه‌ رێسا شه‌رعیه‌كان ده‌خوێنم.. یان بابه‌تێكی تر.. ئه‌وه‌ نابێت، چونكه‌ ئه‌م زانستیه‌ شه‌رعیانه‌ پێكه‌وه‌ هۆنراونه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان خزمه‌ت به‌وانی تر بكات.. هه‌ر وه‌كو كه‌ نابێت هه‌ر ماوه‌یه‌و لای زانایه‌ك یان لای داعیه‌ك ده‌رس بخوێنێت.. ئه‌وه‌ نیشانه‌ی راڕاییه‌ كه‌ نابێت قوتابی شه‌رع هه‌یبێت .

راڤەو لێکۆڵینەوەی: مامۆستا کرێکار

پەراوێزەکان :

1 فه‌رمووده‌كه‌ سه‌حیحه‌ چونكه‌ ئیمامی بوخاری له‌ سێ شوێنی سه‌حیحه‌كه‌ی (كتاب العلم و كتاب فرض الخُمس و كتاب الاعتصام بالكتاب و السنة) و ئیمامی موسلیم له‌ دوو شوێنی سه‌حیه‌حه‌كه‌ی (كتاب الزكاة و كتاب الامارة) دا ریوایه‌تیان كردووه‌.. بێ گومان لای خاوه‌ن سونه‌نه‌كان و ئیمامی ئه‌حمه‌دو ئه‌وانی تریش هه‌یه‌ ..
2
سنن أبي داود (2/346) ژماره‌ (3664) شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی له‌ (صحيح الجامع الصغير وزيادته (1/1111) ذمارة 11104) دا به‌ سه‌حیحی ناساندووه‌ . 
3
سنن الترمذي (5/50) ژماره‌ (2685) شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی له‌ (صحيح الجامع الصغير وزيادته (1/767) ذمارة 7662) دا به‌ سه‌حیحی ناساندووه‌ .
4
بوخاری (50/1 ژماره‌ 100 ).

2541 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
06/12/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.