وەڵام: پرسیار: دەخوازین هەندێک لە ئادابی رەفتاری لەدایکبوونی منداڵمان
بۆ باس بکەیت . خوا پاداشتی خێرت بداتەوە.
وەڵام: بِسْمِ اللّهِ الرَّحْمَنِ
الرَّحِیمِ..
الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ
الْعَالَمِینَ وَ الصَّلاةُ وَ السَّلامُ عَلَی رَسُولِه الاَمِیْنِ، مُحَمَّد وَ
عَلَی آلِهِ وَ صَحبِه أَجْمَعِين.
خوای گەورە پێوقەدەمی کۆرپەکەتان
پیرۆزکات و بیخاتە ریزی پێشەوایانی پیاوچاکی ئوممەت و بیکاتە مایەی خێری بەردەوام
بۆ دایک و باوک و کەسوکاری.. ئامین
١- پێش لە دایکبوونی رەفتارێکی
موسوڵمانانەیە کە دایک و باوکی کۆرپەلەکە دوعای خێرو سەلامەتی و هیدایەت و چاکیی
بۆ بکەن. وەکو کە هاوسەری بەڕێزی عیمران علیهما السلام کە دوعای بۆ مەریەمی کچی
کردو فەرمووی: (أُعِيذُهَا بِكَ وَذُرِّيَّتَهَا مِنَ
الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ) آل عمران/٣٦.
٢- لە رۆژی یەکەمی لە دایکبوونیدا
سوننەتە بە شتێکی نەرم شیرینییەکی وەکو
هەنگوین یان شیلەی خورما بدرێت لە مەڵاشووی. ئەبوموسای ئەشعەریی خوا لێی رازی بێت
دەگێڕێتەوە: (وُلِدَ لِي غُلَامٌ فَأَتَيْتُ بِهِ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ
عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَسَمَّاهُ إِبْرَاهِيمَ فَحَنَّكَهُ بِتَمْرَةٍ وَدَعَا لَهُ
بِالْبَرَكَةِ وَدَفَعَهُ إِلَيَّ)بوخاریی (٥١٥٠)، موسلیم(٢١٤٥)
واتە: منداڵێکمان بوو. هێنامە خزمەت پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ
وَسَلَّمَ جەنابی ناوینا ئیبراهیم. ئینجا شیرینی خورمای دا لە مەڵاشووی و دوعای
بەرەکەتی بۆ کردوو دایەوە دەستم.
٣- ناونانی: سوننەتە لە رۆژی
یەکەمەوە تا رۆژی حەوتەمی تەمەنی ناوی بنێت. بێگومان دواتریش مافی خۆیانە کە
ناوێکی خۆشی بنێن کە لەگەڵ عورف و نەریتی گەل و ناوچەکەیاندا بگونجێت، ناوێک نەبێت
کە گەورەبوو شەرمی لێبکات، یان خەڵکی لێی بکەنە تانەو تەشەر.. ئەنەس خوا لێی رازی
بێت دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی: (وُلِدَ لِي اللَّيْلَةَ غُلَامٌ، فَسَمَّيْتُهُ بِاسْمِ
أَبِي إِبْرَاهِيمَ) موسلیم(٣١٢٦) واتە: خوای گەورە ئەمشەو منداڵێکی پێدام
بە ناوی باوکمەوە ناوم نا ئیبراهیم.
٤- پەسەندتر ئەوەیە بانگێک بە
گوێی راستییدا بدرێت. بانگ یان قامەتکردن بەلای چەپدا، بەڵگەیەکی وای نییە حوکمی
پێبدرێت، ئەو ریوایاتەنەی لەسەری هاتوون شێخی ئەلبانی رحمە اللە لە (السلسلة
الضعيفة/١ /٤٩١) بە زەعیفیان دەناسێنێت.
٥- سەرتاشینی: سوننەتە سەری
منداڵەکە بتاشرێت و مووەکەی بکێشرێت و بە قەدەر کێش (وەزن)ی ئەو زیوو حسێب بکرێت و
پارەکەی بکرێت بە خێر. سەلمانی کوڕی عامری ضەببی خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە
پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دەربارەی لە دایکبوونی منداڵ
دەیفەرموو: (وَأَمِيطُوا عَنْهُ الْأَذَى) بوخاریی (٥٤٧١) واتە: مووی سەری
بتاشن (ابن عبدالبر: الإستذکار/ ٥/٢٥٧)، وا نازانم سەرتاشینەکە تایبەت بێت بە کوڕەوە.
هەروەها پێم وایە زێڕیش جێ بگرێت کە لە زیووەکە بە نرخترەو سوودی هەژارانی زیاتر
تێدایە. ئەگەر ئەم کێشانەش نەکرا هەر تەقدیری بکەن بە پارە. مەرجە کەسێکی ووریاو
شارەزا سەری بە مووس (گوێزان بتاشێت) نەک بە مەکینە. واللە اعلم.
٦-خەتەنەکردنی کوڕ: خەتەنەکردن لە سوونەتە سرووشتیەکان
(سنن الفطرة)ەن. بۆ کوڕ فەرزەو بۆ کچ هیچی لەسەر نییە. نە فەرزەو نە سوننەتە.
ئەبوهورەیرە خوا لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە پێنج رەفتار سوننەتی سرووشتین. لەوانە
خەتەنەکردن: (الْفِطْرَةُ خَمْسٌ أَوْ خَمْسٌ مِنْ الْفِطْرَةِ: الْخِتَانُ
وَالِاسْتِحْدَادُ وَتَقْلِيمُ الْأَظْفَارِ وَنَتْفُ الْإِبِطِ وَقَصُّ
الشَّارِبِ)
بوخاریی (٥٥٥٠) و موسلیم (٢٥٧). واتە: واتە: پێنج رەفتار سرووشتین: خەتەنەکردن،
بەرکردن، نینۆک کردن، هەڵکێشانی مووی بنباڵ و بەرسمێڵکردن.
٧-عەقیقە بۆ کردن: عەقیقە واتە سەربڕینی ئاژەڵیک
بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاریی و خۆشحاڵیی بە لە دایکبوونی منداڵەکە. خاتوو عائیشە خوا
لێی رازی بێت دەگێڕێتەوە کە: (عَقَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى
اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ الْحَسَنِ وَالْحُسَيْنِ يَوْمَ السَّابِعِ
وَسَمَّاهُمَا) فتح
الباري (٩/٥٨٩) واتە: پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لە رۆژی
حەوتەمی لە دایکبوونی حەسەن و حوسەیندا عەقیقەی بۆ کردن و ناوینان. عەقیقەکە دوو
سەر مەڕ بۆ کوڕو یەک سەر مەڕ بۆ کچە. ئەگەر لە توانایاندا بوو.. دەشکرێت دواخرێت
بۆ ساڵانی تەمەنی. دەکرێت کە گەورە بوو، خۆی بۆ خۆیی بکات واللە اعلم.
خوای گەورە بە لوتفی خۆی منداڵی موسوڵمانان
بگرێتە خۆی و هیدایەتیان بدات. ئامین..
وَصَلَّى اللَّه عَلَى سَيِّدنَا
مُحَمَّد وَعَلَى آله وَصَحْبه وَسَلَّمَ تَسْلِيمًا
لە لایەن مامۆستا کرێکار وەڵام دراوەتەوە.