کتێبخانە

بژاری دەروون (بەرگی یەکەم)

کتێبی: بژاری دەروون (بەرگی یەکەم)

نووسینی: سەیید نوح

وەرگێڕانی: مامۆستا کرێکار

بڵاوکراوەی: نوسینگەی تەفسیر

چاپی: یەکەم ـ‌۲۰۲۱‌ـ

ژمارەی لاپەڕە: ٤۳۱

 

 

ناساندنی کتێبەکە:

بژاری دەروون -بەرگی یەکەم-؛ بریتییە لە نۆ نەخۆشیی دینداری کە لە دڵی موسوڵماندا نابێت هەبن و بە کاریگەریی جۆراوجۆر ڕەگی تێدا دادەکوتن. ئەو نەخۆشیانەی کە مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە پێگەیشتن و تێگەیشتن، وەکوو خۆرەیەک داری ڕواوی دینداریی ساڵانی تولانیی موسوڵمانێتی و شەونخیونیی عیبادەت کلۆر ئەکەن، کە بەرگەی ڕەشەبای تاقیکردنەوەی ڕۆژگار و سازاندن و سوڵحاندنی ڕێی خواویستی ناگرێت.
 
ڕەنگە زۆر جار بە کتێبەکانی دەروونناسانی سەردەم و سەردەمانی پێشووش سەرسام بووبین، چونکە کۆمەڵێک شتی تێدایە کە وا دەزانین بۆ ئێمە باسکراوە، بەڵام دەرونناسانی موسوڵمان لە پێشەوەی ئەو زانستەوەن، کە بە ئەزموون و تەقوا و دینداریی خۆیان بۆیان بووە بە شتێکی بینراوی وا کە لەچاوی کەسی ترەوە نابینرێت، جا لە زانایانی پێشوو بێت وەکوو ئیمامان؛ غەزالی و ئیبنولقەییم، یان زانایانی هاچەرخ بن وەکوو نووسەر، ئەوان پەییان بە هەندێک شتی وا بردووە کە لەو زانستەوەیە وا لە تەقواوە سەرچاوەی گرتووە و خوای گەورە خۆی فێری کردوون، وەکوو خوای گەورە دەفەرمووێت:(واتقوا اللە ویعلمکم اللە)، واتە: تەقوای خوا بکەن، خوا فێرتان دەکات.
 
ئەم نەخۆشیانەی دینداری شتانێک نین چارەسەرکردنیان تایبەت بێت بە کۆمەڵێک لە موسوڵمانانەوە. نەهێشتنی ئەم نەخۆشییانە ئاوەدانکردنەوەی دڵەکانە، کە پێش هەر شتێکی تر لێی بەرپرسیارین. بوونی ئەم نەخۆشیانە هۆکاری داڕووخانی کەسایەتین، کە داڕووخانی هەموو شتێک بەدوای خۆیاندا دەهێنن. 

ئەوانەی لە نێو نەخۆشییەکانی دینداریدان بێئاگاترین کەسن لە بوونی ئەو نەخۆشییە! ژیر ئەو کەسەیە لاپەڕەکان هەڵبداتەوە، تا بزانێت کە ئایا لەو نەخۆشانەیە کە قیامەتی لە مەترسیدایە؟

کتێبی بژاری دەروون لە چل و دوو نەخۆشیی دینداری پێک دێت، ئەمە بەرگی یەکەمییەتی کە نۆ لەو نەخۆشیانە لەخۆی دەگرێت، نووسەر زۆر وردەکارانە لەسەریان وەستاوە، ناساندوونی، پاشان پاڵنەر و هۆکاری بوون و گەشەکردنیانی باسفەرمووە، ئینجا هەنگاو هەنگاوی چارەسەرەکەی خستۆتە ڕوو بۆ خوێنەر. دیارە لە خۆڕا نەکوتۆتە نوسینەوەی ئەو باسانە، خۆی جگە لەوەی نووسەرە و بەرهەمی تری زۆرن؛ بانگخواز و پەروەردەکاریش بووە، لە ئەزموونی تەمەن و چالاکیی پەروەردەکاریی خۆیەوە پەیی بە گرنگیی نەهێشتن و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانە بردووە، پەروەردەکارانەش کەوتۆتە خستنەڕووی چارەسەری هەریەکەیان، کتێبەکەی لە مەجالی خۆیدا ناوازەیە و بێتوو کەسێک بزانێت چەند بە نرخە، بیگومان زوو دەست دەداتە خوێندنەوەی، بیەوێت جوانترین دیاری ببەخشێتەوە؛ بێشک ئەم کتێبە دەکاتە دیاری.

ئەمە بەرگی یەکەمی کتێبەکەیە کە باسی نۆ نەخۆشیی دینداری دەکات، ئەوانیش بریتین لە: (ڕیابازی، گیانی کوێخایەتی، سستی و لێچوونەوە، بەدگوومانی، کورتبینی، گۆشەگیری، زێدەڕۆیی، شلگیری، بەخۆسەرسامبوون).



بینین:  725
6/3/2024 9:45:27 PM
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.