جیهاد

ماناو په‌یامی جیهاد

ماناو په‌یامی جیهاد

جیهادو په‌یام :

 جیهادو په‌یام توخمی سێیه‌كی پێكهاته‌ی ئوممه‌تی موسوڵمانن، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوكیان پێكه‌وه‌و، ناونانیان به‌ یه‌ك توخم له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ قورئان و سوننه‌تدا، چونكه‌ وه‌سیله‌و ئامانجن، هه‌میشه‌ پێكه‌وه‌ دێن، په‌یامی بێ جیهاد، نه‌ك هه‌ر خوای گه‌وره‌ خۆشی ناوێت، به‌ڵكو زۆریشی ده‌بوغزێنێت و رقی لێی هه‌ڵده‌ستێت، جیهادی بێ په‌یامیش، هه‌ر گه‌له‌كۆمه‌كێی جاهیلیه‌ت و سه‌رخستنی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و خزمه‌تكردنی هه‌واو هه‌وه‌سه‌، بۆیه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی سزای خوای گه‌وره‌..

 باسی ئه‌م پوخته‌یه‌ی سه‌رێ به‌م شێوه‌یه‌ :

به‌شی یه‌كه‌م :

 مانای جیهاد

 جیهاد له‌ روی زمانه‌وانیه‌وه‌، مانای ره‌نجدانه‌. له‌ ڕوی زاراوه‌ییه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ سه‌رف كردنی هه‌مو وزه‌و توانایه‌ك له‌ كاتی ئاشتی و جه‌نگدا بۆ هێنانه‌ دی ئامانجه‌كانی په‌یامی ئیسلام له‌ هه‌مو بواره‌كانی فیكرو كۆمه‌ڵكاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و زانستی و سه‌ربازی و بواره‌كانی تری ژیان، ئه‌مه‌شه‌ كه‌ قورئانی پیرۆز له‌ زۆر شوێنیدا جه‌ختی لێ ده‌كاته‌وه‌، وه‌كو كه‌ ده‌فه‌رموێ : (وَجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ) الحج/78 واته‌ : سه‌رڕاستانه‌ له‌به‌ر خاتری خوا جیهاده‌كه‌ بكه‌ن، ئاخر خۆ ئه‌و هه‌ڵیبژاردون، له‌ دینه‌كه‌شدا هیچ كێشه‌و گرفتێكی بۆ پێش نه‌هێناون.. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ یه‌عنی ئه‌و جیهاده‌ی، كه‌ خوای گه‌وره‌ ئێوه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردوه‌، بوارو شێوازه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگ و ته‌سك نیه‌، نه‌توانن هیچی لێ ئه‌نجام بده‌ن! ئه‌و به‌ شێوه‌ی جیاوازی وا له‌سه‌ری فه‌رز كردون، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وزه‌و تواناو ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌خۆتاندا ده‌گونجێت، كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ خۆتانیدا فه‌راهه‌م هێناوه‌ ..

 پێغه‌مبه‌ری نازدار صلی الله علیه وسلم چوارچێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بۆ جیهاد له‌ دوو خاڵدا ده‌خاته‌ ڕو :

یه‌كه‌م: له‌ ده‌رخستنی هاوكێشه‌ كرده‌وه‌ییه‌كانی جیهاد، كه‌ له‌ مه‌یدانێكی ئیجایبی كارو چالاكیدا ده‌بێت.

دووه‌م: هۆشدان و حه‌زه‌ردان له‌ هه‌مو ئه‌و چالاكی و هه‌ڵوێستانه‌ی، دژی چالاكیه‌ كرده‌وه‌ییه‌كانی جیهاد ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌نا گرتن به‌ خوای گه‌وره‌ له‌ سستی و ته‌ممه‌ڵی و نه‌خۆشی و قه‌رزاریی و ژێرده‌سته‌یی ده‌سه‌ڵاتداران. 

 له‌م ڕوه‌وه‌یه‌، كه‌ جیهاد ته‌كنۆلۆژیای ئیسلامه‌، له‌ كاتی ئاشتیدا كارو به‌رهه‌م فه‌راهه‌م ده‌هێنێت و، له‌ كاتی شه‌ڕیشدا روه‌و ڕوی ده‌ستدڕێژیه‌كان ده‌بێته‌وه‌، له‌ هیچ یه‌كێك له‌م دو كاته‌شیدایه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ناكات، ئابوری دامه‌زراو بژێوی به‌رزو پله‌ی سیاسی بۆ ڕه‌گه‌زێكی دیاریكراوی مرۆڤایه‌تی بهێنێته‌ دی، یان گه‌لێك باڵاده‌ست كات به‌سه‌ر گه‌لێكی دیكه‌، یان گه‌لانی دیكه‌دا، یان ئیمتیازاتێك بۆ خه‌ڵكێكی دینی دور له‌ ئه‌هلی دینی تر مسۆگه‌ر كات، نه‌خێر، ئیسلام له‌ هه‌مو هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی خۆیدا، مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌ كردنی كۆمه‌ڵێك مرۆڤه‌، كه‌ شیاوی ئه‌وه‌ بن ئه‌م په‌یامه‌ خواییه‌ هه‌ڵگرن و به‌ جیهانی بگه‌ێنن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا وڵاتانی پێشكه‌وتوی پیشه‌سازو زاناو ئیداریه‌وان ده‌یكه‌ن، جیهادی بێ په‌یامه‌! بۆیه‌ ده‌بینیت جیهان كه‌وتۆته‌ ته‌نگژه‌ی ئه‌وه‌وه‌، كه‌ گه‌لێك دژی گه‌لانی تر جیهادێكی بێ په‌یام ده‌كات، یان له‌ملاوه‌ میلله‌تێكی تری خاوه‌ن په‌یام ده‌بینیت، كه‌ له‌ خه‌ونێكی قورسی سه‌وزیدا پرخه‌ی دێت و دڵی هه‌ر به‌وه‌ خۆشه‌، كه‌ ده‌قی پیرۆزی په‌یامه‌كه‌ی هێشتا له‌به‌ره‌و له‌ ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كانیدا ده‌خوێنێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی جیهادی له‌ پێناودا بكات و كارامانه‌ هه‌ڵیگرێت و بیگه‌ێنێته‌وه‌ به‌ جیهانیان!!

 له‌م ڕوانگه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت بایه‌خێكی قوڵتر به‌ مانا شارستانێتیه‌كه‌ی جیهاد بدرێت، چونكه‌ یه‌كێك له‌ واتاكانی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ جیهاد (ئه‌منیه‌تی ئیسلامی) مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌ مانایه‌كی رۆشنتر : ئیسلام ده‌یه‌وێت به‌ جیهاده‌كه‌ په‌یامه‌كه‌ی بگه‌ێنێته‌ گه‌لانی تر، تا ئه‌منیه‌تی فیكریی و ماددی و ده‌رونی شوێنكه‌وتوانی خۆی ڕاگرێت، تا مانه‌وه‌ی توخم و ره‌گه‌زی نه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و پێشكه‌وتو باڵاچونیان دابین كات، چونكه‌ ـ به‌ پێی دیدو تێڕوانینی ئیسلامی ـ ئه‌وه‌ی، كه‌ جێی مه‌ترسیه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ریشه‌كێش كردنی توخم و نه‌وه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌كات جۆری (به‌هاو نه‌ریت) ی كوفره‌، كه‌ یاساو رێساكانی خه‌لق و گه‌شه‌و نه‌شونماو چاره‌نوس سازیی له‌ خه‌ڵكی ده‌شارێته‌وه‌و، ناهێڵێت وه‌كو خۆی په‌ی پێ ببرێت و ره‌فتاری ژیرانه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.. چونكه‌ به‌هاو نه‌ریتی كوفر به‌ ئومێدی له‌زه‌تی زیاتر له‌ ژیان و حه‌زه‌كانی هه‌مو پاڵنه‌ره‌ ده‌رونیه‌كانی وه‌كو حه‌زو ترس، له‌ هه‌واو هه‌وه‌سكاریی ململانێ و شه‌ڕه‌ پاڵی خودی مرۆڤایه‌تیدا ده‌خاته‌ گه‌ڕ! ئیتر هه‌مو شێوه‌ی بیر كردنه‌وه‌و هه‌ست و هۆش و موماره‌سه‌و ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وت و په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگاكان له‌م دیدو بۆچون و تێڕوانینه‌ كوفرانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن! ئه‌مه‌ش كۆتا پله‌ی دژوارییه‌، چونكه‌ ده‌رچون و لادانه‌ له‌ ڕێساكانی گه‌ردون و ژیان.. ئیسلام پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌هلی كوفر له‌ ناوچه‌یه‌كدا ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، پڕی ده‌كه‌ن له‌ سته‌مكاری و ناهه‌قی و زوڵمی سیاسی و فیكریی، پڕی ده‌كه‌ن له‌ ئاشوبی كۆمه‌ڵایه‌تی، شیرازه‌ی هه‌مو په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌پسێنن و، خه‌ڵكی ده‌به‌نه‌وه‌ زه‌مانی شه‌ڕه‌شۆقی دارستانی و یاسای دواكه‌وتویی (ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یبات و بێ ده‌ست ته‌ماشای ده‌كات)!!.. ئه‌مه‌ش نه‌مانی پارسه‌نگی هاوكێشه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تیه‌، بۆیه‌ ئیسلام شوێن كه‌وتوانی هان ده‌دات خۆبه‌خت كه‌ن له‌ پێناوی رادانی به‌هاو نه‌ریتی كوفرو، سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌زگاو نوێنه‌رو كه‌سایه‌تیه‌كانی كوفرو دیسان و له‌ هه‌مان كاتدا و له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌مو ڕه‌نجێكی خۆیان بخه‌نه‌ كار، بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌هاو نه‌ریتی ئیمانداریی و خێرو خێرات كردن، بۆ خزمه‌تی خوێندكارانی شه‌رع و هه‌ڵگرانی بانگه‌وازی به‌هاو نه‌ریته‌كانی ئیسلام و له‌ پێناو پیاده‌كردنی حوكمی ئیسلام و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگاكانی، تا ئاشتی وئه‌منیه‌ت بۆ هه‌مو خه‌ڵكی بێته‌ دی.. ئا ئه‌وه‌شه‌ ته‌فسیری ئه‌وه‌ی، كه‌ دین بۆ خواو بێت وبه‌س (وَقَاتِلُوهُمْ حَتَّى لاَ تَكُونَ فِتْنَةٌ وَيَكُونَ الدِّينُ لِلّهِ) البقره‌/193.

 ئه‌م چه‌مكه‌ ئیسلامیه‌ی ئه‌منیه‌ت و ئاشتی، زۆر جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی ئه‌منی قه‌ومی، كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌مڕۆدا باس ده‌كرێن، كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی جۆره‌ها سته‌مكاری و ده‌ستدرێژی له‌ یه‌كتر كردن..

 پێناسه‌ی جیهاد به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌، كه‌ ڕون كرایه‌وه‌، وا ده‌كات، كه‌ ته‌رجومه‌ كردنی جیهاد وه‌كو زاراوه‌یه‌ك بۆ زمانێكی تر كارێكی زه‌حمه‌ت و زیانبه‌خش بێت، كارێكی زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانیت وشه‌یه‌كی وای بۆ بدۆزیته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ماناو واتایانه‌ بگه‌ێنێت، زیانبه‌خشیشه‌، چونكه‌ واتاو مانا عه‌ره‌بیه‌كانی ده‌شێوێنێت.. نابینیت كه‌ به‌ ئینگلیزی كراوه‌ به‌ (Holy War ) چه‌ند زیانی گه‌یاندوه‌؟! نابینیت، كه‌ ته‌نها مانایه‌كی به‌خشیوه‌، كه‌ گوایه‌ جه‌نگی پیرۆزه‌و به‌س؟! جه‌نگه‌ پیرۆزه‌كه‌ش، كه‌ زاراوه‌یه‌كی دینی مه‌سیحێتیه‌ هه‌ر ڕاست ناكه‌وێت، كه‌ وابزانرێت پڕاوپڕی جیهادی چه‌كدارییه‌! ئه‌دی كوا ماناو واتاكانی تری جیهاد؟!

 لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ هه‌ندێك ئاسه‌واری كلتوری پێش ئیسلامه‌تی گه‌لانی موسوڵمان، كاریگه‌رییه‌كی خراپیان خسته‌ ناو واتای زاراوه‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ جیهاده‌.. بۆ نمونه‌ هه‌ندێك له‌ عه‌ره‌به‌كان وا له‌ جیهاده‌كه‌ حاڵی ببون، كه‌ هه‌ر وه‌كو ئه‌و غه‌زاو شه‌ڕانه‌ی ناو تیره‌و هۆزه‌كانی خۆیان وایه‌، كه‌ پێش ئیسلامه‌تیه‌كه‌یان ده‌یانكرد! یان موسوڵمانێكی پاكستانی وا له‌ زوهدو خواناسیه‌كه‌ی ئیسلام تێگه‌یشت، كه‌ هه‌ر وه‌كو ته‌قه‌شوف و خۆ هه‌ژارو كه‌ساس كردنی هندۆسیه‌كه‌ی كۆنی خۆیانه‌، كه‌ له‌ جاهیلییه‌تی خۆیدا له‌سه‌ری بو!! ئه‌مه‌ش له‌ خراپ حاڵی بون و هه‌ڵه‌ لێكدانه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی له‌ دیدی خودی ئیسلامه‌وه‌ لێكبدرێنه‌وه‌، له‌ دیدی كلتوریی پێشوی خۆیانه‌وه‌ لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌، گۆڕین و راست كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ دیدو تێڕوانین و پێناسانه‌ش، ئه‌ركێكی تری جیهادی په‌روه‌رده‌كردن و ئاڕاسته‌ كردنی ده‌زگا ئیسلامیه‌كانه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت موسوڵمانان راست له‌ دینه‌كه‌ تێبگه‌نه‌وه‌و، دروست پێوه‌ی پابه‌ند ببنه‌وه‌و باش پیاده‌(تطبیق)ی بكه‌نه‌وه‌ .

2067 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.