شەریعەتی ئیسلام لە ڕوانگەی سووربونیەوە لەسەر مانەوە و گەشەی كۆمەڵگە و پارسەنگبوونی، كۆمەڵێك ڕێسای بۆ پاراستی ئەم سیستمە سەرەكییە داڕشتووە و لەهەموو جۆرە دەستدرێژییەك پاراستوونی، ئیسلام هەموو جۆرەكانی دەستدرێژی و پێشێلكاریی ماف و سنووری ئەم سیستمانەی حسێب كردووە و هەموویانی بە تاوان ناساندووە، هەندێكیان بەتاوانی دژوار و سەخت و هەندێكیان كەمتر، بەرنامەی رێگرتنی بۆ هەموویان داڕشتووە و سزای بۆ دیاریكردوون. لەلایەكی ترەوە شەریعەتی ئیسلام بە پاراستنی بنەما كۆمەڵایەتییەكان ماف و بەرژەوەندییەكانی تاكەكانی كۆمەڵگەی سەلماندووە و هەوڵی پاراستی داون، چونكە پاراستنی ئەو ماف و بەرژەوەندییانەی تاك، پاراستنی ژیانێتی، ڕاگرتنی بناغە و بنەمای ئاسوودەییەتی، ئیسلام كە بۆ ئەوە هاتووە فەرمانی خوای تاك و بەدەسەڵات بۆ مرۆڤ ڕوون بكاتەوە و هانی بدات لەسەر جێبەجێكردنی، جێبەجێكردنەكەی بەتەواوی بەختەوەریی هەریەك لە تاك و كۆی مرۆڤەكان دابین دەكات.. شەریعەتی ئیسلام بۆ سەلماندنی حیكمەتی خوایی هاتووە لە وجودی مرۆڤدا لەسەرزەمین.. بۆیە ئیسلام سوورە لە سەر پاراستی تاك، نەك هەر پاراستنی لە هێزێكی بەدەر لەخۆی، بەڵكو پاراستنی لە خودی خۆشی، چونكە لە دیدی ئیسلامدا مرۆڤ ئازاد نییە لەئازارگەیاندندا بەخۆی، چونكە خۆی هەر موڵكی خۆی نییە، كۆمەڵگەكەی پێویستیان پێیەتی، پێویستیان پێیەتی كە ساغ و سەلیم و تەندروست و پارسەنگ بێت، لەهزر و ژیریدا ئاقڵ و لەدەرووندا پارسەنگ و لەبەدەندا ساغ و لە ویژداندا ئاسوودە و لەهەست و هۆشدا ڕاقی بێت، بۆیە هەر جۆرە ئازارێك كە لەم بوارانەدا پێی بگەێنرێت ڕێنەدراوە، با خۆی بەویستی خۆشی بیكات، چونكە ئازارپێگەیاندنی لە یەكێك لەم بوارانەیدا زیانێكە لەویش دەكەوێت و لە كۆمەڵگەكەشی كە لە ناویاندا دەژی..
سەرچاوە: سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامی نوسینی: سەعید حەووا وەرگێڕانی: مامۆستا کرێکار