تەفسیر

ته‌فسیری ئایه‌تی نۆیه‌م و ده‌یه‌می سوره‌تی (المجادلة)

(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَنَاجَيْتُمْ فَلا تَتَنَاجَوْا بِالإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَمَعْصِيَتِ الرَّسُولِ وَتَنَاجَوْا بِالْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي إِلَيْهِ تُحْشَرُونَ * إِنَّمَا النَّجْوَى مِنَ الشَّيْطَانِ لِيَحْزُنَ الَّذِينَ آمَنُوا وَلَيْسَ بِضَارِّهِمْ شَيْئًا إِلاَّ بِإِذْنِ اللَّهِ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ).

 

واتە: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌گه‌ر به‌چرپه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریی دووان با چرپەچرپی گوناحكاریی و ده‌ستدرێژیی كردنه‌ سه‌ریه‌ك و سه‌رپێچی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نه‌بێت، با چرپه‌ی چاكه‌كاریی و ته‌قواو سه‌رڕاستی دینداریی بێت، له‌و خوایه‌ش بترسن كه‌ هه‌مووتان له ‌به‌رده‌ستییدا كۆ ده‌بنه‌وه. (٩) چرپه‌چرپی گوناح و تاوان و پیلانگێڕیی له ‌شه‌یتانه‌وه‌یه‌ (ئه‌و كلكه‌ژه‌نه‌تان ده‌دات تا تووشی گوناحتان بكات) و موسوڵمانان به‌دگومان كات له ‌یه‌كتریی و بیانخاته‌ ناو خه‌م و په‌ژاره‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌و بۆ خۆی و به‌توانای خۆی زیان ناگه‌ێنێت ئه‌گه‌ر وویستی خوای له‌سه‌ر نه‌بێت، ده‌ی سا با ئیمانداران پشتی خۆیان به‌ خوای گه‌وره‌ قایم كه‌ن.(١٠)

 

- له‌ ئایه‌تی نۆمه‌یدا خوای گه‌وره‌ ناهێڵێت موسوڵمانان بكه‌ونه ‌ژێر كاریگه‌ریی داب و ره‌فتاری كافرانه‌وه‌ (له ‌جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان) داب و ره‌فتار به‌رهه‌مێكی دیدو تێڕوانینه‌، هه‌ر وه‌كو له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ندێك گێله‌ موسوڵمان ده‌بینین له ‌لایه‌نی باوه‌ڕو په‌رستنه‌كانه‌وه‌ پابه‌نده‌ به‌ ئیسلامه‌وه،‌ بەڵام ره‌فتارو ره‌شتی یان داب ونه‌ریتی کۆمەڵایە‌تی یان ته‌رازووی قییه‌م و به‌های له‌ دیدو پێناسه‌ی كوفره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌! ئه‌هلی نوێژو رۆژووه‌، كه‌چی قژی وه‌كو كافری به‌ره‌ڵا هێشتۆته‌وه‌. ئه‌هلی نوێژو رۆژووه‌، بەڵام سفوره‌. یان ته‌نوره‌و پانتۆڵی له ‌پێدایه‌! ئه‌هلی مزگه‌وته‌ كه‌چی ئادابی كۆڕو میوانداریی و دیده‌نی هه‌موو ئه‌ته‌كێت و نه‌ریتی جاهیلییه‌ته‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ لاوازیی باوه‌ڕو شلوشێواوی دیندارێتییه‌كه‌یه‌وه‌ هاتوون. هه‌روه‌ها له‌ كورتبینی دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ عه‌قائیدییه‌كه‌یه‌وه،‌ كه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ی لا به‌ڵگه‌ نه‌ویست بێت‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌م قورئانه‌دا وه‌ك باسی زانستی و توانای ره‌های خۆی فه‌رمووه‌، باسی لایه‌نه‌كانی بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ره‌كانیشی علیهم السلام كردووه،‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان لاسه‌نگی دیدو هه‌ڵوێستێكی ناقۆڵای کۆمەڵا‌یەتی و داب و نه‌ریت و ره‌وشتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی راست كردۆته‌وه‌، جگه‌ له‌ لایەنی یه‌كخواپه‌رستی و باوه‌ڕ بوون به‌ زیندووبوونه‌وه. ده‌بینیت کە:

- سه‌یدنا نوح علیه‌ السلام دژی دیده‌ چنیایه‌تیه‌كه‌ش بوو كه‌ له‌ قه‌ومه‌كه‌یدا هه‌بوو، كه‌ گه‌وره‌و دەسەڵاتداره‌كان خۆیان به ‌چینێكی باڵاتر له ‌ره‌شۆكه‌كه‌ ده‌زانی و ته‌نانه‌ت موسوڵمانه‌ شوێنكه‌وتوه‌كانی ریزی سه‌یدنا نوحیشیان به ‌هه‌موو ئاستێكیانه‌وه‌ هه‌ر به‌و چینه‌ كه‌نار دراوه‌ داماوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان ده‌ناساند. دەیانووت: (مَا نَرَاكَ إِلاَّ بَشَرًا مِّثْلَنَا وَمَا نَرَاكَ اتَّبَعَكَ إِلاَّ الَّذِينَ هُمْ أَرَاذِلُنَا بَادِيَ الرَّأْيِ وَمَا نَرَى لَكُمْ عَلَيْنَا مِن فَضْلٍ)هود/٢٧ واتە: وا ده‌بینین ئه‌وانه‌ی کە شوێنت كه‌وتوون هه‌ر له ‌خه‌ڵكه‌ ئیهمالكراوه‌كانی خۆمانن (كاسب و پینه‌چی و حه‌مماڵ و.. هتد) كه‌ دیدو رایان كامڵ نه‌بووه‌و ساویلكانە له ‌بانگه‌وازه‌كه‌ت ده‌ڕوانن، بۆیه‌ شوێنت كه‌وتوون! واش نابینین هیچ فه‌زڵ و چاكه‌یه‌كتان به‌سه‌رمانه‌وه‌ هه‌بێت!.

- سه‌یدنا هود علیه‌ السلام دوای ئه‌وه‌ی قه‌ومه‌كه‌ خۆی (عاد) كه ‌له ‌نێوان یه‌مه‌ن و عوماندا ده‌ژیان بۆ یه‌كخوا په‌رستی و روكنه‌كانی باوه‌ڕ بانگهێشت ده‌كرد. بۆی روون ده‌كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزو دەسەڵاته‌ی كه‌ هه‌تانه‌ به‌ یه‌كخواپه‌رستییه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌بێت. پیاوی چاك بن ئه‌م هێزه‌ مه‌عنه‌ویه‌ كاریگه‌ره‌ بخه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ ماددیه‌كه‌ی كه‌ هه‌تانه. دەیفەرموو: ‌ (وَ يَاقَوْمِ اسْتَغْفِرُواْ رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُواْ إِلَيْهِ يُرْسِلِ السَّمَاء عَلَيْكُم مِّدْرَارًا وَيَزِدْكُمْ قُوَّةً إِلَى قُوَّتِكُمْ وَلاَ تَتَوَلَّوْا مُجْرِمِينَ) هود/٥٢ هۆ خزمینه‌، داوای لێبوردن له‌ خوای په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئه‌و. ئه‌و رزق و رۆزتیان له ‌ئاسمانه‌وه‌ به لێشاو به‌سه‌ردا ده‌بارێنێت (باران كه‌ سه‌رچاوه‌ی رزق و رۆزیی و ژیانیان بوو) هێزێكی تری ئیزافیش ده‌خاته‌ سه‌ر هێزو دەسەڵاتتان. بێگوێیانه‌ پشت هه‌ڵمه‌كه‌ن و خۆتان تاوانبار مەكه‌ن.

- سه‌یدنا صالح علیه‌ السلام دوای بانگهێشتكردنی قه‌ومه‌كه‌ی (ثمود) بۆ یه‌كخواپه‌رستی و روكنه‌كانی تری باوه‌ڕ، داوای لێكردن نه‌كه‌ونه‌ سه‌ر رێبازی خراپه‌كاران (المفسدون) كه ‌سیمای ناڕه‌واییان زێده‌ڕۆیی و زێده‌ مه‌سره‌ف و خۆبادان بوو به‌ سه‌روه‌ت و سامانیانه‌وه‌. پێی ده‌فه‌رموون: (وَلا تُطِيعُوا أَمْرَ الْمُسْرِفِينَ * الَّذِينَ يُفْسِدُونَ فِي الأَرْضِ وَلا يُصْلِحُونَ)الشعراء/١٥١-١٥٢ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی زێده‌ڕۆیان مه‌بن، كه‌ له ‌ناوچه‌كه‌دا هه‌ر خه‌ریكی فه‌ساد (دزیی و زیناو شه‌راب و.. هتد)ن و چاكسازیی ناكه‌ن. مه‌گه‌ر ئێستا سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌م و مورته‌دده‌كانی ناو ئه‌هلی ئیسلام كه‌ ملكه‌چیی رۆژئاوای ئیستیعمارین هه‌ر هه‌مان (فه‌ساد)یان نه‌كردۆته‌ دیدو سیستم و یاساو داب ونه‌ریت و مۆدێلی نوێی ره‌فتارو ره‌وشت؟ به‌دیی. اشهد بالله وایه‌، چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌رچه‌ی دیدە فه‌لسه‌فیه‌كه‌یانه‌ بۆ: گه‌ردوون و ژیان و مرۆڤ.

- سه‌یدنا ئیبراهیم علیه‌السلام جگه‌ له ‌بانگه‌وازیی یه‌كخواپه‌رستییه‌كه‌ی موناقه‌شه‌ی دیدو تێڕوانینی فیكریی له‌گه‌ڵ قه‌ومه‌كه‌ی و موناقه‌شه‌ی دەسەڵاتی سیاسی له‌گه‌ڵ نه‌مروودو بزاوتی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی له‌سه‌رشان بوو، لەبەر ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ش ئه‌و هه‌موو (هیجره‌ت)انەی‌ ده‌كرد.

- سه‌یدنا لوط علیه‌ السلام: جگه‌ له ‌بانگه‌وازی یه‌كخواپه‌رستییه‌كه‌و روونكردنه‌وه‌ی ئه‌ركان و داخوازییه‌كانی باوه‌ڕ، دژایه‌تی داب و نه‌ریت و ره‌وشته ‌پیسه‌كه‌ی قه‌ومه‌كه‌ی ده‌كرد، كه‌ نێربازیی بوو، نكوڵی لێده‌كردن كه‌ ره‌وشتێكی به‌دو ناڕه‌وایان داهێناوه‌ كه‌ كه‌سی تر پێش ئه‌وان نه‌یكردووه‌ به ‌ره‌فتارو یاسا و به‌های ئه‌خلاقی. (وَلُوطًا إِذْ قَالَ لِقَوْمِهِ أَتَأْتُونَ الْفَاحِشَةَ مَا سَبَقَكُم بِهَا مِنْ أَحَدٍ مِّن الْعَالَمِينَ * إِنَّكُمْ لَتَأْتُونَ الرِّجَالَ شَهْوَةً مِّن دُونِ النِّسَاء.)الاعراف/٨٠-٨١ هه‌روه‌ها ئایه‌ته‌كانی تر کە باسی سه‌یدنا لوط علیه‌ السلام دەکەن.

- باسی سه‌یدنا یوسف علیه‌ السلام كه‌ ده‌رباره‌ی هه‌موو شتێكه‌: (لَّقَدْ كَانَ فِي يُوسُفَ وَإِخْوَتِهِ آيَاتٌ لِّلسَّائِلِينَ)یوسف/٧ واتە: به‌ ته‌ئكید چیرۆكی یوسف و براكانی هه‌مووی به‌ڵگه‌ن (وه‌ڵامن) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پرسیاریان هه‌یه‌. پرسیار ده‌رباره‌ی خوای گه‌وره‌و بە دەسەڵات و سیفاتی، پرسیار ده‌رباره‌ی یه‌كخواپه‌رستی و رێبازی، پرسیار ده‌رباره‌ی حاكمێتی دین و ده‌ستورو شه‌رعیی، پرسیار ده‌رباره‌ی ره‌فتارو په‌یوه‌ندی نێوان دەسەڵاتدار (حاكم) و خه‌ڵكه‌كه‌ی (الرعیة‌) پرسیار ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و ئابوریی، ده‌رباره‌ی ره‌وشتی خه‌ڵكی به‌ پێی پۆلێنی كه‌سایه‌تییان، پرسیار ده‌رباره‌ی ده‌روونناسی و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌فتار، نموونه‌ی داوێن پاكیی گه‌نج و داوێن پیسی دەسەڵاتداران و خاوخێزانیان. پرسیار ده‌رباره‌ی داب و ئاداب له‌گه‌ڵ گه‌وره‌و بچووك، پرسیار ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی داعی ئیسلامی و زیندانی ناحه‌ق و زیندانیانی تاوانبارو چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتی هەردوولایان. جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوری خه‌زێنه‌داریی و گۆڕینی یاساو ده‌ستوورو سیستمی حوكم و..هتد.

- سه‌یدنا یه‌عقوب علیه‌ السلام كه‌ دوای روون كردنه‌وه‌ی دین و دیدیی، دوای به‌یانكردنی یه‌كخواپه‌رستی و روكنه‌كانی ئیمان و دین، هاته‌ سه‌ر باری ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و ره‌وشتی ئه‌هلی بازاڕ. دژی دزیی و گزیی پێوان و كێشانیان ده‌وه‌ستایه‌وه.

- سه‌یدنا شوعەیب علیه‌ السلام: (وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا)الاعراف/٨٥ خوای گه‌وره‌ شوعه‌یبی علیه‌ السلام نارد بۆ دانیشتوانی مه‌دیه‌ن (له ‌ناوچه‌ی عه‌مان/ئه‌رده‌ن و سوریای ئێستایە) پێی فه‌رموون: گه‌لۆ، پیاوی چاك بن بانگه‌وازی یه‌كخواپه‌رستی قبوڵكه‌ن و جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌ هیچ خوایه‌كی تر نییه‌ تا بیپه‌رستن. من به‌ڵگه‌م له ‌لایه‌ن خوای په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ هێناوه‌. پێوان و كێشانتان راست و ره‌وایانه‌ رێكخه‌ن و سته‌مكاریی تێدا مه‌كه‌ن. مافی خه‌ڵكی تێدا مه‌خۆن و فه‌سادو خراپه‌كاریی له‌سه‌ر زه‌وییدا بڵاو مه‌كه‌نه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ به ‌بانگه‌وازی خواوویستی پێغه‌مبه‌رانی پێشوو پاك بووبۆوه‌. ئه‌م دیدو هه‌ڵوێسته‌ خواناسییە راست و ره‌واتره‌ بیگرنه ‌به‌ر، ئه‌گه‌ر ده‌خوازن یه‌كخواپه‌رست بن و دیندارێتی بكه‌نه‌ رێبازو به‌رنامه‌ی ژیانتان.

- سه‌یدنا موسا علیه‌ السلام: ئه‌وه‌ ده‌یان ئایه‌تی قورئان باس له‌ بزاوتی رزگاریخوازیی بانگه‌وازه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ چه‌ندین قۆناغی په‌روه‌رده‌كاریی و ئاڕاسته‌وانییه‌وه‌. به ‌نموونه‌ی ئارامی و جورئه‌ت و كۆمه‌ڵكاریی ئوممه‌تیانه‌ی عه‌قائیدییه‌وه‌. جگه‌ له‌ بانگه‌وازی یه‌كخواپه‌رستی زیاتر له ‌سه‌د ئایه‌ت له‌سه‌ر دیدی فیكریی و كۆمه‌ڵكاریی بزاوت و هیجره‌ت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كوفرو دەسەڵاتی كافران هه‌یه‌.. كه‌ ئه‌وه ‌ده‌كه‌نه‌ به‌ڵگه ‌نه‌وویست كه ‌سیاسه‌ت روكنێكی ئینتیمای دین و بوارێكی گرنگ و كاریگه‌ریی دیندارێتییه‌.

- سه‌یدنا عیسا علیه‌ السلام جگه‌ له ‌بانگه‌وازی راشكاو ئاشكرای یه‌كخواپه‌رستی و ره‌خنه‌ی له ‌ئینحیرافاته‌كانی به‌نوئیسرائیل و حاخامه‌كانیان، داوای له ‌خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كرد که‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆ به ‌دنیاوه‌ نه‌به‌ستنه‌وه‌. ئه‌وه‌نده‌ ژیانیان به‌ مادده‌وه‌ سه‌رف نه‌كه‌ن. هه‌موو ره‌نج و هه‌وڵێكیان وایلێهاتووه‌ هه‌ر بۆ پاره‌و سه‌روه‌ت و سامان سه‌ریه‌كنانه‌و‌ به‌س!

- بانگه‌وازی خواوویستانه‌ی سه‌یدنا عیسا علیه‌ السلام -كه‌ جیهانیانه ‌بوو- بۆ ژیانی ته‌قه‌شووف و زاهیدیانه‌ بوو. بۆ هەڵاوێردنی حه‌رام و حه‌لاڵ و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵپه‌و شه‌ڕه‌پاڵی خاوه‌نێتی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی بوو:  (وَلِأُحِلَّ لَكُم بَعْضَ الَّذِي حُرِّمَ عَلَيْكُمْ)ال عمران/٥٠ واتە:  تا هه‌ندێك له‌وانه‌تان بۆ حەڵاڵ بكه‌مه‌وه‌ كه ‌لێتان حه‌رام كرابوو. هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی مافی یاساو رێسا داڕشتن بۆ حه‌لاڵ و حه‌رامدانان بۆ خوای گه‌وره‌و ده‌رهێنانی له ‌ده‌ست حیبرو راهییه‌كانی به‌نوئیسرائیلییه‌كان، كه‌ بۆ خۆیان زه‌وت كردبوو: (اتَّخَذُواْ أَحْبَارَهُمْ وَرُهْبَانَهُمْ أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ)التوبة‌/٣١ حیبرو راهییه‌كانی خۆیان (پیاوانی دینی) یان له‌ مەنزیله‌ی خوای گه‌وره‌ دانابوو، مافی خوایه‌تی (ته‌وحیدی حاكمێتی) یان پێداب وون، كه‌ چۆن ده‌خوازن و پێیان چاكه‌ با ئاوا یاساو رێسا بۆ خه‌ڵكی داڕێژن!! ئه‌مه‌ش ناشێت و نابێت. سه‌یدنا عیسا سه‌لامی خوای لێ بێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش هاتبوو كه‌ دواتر له‌ رێبازه‌كه‌ی لایانداو له ‌به‌ر خاتری ئیمپراتۆر قوسته‌نتین له ‌ساڵی (٣٢٥)دا له‌ كۆنگره‌ی نیقیه‌ (مجمع نیقیة‌) كه‌ له ‌توركیای ئێستایه‌ بڕیاریاندا كه‌ دین و سیاسه‌ت لێك جودان. ئاڕاستەی دین و دینداران مافی پاپایە‌و سیاسه‌تیش (یاسادانان و حوكمڕانی و داوه‌ریی) مافی پاشاو كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تە‌!! ئه‌مه‌ش لادانێكی دژوارو ناڕه‌وای بوو، چونكه‌ ئه‌سته‌مه‌ خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ره‌ پیاو چاكه‌ هه‌ڵبژارده‌كانی خۆی بنێرێت تا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی پارسه‌نگانه‌ په‌روه‌رده بكه‌ن و بیانكه‌ن به‌ پیاوی چاك بەڵام بیانده‌نه‌ ده‌ست سیاسه‌تبازیی درۆزن و چه‌واشه‌كارو سته‌مكار! ئه‌مه ‌له ‌پێغه‌مبه‌ران علیهم السلام و پەیامی خواییان ناوه‌شێته‌وه.‌ چونكه‌ ئەمە وەكو ئه‌وه‌یه‌ عه‌تارێك شووشه‌ عه‌تر به‌رهه‌م بهێنێت و له‌ ئاوده‌ستی گشتییدا داینێت!!

- بانگه‌وازی سه‌یدنا محمـد  صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ په‌یامی هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی پێشووی علیهم السلام له‌خۆ گرت و قورئان و سووننه‌ت بوونه‌ رێبازو به‌رنامه‌ی گشتگیریی مرۆڤایه‌تی. له ‌دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی فیكرو هزره‌وه‌ بۆ به‌رنامه‌ی بزاوتی گۆڕانكاریی، بۆ سیستمی ده‌وڵه‌ت و ئاڕاسته‌وانی كۆمه‌ڵگه‌. لە باوه‌ڕو عه‌قیده‌و په‌رستن و شه‌ریعه‌تەوە بۆ داب ونه‌ریت و به‌های کۆمەڵایەتی، بۆ ره‌فتارو ره‌وشت.. بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی.. كه‌ هه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی تاك و كۆی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی له ‌واقیعی مرۆڤانه‌دا له‌ مه‌دینه‌ گه‌یانده‌ كۆتا پله‌و ئاستی ره‌نجی مرۆڤیانه‌ و گه‌شەدارترین نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌خته‌وه‌ریی بۆ مرۆڤایه‌تی خسته‌ڕوو، كاتێک کە ‌دینه‌كه‌ی وه‌كو (به‌رنامه‌و ئوممه‌ت و بانگه‌واز) بۆ ته‌كمیله‌ كردن: (الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلامَ دِينًا)المائدة/٣.

   كه‌وابوو كلتورو داب ونه‌ریتی کۆمەڵایەتی و ره‌فتارو ره‌وشت شتێكی رێژه‌یی نین وه‌كو عه‌له‌مانییه‌كان ده‌یانه‌وێت بیچه‌سپێنن. به‌رهه‌مێكی سه‌ربه‌خۆی نێونه‌ته‌وه‌ییش نین وه‌كو جیهانگیریی (عه‌وله‌مه‌)ی ئه‌مریكایی ده‌یه‌وێت چاوبه‌ست له‌ جیهان بكات پێی، به‌ڵكو هه‌ر گۆشه‌و  لق و چڵێكی ئه‌مانه‌ زاده‌ی دیدو تێڕوانین و پێناسه‌ی فیكریی و فه‌لسه‌فیانه‌یه‌. زاده‌ی ئاڕاسته‌ی فیكری سیاسی و به‌رنامه‌ی سیاسیه‌، كه‌ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تان به‌سه‌ر گه‌لانییدا ده‌ده‌ن. له‌م روانگه‌وه‌یه ‌كه‌ ده‌بێ زۆر هۆشیارانه‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ داب و ئادابدا بكه‌ین.

   قورئان كه ‌ره‌خنه‌ له‌ (شیرك) ده‌گرێت و (ته‌وحید) ده‌كاته‌وه‌ به‌به‌دیلی، كه ‌ره‌خنه‌ له‌ (كوفر) ده‌گرێت (ئیمان) ده‌كاته‌ ‌به‌دیلی ره‌سه‌نی، كه ‌ره‌خنه‌ له‌ (جاهیلیه‌ت) ده‌گرێت و (ئیسلام) ده‌كاته‌‌ ‌به‌دیلی، كه ‌ره‌خنه‌ له‌ (هه‌واو هه‌وه‌س) ده‌گرێت (ته‌قوا) ده‌كاته ‌به‌دیلی. سیفه‌ت و ره‌وشت و داب و ئادابه‌كانیش هەروەها. له‌وانه دواندنی ئه‌سپایی نێوان دوو كه‌س و سێكه‌س. ره‌خنه‌ له‌ (چرپه‌چرپی) جاهیلی جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان ده‌گرێت و چرپه‌)ی ئیسلامیانه‌ی به‌دیلیان ده‌داتێ. حه‌زه‌ریان ده‌داتێ كه‌ نه‌كا (چرپه‌)ی ئه‌مانیش سیماو سیفه‌ت و حاڵه‌تی (چرپه‌چرپ)ی جاهیلیه‌ت وه‌رگرێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا تَنَاجَيْتُمْ فَلا تَتَنَاجَوْا بِالإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَمَعْصِيَتِ الرَّسُولِ وَتَنَاجَوْا بِالْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ الَّذِي إِلَيْهِ تُحْشَرُونَ) واتە: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌گه‌ر به‌چرپه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریی دووان با چرپەچرپی گوناحكاریی و ده‌ستدرێژیی كردنه‌ سه‌ریه‌ك و سه‌رپێچی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نه‌بێت، با چرپه‌ی چاكه‌كاریی و ته‌قواو سه‌ر ڕاستی دینداریی بێت، له‌و خوایه‌ش بترسن كه‌ هه‌مووتان له ‌به‌رده‌ستییدا كۆ ده‌بنه‌وه.

   ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ نه‌هێڵن نه‌فس و شه‌یتان، حه‌زی خۆ سه‌رخستن و به‌رامبه‌ر سووك كردن له ‌دڵتاندا ببێته‌ پاڵنه‌ری (چرپه‌)ی نێوانتان. ده‌نا حه‌تمه‌ن (چرپه‌)كه‌ی ئێوه‌ش سیما و مۆركی (چرپه‌ چرپ)ی جاهیلییه‌تی جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ گوناح و تاوان و سه‌رپێچی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. با چرپه‌ی ئێوه‌  (البرو التقوی) بێت، چاكه‌و چاكسازیی، ئاشتی و ئاشته‌وایی، دۆستایه‌تی و برایه‌تی دینی بێت. با ئامۆژگاریی و بیرخستنه‌وه‌، ئاڕاسته‌و په‌روه‌رده‌كاریی، بانگه‌وازو دینداریی بێت. ئاوا ده‌بێته‌ (چرپه‌ی چاكه‌و ته‌قواكاریی). له‌و خوایه‌ش بترسن و خۆفیتان له‌ دڵدا بێت و هۆشتان له‌وه ‌نه‌بڕێت كه ‌حه‌تمه‌ن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای خوای گه‌وره‌و هه‌ر هه‌مووشتان كۆده‌كاته‌وه‌و له‌وێ له‌به‌ر چاوی هه‌موان (چرپه‌)كانتان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، ئه‌وه‌ی چرپه‌ی خراپه‌كاریی و دژایه‌تیی و غه‌یبه‌ت و دوو زمانی و یە‌كتر شكاندن بووبێت، له‌به‌ر چاوو گوێی ئه‌و هه‌موو حه‌شاماته‌ی قیامه‌تدا ده‌یداته‌وه‌ به ‌چاوتانداو فه‌زحتان ده‌كات. چونکە هەر سه‌رزاره‌كی له‌به‌ر خاتری خواتان بوو، بەڵام له ‌حه‌قیقه‌تییدا بۆ سه‌رخستنی نه‌فس و ده‌ركه‌وتن و هێنانه‌دیی به‌رژه‌وه‌ندی دنیایتان بوو.. ئێوه‌ش هه‌ر وه‌كو جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان (چرپه‌) كه‌تان (چرپه‌ چرپ)ی پیلانگێڕیی بوو!.

   له ‌ئایه‌تی ده‌یه‌مدا ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی (چرپه‌ چرپ)ی فیتنه‌یی و دووزمانی و ئاژاوه‌گێڕیی لای جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان هه‌ر شه‌یتانه‌و گۆڕینی (چرپه‌)ی موسوڵمانی باوه‌ڕ لاوازو لاسه‌نگیش بۆ (چرپه‌ چرپ)ی گوناح و تاوان و سه‌رپێچی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هه‌ر شه‌یتانه‌. ده‌ی كه ‌مادام جوله‌كه‌و دووڕووه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی شه‌یتان، ئێوه‌ بۆچی ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و شه‌یتانه‌ی كه ‌دوژمنی خوای گه‌وره‌و دوژمنی سه‌ره‌كی ئێوه‌شه:‌ (إِنَّ الشَّيْطَانَ لَكُمْ عَدُوٌّ فَاتَّخِذُوهُ عَدُوًّا)فاطر/٦ ئه‌وه‌ شه‌یتانه‌ واتان لێده‌كات (چرپه‌)ی خێرو چاكه‌و ته‌قواكاریتان لێ بكاته‌ (چرپه‌چرپ)ی گوناح و تاوان سه‌رپێچی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تا ره‌فتاره‌كه‌تان بكاته ‌مایه‌ی خه‌مباریی خۆتان و موسوڵمانان تا له ‌ناو خۆیاندا به ‌چاوی گومان و دوودڵیی و دڕدۆنگییه‌وه‌ بڕوانه‌ (چرپه‌)ی یه‌كتریی. شه‌یتان خۆی له‌خۆیدا كاریگه‌ر نییه‌، بەڵام ئه‌و ده‌روونانه‌ی فشه‌ڵن، ئه‌و باوه‌ڕانەی له‌ دڵدا شلۆقن رێ خۆشده‌كه‌ن بۆ شه‌یتان و ده‌ستێوه‌ردانیی.. كاریگه‌ری سه‌ره‌تاو كۆتا هه‌ر خوای گه‌وره‌یه‌.. ده‌ی سا با موسوڵمانی سه‌ر ڕاست و پاك و گومان باش خۆ ته‌سلیمی خوای گه‌وره‌ بكات و پشت به‌و ببه‌ستێت. ئه‌مه‌ بوارو بازنه‌ی پاراستنی تاكو كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌تی موسوڵمانانه‌ له دابڕبوونی کۆمەڵکاریی و خەت خەتێن و تەکەتولات کە پێیان دەوترێت: (الجیوب التنظیمیة‌) کە هه‌ڵدێری رێكخستنەکانی کۆمەڵکاریین.

   له ‌كۆمه‌ڵكارییدا زاراوه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دیاره‌ مرۆڤایه‌تی له ‌ئیداره‌ی كۆمه‌ڵكارییدا دوای كێشه‌و ئه‌زموونی زۆر گه‌یشتوێتێ و ناوی ناوه‌ (الجیوب التنظیمیة‌) كه‌ بریتیه‌ له‌ سه‌ره‌تای (چرپه‌ چرپ) و (سرته‌ سرت)ی دروستكردنی خه‌ت و باڵ له‌ناو كۆمه‌ڵكارییدا.  من لێره‌دا ناوی ده‌نێم (رێچكه‌ هه‌ڵدێره‌كانی رێكخستن).

   جاری وا هه‌یه‌ كه‌سانێك كه‌ هێشتا له‌ دیدو هه‌ڵوێست و گیانی كۆمه‌ڵكارییدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ قه‌ناعه‌تی ته‌واو، یان له‌ خۆپه‌سه‌ندیی و له‌ خۆ رازیبوونیانه‌وه‌، یان له‌ پله‌ پێ نەبه‌خشین و كه‌م بایه‌خپێدانیانه‌وه‌ هه‌ستێكیان لا دروست ده‌بێت كه‌ گوایا (مه‌زڵومن) یان (ئیهمال كراون) یان (قه‌دری لێهاتووییان نه‌گیراوه‌) یان هۆی تر، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌یه‌ وه‌كو ره‌خنه‌گرتن له‌ (تێگه‌یشتن) یان (پابه‌ندیی) یان (چالاكی) كاریان یان له‌و (پله‌و ئاستی رێكخستن)ـه‌ی كه ‌تێیدان، هه‌ندێك له‌مانه ‌یان زۆرینه‌یان لای كه‌سێك یان كه‌سانێك که‌ڵەکە ‌ده‌بێت و ده‌بێته‌ كه‌ره‌سته‌ی باسێكی لاوه‌كی، كه‌سه‌كه‌ رێگای یاسایی ناو كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ ناگرێته‌ به‌ر (له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر لاوازیی به‌ڵگه‌كانی بێت) بۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ (چرپه‌چرپ)ی ناو رێكخستن. له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تادا لای ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێی بۆ شل ده‌كه‌ن، هه‌ر وا بڵێ كه‌ فڵان كه‌س یان فڵان ده‌زگا چاكه. بەڵام.....ئینجا ره‌خنه‌كه‌ی خۆی ده‌رده‌بڕێت (كه‌ زیاتر مه‌دح و پێداهه‌ڵدانی خۆیه‌تی یان هاوبیرانی خۆیه‌تی) سه‌ره‌تا مه‌دحێك ده‌كات تا له ‌كاردانه‌وه‌و گله‌یی خۆ به‌ دوور بگرێت و وا نیشاندات كه‌ له ‌دڵسۆزییه‌وه‌یه‌، نه‌ك خوا نه‌خواسته‌! له‌ حه‌زو ئاره‌زووی خۆیه‌وه‌ بێت.. ئه‌گه‌ر دووكه‌س گوێیان بۆ شل كرد، ده‌چێته‌ لای دوانی ترو سیانی ترو ئاوا ده‌كه‌وێته‌ (چرپه‌ چرپ)ـێــكی گوناح (به‌دگومانیی و غه‌یبه‌ت و سووك كردن، یان دووزمانی و پشێویی نانه‌وه‌، یان لاوازكردنی گیانی ئینتیماو هه‌ستی كۆمه‌ڵكاریی) تا (شیرینی) ئه‌م گوناحانه‌ ده‌چێژێت و شه‌یتان لێی ده‌كاته‌ پیشه‌.

   ئه‌م رێچكانه‌ كۆمه‌ڵكار به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن، کەسەکانیشی خۆیان به ‌فه‌تاره‌ت و كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ش به‌ره‌و دووبه‌ره‌كی و خه‌ت خه‌تێنی ناشه‌رعی ده‌به‌ن.. چاره‌سه‌ری ئه‌م (هه‌ستی مه‌زڵومێتی)یه‌ سکاڵای ره‌سمی و شه‌رعییه‌، قه‌ناعه‌تكردنه‌ به‌ وەڵامی شه‌رعیانه‌ی ده‌زگا ره‌سمیه‌كانی كۆمه‌ڵكاریی. ئه‌میرو ده‌سته‌ی ئاڕاسته‌وانانی سه‌ركردایه‌تی ده‌بێت هۆشیارو لێهاتوو دادپه‌روه‌رو حازم بن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س وا نه‌زانێت مافی ده‌خورێت و خه‌ڵكانێكی تر له‌سه‌ر حسابی مافی ئه‌م ده‌چنه‌ سه‌رووتر. ئه‌گه‌ر ئاڕاسته‌وانان چاره‌سه‌ریان دووجار بۆ كه‌سێك داناو له‌سه‌ر (چرپه‌ چرپ)ی خۆی به‌رده‌وام بوو پێویسته‌ سزا بدرێت. باشترین سزاش هێنانه ‌دواوه‌و وه‌ستانێتی. والله اعلم.

 

بیرخستنه‌وه‌یه‌ك له ‌سییره‌وه‌:

 

١- بوخاری و موسلیم له ‌قه‌تاده‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ صه‌فوانی كوڕی موحریز فه‌رمووی: (كُنْتُ آخِذًا بِيَدِ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عُمَرَ فَأَتَاهُ رَجُل، فَقَالَ: كَيْفَ سَمِعْتَ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، يَقُولُ فِي النَّجْوَى؟ قَالَ: سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، يَقُولُ: إِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ يُدْنِي الْمُؤْمِنَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يَضَعَ عَلَيْهِ كَنَفَهُ يَسْتُرُهُ مِنَ النَّاسِ، فَيَقُولُ: أَيْ عَبْدِي! تَعْرِفُ ذَنْبَ كَذَا وَكَذَا؟ فَيَقُولُ: نَعَمْ أَيْ رَبِّ! حَتَّى إِذَا قَرَّرَهُ بِذُنُوبِهِ، وَرَأَى فِي نَفْسِهِ أَنَّهُ قَدْ هَلَكَ، قَالَ: إِنِّي قَدْ سَتَرْتُهَا عَلَيْكَ فِي الدُّنْيَا، وَقَدْ غَفَرْتُهَا لَكَ الْيَوْمَ، قَالَ: ثُمَّ أُعْطِيَ كِتَابَ حِسَابِهِ، وَأَمَّا الْكَافِرُ وَالْمُنَافِقُ، فَيَقُولُ: الأشْهَادُ هَؤُلاءِ الَّذِينَ كَذَبُوا عَلَى رَبِّهِمْ أَلا لَعْنَةُ اللَّهِ عَلَى الظَّالِمِينَ)[1]‌ صەفوان  ده‌فه‌رموێ: ده‌ستم له ‌ده‌ستی ئیبنوعومه‌ردا بوو خوا لێیان رازی بێت كابرایه‌ك هاته‌ سه‌ر ڕێ و لێی پرسی: چیت ده‌رباره‌ی (چرپه‌) له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بیستووه‌ كه‌ فه‌رمووبێتی؟ ئایا هه‌ڵوێست له ‌قیامه‌تدا به‌رامبه‌ری چۆنه‌؟ فه‌رمووی گوێم لێبوو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فه‌رمووی: له ‌رۆژی قیامه‌تدا خوای گه‌وره‌ عه‌بدێكی موسوڵمانی نزیك ده‌كاته‌وه‌و په‌ردەى ‌ستری خۆی به‌سه‌ردا ده‌دات تا ‌خه‌ڵكی نه‌یبینن  (و هه‌ستی پێ نه‌كه‌ن) پاشان خوای گه‌وره‌ ئیعتیرافی به‌ گوناحه‌كانی پێده‌كات. پێی ده‌فه‌رموێ: فڵان گوناحت بیر دێت؟ فڵان گوناحی ترت بیر دێت؟ ئه‌دی گوناحی فڵانیت بیر دێت؟ تا دان به ‌هه‌موویاندا ده‌نێت. كه ‌دڵنیا ده‌بێت ئیتر قوتاربوونی زه‌حمه‌ته‌و حه‌تمه‌ن به ‌فه‌تاره‌ت ده‌چێت، خوای گه‌وره‌ پێی ده‌فه‌رموێ: من له ‌دنیادا بۆم پۆشییت، وا ئێستاش لێت خۆش ده‌بم لێیان، پاشان نامه‌ی كرده‌وه‌ چاكه‌كانی ده‌ده‌نه‌ ده‌ست (كه‌ نیشانه‌ی سه‌رفرازییه‌) ئه‌مما كافرو دووڕووه‌كان شاهیده‌كان لێیان راست ده‌بنه‌وەو‌ راده‌گه‌ێنن كه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن که ‌درۆیان وه‌ل خوای په‌روه‌ردگاری خۆیاندا ده‌كرد. ئه‌رێ هه‌ی نه‌فرینی خوا له ‌سته‌مكاران (نه‌فرین دوعای مه‌حرووم بوونه‌ له ‌ره‌حمه‌تی خوای میهره‌بان).

   ئه‌مه‌ حاڵی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه ‌له ‌كاتێكی لاوازیی باوه‌ڕو زاڵبوونی هه‌واو هه‌وه‌س و شه‌یتاندا كه‌وتوونه‌ته‌ چرپه‌ی گوناح و تاوان و سه‌رپێچی پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ. ئه‌مما ئه‌و كه‌سه‌ی (چرپه‌چرپ)ی كردۆته‌ پیشه‌و خه‌ریكی فیتنه‌چێتی و دووزمانیی و قسه‌هێنان و بردنه‌، ئه‌وه‌ خوا لاماندا له ‌به‌هه‌شتی خوای گه‌وره‌ مه‌حروومه‌. پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (لا يَدْخُلُ الْجَنَّةَ نَمَّامٌ)[2] واته‌ دووزمان ناچێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌.

٢- ئیمامی ئه‌حمه‌د له ‌ئه‌بوكامل و ئه‌بوالربیعه‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ حه‌ممادی كوڕی زه‌یدو ئه‌ویش له‌ ئه‌ییوبه‌وه‌، ئه‌میش له ‌ئیبنومه‌سعووده‌وه‌ خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌ كه ‌فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌یفه‌رموو: (إِذَا كُنْتُمْ ثَلَاثَةً فَلَا يَتَنَاجَى رَجُلَانِ دُونَ الْآخَرِ حَتَّى تَخْتَلِطُوا بِالنَّاسِ أَجْلَ أَنْ يُحْزِنَهُ).[3] واته:‌ كه ‌سێ كه‌س بوون دوانتان پێكه‌وه‌ به ‌جیا (دوور له ‌سێیه‌م کەسەکەتان) چرپه‌ نه‌كه‌ن، تا دەکەونەوە ناو خەڵکی تر، چونكه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ سێیه‌میان تووشی خه‌فه‌ت ده‌كات.

   ئه‌وه‌ رێگرییه‌ له ‌چرپه‌یه‌كی حه‌لاڵ و قسه‌ی حه‌ق، ئه‌دی گوناح و تاوان و سه‌رپێچی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌بێت چه‌ند سه‌خت و توند رێی لێ گیرابێت؟!

ئه‌م رێگرتن و به‌رهه‌ڵستی كردنه‌ له ‌دواندنی ئه‌سپایی دووكه‌سی و سێ كه‌سی، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نه‌بێته ‌مایه‌ی ترسنۆكی موسوڵمان له ‌ووتنی حه‌ق و به‌رگریی له ‌خۆی و هه‌ڵوێستی ره‌وای خه‌ڵكی تر. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ رێگرتنه‌ له ‌بڵاوبوونه‌وه‌ی گومانی به‌د به‌ یه‌كتر بردن و له‌قبوونی متمانه‌ به‌ یه‌كتریی. ئه‌گه‌ر چرپه‌ی خێره‌، خۆ ده‌بێت له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌دا بێت. ئه‌گه‌ر ته‌نها له ‌به‌رژوه‌ندی چرپه‌كاراندا بێت خۆ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كان به ‌به‌رژوه‌ندیی گشتی كۆمه‌ڵه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست كرا بێتەوە. هێنانه‌ دیی ئامانج و مه‌به‌ستی كۆمه‌ڵكارییه‌كه‌ هێنانه‌دیی مه‌به‌ستی تاكه‌كانیشه‌، كه‌ له‌به‌ر خاتری خواو بۆ سه‌رخستنی دینه‌كه‌و دیدو هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان بوونه‌ته‌ ئه‌ندامیی.

   ئه‌م ئیسلامه‌ مه‌زنه‌ ئاوا به ‌ئایه‌تی قورئانه‌كه‌ی خواو فه‌رمووده‌ی جوانی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئه‌و نوخبه‌ كاریگه‌ره‌ به‌ مه‌سئوولیه‌ته‌ی هێنایه‌ كایه‌وه‌.. هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده ‌كردنه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی تری ئیسلامه‌ له ‌هه‌موو كات و شوێنێكدا.

   ئه‌م چرپه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ت و له‌قبوونی متمانه‌ی نێوان موسوڵمانان شتێكه‌و پرس و راوێژی ته‌نهاو تایبه‌ت و نهێنی شتێكی تره‌. ئه‌م چرپه‌یه‌ شتێكه‌و رازو نیازو نهێنی پاراستن شتێكی تره‌. ئه‌م چرپه‌یه‌ شتێكه‌و داپۆشینی عه‌یب و عاری موسوڵمانان شتێكی ترە. ئه‌م چرپه‌یه‌ شتێكه‌و پرسی ئه‌میرو سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسانی كاری ئیسلامی ده‌رباره‌ی كه‌سه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان شتێكی تره‌.. ئه‌و چرپه‌یه‌ی رێپێنه‌دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مایه‌ی خه‌مباریی تاكی موسوڵمانە و هۆکاری دابڕدابڕكردنی ریزی موسوڵمانان و دزه‌ كردنی نهێنیه‌كانیان و هاوشێوه‌یەتی،‌ كه ‌له‌گه‌ڵ زۆربوون و ته‌شه‌نه‌كردنییدا متمانه‌ نامێنێت. ئه‌ندامان ناوێرن نهێنی خۆیان یان رێكخستن و ئه‌میرو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان لای ئه‌ندامانی تر بدركێنن. ئه‌مه‌ش دژوارو هه‌ڵته‌كێنه‌.

   خوای گه‌وره‌ له ‌ره‌حمه‌ت و لوتفی خۆیه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی بنبڕ كردووه‌ كه ‌شه‌یتان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵكارانی ئیسلامی دروست بكات، مه‌گه‌ر (بإذن الله). ئه‌مما متمانه‌ی ناو ئه‌ندامان خۆیان ئه‌وه‌ دراوه‌ته‌وه‌ ده‌ست خۆیان.. ئه‌مه‌ خاڵێكی گرنگه‌و رێسایه‌.. هه‌ر وه‌كو كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی داوه‌ دینه‌كه‌ بپارێزێت بەڵام پاراستنی دیندارێتی به‌رپرسێتی دیندارەکان خۆیانە.. ده‌فه‌رموێ: من دینه‌كه‌تان له ‌دنیادا بۆ ده‌پارێزم، بێخه‌م بن، بەڵام ئێوه‌خه‌می دیندارێتی و سه‌ر ڕاستی و قیامه‌تی خۆتان له‌به‌ر بێت: (إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ)الحجر/٩ ئه‌مما دیندارێتی و ته‌قواكاریی، ئەوە بەرپرسێتی خۆتانە: (قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا * وَقَدْ خَابَ مَن دَسَّاهَا)الشمس/١٠ واتە: ئه‌و كه‌سه‌ سه‌رفرازه‌ كه‌ نه‌فسی خۆی پاڵفته‌كردووه‌و له ‌گوناح شۆریوێتیه‌وه‌، ئه‌و كه‌سه‌ش زه‌ره‌رمه‌ندو لێقه‌وماوه ‌كه‌ نه‌فسی خۆی به‌ گوناح ره‌شكردۆته‌وه‌.

   ئه‌و جا ده‌فه‌رموێ: (وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ) واتە: ده‌ی سا با موسوڵمانه‌ سه‌ر ڕاست و دینداره‌ چاكه‌كان پشت به‌ خوای گه‌وره‌ ببه‌ستن. خوا بیسه‌رو بینه‌رو به ‌ئاگاو زاناو داناو بە توانایە. ئەوەتا خوای حازر و نازر. خوای دەسەڵاتداری هه‌ر هه‌موو (وجود)‌ په‌یمانی پاراستنی دینەکەی بە موسوڵمانان داوه‌. بەڵام پاراستنی دیندارێتی تاکەکان بەرپرسێتی خودی تاکەکانە. ئەگەرچی ئەمیشیان بە بێ مەدەدو یارمەتی خوای گەورە هەر نابێت.. خوای زانای دیارو نادیار خۆت ده‌زانی چه‌ند موحتاجی ئه‌و پاراستنه‌تین.


 



[1] بوخاریی (٦٩٨٦)، موسلیم (٤٩٧٨).

[2] بوخاریی (٥٦٢٥)، موسلیم (١٥٤).

[3] بوخاریی (٦٢٩)، موسلیم (٢١٨٤).

1119 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.