تەفسیر

ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی بیست و ​بیستو یه‌كه‌مى سوره‌تی (المجادلة)

ئایه‌ته‌كانی بیسته‌م و  بیست و یه‌كه‌م

 

(إِنَّ الَّذِينَ يُحَادُّونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُوْلَئِكَ فِي الأَذَلِّينَ * كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي إِنَّ اللَّهَ قَوِيٌّ عَزِيزٌ)

 

واتە: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ‌دوژمندارێتی خواو پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ ده‌به‌زن و شكستیان به‌سه‌ردا دێت. (٢٠) ژێر ده‌سته‌و زه‌لیل ده‌كه‌ون خوای گه‌وره‌ به ‌وویستی خۆی له ‌قه‌ده‌ری خۆیدا (له‌ له‌وحولمه‌خفوزدا) بڕیاری سه‌ركه‌وتنی خۆی و پێغه‌مبه‌ره‌كانی خۆی داوه‌ سه‌لامی خوایان لێ بێت، ده‌فه‌رموێ: به‌ ته‌ئكید خۆم و پێغه‌مبه‌رانم هه‌م به‌هێزی به‌ڵگه‌و به ‌به‌ڵگه‌ی هێز زاڵ ده‌بین، خوای گه‌وره‌ به‌هێزه‌ دەسەڵاتداره‌. (٢١)

 

   ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ره‌ی دوژمندارێتییان به‌رامبه‌ر خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی كردۆته‌وه‌و سه‌نگه‌ریی شەڕیان هه‌ڵكه‌ندووه‌، ئه‌وانه‌ به‌راستی له ‌رێبازی راست، له ‌دیدی روون و هه‌ڵوێستی حه‌ق ‌لایانداوه‌، ئه‌وان كه‌وتوونه‌ته‌ لایه‌ك و دین و شه‌رع و رێنمایی خوای گه‌وره‌ش له ‌لایه‌كی تره.‌ جا ئه‌وانه‌ كه‌ ئه‌و دیدو هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكارانه‌یان هه‌یه‌، به ‌ته‌ئكید نابووت و سه‌رشۆڕ ده‌بن، خوای گه‌وره‌ به ‌قه‌ده‌ری خۆی (كه‌ زانست و وویست و توانایه‌تی) بڕیاری داوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ ببەزێنێت و شكستیان به‌سه‌ردا بهێنێت. ئاوا ‌زه‌لیل دەبن. خوای گه‌وره‌ بڕیاری قه‌ده‌ریی خۆی داوه‌ كه‌ من و پێغه‌مبه‌رانم به ‌ته‌ئكید زاڵ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بین، ئه‌مه‌ش شتێك نییه‌ كه‌س له ‌توانایدا هه‌بێت رێی لێ بگرێت، نه‌هێڵێت، یان دوای خات یان بیگۆڕێت. ئه‌مه‌ فه‌رمانی (كن فیكون)ـه‌ . سه‌ركه‌وتن و سه‌روه‌ریی و دەسەڵاتی باڵا بۆ دینه‌كه‌ی خوایەو بەس‌، بۆ بانگه‌واز و شه‌ریعه‌ت و رێنماییه‌كه‌یه‌تی، بۆ پێغه‌مبه‌ره‌ هه‌ڵبژارده‌كانێتی كه ‌به ‌زانایی و توانایی و دانایی خۆی پشتیوانیان لێ ده‌كات. سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازیی و ته‌مكین بۆ دین و دینداره‌ سه‌رڕاسته‌كانه‌، عه‌بده‌ خواوویسته‌كان كه‌ بۆ خوا ساغ بوونەتەوەو بۆ دینه‌كه‌ی، بۆ بزاڤی خواناسیی  لێبڕاون. ئه‌م سه‌ركه‌وتن و ته‌مكینه‌ هه‌م له‌ دنیادایه‌، هه‌م له‌ رۆژی دواییدا. ئه‌مانه‌ به‌ڵێنی خوای كارزان و راستگۆن:

- (بِآيَاتِنَا أَنتُمَا وَمَنِ اتَّبَعَكُمَا الْغَالِبُونَ)القصص/٣٥ واتە: ئێوه‌و هه‌رچی شوێنكه‌وتووتانن به‌به‌ڵگه‌و نیشانی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتوو زاڵن.

- ( الَّذِينَ إِن مَّكَّنَّاهُمْ فِي الأَرْضِ أَقَامُوا الصَّلاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ وَأَمَرُوا بِالْمَعْرُوفِ وَنَهَوْا عَنِ الْمُنكَرِ وَلِلَّهِ عَاقِبَةُ الأُمُورِ)الحج/٤١ واتە: ئه‌و كه‌سانه‌ی دەسەڵات و سه‌روه‌رییان له‌سه‌ر زه‌وییدا پێده‌به‌خشین نوێژ پیادە دەکەن (ده‌یكه‌نه‌ هۆكاریی خواناسیی ی و خواپه‌رستیی) و پرۆژەی زەکات دادەمەزرێنن ( گه‌یاندنی سامان به ‌موسته‌حه‌ققانی) ئه‌وانه‌ دەسەڵات ده‌كه‌نه ‌مایه‌ی فه‌رمان به ‌چاكه‌وه‌ به‌رهه‌ڵستی له‌ خراپه‌. چاره‌نووسی هه‌موو كارو بارێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای خوای په‌روه‌ردگار.

- ( إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَالَّذِينَ آمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ يَقُومُ الأَشْهَادُ)غافر/٥١ واتە: ئێمه‌ نێرراوانی خۆمان و موسوڵمانان هه‌م له ‌دنیادا سه‌ركه‌وتوو ده‌كه‌ین هه‌م له ‌رۆژی دواییدا، كه ‌خه‌لائق زیندو ده‌كرێنه‌وه‌و شاهیدانی خواوویستی دێنه‌وه‌ پێشه‌وه‌ شاهیدیان بۆ ده‌ده‌ن.

   كه‌وابوو ئه‌وه‌ به‌ڵێنی بنبڕی ته‌ئكید لێكراوی خوای به‌دەسەڵاته ‌كه‌ پێغه‌مبه‌ران و شوێنكه‌وتووانیان سه‌ركه‌وتوو ده‌بن. هه‌موو دەسەڵاتی فیرعه‌ون نه‌یتوانی بانگه‌وازی خواوویستی سه‌یدنا موسا سه‌لامی خوای لێ بێ بوه‌ستێنێت، هه‌موو دەسەڵاتی رۆمان نه‌یتوانی بانگه‌وازی خواوویستی سه‌یدنا عیسا سه‌لامی خوای لێ بێ بوه‌ستێنێت. هه‌موو دەسەڵاتی قوڕه‌یش و فارس و رۆم و خاچ په‌رستان و مه‌غۆل و ئیستعمار نه‌یانتوانی بانگه‌وازی خواوویستی سه‌یدنا محمـد صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بوه‌ستێنن. هه‌موو توانای حكومه‌ته‌ مورته‌ده‌كانی دوای ئیستیعمار كه ‌به ‌هه‌زاران زانای پێشەواو بیرمەندو کەسایەتی ئیسلامییان شه‌هید كرد نه‌یانتوانی رێ له ‌رابوونه‌وه‌ی سه‌رده‌می نوێی موسوڵمانان بگرن.. كه‌وابوو ئه‌و به‌ڵێنه‌ی خوای گەورە به‌ دڵنیاییه‌وه‌ راسته‌و حه‌قیقه‌تی ره‌های بێ سنووره:‌ (كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي)

سه‌رنجده‌ره‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ره‌هایه‌ی له‌و به‌ڵێنه‌‌دا هاتووه‌: (إِنَّ الْعَاقِبَةَ لِلْمُتَّقِينَ) هود/٤٩ رسته‌كه‌ به‌ (إِنَّ)ی ته‌ئكید ده‌ستی پێكردووه‌و رسته‌یه‌كی ناو (ئیسمی)یه‌ كه‌ جێگیریی و به‌رده‌وامێتی ده‌گه‌ێنێت. حه‌تمه‌ن چاره‌نووسی گه‌ش و پرشنگدار، ئاسووده‌یی دنیا و قیامه‌ت هه‌ر بۆ دیندارانی سه‌ر ڕاست و ته‌قواكارانی خواوویسته‌: (فَاصْبِرْ إِنَّ الْعَاقِبَةَ لِلْمُتَّقِينَ)هود/٤٩.

 

چه‌ند خاڵێك بۆ سه‌رنجدان

 

١- كه‌ دووڕووه‌كان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر جووله‌كان كه ‌به ‌هێزو تۆكمه‌یی ناسراو بوون به‌و هیوایه‌ له‌وێ خۆیان و ژیان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پارێزراو بێت، خوای گه‌وره‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌وویسته‌ له‌ ناخی موسوڵماناندا به ‌ئیمانداریی ده‌چه‌سپێنێت كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان جولەکە‌یان هه‌یه‌! ئێوه‌ خوای به‌ دەسەڵات و كارجوانتان هه‌یه‌. سه‌ره‌نجامی دووڕووو و جوله‌كه‌كانیش نوشوستی و به‌زین و ژێرده‌سته‌یی دەبێت. سه‌ره‌نجامی مه‌ده‌دی خوایی بۆ ئێوه‌ سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازیی و دەسەڵاته.‌ هه‌رواشبوو (ئیمان) زاڵبوو به‌سه‌ر (كوفر)دا و (ته‌وحید) هه‌موو (شیرك)ی ریشه‌ كێش كردو (ئیسلام) بوو به‌ به‌دیلی سروشتی (جاهیلییه‌ت). ئه‌مه‌ په‌یمانی راستی خوای خاوه‌نمانه‌.

 

٢- ئه‌گه‌ر له ‌سه‌رده‌مانێكدا هێزی (كوفرو شیرك و ئیلحاد) له ‌هه‌ندێ كات و شوێندا دەسەڵات بگرنه‌ ده‌ست، ئه‌وه‌ گومانی تێدا نییه‌ كه ئەوە ‌سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازیی و تەكنۆلۆژییه،‌ نه‌ك سه‌ركه‌وتنی دین و دیدو عه‌قیده‌ی جه‌نگیی. سه‌یری دڵڕه‌قی كۆمۆنیزم له ‌سۆڤیه‌ت (شوره‌وی) كه‌ له‌ماوه‌ی (١٩١٧-١٩٤١) بڕی (٢٢ملێون) موسوڵمانیان كوشت. ئێستاش روسیا به ‌هه‌موو توانای سه‌ربازی خۆیه‌وه‌و به‌ دەسەڵات و حوكم و پاره‌وه‌ نه‌یتوانی دیندارێتی خه‌ڵكی چیچان له‌ناو به‌رێت، كه‌ له‌ناو ووڵاته‌كه‌یاندا كه‌متر له‌ ملێونێك كه‌سن. ‌شه‌رێكی بێ ئامانیشیان كرایه‌ سه‌ر، كه‌ هه‌ر سێ خوله‌ك و سارووخێك له‌ گرۆزنی پایته‌ختی ده‌دا. ئه‌و هه‌موو ئیلحاده‌ی ماركس و لینین و ستالین چووه‌ سه‌ره‌نوێلكی مێژووه‌و ئه‌و ئیسلامه‌ مه‌زنه‌ له‌ ناو ئه‌و عه‌جه‌مه ‌نه‌خوێنداواره‌ سۆفیانه‌دا هه‌ر مایه‌وه‌!.

 

٣- موسوڵمان له‌گه‌ڵ به‌ڵێنی خوای گه‌وره‌دا وه‌كو حه‌قیقه‌ته‌ ڕه‌ها بێ سنوره‌كانی تری مامه‌ڵه‌ ده‌كات. له هێزو توانای خوای گه‌وره‌ دڵنیایه‌، به ‌هه‌مان شێوه‌ش له ‌قه‌ول و به‌ڵێنی خوای راستگۆ دڵنیایه‌. ئه‌گه‌ر چی له‌ هه‌ندێ واقیعی بچووكدا یان له ‌كات و شوێنی سنورداریشدا موسوڵمانان تێیدا لاوازو بێ دەسەڵاتیش بكه‌ون. بەڵام سه‌ره‌نجامی ململانێ فیكرییه‌كه‌ گرنگه‌. ئێستا وا زیاتر له ‌ده ‌ساڵه‌ شه‌ڕی دژ به ‌ئیسلام كه ‌به‌ ناوی شه‌ڕی تیرۆره‌وه‌یه‌ له‌ (١٦٥)ده‌وڵه‌تدا بۆته‌ ره‌سمی و شه‌ڕی سوپاو موخابه‌رات و سیاسه‌ت و ئابوریی و میدیاكانیانه‌، به‌رامبه‌ر به ‌كۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانی په‌رته‌وازه‌و بێ په‌نا! بەڵام كێ شكستی هێناوه‌؟ ئه‌مریكاو ناتۆ یان تاڵیبان؟ ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه‌ سه‌خته‌ سه‌ربازیی و موخابه‌راتی و سیاسی و میدیایی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییه (‌عه‌زلكردنی داعیه‌كانی ئیسلام) ئه‌م هه‌موو پلان و پیلانه‌ گڵاوه ‌كه‌ به ‌یه‌كێكیان ده‌ڵێن (ووشك كردنی سه‌رچاوه‌ی ئیسلامیه‌كان) ! له ‌ئاڕاسته‌و ده‌ركه‌وتن و ئابوریی، هه‌موو جۆرو شێوازو چۆنیه‌تیه‌ك له ‌ماوه‌ی ئه‌م دوو سه‌د ساڵه‌دا له ‌موسوڵماندا تاقیكرایه‌وه‌، بەڵام ئه‌وه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌ كه‌ ١٣ ملێون كه‌سی میسری (محمـد  مورسی) یه‌كی ئیخوانی حافز قورئانیان به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژاردووه‌!.

 

1397 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.