تەفسیر

پێناسه‌ی سوره‌تی الصف

ئەم سورەتە ھەر لە سەردەمی یاوەراندا پێی ووتراوە سوورەتی الصف، بۆیە ئیمامی بوخاری ھەروەھا ئیمامی ترمزیش رحمھما اللە کردویانە بە ناونیشان و پێناسەی سوورەتەکە. ئەلف و لامی ناوەکەی پێی دەوترێت ئەلف و لامی عەھد. الصف: ریزە، کە بریتییە لە رێکخستن و رێکدانانی ھەرچی شتێک کە لێکدەچن. لەو ئایەتەوە ھاتووە کە خوای گەورە ھەر لەم سورەتەدا لە ئایەتی چوارەمیدا دەفەرموێ:(إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِهِ صَفًّا) واتە: خوا ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کە لە پێناوی ئەودا یەکڕیز کوشتاردەکەن. ئیمامی سیووطی دەفەرموێ پێشی دەڵێن سوورەتی حەواریین و سوورەتی سەییدنا عیسا. ئەم سورەتە شەست و یەکەمین سورەتە، چواردە ئایەتە.. النحاس و موجاھید و عەطاء لە ئیبنوعەبباسەوە خوا لێی رازی بێت دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی مەککییە. (واتە لە مەککە ھاتۆتەخوارەوە) بەڵام ماوەردی و زەمەخشەری و فەخری رازی و ئەوانیتر دەفەرموون ھەموو ئایەتەکانی مەدەنین. (واتە لە مەدینە ھاتوونەتە خوارەوە). وام بۆ ساغبۆتەوە کە ئەمەیان راستترە، چونکە ئەو ھۆی ھاتنە خوارەوانەی بۆ پێشەکی سوورەتەکە ھێنراونەتەوە، ھەمووی وَاللَّهُ أَعْلَمُ دەگەڕێنەوە بۆ موسوڵمانان لە مەدینە، بە تایبەتی کە ریوایەتی جابری کوڕی زەید خوا لێی رازی بێت دەفەرموێ ئەم سوورەتە لە دوای سوورەتی التغابن ھاتۆتەخوارەوە، کەوابوو لە ریزی ھاتنەخوارەوەدا سوورەتی سەدو ھەشتەمە...

   ئەم سورەتە -لەگەڵ ئەو ئاماژەکردنانەی بۆ ئەم باس و ئەو باسی جودا- چەند خاڵێکی سەرەکی رۆشن زۆرتر تۆخدەکاتەوە:

خاڵی یەکەم: ئەوە زیاتر لە مێشکی موسوڵمان دەچەسپێنێت، لەوە دڵنیابێت کە دینەکەی رێبازو بەرنامەی خوای گەورەیەو بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناردووە، بەم شێوازە کۆتاییە ناردوێتی، ھەر لەوەیە کە پێشتر بە شێوازیتر دەینارد کە لەگەڵ دیدو بیروھۆش و قەبارەی کۆمەڵگەکانیتری پێشووی مرۆڤایەتیدا دەگونجا. پێشتر ئەزموونی جۆراوجۆری گەلێک لە پێغەمبەران و نێرراوانی خوای گەورەو پەیامەکانیان و خەڵکانیتر رابورد، کە ھەر ھەموویان رێخۆشکەرو زەمینەسازیی بوون، بۆ ھاتن و پیادەکردنی ئەم دینە کۆتاییە. ئەم دینەی کە خوای گەورە وویستی وا بوو بیکاتە مۆری رەسمی خۆیی و پێغەمبەرایەتی پێ خەتمکات، کە ئەی مرۆڤایەتی ئەوە بزانن کە ئەمە کۆتا بەرنامەمە بۆتانی دەنێرم و غەیری ئەمەش لە ئێوە قبووڵناکەم، ئێوەش بیگرنەبەرو پیادەیکەن، تا بەختەوەریی دنیاو رووسووری قیامەت بن..

   لەم نێوانەدا ئاماژەیەک بە پەیامەکەی سەییدنا موسا دەکاتەوە، سەلامی خوای لێ بێت، تا ھەموو لایەک چارەنووسی بەنوئیسرائیلییەکان وەبیربھێنێتەوەو وەک ئەوەی پێیان بفەرموێ: بزانن کە بەنوئیسرائیلییە کافرەکان ئەو ھەموو ئازارەی پێغەمبەرەکانی خوایاندا،  ئەو ھەموو بەرھەڵستییەیان کردن و ئەو ھەموو بەربەست و کەندو کۆسپەیان خستنەڕێ، ئاقیبەتییان بوو بەچی؟! کێ سەرکەوت و رووڕەشی یو نەھامەتی دەروونیی و زەلیلی جەستەیی بۆ کێ مایەوە؟! پێغەمبەران و ئیمانداران سەرکەوتن و دوژمنەکانیان گومڕابوون. بەڵام ئەم سەرکەوتن و سەربەرزییەی ئیماندارانی بەنوئیسرائیل خۆشیان زۆری نەخایاند! ئەمانیش ووردە ووردە لە دینەکەی خوا لایانداو راو بۆچوونی خۆیان خستە پێش دینەکەی خوای گەورەو کارزان! تا سەرەنجام شایانی ئەوە نەمان پەیامی خوایی لەسەر زەمیندا ھەڵگرن: (وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِقَوْمِهِ يَا قَوْمِ لِمَ تُؤْذُونَنِي وَقَد تَّعْلَمُونَ أَنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ فَلَمَّا زَاغُوا أَزَاغَ اللَّهُ قُلُوبَهُمْ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ) واتە: کە موسا علیه السلام بە قەومەکەی فەرموو: ئەرێ ئێوە بۆچی _کە دەشزانن من نێرراوی خوام و بۆ ئێوەی ناردووم_ ھەر ئازارمدەدەن، ئەوجا کە لە رێ لایاندا، خوای گەورەش دڵی ئەوانی لەسەر خواوویستی لادا، چونکە خوا رێنمایی خەڵکانی لادەر ناکات. کەوابوو قەومەکەی سەییدنا موسا ھی ئەوە نەمان پەیامی خوایی ھەڵگرن، چونکە ھەر لەو کاتەوەی کە لە رێ ترازان و لایاندا، ئەمیندار نەمان، ھەر لەو کاتەوە کە دینەکەیان پشتگوێخست خۆیان گومڕاکردو ھی ئەوە نەمان خەڵکانیتر ھیدایەتبدەن.

   دیسان ھەر لەم نێوانەدا ئاماژەیەکیش بە پەیامی سەییدنا عیسا علیه السلام دەکاتەوە، بەو سیفەتەی کە ھەر بەردەوامبوونی ئاڕاستەی پێغەمبەرایەتییەکەی سەییدنا موسایە علیه السلام و رێڕەوو پێشەکییەکیشە بۆ پەیامەکەی سەییدنا محـمد صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ کە کۆتا پەیامی پێغەمبەرێتییە. ئاڵقەی پەیوەستی نێوان پەیامی پێشووی سەییدنا موساو پەیامی دوایی سەییدنا محمـدە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.. سەییدنا عیسا مژدەی ھاتنی پێغەمبەرێکیدی دەداتە خەڵکەکەی، کە ئەگەر تا ئەو زەمانە ژیان و دیتتان، لاتان نامۆ نەبێت و ئێوە پێش ھەموو کەس باوەڕی پێ بھێنن و شوێنی کەون: (وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِن بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ) واتە: کە عیسای کوڕی مەریەم علیهما السلام بە بەنی ئیسرائیلییەکانی فەرموو: من پێغەمبەری خوام و بۆ ئێوە نێرراوم، ئەو تەوراتەی خوا بە راستدەزانم کە پێش پەیامەکەی من بۆی ناردن، مژدەی ھاتنی پێغەمبەرێکیتری خواشتان پێدەدەم کە لە دوای من دێت، ناوی ئەحمەدە. کەوابوو سەییدنا عیسا بۆ ئەوە ھات تا ئاڕاستەی پێغەمبەرایەتییەکە لە سەییدنا موسا وەرگرێت و قەومەکەی خۆی پێ ئاڕاستەبکات و ئینجا زەمەنەکە بەردەوامکات تا پەیامەکەی سەییدنا محمـدیش صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دێت.

   لە زانیاری خوای پەروەردگاردا ئەم ھەنگاوانە دیاریکراوبوون، دەبوو ھەر ئاوا ھەڵھێنرێنەوە تا ھەموو دەگەنە کات و شوێنی پێویست، کات و شوێنی چەسپاندنی بڕیارە نەگۆڕەکەی خوای کارجوان، کە بریتییە لە وەرگرتن و پیادەکردنی دینەکەی خوا -بەو شێوە کۆتاییەی- کە لەسەر دەستی کۆتا پێغەمبەری خوا ھاتووە صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و دەبێت بەو، ھەموو دین و رێبازێکیدی کەنار درێت و ھەر ئەویش ببێتە رپبازی کارو بەرنامەی ژیان: (هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَى وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ الْمُشْرِكُونَ) واتە: ئەوە ھەر خوای گەورەیە کە پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بە بە رێنمایی خۆی و دینی حەقەوە ناردووە تا -بە کوێرایی چاوی موشریکان- بەسەر ھەموو دین و بەرنامەیەکیتردا زاڵببێت..

خاڵی دووەم: خاڵی دووەمیش لەسەر ئەم خاڵی یەکەمە بنیاتدەنرێت! ئەگەر ئەمە لە ھەستی موسوڵماناندا دابین بوو، کە قەناعەتی تەواوی ئەوەی بۆ دروستبوو کە ئەو بۆیە ھیدایەتی خوای بۆ ھاتووە تا پەیامە کۆتاییەکەی خوا وەرگرێت و پێوەی پابەندبێت و وەکو ئەمانەتێکی خوایی -کە پێغەمبەران سەلامی خوایان لێ بێت ھێناویانە-  بیگەێنێت و لە ژیانی کۆمەڵگەکەیدا پیادەیکات، کە ئەم مانا بەھێزو ھەستە بەرزە وەک عەقیدەیەکی نەگۆڕ لە ناخی چەسپی، ئیدی ھەستی بەرپرسیی و ھیممەتی شاندانەبەر لێپرسراوێتییەکەی زیاتردەبێت و بە نییەتێکی پاک و وورەیەکی بەرزەوە ڕوو لە جیھادەکە دەکات، سووردەبێت لەسەر دەرخستن و سەرخستنیی، سوور دەبێت لەسەر ئەوەی کە بەم دینە، ھەموو دین و بەرنامەیەکی دی -وەکو خوای گەورە مەبەستێتی- وەلا نێت. مساوەمەش لەسەر ئەم خاڵە نەگۆڕەی _لێی بووە بە عەقیدە_ ناکات. دڵەڕاوکێ و راڕاییشی تووشنایێت کە ئەم حەقیقەتە ئاشکرا کات و ھەنگاوی بۆ ھەڵێھێنتەوە یان نا؟! ئەو کاتە (بەڵێ تەنھا ئەو کاتە، کە ئەم خاڵەی لە دڵ و دەرووندا بۆ بۆتە بەڵگەنەوویستی عەقیدەکەی) پێی شتێکی ناقۆڵاو ناماقووڵییە رێی جیھاد بگرێتەبەرو دواتر لێی بکەوێتە پاشەکشە یان لێی لادات! یان مساوەمەی لەسەر بکات و چۆکدادات! وەکو کە لە ھەندێک موسوڵمانانی سەردەمی یەکەمی قورئان و زۆرێکی موسوڵمانانی سەردەمە دوایینەکانی ئێمەدا روویداوە. ھەر لەبەر عاری ئەم ھەڵوێستە بەزیووانەیە خوای پەروەردگاری کردگاری مرۆڤ و کارزان لە سەرەتای سورەتەکەدا بە موسوڵمانەکان دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ كَبُرَ مَقْتًا عِندَ اللَّهِ أَن تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ * إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِهِ صَفًّا كَأَنَّهُم بُنيَانٌ مَّرْصُوصٌ) واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانھێناوە، ھۆ موسوڵمانینە! بۆچی شتێک ناکەن کە خۆتان دەیڵێن؟! ئاخر ئەمە ھەڵوێستێکە -کە شتێک دەڵێن و خۆتان نایکەن- رقی خوا ھەڵدەستێنێت! خوای گەورە ئەو کەسانەی خۆشدەوێت کە یەکڕیز لەبەر خاتری ئەوو لە پێناوی رێبازو بەرنامەکەی ئەودا کوشتاردەکەن! یەکڕیز وەکو دیواری خشت و رێک بەرامبەر دوژمن راوەستاون.

خاڵی سێیەم: ھەر لە سەرەتای سوورەتەکەوە حەزەردەداتە ئیمانداران کە نەکەن وادە بەخیلاف دەرچن. بەڵکو پێویستە سەرڕاستانە بە ئەحکامی دینەکەوە پابەندبن و پیاوانە بیگرن.. کە رۆژی ھیممەت و جوامێریش ھاتەپێش خۆنەدزنەوە! بەڵکو وەکو یاوەرانی عیسا علیه السلام ھاوارکەن: (نَحْنُ أَنصَارُ اللَّهِ) واتە: ئێمە پشتیوانانی خواین! ئینجا ئەوەش داوادەکات کە دوای بە دەمھاتنی ئەم ھاوارەوە، خۆگرانە بەردەوامبمێننەوە، ئەمەی دووەمیش گرنگترە، چونکە لەوانەیە کە دیمەنێکی مەزڵومێتی ئیسلام و موسوڵمانان ببینیت جوامێریت وات لێ بکات، ھەموو کیانت بخرۆشێت و ببیتە رقێکی پیرۆزی بەرخۆدان و رابوون و بەرەنگاری، بەڵام دوای کاڵبوونەوەی وێنە دراماتیکییەکەو ساردبوونەوەی حەماسەتت، ئیتر ئیرادەی بەردەوامبوونت سست ببێت و حەزو شەیتانیش بە بەھانەی ھیچ و پووچ بۆت بکەونە حیلە شەرعی خۆدزینەوە.. زۆرمان ھی ئاوا بینی.  

   ئینجا لە ناوەڕاستی سورەتەکەدا بانگھێشتیاندەکات بۆ بەڕەواجترین بازرگانی، بۆ قازانجترین بازرگانی دنیاو رۆژی دوایی، بۆ جیھادکردن، بۆ کوشتاری ئەو کافرانەی نە تەسبیحاتی خوا دەکەن (واتە لە سیستمی ھەموو بونەوەر یاخیبوون و پێچەوانەی ھەموو زیندەوەرو بێگیان دەبزون) و نە ئامادەشن سەروەریی شەریعەتەکەی بکەنە سێبەری ژیانی خۆیان و کۆمەڵگە موسوڵمانەکە: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا هَلْ أَدُلُّكُمْ عَلَى تِجَارَةٍ تُنجِيكُم مِّنْ عَذَابٍ أَلِيمٍ *  تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَتُجَاهِدُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ بِأَمْوَالِكُمْ وَأَنفُسِكُمْ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ * يَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَيُدْخِلْكُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ وَمَسَاكِنَ طَيِّبَةً فِي جَنَّاتِ عَدْنٍ ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ * وَأُخْرَى تُحِبُّونَهَا نَصْرٌ مِّنَ اللَّهِ وَفَتْحٌ قَرِيبٌ وَبَشِّرِ الْمُؤْمِنِينَ) واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانھێناوە، ھۆ موسوڵمانینە! جۆری ئەو بازرگانیەتان پێ راگەێنم کە ئەگەر کردتان لە سزاو ئازاری بەژان قوتارتانکات و لاتاندا؟! باوەڕ بە خواو پێغەمبەرەکەی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بھێنن و لە پێناوی خوادا بە سامان و گیانتان جیھادبکەن، گەر پەی پێ ببەن ئا ئەوەتان باشترە. بە ئەنجامدانی جیھادەکە لێتان خۆشدەبێت و دەتانخاتە نێو ئەو بەھەشتانەوە کە ڕوبار بە ژێر باخ و باخاتەکانیدا دەڕوات و کۆشک و تەلاری جوان و رازاوەیان تێدایە، بەھەشتێکی نەبڕاوەیە،  ئا ئەوەشە سەرکەوتن و سەرفرازی مەزن.. جگە لەمانەش، ھیتریش ھەیە، کە خۆتان زۆر شەیداینی، سەرکەوتنیشی لای خواوەیەو ئازادی نزیکە، دە ئەم مژدە بدە بە موسوڵمانان..

   ئینجا سورەتەکە بە بانگێشتێکیتر بۆ موسوڵمانان کۆتاییدێت، تا ھەموویان ببنە پشتیوانی خوا! ھەر وەکو کە یاوەرانی دەوری سەییدنا عیسای علیه السلام پێش ئەمان (حەوارییەکان)  بوونە پشتیوانانی خوا، ئەو حەوارییە ئیماندارە بەڕێزانە ھەرچەند بەنوئیسرائیلییە کەلـلەڕەقەکان زۆریان دوژمندارێتی کردن، زۆر بەرھەڵستی سەییدنا عیساو بانگەوازەکەی بوونەوە، بەڵام ئەمان ھەر سووربوون لەسەر سەرخستنی بانگەوازی خواوویستیی سەییدنا عیساعلیه السلام: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُونوا أَنصَارَ اللَّهِ كَمَا قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ لِلْحَوَارِيِّينَ مَنْ أَنصَارِي إِلَى اللَّهِ قَالَ الْحَوَارِيُّونَ نَحْنُ أَنصَارُ اللَّهِ فَآَمَنَت طَّائِفَةٌ مِّن بَنِي إِسْرَائِيلَ وَكَفَرَت طَّائِفَةٌ فَأَيَّدْنَا الَّذِينَ آَمَنُوا عَلَى عَدُوِّهِمْ فَأَصْبَحُوا ظَاهِرِينَ) واتە: ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتانھێناوە، ھۆ موسوڵمانینە! ببنە پشتیوانی خوا، ھەر وەک عیسای کوڕی مەریەم علیه السلام بە یاوەرانی خۆی فەرموو: کێ لەگەڵ من دەبێتە پشتیوانی خوا؟! ئەوانیش ھەموو فەرموویان: ئێمە پشتیوانی خواین، ئینجا ئەوە بوو کۆمەڵێکی بەنوئیسرائییل باوەڕیانھێناو موسوڵمانبوون، کۆمەڵێکیتریشیان باوەڕیاننەھێناو کافربوون، ئیدی ئێمەش ئەوانەمان هیدایەتدا کە باوەڕیانھێنابوو پاشان بەسەر دوژمنەکانیاندا سەرمانخستن، تا ھاتنە نێو خەڵکی و دەرکەوتن..

   ئەم دوو خاڵە لە سوورەتەکەدا زۆر گەش و رۆشنن، چونکە تەقریبەن ھەموو سورەتەکەیان گرتۆتەوە، تەنانەت ئەو ئایەتانەش کە سەرزەنشتی کافرو بەرھەڵستکارەکان دەکەن، ھەر لەبەر ئەو ھەڵوێستە دوژمنکارانەیانە لە ئیسلام و بانگەوازو شوێنکەوتووانی! دینی ھەموو پێغەمبەران علیهم السلام ھەر ئیسلامە، بۆیە قورئانی پیرۆز لە باسی ھەموویاندا علیهم السلام هەر زاراوەی ئیسلام بەکاردەھێنێت. بۆیە کە لەم سورەتەشدا لە نێو جەرگەی باسی ھەڵوێستی دوژمندارانەی بەنوئیسرائیلەوە وا دێتە سەر ھەمان ھەڵوێستی دوژمندارانەی قوڕەیش کە زۆرجار قورئانخوێن ھەست بەوە ناکات کە بەرەی شەڕەکە لە رووی زەمەنەوە گۆڕاوە! نابینیت دوای ھەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەوان و مژدەی پێغەمبەرایەتییەکەی سەییدنا محمـد صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، دێتە سەر باسی قوڕەیش و دەفەرموێ: (فَلَمَّا جَاءهُم بِالْبَيِّنَاتِ قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُّبِينٌ * وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ وَهُوَ يُدْعَى إِلَى الْإِسْلَامِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ * يُرِيدُونَ لِيُطْفِؤُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ) واتە: ھەر کە بەڵگەو نیشانەی رۆشنی بۆ ھێنان و ھەنجەتیبڕین، ھاواریانکرد: ئەمە سیحرەو ئاشکرایە!!ئاخر کێ لەو کەسە ستەمکارو زاڵمترە کە ھەر کاتێک بۆ ئیسلامەتی بانگبکرێت، درۆو دەلەسەو بوختان بە ناوی خواوە دروستدەکات! بەڵام بە تەئکید خۆ خوا رێنمایی ستەمکاران ناکات. ئەوانە دەیانەوێت نووری خوایی بە فوو بکوژێننەوە! بەڵام حەتمەن خوای گەورە -بە کوێرایی چاوی کافران-  تەواوکاری نوورەکەی خۆیەتی..

   موسوڵمان ھەر لەم دوو خاڵە سەرەکییە گەشەی ئەم سوورەتەوە دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو ئیسلامەی ئەو گرتووێتیەبەر -کە کۆتا شێوازی کۆتا پەیامی خواییەو ھاتۆتە سەر زەمین- عەقیدەیەکی خواوویستییەو بە ئەمانەت بەو سپێرراوە، دەبێت شیاوانە نەوەبەنەوە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ھەڵگرێت و لە پێناوی پاراستن و پیادەکردنیدا جیھادێکی بەردەوامی نەپساوە بکات، ئەمەشیان (جیھادکردنەکە، بەو شێوەیەی کە خوای گەورە دەیەوێت و خۆشی دەوێت) تەکلیفی خوای گەورەیەو لێی کردووە.. ھەر موسوڵمانێک کە ئەم سوورەتە دەخوێنێت، دەبێت لەوە بەرچاوڕوونبێت کە ئەم کۆتا دینەی بۆ ئەم ھاتووە، ئەمانەتی خوای گەورەیەو دەبێت جیھاد لە پێناو مانەوەو پایەدارکردنیدا بکات، دەبێت ئەمەی لا بەڵگەنەوویست بێت و منجەمنج و جووینەوەی تێدانەکات، نە خۆی ھەڵخەڵەتێنێت نە خەڵکی دەروبەریشی. دەبێت بەو پەڕی قەناعەتەوە خۆی بخاتە ریزی ئەو موجاھیدانەی لەبەر خاتری خوای گەورە یەکڕیز کوشتاردەکەن!

   سوورەتەکە لەگەڵ تۆخکردنەوەی ئەو دوو مەبەستەی خۆیدا، لە گۆشەو کەنارەکانی ئاڕاستەو ئامۆژگارییەکانی خۆیدا، رەوشت و رەفتارە رەسەنەکان وەبیر موسوڵمانان دەھێنێتەوە، ھەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکات کە نەکا ناوەوەو دەرەوەی خۆیان یەک نەبن! نەکا لە ناخیاندا شتێکیان بوێت و بە رەفتاری دەرەوەیاندا شتێکی پێچەوانەی ئەو ئەنجامدەن! چونکە ئەمە ناقۆڵایە، ئەمە لە رەوشتی موسوڵمان ناوەشێتەوە، چۆن دەشێت موسوڵمان لە ناخیدا چەپەڵ بێت و لە دەرەوەی جوان! چۆن دەبێت شتێک ئاشکراکات و دژەکەی لە ناخیدا پەنھانکات؟! نا، ناشێت، موسوڵمانی خواوویست ئەوەیە کە بۆخواساغبۆتەوە، رەنج و ھەوڵی لەبەر خاتری خوایەو بۆ دینەکەی ئەوە، ھەنگاوو ھەڵوێستەکانیشی بە پێی شەریعەتەکەی ئەون، بۆیە رێکوپێکەو خشتی خشتەو لەگەڵ خوشک و براکانیتریدا ھەر شیاوی دیواری سفت و رێکی بانگەوازەکەی خوان..

1757 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/08/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.