زانستەکانی قورئان

ئایا راسته‌ له ‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ﷺ دا مانگ له‌ت بووه‌ ؟؟

 خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت:(اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ * وَإِن يَرَوْا آيَةً يُعْرِضُوا وَيَقُولُوا سِحْرٌ مُّسْتَمِرٌّ * وَكَذَّبُوا وَاتَّبَعُوا أَهْوَاءهُمْ وَكُلُّ أَمْرٍ مُّسْتَقِرٌّ) (القمر: 1ـ3 ( واته‌: "قیامه‌ت" نزیكبووه‌ته‌وه‌ و مانگیش دوو له‌تبووه‌، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی بێ دین هه‌رچی ئایه‌ت ‌و به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ بیبینێت هه‌ر پشت هه‌ڵئه‌كه‌ن‌و ئه‌ڵێن: ئه‌مانه‌ هه‌مووی جادوویه‌كی به‌رده‌وامن درۆ ئه‌كه‌ن ‌و شوێن ئاره‌زووه‌كانیان ئه‌كه‌ون، (با خه‌ڵك هه‌موو له‌وه‌ ئاگاداربن) كه‌ هه‌موو كارێك به‌ره‌و ئارامگایه‌ك ئه‌ڕوات ‌و له‌وێدا كار و فه‌رمانی كۆتایی پێ دێت .

 )د. زغلول) زانایه‌كی پسپۆڕی ئیعجازی زانستییه‌، ئه‌ڵێ‌: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش له‌ زانكۆی (كاردیف) له‌ رۆژئاوای به‌ریتانیدا ـ موحازه‌ره‌یه‌كم ئه‌دا و ئاماده‌بوان بریتیبوون له‌ موسڵمان‌و ناموسڵمان ‌و باسی ئیعجازی قورئانم بۆ ئه‌كردن گه‌نجێكی موسڵمان هه‌ستایه‌وه‌ وتی: باشه‌ مامۆستا، هیچ ئیعجازێك له‌م ئایه‌ته‌دا شك ئه‌به‌ی كه‌ ئه‌فه‌رموێ‌: (اقْتَرَبَتِ السَّاعَه‌ُ وانشَقَّ الْقَمَرُ). منیش وتم: نه‌خێر من هیچ ئیعجازێك له‌و ئایه‌ته‌دا شك نابه‌م، چونكه‌ زانست ته‌فسیری پرسه‌ زانستییه‌كان ئه‌كات ‌و ناتوانێ‌ "موعجیزه‌" ته‌فسیر بكات، له‌تبوونی مانگیش یه‌كێك بووه‌ له‌ موعجیزه‌كانی پێغه‌مبه‌ر. كه‌ موشریكه‌كان داوا له‌ پێغه‌مبه‌ر ئه‌كه‌ن وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك با مانگیان بۆ له‌ت بكات ‌و ئه‌گه‌ر بتوانێ‌ ئه‌وه‌ بكات ئه‌وه‌ ئه‌وانیش موسڵمان ئه‌بن!

پێغه‌مبه‌ریش ده‌ستی كرده‌ دوعا كردن‌و خوای گه‌وره‌ش ئیلهامی كرد كه‌ به‌ په‌نجه‌ی موباره‌كی ئاماژه‌ بكات بۆ مانگ ‌و له‌تی بكات، كه‌ پێغه‌مبه‌ر په‌نجه‌ی موباره‌كی به‌رز كرده‌وه‌ و فه‌رمانی كرد به‌ مانگ له‌ت ببێت، بوویه‌ دوو له‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان له‌لایه‌كی ئاسمانه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستان ‌و پاشان یه‌كیان گرته‌وه‌، كه‌چی كافره‌كان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی موسڵمان ببن وتیان: ئه‌مه‌ جادووكردن بوون، هه‌ندێ‌ له‌ عاقڵانی ناویان وتیان: ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنه‌كانی تریشدا ئه‌مه‌ روویدابێت ئه‌وه‌ جادوو نییه‌ ئه‌گه‌ر رووی نه‌دابێت ئه‌وه‌ جادووه‌، رۆیشتن سه‌ر رێگه‌و ده‌روازه‌كانی شاری ـ مه‌ككه‌ ـ یان گرت‌و هه‌ركه‌س له‌ شاره‌كانی تره‌وه‌ ئه‌هاتنه‌ مه‌ككه‌ پرسیاریان لێئه‌كردن چی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان لا هه‌یه‌، ئه‌یانووت: شتێكی زۆر سه‌یر روویدابێت ئه‌وه‌یه‌ له‌م شه‌وانه‌دا مانگ دووله‌ت بوو بوو، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌و حاڵه‌ته‌دا بوو، پاشان هاتنه‌وه‌ یه‌ك ‌و یه‌كیان گرته‌وه‌، موشریكه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وه‌ راسته‌قینه‌یه‌ك بووه‌ و جادووگه‌ری نه‌بووه‌ و هه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ موسڵمان بوون ‌و هه‌نده‌كه‌ی تر هه‌ر له‌سه‌ر لوتبه‌رزی خۆیان مانه‌وه‌ .

)دكتۆر زغلول) ده‌ڵێ‌: "كه‌ له‌ قسه‌كانم بوومه‌وه‌ گه‌نجێكی به‌ریتانی هه‌ستایه‌وه‌ ‌و خۆی ناساندو وتی: من ناوم "داود موسی بانیۆك"ه‌، داوای كرد رێگه‌ی قسه‌كردنی پێبدرێ‌ ‌و منیش وتم: فه‌رموو :  وتی: من كابرایه‌ك بووم به‌ شوێن توێژینه‌وه‌ی (ئاینه‌كان) دا وێڵ بووم ‌و رۆژێكیان قوتابییه‌كی موسڵمان قورئانێكی (وه‌رگێڕدراوی ئینگلیزی) به‌ دیاری نارد بۆم ‌و منیش لێموه‌رگرت ‌و زۆر سوپاسم كرد، كه‌ چوومه‌ ماڵه‌وه‌ ‌و كتێبه‌كه‌م كرده‌وه‌ به‌ رێكه‌وت كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌م سوره‌ته‌ (اقْتَرَبَتِ السَّاعَه‌ُ وانشَقَّ الْقَمَرُ) وتم: باشه‌ عه‌قڵ ئه‌وه‌ ئه‌بڕێ‌؟ عه‌قڵ و زانست پشتی ئه‌وه‌ ئه‌گرن مانگ دووله‌ت ببێت ‌و پاشان له‌حیم ببێته‌وه‌و یه‌كبگرێته‌وه‌؟ چ هێزێك ئه‌توانێ‌ كاری وابكات؟ كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ئه‌ڵێ‌: "ئه‌م ئایه‌ته‌ وای لێكردم دڵم له‌ قورئانه‌كه‌ سارد بوویه‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ ئیتر هیچی ترم لێنه‌خوێنده‌وه‌و وتم دیاره‌ قورئانیش هه‌ر باسی خورافات‌و ئه‌فسانه‌ ئه‌كات!! به‌ڵام خوا ئاگاداربوو كه‌ من به‌ راستی به‌ شوێن راستییدا ئه‌گه‌ڕام‌ و حه‌زم له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی بوو، پاش ماوه‌یه‌ك سه‌یری به‌رنامه‌یه‌كی زانستیم ئه‌كرد له‌ ته‌له‌فزیۆندا، كابرایه‌كی به‌ریتانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌كه‌ بوو گفتوگۆ و حیواری له‌گه‌ڵ سێ‌ زانای گه‌ردوونناسی ئه‌مریكیدا ئه‌كرد، ئه‌م پێشكه‌شكه‌ری به‌رنامه‌یه‌ ره‌خنه‌ی له‌و زانایانه‌ ئه‌گرت ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌رجی ‌و مه‌سروفه‌ی ئه‌كرێت بۆ ئه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییانه‌ و ئه‌یوت: له‌ جیاتی ئه‌و هه‌مووه‌ خه‌رجییه‌ بدرێته‌ هه‌ژارانی دونیا‌و ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست دواكه‌وتن ‌و نه‌خۆشی ‌و داماوییه‌وه‌ ئه‌ناڵێنن، دێن ئه‌و هه‌مووه‌ پاره‌ خه‌رج ئه‌كه‌ن له‌ پێناو گه‌شتێكی ئاسمانیدا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا هیچ شتێكی تازه‌ش نادۆزنه‌وه‌، سێ‌ زاناكه‌ش به‌رگرییان له‌ كاره‌كه‌ی خۆیان ئه‌كردو ئه‌یانوت: ئه‌و خه‌رجییه‌ زۆره‌ ته‌نیا بۆ گه‌شتی ئاسمانی خه‌رج ناكرێت، به‌ڵكو بۆ هه‌موو مه‌یدانه‌كانی تری زانستیش خه‌رج ده‌كرێت وه‌ك (طب)‌و (پیشه‌سازی)‌و (كشتوكاڵ)... ‌و ئه‌و شتانه‌ی تریش.. حیواره‌كه‌یان سه‌ری كێشا بۆ باس ‌و خواستی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار كێ‌ دابه‌زییه‌ سه‌ر مانگ ‌و چی دۆزییه‌وه‌، پێشكه‌ره‌كه‌ پرسیاری خه‌رجی ئه‌و گه‌شته‌ی لێكردن وتیان: زیاتر له‌ سه‌د ملیۆن دۆلار خه‌رجی بردووه‌، كابرای به‌ریتانی قیژاندی وتی: باشه‌ هه‌ی هاوار زیاد له‌ سه‌د ملیۆن خه‌رج ئه‌كرێت ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی كابرایه‌ك بچێته‌ سه‌ر مانگ‌ و ئاڵای ئه‌مریكا له‌وێدا بچه‌قێنێت؟ زاناكان وتیان: نه‌خێر ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئاڵای ئه‌مریكا دابچه‌قێنێت، به‌ڵكو له‌ ئه‌و گه‌شته‌دا راسته‌قینه‌یه‌كمان ده‌رخستووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ند قاتی ئه‌و خه‌رجییه‌مان خه‌رج بكردایه‌ خه‌ڵكی بڕوای پێنه‌ئه‌كردین!.

پێشكه‌شكاره‌كه‌ وتی: كام راسته‌قینه‌یه‌؟

 وتیان: كاتی خۆی ئه‌م مانگه‌ له‌تبوونێكی به‌خۆوه‌ بینیوه‌و پاشان یه‌كی گرتووه‌ته‌وه‌.

پێشكه‌شكاره‌كه‌ وتی: چۆن ئه‌مه‌تان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌؟

وتیان: پشتێنه‌یه‌كی به‌ردین كه‌ گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ هه‌موو مانگی گرتۆته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی دووله‌ت بووبێت ‌و له‌حیم كرابیته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، له‌گه‌ڵ (زانایانی جیۆلۆجی) دا راوێژو لیكۆڵینه‌وه‌مان كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌، ئه‌وان قه‌ناعه‌تیان وابوو كه‌شتی وائه‌بێت ته‌نیا له‌و كاته‌دا روویدا بێت كه‌ ئه‌م مانگه‌ بوو بێته‌ دووله‌ت ‌و پاشان یه‌كی گرتبێته‌وه‌!

ئه‌م كوڕه‌ گه‌نجه‌ ئه‌ڵێ‌: كه‌ گوێم له‌مه‌ بوو له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ هه‌ڵبه‌زیم‌ و قیڕاندم: ئه‌رێ‌ وه‌ڵڵا موعجیزه‌كه‌ی موحه‌ممه‌د هاته‌دی! كه‌ پێش هه‌زار ‌و چوارسه‌د ساڵ باسی كردووه‌ ‌و ئه‌وه‌تا خوا ئه‌مریكا به‌كاردێنێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی ملیۆنه‌ها دۆلار خه‌رج بكات تا راسته‌قینه‌كانی دینه‌كه‌ی ئه‌و بۆ خه‌ڵكی بسه‌لمێنێ‌، كه‌واته‌: دینی مسوڵمانه‌كان راسته‌و هی خوایه‌!! بۆیه‌ رام كرد و په‌لاماری قورئانه‌كه‌م داو له‌سه‌ر ره‌فه‌كه‌ (كه‌ تۆزی لێ نیشتبوو) دامگرت ‌و ده‌ستم كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی ‌و سه‌رله‌نوێ‌ سوره‌تی (القمر)م خوێنده‌وه‌و ئه‌و سووره‌ته‌ بوویه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆم ‌و هاتمه‌ ناو ئیسلام ‌و به‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌ قبوڵم كرد.

نوسینی:مامۆستا ئیكرام كەریم

2645 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.