زانستەکانی قورئان

دەستوری ئێمە قورئانە



دەستوری هەرێم لەسەر بناغەی عەلمانیەت دەنوسرێ؟یان شەریعەتی ئیسلام؟یاخود هەمەڕەنگ و تێكەڵاو هاوشێوەی(یاسق)ە كەی جەنگیزخان دەبێ؟

ئاشكرایە هەركام لەئێمە وەك تاكێكی موسڵمان(دور لەسیاسەت و ئەحزاب و ترس و نیفاق) دەستورێكمان دەوێ كەشەریعەتی ئیسلام تاكەسەرچاوەی یاسا دانانی بێ و شەریعەت سەروەر بێ و بەشەریعەتی خودا فەرمان ڕەوایەتیمان بكرێت،ئەگەر ئەوەشمان لەئێستا بۆ ممكن نەبێ و واقع غەیری ئەوەمان بەسەردا بسەپێنێ،بێ گومان ئێمە ناڕازین و لە شەرع دا ناچاری ئەحكامی تایبەتی خۆی هەیە.

باوەڕم بەپینەو پەڕۆی سیاسی پێكەوە لكانی ئەو دوو بەرنامە دژبەیەكە نیە!كەهەریەكەیان دڵی بەسەراب و خەیاڵێك خۆش كردووە ئەویتریان هەڵی وەشاندۆتەوە،ئەمیان دڵی خۆی و هەوادارانی بەوە خۆش كردووە،كەنوسیویەتی نابێ هیچ یاسایەك دەرچێ پێچەوانەی بنەماكانی ئیسلام بێت،ئەوی تریش لەبەرانبەردا بەوە دڵ خۆشە كەنوسیویەتی نابێ هیچ یاسایەك دەرچێ پێچەوانەی بنەماكی دیمكراسی،ئەم هاوكێشەیەش لەماتماتیكدا یەكسانە بە(.)هیچ.

بەهەرحاڵ ئەگەر بەو شێوەیەش بێت كە عەلمانیەكان دەیڵێن،شەریعەتی ئیسلام یەكێك بێت لەسەرچاوەكان،یاخود بكرێتە سەرچاوەیەكی سەرەكی یاسا دانان((كەئێستا عەلمانیەكان ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن))،ئەوكاتە مافی (تەشریع) كەیەكێكە لەتایبەت مەندیەكانی خودای پەروەردگار وەك لەئایەتی(٥٧) ی سورەتی ئەنعام دا دەفەرمێت:( إِنِ الْحُكْمُ إِلَّا لِلَّهِ يَقُصُّ الْحَقَّ وَهُوَ خَيْرُ الْفَاصِلِينَ)(واتە حوكم تەنها بۆ خودایەو بڕیاری یەكلاكەرەوەش لای ئەو دەبێ) نایەتە دی و ئەو مافە دەدرێتە غەیری خودای پەروەردگارو خودا نابێتە(خَيْرُ الْفَاصِلِينَ)و،كار بەزۆرینە دەكرێت نەك ئەو ئایەتەو ئایەتی:(وَمَا اخْتَلَفْتُمْ فِيهِ مِنْ شَيْءٍ فَحُكْمُهُ إِلَى اللَّه)ئایەتی(١٠) سورەتی شورا :واتە لەهەر شتێك ڕاجیایتان هەبو حوكم و بڕیارو یەكلاكردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا...ئاشكراشە ئەكەر جگە لەشەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی تری یاسا دانان هەبێ،ئەو كاتە لەگەڵ خودادا سەرچاوەی تر و خەڵكانێكی تریش دەبن مافی یاسا دانانیان هەبێ و ببنە موشەریع و بڕیاری حەڵاڵ و حەرام دەركەن، ئەمەش پێچەوانەی یەكتاپەرستی و دروشمی(لا إلە الا الله)یە،وەك دەفەرمێ: ( ولا یشرك فی حكمه أحدا)ئایەتی ٢٦ ی سورەتی الكهف....

واتە خودا لەفەرمان ڕەوایەتیدا هیچ كەس ناكاتە هاوتاو هاوبەشی خۆی...

كەواتە دەبێ بۆ ئەم پرسە زۆر گرنگە كەپەیوەستە بەدین و بیروباوەڕو داهاتوی خۆمان و نەوەكانمانەوە،بەئەندازەی قورسایی و قەبارەكەی گرنگی پێ بدرێت لەلایەن هەموو تاكێكی موسڵمان و هەموومان بەڕون و ڕاشكاوی دەنگی خۆمان بڵند كەین و داوای سەروەری شەریعەت بكەین(لەم كۆمەڵگە زۆرینە موسڵمانە)بەتایبەت لایەنە ئیسلامیەكان كەبەداخەوە هەندێكیان پێیان شەرمە باسی فەرمانڕەوایەتی شەریعەت بكەن و گرنگیەكی ئەوتۆی پێ نادرێ!!كەدەبوو شەڕی گەورەیان لەسەر ئەم پرسە بكردایەو،ئەمە بەلایانەوە گرنگتر ببوایە لەهەندێ پرس و پۆستی سیاسی و ئیداری...

زانایانی ئاینیش پێویستە بەوشێوەیە بن كەخودا لەسورەتی ئەحزاب ئایەتی ٣٩ باس و ستایشیان دەكات و دەفەرمیت: (الذين يُبَلِّغُونَ رِسَالاَتِ الله وَيَخْشَوْنَهُ وَلاَ يَخْشَوْنَ أَحَداً إِلاَّ الله)، ئەوانەی كەپەیامەكانی خودا دەگەیەنن،وە لەو دەترسن و جگە لەو لە هیچ كەسیتر ناترسن، پێویستە لەسەریان وەك ئەركێكی شەرعی ئەوە ڕاگەیەنن و ڕون كەنەوە كەلەئاینی ئیسلامدا كاركردن بەهەندێ لەئەحكامەكانی شەریعەت و پشت گوێ خستنی هەندێكی تریان و حەڵاڵ حەرام كردن و حەرام حەڵاڵ كردن قەدەغەكراوەو چ حوكمێكی هەیەو نابێت ئەو خەڵكە موسڵمانە بێ دەنگ بن لە چەسپاندنی دەستورێك ڕێگا بدات سبەینێ بەناوی یاساوە سنورەكانی خودا پێشێل كرێت و ئەحكامەكانی پشت گوێ خرێت،دەبێ بەرچاوی خەڵكی موسڵمانی كوردستان بەجوانی ڕۆشن كەن و ڕێبازی ستەم كاران و خودا نەناسان دەرخەن و بناسێنن وەك خودای گەورە لەئایەتی(٥٥)ی سورەتی ئەنعام دا دەفەرمێت:(ولتستبين سبيلَ المجرمين).
نوسینی: مامۆستا دڵشاد گەرمیانی

3892 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/07/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.