قورئان هه‌موو باسه‌كانی خۆی له دروستبوونی بونه‌وه‌ر له چه‌ند ئایه‌تێكی ئیعجازیدا باس فه‌رمووه كه زۆر ورد و پڕ له واتان، به‌ڵام زانست و بیردۆزه‌كانی بیر و ڕامانی مرۆڤ پاش ملیاران ساڵ له دروستبوونی مرۆڤ هێشتا به‌كه‌مێكی ئه‌و زانستانه گه‌یشتوون، ئه‌توانین به‌رهه‌می بیردۆز و زانسته‌كانی مرۆڤیش له‌مباره‌یه‌وه كورت بكه‌ینه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی باش دوای هاتنی ئیسلام، چونكه وه‌ك شاره‌زای به ئینسافی فه‌ره‌نسی (جول لایوم) وتویه‌تی: زانست و زانیاری ته‌نها له رێگه‌ی موسڵمانانه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵكی سه‌رزه‌وی و موسڵمانانیش له ئاماژه‌كانی قورئانه‌وه وه‌ریانگرتووه.
زانایانی دوور له ئیسلام له‌به‌ر نه‌بونی ته‌واوی باوه‌ڕیان به قورئان سه‌ره‌تا بیردۆزی ئه‌زه‌لی بوونی مادده و سروشتیان هێنایه كایه‌وه و پاشان به پێشكه‌وتنی لایه‌نی زانستی ورده ورده خودی زانست زۆربه‌ی زانایانی به‌ره‌و دانپیانانی راستی برد؛ كه نه‌خێر بونه‌وه‌ر سه‌ره‌تای هه‌یه و دوای ئه‌مانه‌ش هه‌ر له‌زمانی ئه‌وانه‌وه وه‌عده‌كه‌ی قورئان به‌چاو بینرا (سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ ).
لێره‌دا هه‌ندێ له باسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به بونه‌وه‌ر له نێوان زانستی تازه و ئیعجازی قورئانیدا ده‌خه‌ینه‌ڕوو، ناڵێین هه‌موو ئه‌وباسانه‌ی بونه‌وه‌ر كه له قورئاندا هاتووه، چونكه هێشتا زانست زۆر ده‌ست كورته له‌چاو ئه‌وهه‌موو هه‌قیقه‌تانه‌ی كه له قورئاندا هه‌یه .
خۆزگه بكرایه ئه‌و ده‌زگا گه‌ورانه و ئه‌و هه‌موو عه‌قڵه زانستییه پێگه‌یشتوانه هه‌قیقه‌ته‌كانی قورئانیان بكردایه‌ته ده‌ستپێك و بینای داهێنان و خزمه‌تگوزاریان له‌سه‌ربكردایه نه‌ك ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و هه‌موو گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه و خه‌رجیانه بگه‌نه سه‌ره‌تاترین زانستی قورئانی .
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وان ماندوبوونیان جێگه‌ی پێزانینه، ئه‌وان له‌بوارێكدا كارده‌كه‌ن كه زۆر پله به‌رزی كردونه‌ته‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكانیتردا، ئه‌مه‌شیان هه‌ر ڕاستی ئایه‌تی خوا ده‌رئه‌خات (يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آَمَنُوا مِنْكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ) .
یه‌كه‌م
پێكهاته‌ی بوونه‌وه‌ر
له باسه‌كانی بوونه‌وه‌ردا خوای گه‌وره له قورئاندا چه‌ند زاراوه‌یه‌ك باس ده‌فه‌رموێت: (حه‌وت ئاسمان، زه‌وی، ئه‌ستێره، هه‌ساره، گسكده‌ر، شوێنی له‌نگه‌رگرتن، چنراو، ده‌روازه، پێگه‌ی ئه‌ستێره،...) جگه له‌مانه‌ش سوێند ده‌خوات به‌وانه‌ی ده‌بینرێن و ئه‌وانه‌شی نابینرێن، كه‌واته؛ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بینرێت له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده و زیاتریش مابێت كه نابینرێ (فَلَا أُقْسِمُ بِمَا تُبْصِرُونَ * وَمَا لَا تُبْصِرُونَ) الحاقة/٣٨-٣٩
به‌ڵام زانستی سه‌رده‌م هه‌تا ئێسته پێكهاته‌كانی بونه‌وه‌ری دیارینه‌كردوه و ته‌نها به‌هۆی ته‌له‌سكۆبه‌وه هه‌ندێكی زۆر كه‌م له‌وانه‌ی كه له‌قورئاندا هه‌یه دۆزراوه‌ته‌وه و بینراوه .
كه‌واته؛ زانستی سه‌رده‌م نه‌گه‌یشتۆته ته‌واوی پێكهاته‌ی بونه‌وه‌رو ئه‌وه‌ی قورئان له‌مباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی پێ كردوه زۆر زۆر زیاتره له‌وه‌ی زانستی سه‌رده‌مه‌كان تا ئێسته‌ش زانیویانه .
دووه‌م
سه‌ره‌تای دروستبوون
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: (أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا ۖ وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ ۖ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ )الأنبياء/٣٠
واته: ئایا بێباوه‌ڕان نه‌یانبینی كه ئاسمانه‌كان و زه‌وی یه‌كپارچه‌بوون و ئێمه لێكمان جیاكردنه‌وه .
(قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَنْدَاداً ذَلِكَ رَبُّ الْعَالَمِينَ * وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ مِنْ فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَا أَقْوَاتَهَا فِي أَرْبَعَةِ أَيَّامٍ سَوَاءً لِلسَّائِلِينَ * ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعاً أَوْ كَرْهاً قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ)فصلت/٩-١٢ واته: بڵی ئایا ئێوه كافرن به‌و خوایه‌ی زه‌وی له ماوه‌ی دوو ڕۆژدا دروستكرد و ئێوه‌ش هاوشانی بۆ دائه‌نێن؟ ئه‌و خوایه خاوه‌نی جیهانه‌كانه،و له‌ناو زه‌ویشدا شاخه‌كانی به‌سه‌ریه‌وه داناوه و پیرۆزی تێدا دانا‌و له‌چوار ڕۆژیشدا بژێوی دانا به‌هاوسانی بۆ داواكاران، پاشان ویستی ئاسمان ڕێكبخات له‌كاتێكدا كه دوكه‌ڵ بوو، به ئاسمان و زه‌وی فه‌رموو به‌چار یان به ناچار وه‌رن، هه‌ردووكیان وتیان به گوێرایه‌ڵی هاتین .
(فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ وَأَوْحَىٰ فِي كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا ۚ وَزَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِمَصَابِيحَ وَحِفْظًا ۚ ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ) الفصلت/١٢ واته: خوا بڕیاریدا حه‌وت ئاسمان بێت و هه‌ر ئاسمانه‌ش كاری خۆی پێ سپارد، ئاسمانی دونیاشی كرده چراخان و پارێزه‌ریشه، ئه‌وه‌یه بڕیاری خوای زاڵ و زانا .
(إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ) الأعراف/ ٥٤ واته: په‌روه‌ردگاری ئێوه ئه‌وه‌یه ئاسمانه‌كان و زه‌وی له‌ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژدا خه‌لقكرد و پاشان له‌سه‌ر ته‌ختی خۆی ڕاوه‌ستا .
ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزانه پڕن له زانراوه‌ی زانستی (هاتنه‌بوون) كه مرۆڤ ئه‌توانی گه‌شه به زانیارییه‌كانی بدات و له‌بونه‌وه‌ردا به‌چاو بیبینێ، هه‌وڵه‌كانی بخاته گه‌ڕ بۆ به‌دواداچون به‌ڵام نه موسڵمانان ئه‌وه‌یانكرد به‌هۆی هه‌ندێ بۆچونی لاوازه‌وه، نه بێباوه‌ڕه‌كانیش باوه‌ڕی سه‌د ده‌رسه‌دیان هه‌بوو له‌وێوه ده‌ستبكه‌ن به گه‌ڕان، هه‌ندێكیان دوای مله‌جه‌ڕێیه‌كی زۆر ئیعتیراف ئه‌كه‌ن به زانراوه‌كانی قورئان .
ئه‌وه‌ی كه تائێسته زانراوه و دانپیانانی بۆكراوه ئه‌وه‌یه؛ به‌ڵێ ئاسمانه‌كان و زه‌وی یه‌كپارچه‌بوون پاشان پارچه پارچه بووه، ئه‌وان ئه‌ڵێن به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌وه لێكبچڕاون، ئه‌و ته‌قینه‌وه به (big bang) بیگ بانگ ناو ئه‌به‌ن، بونه‌وه‌ریش سه‌ره‌تا وه‌ك پارچه سه‌دیمێك یان وه‌ك ته‌پوتۆز وابوه و پاشان گه‌یشتونه‌ته ئه‌وه‌ی بڵێن دووكه‌ڵ بووه واته وه‌ك ته‌عبیره‌كه‌ی قورئان، ئێسته‌ش زاراوه‌ی ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه زۆر وورد نییه‌و له قورئاندا بۆ كرداری جیابونه‌وه‌ی ئاسمانه‌كان و زه‌وی له‌یه‌كتر ووشه‌ی(ف‌ت‌ق)ی به‌كارهێناوه كه واتای ته‌قینه‌وه‌ی تێدا نییه واته جیابونه‌وه‌كه له شێوه‌ی ته‌قینه‌وه‌دا نه‌بووه و بێگومان زانست ئه‌گاته ئه‌و ڕاستیه‌ش، ئاماژه‌كانی قورئان هه‌مووی موعجیزه‌ن و بۆ كه‌ڵكی مرۆڤه، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌ره به‌یه‌كترییه‌وه: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) .
سێیه‌م
ماوه‌ی دروستبوونه‌كه
له قورئاندا ماوه‌ی دروستبوونی ئاسمانه‌كان و زه‌وی شه‌ش ڕۆژه و به‌م شێوه‌یه ئه‌فه‌رموێ: (إِنَّ رَبَّكُمُ اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ) الأعراف/ ٥٤
واته: په‌روه‌رگاری ئێوه الله یه كه‌ئاسمانه‌كان و زه‌وی له‌شه‌ش ڕۆژدا دروستكرد و پاشان له‌سه‌ر عه‌رش ڕاوه‌ستا .
(فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ وَأَوْحَىٰ فِي كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا ۚ وَزَيَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْيَا بِمَصَابِيحَ وَحِفْظًا ۚ ذَٰلِكَ تَقْدِيرُ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ) الفصلت/١٢ واته: بڕیاری داوه ئاسمانه‌كان حه‌وت ئاسمانبن له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا و هه‌ریه‌ك له‌و ئاسمانانه كاری خۆی پێ سپێرراوه و ئاسمانی دونیاشی به چراخانكراوه و پارێزه‌ریشه ئه‌وه بڕیاری خوای زاڵ و زانایه .
لێره‌دا ئه‌وانه‌ی چنه‌كوڕه‌ی دونیا ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی دژه‌وانه‌یه‌ك له قورئاندا ده‌ڵێن ژماره‌ی ڕۆژه‌كانی خه‌لقی ئاسمانه‌كان و زه‌وی ئه‌كاته هه‌شت رۆژ نه‌ك شه‌ش رۆژ، حسابه‌كه‌یان به‌مشێوه‌یه: ئه‌ڵێن: دوو رۆژی خه‌لقی زه‌وی+ چوار رۆژی دانانی بژێوی و پێداویستی ژیان تیایدا + دوو رۆژی ئاسمان = هه‌شت رۆژ، ئیتر بۆ قورئان له‌و ئایه‌ته‌دا ئه‌ڵێ ئاسمانه‌كان و زه‌وی له‌ماوه‌ی شه‌ش رۆژدا دروستبوون!؟
یان ئه‌ڵێن: ئه‌گه‌ر زه‌وی پێش ئاسمانه‌كان دروستبووه چۆن له‌و بۆشاییه‌دا خۆی گرتووه به‌بێ هێزی كێشكردن؟؟ !!
ئه‌وان ئایه‌ته‌كان ده‌كه‌نه شایه‌ت ئێمه‌ش هه‌ربه ئایه‌ته‌كان پێیان ده‌سه‌لمێنین له حساباته‌كاندا هه‌ڵه‌یانكردووه :
(قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِي خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَنْدَاداً ذَلِكَ رَبُّ الْعَالَمِينَ * وَجَعَلَ فِيهَا رَوَاسِيَ مِنْ فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِيهَا وَقَدَّرَ فِيهَا أَقْوَاتَهَا فِي أَرْبَعَةِ أَيَّامٍ سَوَاءً لِلسَّائِلِينَ * ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعاً أَوْ كَرْهاً قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ) به‌پێی ئه‌م ئایه‌تانه‌ی سوره‌تی (فصلت): خوا زه‌وی له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا خه‌لقكرد به‌ڵام هێشتا بۆ ژیان نه‌ده‌گونجا، به‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ڕۆژه‌ی تر خوای گه‌وره زه‌وی به‌شێوه‌یه‌ك لێ كرد كه بگونجێ بۆ ژیان .
تا ئێره ده‌كاته شه‌ش ڕۆژ، به‌ڵام كاتێك خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: (ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ) پاشان ڕووی له ئاسمان نا. نه‌یفه‌رمووه پاشان ئاسمانمان له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا خه‌لقكرد به‌ڵكو ئه‌فه‌رموێ پاشان ڕووی له ئاسمانناو ئاسمان له‌و كاته‌دا دوكه‌ڵبوو (إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ)، هه‌روه‌ها پێش كردنی ئاسمان به‌حه‌وت چین، ئاسمان و زه‌وی وه‌ڵامی فه‌رمانه‌كه‌ی خوایان داوه‌ته‌وه و فه‌رمانبه‌رداری خۆیان سه‌لماندوه ( ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعاً أَوْ كَرْهاً قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ )
كه‌واته هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش رۆژه‌شدا ئاسمانی خه‌لقكردوه چونكه پاش ژماردنی شه‌ش ڕۆژه‌كه ئه‌فه‌رموێ ڕووی له ئاسماننا، ئه‌گه‌ر دروستنه‌بوبێ بۆ ئه‌فه‌رموێ ڕووی له ئاسماننا؟ هه‌روه‌ها ئه‌و مادده‌یه‌ی كه زه‌وی لێدروستكراوه هه‌مان ئه‌و ماددانه‌یه كه له پێكهاته‌ی پێش كه‌رتبون و ته‌قینه‌وه‌كه‌دا هه‌بووه .
به‌ڵێ ئاسمانه‌كان وه‌ك خه‌لق له شه‌ش ڕۆژه‌كه‌دا خه‌لقبوون به‌ڵام كردنی ئاسمانه‌كان به‌حه‌وت ئاسمان و ڕێكخستنی ئه‌وه له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا بوه و په‌یوه‌ندی به‌و شه‌ش رۆژه‌وه نییه .
یان وه‌ك دكتۆر (فازڵ ئه‌لسامه‌رائی) ده‌ڵێت: له زمانی عه‌ره‌بیدا ته‌داخل هه‌یه و ئه‌و دوو ڕۆژه له‌ناو شه‌ش ڕۆژه‌كه‌دایه .
جگه له‌مانه‌ش پاش خه‌لقی زه‌وی خۆی، ئه‌وه‌شی له زه‌ویدا كراوه وه‌ك قووت و به‌ره‌كه‌ت و زنجیره شاخه‌كان هه‌ر خه‌لقی ده‌وێت بۆیه ده‌بێت ئه‌و رۆژانه له‌گه‌ڵ ڕۆژه‌كانی خه‌لقدا كۆبكرێنه‌وه به‌ڵام ئاسمانێك ئه‌گه‌ر جیابكرێته‌وه و بكرێته حه‌وت ئاسمان ئه‌وه ڕێكخستنه نه‌ك خه‌ڵقكردن .
كه‌واته جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ڕۆژه و به‌جیا باسكردنی داناییه له بواری زمانه‌وانی و دروستكردن و ڕێكخستندا .
له‌وانه‌شه له‌وێدا ئه‌و دوو رۆژه ئیعجازێكی تری قورئان ده‌ربخات!! به‌وه‌ی تائێسته له قورئان بینراوه هه‌میشه خه‌ڵكی سه‌رسامكردوه به زانیارییه ورد‌و ڕاسته‌كانی، به سیفه‌تی (التداخل) لێی بڕوانی هه‌ر ڕاسته و به ڕێكخستنی شتێكی خه‌ڵقكراویش لێی بڕوانی هه‌ر ڕاسته، له‌وانه‌شه ئه‌وه‌ی له پاشتر ده‌رده‌كه‌وێ ڕاستتر بێت له‌مانه و خواش باشتر ده‌زانێ و تا ئێسته‌ش ڕه‌وڕه‌وه‌ی زانست له‌سه‌ره‌تای ڕێ دایه .
ئه‌و گومانه‌ش كه ده‌ڵێن ئایا زه‌وی پێش ئاسمانه‌كان بووه چۆن له‌و بۆشاییه‌دا ڕاگیراوه به‌بێ بوونی مه‌ودایه‌كی موگناتیسی؟
ئه‌وه هه‌ر به‌راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م ئه‌میش هه‌ڵوه‌شاوه‌یه، چونكه به‌ته‌نیا دروست نه‌بوه‌و پێكه‌وه خه‌لقكراون پاشان ئه‌وه بیردۆزێكی به‌سه‌رچووبووه كه به ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی و به ئاسمان ئه‌وترا بۆشایی ئاسمان و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا گه‌یشتنه‌وه ته‌عبیره قورئانییه‌كه (الَّذِي جَعَلَ لَكُمُ الأَرْضَ فِرَاشاً وَالسَّمَاء بِنَاء) واته: ئه‌و خوایه‌ی زه‌وی بۆ ڕاخستون و ئاسمانی به بیناكردوه بۆ ئێوه .
ئه‌وه‌شی كه له ده‌می هه‌ندێ له زانایانی ته‌فسیره‌وه ڕیوایه‌تی ده‌كه‌ن ئه‌وا قورئان له هه‌ڵه تێگه‌یشتنی كه‌س به‌رپرس نییه و زانایانی ته‌فسیریش خوا پاداشتی به‌خێریان بداته‌وه هه‌وڵی ته‌واوی خۆیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ته‌فسیركردن، به‌ڵام ئه‌وانیش مرۆڤن و بێگومان ناتوانن هه‌موو ئه‌وه‌ی خوا فه‌رموویه‌تی له‌یه‌ك زه‌ماندا پڕاوپڕ ته‌فسیر بكه‌ن و بگه‌نه هه‌موو زانیارییه‌كانی، ئه‌وانیش وه‌ك ئه‌و هه‌موو بیردۆزانه‌ی كه دوای پێگه‌یشتنیان یان ده‌ركه‌وتنی پێچه‌وانه‌كانیان هه‌ڵوه‌شانه‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ته‌نها قورئان پیرۆزه و بێ هه‌ڵه‌یه، كاتێك بیردۆزه‌كان ده‌بنه زانست و زانسته‌كانیش ده‌بنه هه‌قیقه‌ت ئه‌وكات پڕاوپر ته‌فسیری ئایه‌ته‌كان ده‌كه‌ن چونكه لای خوای هه‌ق و زانا و به‌تواناوه دابه‌زیوه .
بۆ نمونه: تا ئێسته زانست ته‌نها به‌شێكی كه‌می له‌بوونه‌وه‌ر و ئاسمانی یه‌كه‌م ناسیوه، له‌و به‌شه‌كه‌مه‌ش زۆربه‌ی هه‌ر بیردۆزه و كه‌مێكی چه‌سپاوه وه‌ك زانست، بۆی هه‌یه له چڕبونه‌وه‌ی زانیارییه‌كاندا بینشی زانستی بۆ زۆربه‌یان بگۆڕێ و هه‌ركات ئه‌و زانیاریانه گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی نه‌كرێت جگه له‌وه‌ی له قورئاندا هه‌یه ناوی لێبنرێ ئه‌وه ته‌وای زانیارییه ده‌باره‌ی ئه‌و شته، وه‌ك زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ی له‌م په‌ڕاوه‌دا هێناومانه .
نوسینی: شێخ صديق عبدالعزيز