ژیاننامەی پێغەمبەر

سه‌ره‌تای پێغه‌مبه‌رێتی و هاتنی وەحی

پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم كه‌ ده‌یبینی وا قه‌ومه‌كه‌ی له‌و هه‌موو گومڕاییه‌دان، عه‌قیده‌یان چه‌وته‌، په‌رستنیان شیركه‌، ره‌وشتیان زفته‌و ره‌فتاریان هه‌ر شه‌راب و قوماره‌و ئازایه‌تییان هه‌ر بۆ جه‌رده‌یی و شه‌ڕی هۆزگه‌رایی و تۆڵه‌ی تیره‌په‌رستییه‌، خه‌می لێ ده‌خواردن، په‌ژاره‌ دایده‌گرت كه‌ ده‌یبینبی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی شیرازه‌ پساوه‌: به‌هێز لاواز هه‌ڵده‌لووشێت، دارا شانازی به‌ سه‌روه‌ت و سامان و ره‌چه‌ڵه‌ك و وه‌چه‌وه‌ ده‌كات، و نه‌داریش كۆیله‌ ده‌كرێت! گه‌وره‌ خۆی به‌ شان و باهوو نه‌سه‌بییه‌وه‌ با ده‌دات و له‌ولاوه‌ش زۆر هۆز له‌ برساندا رۆڵه‌كانی خۆیان زینده‌ به‌چاڵ ده‌كه‌ن!! ئه‌میان كچی بەڕێزه‌و ئه‌ویان له‌به‌ر شوره‌یی و چاوشۆڕی! زینده‌به‌چاڵی ده‌كات! ده‌یبنی ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، زه‌لكاوه‌، بۆگه‌نی ئه‌م نزمی و خۆپه‌سه‌ندی و سته‌م و بێ دادیی زۆنگاوه‌، هه‌موو سیفه‌تێكی ماقووڵ و پیاوانه‌ی ره‌سه‌نی ژێر ناوه‌، زۆر به‌ دیققه‌ت نه‌بویتایه‌ جوامێری و سه‌خاوه‌ت و ئازایه‌تی و سه‌ربه‌ستی پیاوماقولێنت نه‌ده‌دی !!

   پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم كه‌ ئاهی هه‌ڵ ده‌كێشا ته‌مه‌ننای شیفای كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌كرد، خۆزگه‌ی ده‌خواست كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌ لوتفی خۆی له‌و بۆگه‌نییه‌ ده‌ریان بهێنێت.. بۆیه‌ زۆرجار له‌م دیمه‌نه‌ ناقۆڵایانه‌ دوور ده‌كه‌وته‌وه‌و ته‌شریفی ده‌برده‌ جێیه‌كی دوورتر، تا بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت خۆی گۆشه‌گیر بگرێ له‌و حاڵ و بارودۆخه‌ی له‌ ناخیدا تووشی خه‌فه‌تی ده‌كرد، زۆرجار له‌ خه‌ڵوه‌تگایه‌كی كه‌ناردا له‌گه‌ڵ به‌ زه‌ینی دڵی دابین و هه‌ستی كڕو بیری قووڵ و دیدی دووره‌وه‌ سه‌رنجی ئاسه‌واری دەسەڵاتی خوای كردگاری ده‌دا، دڵی گه‌وره‌ی هێنده‌ی تر پڕ ده‌بوو له‌ باوه‌ڕو قه‌ناعه‌تی ره‌ها به‌ دانایی و به‌ توانایی په‌روه‌ردگار، تا رۆژێك كه‌ ئه‌و له‌و سكونه‌تی ئه‌شكه‌وتی حه‌ڕائداو له‌ ده‌ریای قوڵی سه‌رنج و كۆڵینه‌وه‌ی چل ساڵی خۆیدا بوو، جوبره‌ئیلی لێ په‌یدا بوو، فریشته‌ی په‌یامبه‌ری خوای كردگار، هاته‌ لای و په‌یامی بۆ هێناو مژده‌ی پێغه‌مبه‌رێتی پێ دا !!

باشترین و راستترین ریوایه‌تی ئه‌و رۆژو ساته‌، فه‌رمووده‌ه‌كه‌ی ئیمامی بوخارییه‌ كه‌ له‌ دایكه‌ عائیشه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، كه‌ فه‌رموویه‌تی: یه‌كه‌م دیارده‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بینینی خه‌ونی راست بوو، هه‌ر خه‌ونێكی ده‌دیت وه‌كو سپێده‌ی به‌یان ده‌هاته‌ دی، چۆنی له‌ خه‌ونه‌كه‌دا دیبوو، ئاوا به‌ حه‌قیقه‌تی ده‌یدییه‌وه‌، ئینجا حه‌زی ده‌كرد بچێته‌ ئه‌شكه‌وتی حه‌ڕاء كه‌ له‌ چیایه‌كی نزیكی مه‌ككه‌دا بوو، رووه‌و رووی كه‌عبه‌ بوو، ئیدی له‌وێدا چه‌ندین شه‌و بۆ خواپه‌رستی ده‌مایه‌وه‌.  زادو خۆراكی ئه‌و شه‌وو رۆژانه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد، كه‌ خۆراكی ته‌واو ده‌بوو، ده‌هاته‌وه‌ لای خاتوو خه‌دیجه‌ی خێزانی و هی تری ده‌برد.. تا ئه‌و ساته‌ی حه‌قی بۆ هات، واته‌ وه‌حی خوایی، ئه‌وه‌ بوو جوبره‌ئیل هاته‌ لای و پێی فه‌رموو: بخوێنه‌ره‌وه‌، ده‌یوویست به‌م فه‌رمانه‌ی سه‌رنجی بۆ دواتر راكێشێت، ئه‌میش فه‌رمووی: من خوێنده‌وار نیم، ئه‌وجا جوبره‌ئیل باوه‌شی پێدا كردوو توند به‌ سینه‌ی خۆیه‌وه‌ی گوشی و به‌رەڵای كرده‌وه‌، پێی فه‌رمووه‌وه‌: بخوێنه‌ره‌وه‌، ئه‌میش هه‌ر فه‌رموویه‌وه‌: من خوێنده‌وار نیم، تا سێ جاری ئاوا لێ كرد، ئینجا فه‌رمووی: (اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ . خَلَقَ الْإِنسَانَ مِنْ عَلَقٍ . اقْرَأْ وَرَبُّكَ الْأَكْرَمُ . الَّذِي عَلَّمَ بِالْقَلَمِ  . عَلَّمَ الْإِنسَانَ مَا لَمْ يَعْلَمْ) العلق / 1ـ6 واته‌ به‌ ناوی ئه‌و خوایه‌ی خۆته‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ دروستی كردووه‌، ئه‌وی كه‌ مرۆڤی له‌ خوێنپاره‌یه‌ك دروست كردووه‌، به‌ ناوی ئه‌و خوا به‌ڕێزه‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ پێنووسی فێر كرد، كه‌ ئه‌و شتانه‌ی فێری مرۆڤ كرد كه‌ نه‌یده‌زانی ..

   ئه‌وجا پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم  به‌ دڵه‌كوتێوه‌ ته‌شریفی هێنایه‌وه‌ ماڵێ، تا هاته‌وه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای خه‌دیجه‌و فه‌رمووی: دامپۆشن، دامپۆشن، (واته‌ جێم بۆ راخه‌ن تا راكشێم) ، خێرا جێیان بۆ راخست و دایان پۆشی، تا هێدی بووه‌وه‌، ئینجا هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ خاتوو خه‌دیجه‌ گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش دڵخۆشی دایه‌وه‌و پێی فه‌رموو: مژده‌ت لێ بێت، به‌ خوا قه‌سه‌م خوای گه‌وره‌ پشتت تێ ناكات و ئیهمالت ناكات، تۆ به‌ ده‌م خزمانه‌وه‌ ده‌چیت، راستگۆیت، كۆڵی هه‌موانت به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه‌، یارمه‌تی لێقه‌وماوو ئاتاجان ده‌ده‌یت، رێزی میوانان ده‌گریت و هاوكاری هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌یت كه‌ تووشی كوێره‌وه‌رییه‌ك ده‌بێت.. پاشان بردی بۆ لای وه‌ره‌قه‌ی كوڕی نه‌وفه‌لی ئامۆزای، وه‌ره‌قه‌ له‌ سه‌رده‌می جاهیلییه‌تدا بوو بوو به‌ مه‌سیحی، ده‌یزانی ئینجیل بخوێنێته‌وه‌، كابرایه‌كی پیر بوو، چاوه‌كانیشی كوێر بوو بوون، كه‌ خاتوو خه‌دیجه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری صلی اللە علیە وسلم بۆ وه‌ره‌قه‌ی ئامۆزای گێڕایه‌وه‌، وه‌ره‌قه‌ رووی كرده‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و ووتی: ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و فریشته‌یه‌ كه‌ هاتبوو بۆ لای موسا، خۆزگه‌ زه‌مانی گه‌نجێتیم ده‌بوو، خۆزگه‌ به‌ زیندووی ده‌گه‌یشتمه‌وه‌ ئه‌و زه‌مانه‌ی قه‌ومه‌كه‌ی خۆت له‌ شار ده‌رت ده‌په‌ڕێنن! پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم فه‌رمووی: من ده‌رده‌په‌ڕێنن؟! ووتی به‌ڵێ تۆ، چونكه‌ كه‌س ئه‌م په‌یامه‌ی فریشته‌ی بۆ نه‌هاتووه‌و قه‌ومه‌كه‌ی ده‌ریان نه‌كردبێت، هه‌ر كه‌س ئه‌م وه‌حییه‌ی بۆ بێت قه‌ومه‌كه‌ی دوژمندارێتی ده‌كه‌ن له‌سه‌ری، خۆزگه‌ تا ئه‌و زه‌مانه‌ ده‌ژیام و تا ئه‌و كاته‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ت ته‌شه‌نه‌ی ده‌كرد، جا ئه‌و كاته‌ زۆر سه‌رڕاستانه‌ پشتم ده‌گریت.. وه‌ره‌قه‌ی كوڕی نه‌وفه‌ل، دوای سێ ساڵ له‌و كاته‌ كۆچی دوایی كردو به‌ موسوڵمانێتی له‌ مه‌ككه‌ دفن كرا ..

سه‌ره‌تای بانگه‌واز پێغه‌مبه‌رصلی اللە علیە وسلم زانی ئیدی ئه‌وا بۆته‌ نێرراوی خوای گه‌وره‌، هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین دیداری ئه‌شكه‌وته‌كه‌، گوێی لێ بوو جوبره‌ئیل تا ته‌شریفیشی برد هه‌ر ده‌یفه‌رموو: من جوبره‌ئیلم و تۆش بوویت به‌ نێرراوی خوا.. ئیدی دواتر سوره‌تی (المدثر)ی بۆ هاته‌ خواره‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌فه‌رموێ: (يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ . قُمْ فَأَنذِرْ) المدثر / 1ـ2 واته‌: ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی داپۆشیووه‌، هه‌سته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاگاداركه‌وه‌.. ئیتر تا ماوه‌ی سێ ساڵان به‌ نهێنی خه‌ڵكی بۆ دینه‌كه‌ی بانگهێشت ده‌كرد، تا خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێدا كه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ئاشكرا كات، پێی فه‌رموو: (فَاصْدَعْ بِمَا تُؤْمَرُ وَأَعْرِضْ عَنِ الْمُشْرِكِينَ) الحجر/94 واته‌: ئه‌وی بۆت هاتووه‌ ئاشكرای كه‌و گوێ مه‌ده‌ به‌ موشریكه‌كان.. ئه‌ویش به‌ ماڵ و كه‌س و كاره‌ نزیكه‌كانی خۆی ده‌ستی پێ كردو هه‌موویانی ئاگادار كرده‌وه‌، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ ئایه‌تێكی تردا پێی فه‌رموو (وَأَنذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ) الشعراء/214 واته‌: خزمه‌ نزیكه‌كانی خۆت ئاگادار كه‌ره‌وه‌.. تا ده‌هات به‌رهه‌ڵستكاری زیاتری له‌ گه‌وره‌كانی قوڕه‌یشه‌وه‌ بۆ دروست ده‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ مامه‌ ئه‌بو له‌هه‌بی خۆیه‌وه‌! بەڵام كۆمه‌ڵێك كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێناو بوونه‌ شوێن كه‌وتووی گیانی به‌ گیانی، وه‌كو خه‌دیجه‌ی خێزانی و ئه‌بوبه‌كری سددیق و عه‌لی كوڕی مامه‌ ئه‌بو تالیبی كه‌ له‌ سایه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌ودا گه‌وره‌ بوو بوو، هه‌روه‌ها زه‌یدی كوڕی حاریسه‌ كه‌ خزمه‌تكاری خۆی بوو، كه‌سانی تریش ..

پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم شانی له‌ بانگه‌وازی خوای خۆی قایم كردو، به‌ هه‌موو تیره‌و هۆزه‌كانی گه‌یاند! تا سه‌ره‌نجام له‌ سنووری عه‌ره‌به‌كانیشی برده‌ ده‌ره‌وه‌و گه‌یاندییه‌ نه‌ته‌وه‌و میلله‌تانی تر.. چونكه‌ په‌یامی ئیسلامه‌تی گشتییه‌و تا رۆژی دوایی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی سه‌ر زه‌مینه‌، له‌ هه‌ر كات و شوێنێكدا بژین.. بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌رانی پێشوو، هی هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ قه‌ومێكی تایبه‌ت بوو، بەڵام چونكه‌ ئیدی په‌یامی دی به‌ دووی په‌یامه‌كه‌ی محمدی پێغه‌مبه‌رو پێشه‌وادا صلی اللە علیە وسلم نایات، هه‌ر ده‌بوو ئه‌وه‌ی ئه‌م ببێته‌ جیهانی و بۆ هه‌موو مرۆڤی سه‌ر زه‌مین بێت ..

موعجیزه‌ی قورئانه‌كه‌: موعجیزه‌: كارێكی نائاساییه‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌ستی نێرراوانی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات، كه‌ به‌ هه‌موو مرۆڤی تر ئه‌نجام نادرێت و هه‌موویان ده‌سته‌وسان له‌به‌ر ده‌میدا ده‌وه‌ستن، ئه‌مه‌ش پشتگیرییه‌كی خواییه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی بفه‌رموێ: (ئه‌و نێرراوه‌م راست ده‌كات و پێغه‌مبه‌ری منه‌و هه‌رچی ده‌یڵێت به‌ ره‌زامه‌ندی منه‌). وه‌كو موعجیزه‌كه‌ی حه‌زره‌تی موسا كه‌ دار عاساكه‌ی ده‌بووه‌ ئه‌ژدیها، یان كه‌ ده‌ستی ده‌خسته‌ بن باڵی و ده‌ری ده‌هێنایه‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێ هاتبێت، سپی ده‌بوو ده‌دره‌وشایه‌وه‌.. یان وه‌ك موعجیزه‌كانی حه‌زره‌تی عیسا كه‌ به‌ ئیزنی خوا كوێری زگماك و گه‌ڕو گولی چاك ده‌كرده‌وه‌و مردووی زیندوو ده‌كرده‌وه‌، وه‌كو كه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ سوره‌تی ال عمران / 94 و سوره‌تی الشعراء / 31ـ32 باسی فه‌رمووه‌ ..

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو موعجیزه‌یه‌ك كه‌ پێغه‌مبه‌ران هێناویانه‌ له‌و شتانه‌دا بووه‌ كه‌ ئه‌و قه‌ومانه‌ پێی به‌ ناوبانگ بوون و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوون، ده‌بوو موعجـیزه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم هه‌ر له‌و مه‌یدانه‌دا بێت كه‌ عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێیدا سه‌ركه‌وتوو به‌ناوبانگ بوون، كه‌ بریتی بوو له‌ ره‌وانبێژی و زمان پاراوی، بۆیه‌ قورئانه‌كه‌ بووه‌ موعجیزه‌ی پێغه‌مبه‌رصلی اللە علیە وسلم جگه‌ له‌و موعجیزانه‌ی تر كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی روویان ده‌داو له‌ كاتی خۆیاندا ده‌بینران. بەڵام چونكه‌ ئیسلام بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی (له‌ هه‌موو كات و شوێنێكیاندا) هاتووه‌، هه‌ر ده‌بوو موعجیزه‌یه‌كی ژیرییانه‌ی واش بخاته‌ روو كه‌ له‌ رووی هه‌موو مرۆڤایه‌تیداو هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ مه‌یدانی زۆرانبازیدا بێت وبفه‌رموێت: فه‌روموو وه‌رنه‌ مه‌یدانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌م، ئه‌م موعجیزه‌یه‌ش قورئانه‌.. بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ده‌یفه‌رموو: (مَا مِنْ نَبِيٍّ اِلَّا وَقَدْ اُعْطِيَ مِنْ الاياتِ مَا مِـْثُلُه آمَنَ عَليهِ البَشَُ, وانِمَّاَ كانَ الذي اُتِيتُهُ وَحْيَاً اَوحَاهُ اللّهُ تَعالى اِلَيَّ فَأرجُو أنْ أكونَ أكْثَرُهُم تَابِعَاً يومَ القِيامَةِ) بوخاری و مسلیم واته‌ : هه‌موو پێغه‌مبه‌رێك چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌و نیشانه‌ (موعجیزه‌) ی دراوه‌تێ، تا ئه‌وه‌ی خوا حه‌ز بكات له‌ مرۆڤ باوه‌ڕی پێ بهێنێت، منیش ئه‌وه‌ی خوای گەورە پێی بەخشيوم ، ئه‌و وه‌حیه‌یه‌ كه‌ بۆی ناردووم، ئومێدم هه‌یه‌ له‌ رۆژی قیامه‌تدا شوێن كه‌وتووم له‌ هه‌موویان زیاتر بێت ..     

موعجیزه‌ێتی قورئان : پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بۆ هه‌موو عه‌ره‌ب هاته‌ مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌كانێوه‌و داوای له‌ هه‌موویان كرد كه‌ ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن و نكوڵی له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م قورئانه‌ له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ هاتووه‌: فه‌رموون ئێوه‌ش قورئانێكی وا بهێنن، یان هه‌ندێك سوره‌تی وا بهێنن، بەڵام هه‌موو ده‌سه‌وسان وه‌ستان، ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی رۆشن كه‌ ئه‌و قورئانه‌ له‌ لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه‌ بۆ پێغه‌مبه‌رصلی اللە علیە وسلم هاتووه‌و هیچ كه‌سێكیش ناتوانێت وه‌ك ئه‌و بهێنێت.. هه‌موو عه‌ره‌به‌ كافره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م قورئانه‌دا، مات و مه‌لوول و بێ دەسەڵات كه‌وتن! هه‌موو ده‌یانزانی كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم نه‌خوێنده‌واره‌و مومكین نییه‌ خۆی قورئانێكی ئاوا ره‌وانبێژ بۆ به‌ربه‌ره‌كانێی ئه‌وان بهێنێته‌ مه‌یدان، ده‌شیانزانی كه‌سی وای لێوه‌ نزیك نییه‌ فێری شتی وای بكات، فێر بوونیش كاتی ته‌واوی ده‌وێت! بۆیه‌ كه‌ هه‌ر ته‌سلیمی نه‌بوون  كه‌وتنه‌ درۆو ده‌له‌سه‌و پاڵانته‌ی بێ سه‌روبه‌ر دژی: (أَمْ يَقُولُونَ افْتَرَاهُ قُلْ فَأْتُواْ بِعَشْرِ سُوَرٍ مِّثْلِهِ مُفْتَرَيَاتٍ وَادْعُواْ مَنِ اسْتَطَعْتُم مِّن دُونِ اللّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ . فَإِن لَّمْ يَسْتَجِيبُواْ لَكُمْ فَاعْلَمُواْ أَنَّمَا أُنزِلِ بِعِلْمِ اللّهِ وَأَن لاَّ إِلَـهَ إِلاَّ هُوَ فَهَلْ أَنتُم مُّسْلِمُونَ) هود/13ـ14 واته‌: ده‌یانووت: ئه‌مه‌ هه‌ر قسه‌ی هه‌ڵبه‌ستراوه‌، بڵێ: باشه‌ ئێوه‌ش ـ ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن ـ ده‌ سووره‌تی وه‌ك ئه‌و هه‌ڵبه‌ستراو بهێنن، كێش هه‌یه‌ ببێته‌ هاوكارتان ـ جگه‌ له‌ خوا ـ هاواری ببه‌نه‌ لاو داوای یارمه‌تی لێ بكه‌ن. گه‌ر وه‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌ته‌وه‌ نه‌هاتن، ئه‌وه‌ بزانن كه‌ ئه‌م قورئانه‌ به‌ زانیاری خوای گه‌وره‌ دابه‌زێنراوه‌ته‌ خوارێ ، بشزانن كه‌ هیچ خوایه‌ك نییه‌ شایانی په‌رستن بێت جگه‌ له‌ خوای په‌روه‌ردگار، ده‌ی سا ئێوه‌ موسوڵمانن؟ یان ده‌فه‌رموێ: (وَإِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّمَّا نَزَّلْنَا عَلَى عَبْدِنَا فَأْتُواْ بِسُورَةٍ مِّن مِّثْلِهِ) البقره‌/ 23 واته‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ به‌نده‌كه‌ی خۆمان ناردۆته‌ خواره‌وه‌، له‌ گوماندان، ده‌ی سا سوره‌تێك وه‌ك ئه‌و بهێنن.. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ : (قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَى أَن يَأْتُواْ بِمِثْلِ هَـذَا الْقُرْآنِ لاَ يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا) الاسراء/88 واته‌: بڵێ: ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موو مرۆڤ و په‌ریان، بۆ ئه‌وه‌ كۆ وه‌بن كه‌ نموونه‌یه‌ك وه‌ك ئه‌م قورئانه‌ بهێننه‌وه‌، ناتوانن وه‌كو ئه‌و بهێنن، با هه‌ر هه‌مووشیان پشتیوانی یه‌كتری بن ..

موعجیزه‌ێتیه‌كی قورئان ره‌وانبێژی و داڕشتنه‌كه‌یه‌تی، كه‌ هه‌ر هه‌موو عه‌ره‌بی ده‌سه‌وسان خسته‌ كه‌نار، بێ گومان غه‌یری عه‌ره‌ب ده‌سه‌وسانتر ده‌كه‌ونه‌ لاوه‌.. لایه‌نێكی تری موعجیزه‌كه‌ی: وورده‌كاری ئه‌حكامه‌كانێتی، به‌رزی و پارسه‌نگی ته‌علیماته‌كانێتی، كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیدا پێ هه‌ڵ ده‌گرێت، له‌ هه‌موو زه‌مانێكدا و بۆ نه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌موو ناوچه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی گونجاوی خۆی ده‌كات، ئاڕاسته‌كانی هه‌موو بواره‌كانی ژیانی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تی ده‌گرنه‌وه‌.. لایه‌نێكی تری موعجیزه‌ێتیه‌كه‌ی راستی ئه‌و هه‌واڵانه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نادیار، داوێتی، له‌ زه‌مانێكدا كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم هیچ هۆكارێكی زانستیانه‌ی پێشكه‌وتووی له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بووه‌  ئه‌مانه‌و ده‌یان لایه‌نی تری موعجیزه‌ێتی: كه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی زانستدا زیاتر ئه‌مانیش ده‌رده‌كه‌ون.. بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ) فصلت/53 واته‌: له‌ داهاتوودا به‌رده‌وام نیشانه‌و به‌ڵگه‌كانی خۆمانیان نیشان ده‌ده‌ین چ ئه‌وانه‌ی له‌ ئاسۆی گه‌ردووندان چ ئه‌وانه‌ی له‌ ناو خۆیاندان، تا بۆیان ده‌ركه‌وێت كه‌ خوا هه‌قه‌ .

   قورئان هه‌تا دنیا دنیایه‌، هه‌تا مرۆڤ توانای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌بێت و تا زیاتری لێ كه‌شف كه‌ن و له‌سه‌ر یبنووسن، هه‌ر به‌ نفت و نوێیی ده‌مێنێت و وه‌كو فه‌رمووده‌ ده‌فه‌رموێ:  بواره‌كانی سه‌رسوڕهێنانی قه‌ت ته‌واو نابن ..

هه‌ڵوێستی قوره‌یش له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ قوڕه‌یش له‌ به‌رهه‌ڵستی قورئانه‌كه‌و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یدا ده‌سه‌وسان كه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ دڵنیا بوون له‌ راستگۆیی و ده‌ستپاكی پێغه‌مبه‌رصلی اللە علیە وسلم كه‌چی هه‌ر سه‌رسه‌ختانه‌و كه‌للـه‌ ره‌قانه‌ به‌ره‌نگاری بوونه‌وه‌، هه‌ر به‌غیلی ئه‌وه‌یان پێ ده‌برد كه‌ چۆن ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خواییه‌، ئه‌م پله‌و رێزه‌ به‌ نرخه‌ چۆن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندو دەسەڵاتدارانی ئه‌وان نه‌بوو! خوای گه‌وره‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ده‌فه‌رموێ: (وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا) النمل/14 واته‌: له‌ ناخی دڵ و ده‌روونیاندا قه‌ناعه‌تییان پێی هه‌بوو، ده‌یانزانی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌و راسته‌ كه‌چی ـ له‌به‌ر زاڵمێتی و لووت به‌رزی خۆیان ـ هه‌ر نكوڵییان سه‌رزاره‌كی لێ ده‌كرد. یان ده‌فه‌رموێ: (وَقَالُوا لَوْلَا نُزِّلَ هَذَا الْقُرْآنُ عَلَى رَجُلٍ مِّنَ الْقَرْيَتَيْنِ عَظِيمٍ) الزخرف/31 واته‌ : ئه‌رێ با ئه‌م قورئانه‌ بۆ پیاوماقوڵێكی گه‌وره‌ی ئه‌م دووشاره‌ بهاتایه‌ته‌ خواره‌وه‌ .

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌كه‌ی قوڕه‌یش چه‌ندین شێوازی له‌ نێوان ته‌ماع به‌ر نان و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌دا گرته‌ به‌ر، له‌ لایه‌كه‌وه‌ گاڵته‌ پێ كردن و جنێودان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی بێ دەسەڵاته‌كان زیادی ده‌كرد، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ تین و فشاری قوڕه‌یش له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری به‌ ئارام صلی اللە علیە وسلم زیادی ده‌كرد، موسوڵمانانی ده‌روبه‌ریشی موسته‌زعه‌قانه‌ ده‌وه‌ستان و نه‌یانده‌توانی هیچ بكه‌ن! بەڵام خۆگری و دلێری و نه‌به‌زییه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بۆ هه‌موویان ده‌بووه‌ زادی یه‌قین و  گیانی ووره‌ به‌رزی.. تا ئه‌و زه‌مانه‌ی هه‌لی كۆچ كردن بۆ حه‌به‌شه‌ ره‌خسا، ئه‌وی كۆچی كرد، كردی و قوڕه‌یش هه‌رچه‌ندی كرد نه‌یتوانی بیانهێنێته‌وه‌! ئه‌وانی تر كه‌ مابوونه‌وه‌، ده‌بوو به‌ دزییه‌وه‌ له‌ ماڵی ئه‌رقه‌می كوڕی ئه‌بول ئه‌ڕقه‌می مه‌خزومی كۆببنه‌وه‌، ئینجا كه‌ عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب و حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم موسوڵمان بوو، پارسه‌نگی هاوكێشه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی راگرت، ئینجا ساڵانی توولانی گه‌مارۆدان ده‌ستی پێ كرد، پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و یاوه‌رانی سێ ساڵی ره‌به‌ق له‌ شیوو دۆڵه‌كانی ئه‌بو تالیبدا گه‌مارۆ دران، له‌ ساڵێكیاندا بوو كه‌ پاڵپشتانی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم وموسوڵمانان خه‌دیجه‌ خان و ئه‌بو تالیبی مامی كۆچی دواییان كرد، ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار له‌سه‌ر موسوڵمانان زیادی كرد، تا پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم به‌ هیوای لایه‌نگر په‌یدا كردن به‌ بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه‌ رووی كرده ‌طائف، هه‌روه‌ها ساڵانه‌ له‌ كاتی حه‌جی عه‌ره‌به‌كاندا بۆ مه‌ككه‌، هه‌وڵی ده‌دا دیداریان له‌گه‌ڵدا بكات و بۆ بانگه‌وازی دینه‌كه‌ی خۆییان بانگ بكات.. ئاوا تا ماوه‌یه‌كی دوور هه‌ر به‌و ئارامییه‌ی خۆیه‌وه‌ ئه‌م بانگه‌وازه‌ی له‌و بارودۆخه‌ قورسه‌دا هه‌ر بڵاو ده‌كرده‌وه‌، كه‌سی وا به‌ده‌نگیه‌وه‌ نه‌هاتن، له‌و ئان و ساتانه‌یدا بوو، له‌ ئاخرو ئۆخری رۆژانی پڕ كوێره‌وه‌ری مه‌ككه‌دا بوو، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر خوای گه‌وره‌ رێزی لێنا، به‌وه‌ی  بانگهێشتی كرد بۆ ئاسمانه‌كان، بۆ میعراج.. تا نیشانه‌ی گه‌وره‌یی خۆی و به‌ڵگه‌ی پێغه‌مبه‌رێتی ترو رێزو پله‌و پایه‌ی لای خۆیی نیشاندا، تا ئارامێتیه‌كه‌ی زیاتر شه‌حن كاته‌وه‌و تین و ته‌وژمی بداته‌وه‌ به‌رو له‌ هیواو ئامانجی دڵنیاتر بێت. له‌گه‌رمه‌ی راپه‌ڕاندنی پلانی ئه‌م و پیلانی دوژمنانیدا، قوڕه‌یش هه‌وڵی تیرۆر كردنی پێغه‌مبه‌ریاندا، هه‌وڵیان دا له‌ تاریكی شه‌وو له‌ گه‌رمه‌ی خه‌ودا به‌ ده‌ستەیه‌ك له‌ سوارچاكانی هه‌موو خێڵ و هۆزه‌كانیان بیكوژن، بەڵام الحمد لله‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌و ساته‌ فه‌رمانی كۆچ كردنی بۆ مه‌دینه‌ له‌ خوای گه‌وره‌وه‌ بۆ هاتبوو، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بو به‌كری سددیقی یارو یاوه‌ری گیانی به‌ گیانییدا كۆچی كرد بۆ مه‌دینه‌و له‌وێ كۆمه‌ڵگه‌ی نوێی ئیسلامی پێكهێنا. له‌وێ كیانی سیاسی و دەسەڵاتی بۆ دروست بوو، ئیتر هه‌ر ده‌بوو رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی قوڕه‌یش به‌ جۆرێكی تر په‌ره‌ بستێنێت، بۆیه‌ غه‌زاكان ده‌ستی پێ كردو هه‌شت ساڵیان خایاند تا پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا صلی اللە علیە وسلم به‌ یارمه‌تی خوای گه‌وره‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی نه‌ك هه‌ر هاته‌وه‌ شاره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆی مه‌ككه‌، به‌ڵكو كردیه‌ مایه‌ی رزگار كردن و دیندار كردنی هه‌موو نیوه‌ دۆرگه‌ی عه‌ره‌ب.. ئیدی خه‌ڵكی پۆل به‌ پۆل موسوڵمان ده‌بوون و ده‌هاتنه‌ ریزی ئه‌هلی ئیسلامه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی ئیتر خوای په‌روه‌ردگار پێغه‌مبه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی صلی اللە علیە وسلم دوای حه‌جی ماڵئاوایی و بیست و سێ ساڵ له‌ گه‌یاندنی ته‌واوی په‌یامه‌كه‌ی خوا، بۆ خزمه‌ت خۆی بردیه‌وه‌و كۆچی دوایی پێ كرد، ته‌مه‌نی پیرۆزی شه‌ست وسێ ساڵه‌ی پڕ ره‌نج و جیهادی به‌و شێوه‌یه‌ كۆتایی پێ هێنا كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو تۆماری كردووه‌و ئێمه‌ش ئێستا ده‌مانه‌وێت كه‌مێكی لێ باس بكه‌ین .

 

 

2478 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.