قوڕه‌یش هه‌رچه‌ندی ده‌كرد ئه‌وه‌ی پێ قبووڵ نه‌ده‌كرا كه یه‌كێك له پیاوانی لێی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌و باس له عه‌یب و عاری خواكانیان بكات و خۆشیان به گه‌لۆرو گه‌مبۆڵ بناسێنێت! بۆیه هه‌موو كۆبوونه‌وه‌و ده‌سته‌یه‌ك له پیاوماقوڵانیان هه‌ڵبژارد كه بچنه لای ئه‌بوتالیبی مامی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و قسه‌و باسی دانوستانی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌و هیوایه‌ی له‌سه‌ر شتێك رێكه‌ون! چوونه لای و پێیان ووت: محمدی برازات له‌و بانگه‌وازه‌ی مه‌نع كه.. ئه‌ویش ناردی به شوێن پێغه‌مبه‌ردا صلی اللە علیە وسلم و داوای لێ كرد ئه‌و داوایه‌ی قوڕه‌یش قبووڵ كات! بەڵام ئه‌و صلی اللە علیە وسلم به توندی خودی عه‌قیده‌كه خۆی و به عه‌زمی پێغه‌مبه‌رانه و به فه‌رمایشتێكی شیرین وەڵامی دایه‌وه و، پێی فه‌رموو: (يَا عَمّ وَاَللّهِ لَوْ وَضَعُوا الشّمْسَ فِي يَمِينِي ، وَالْقَمَرَ فِي يَسَارِي عَلَى أَنْ أَتْرُكَ هَذَا الْأَمْرَ حَتّى يُظْهِرَهُ اللّهُ أَوْ أَهْلِكَ فِيهِ مَا تَرَكْته) واته: مامه گیان، به خوا قه‌سه‌م، گه‌ر خۆرم بۆ داگرن و بیخه‌نه سه‌ر شانی راستم، مانگیشم بۆ داگرن و بیخه‌نه سه‌ر شانی چه‌پم تا واز له‌م دینه بهێنم، وازی لێ ناهێنم، تا یان خوای په‌روه‌ردگار سه‌ری ده‌خات، یان له رێیدا سه‌رم داده‌نێم ..
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته ره‌سه‌ن و عه‌قائیدیه‌شدا، قوڕه‌یش هه‌ر له ئه‌بو تالیب هیوابڕاو نه‌بوو، ئه‌مجاره‌یان عوماره‌ی كوڕی موغیره‌یان ـ كه قۆزترین لاوی مه‌ككه بوو ـ له‌گه‌ڵ خۆیان هێنایه لای ئه‌بوتالیب و پێیان ووت: ئه‌مه عوماره‌یه، كه جوانترین لاوی قوڕه‌یشه، بۆمان هێناویت، بیكه‌ره كوڕی خۆت و برازاكه‌تمان بده‌رێ، پیاوێك به پیاوێك.. ئه‌بو تالیب وەڵامی دانه‌وه: (هه‌ی نه‌فرین له مامه‌ڵه‌ی وا، كوڕه‌كه‌ی خۆتانم ده‌ده‌نێ بۆتان به خێو كه‌م و منیش كوڕه‌كه‌ی خۆمتان بده‌مێ بیكوژن!! به خوا قه‌سه‌م ئه‌مه هه‌ر نابێ.(...
ئینجا كه دانوستانه‌كه‌ی قوڕه‌یش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هێنده‌ی تر به خه‌شم و قیندا چوون، كه‌وتنه‌وه وێزه‌ی موسوڵمانان، ئه‌شكه‌نجه‌و ناسۆریان زیاتر كردن، هه‌ر تیره‌و هۆزێك سزادانی كوڕه موسوڵمانه‌كانی خۆی پێ سپێررا! ده‌بوو هه‌ر تیره‌یه‌ك ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی خۆی كه موسوڵمان بوون ـ به هه‌ر شێوه‌یه‌ك به كاریگه‌ری ده‌زانێت ـ وا ئه‌شكه‌نجه دات تا له ئیسلام ژێوانیان ده‌كاته‌وه‌و له پێغه‌مبه‌ریان داده‌بڕن! له‌ملاشه‌وه ئه‌بوبه‌كری سددیق یه‌ك یه‌ك كۆیله موسوڵمانه‌كانی له خاوه‌نه‌كانیان ده‌كڕییه‌وه‌و ئازادی ده‌كردنه‌وه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه زۆرتر خرابوونه ژێر ناسۆری ئه‌شكه‌نجه‌وه، وه‌كو بیلالی كوڕی ره‌باحی حه‌به‌شی و خه‌ببابی كوڕی ئه‌ره‌تت و سوهه‌یبی رۆمی و عه‌مماری كوڕی یاسر‌و خانه‌واده‌كه‌ی.. به‌ناوبانگترین و دڵڕه‌قترین كه‌سانێكیش كه به‌رپرسی مه‌یدانیی ئه‌شكه‌نجه‌كه‌یان بوو ئه‌بو جه‌هل (ئه‌لحه‌كه‌می كوڕی هیشام) و ئه‌بو له‌هه‌ب (عه‌بدول عیززا) و وه‌لیدی كوڕی موغیره‌و النضرى كوڕی الحارث و عوقبه‌ی كوڕی ئه‌بو موعه‌یط بوون ..
كۆچ كردن بۆ حه‌به‌شه: كه ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری موسوڵمانان زیادی كرد، پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم نه‌یده‌توانی پارێزگاری‌یان لێ بكات، رێی پێدان كۆچ بكه‌ن بۆ حه‌به‌شه، پێی فه‌رموون: حه‌به‌شه پاشایه‌كیان هه‌یه، كه‌س زوڵمی لای ئه‌و لێ ناكرێت، فه‌رمانیشی پێدان كه هه‌ر له‌وێ بمێننه‌وه تا خوای گه‌وره ده‌روویه‌كی خێرییان لێ ده‌كاته‌وه.. بۆیه دوازده پیاوو چوار ژن بوون چوون، له‌وانه عوسمانی كوڕی عه‌ففان و خێزانه‌كه‌ی كه روقییه‌ی كچی پێغه‌مبه‌ر بوو صلی اللە علیە وسلم هه‌روه‌ها زوبه‌یری كوڕی عه‌ووام و عبدالرحمانی كوڕی عه‌وف و عوسمانی كوڕی مظعون و عبدالله‌ی كوڕی مه‌سعوودو ئه‌بو سه‌له‌مه‌ی مێردی ئوم سه‌له‌مه.. ئه‌مه كه كۆچی یه‌كه‌می موسوڵمانان بوو بۆ حه‌به‌شه، له مانگی ره‌جه‌بی ساڵی پێنجه‌می پێغه‌مبه‌رێتیدا بوو .
ئه‌و كاته‌ی ئه‌مان له حه‌به‌شه بوون، هه‌واڵیان پێ گه‌یشت كه خه‌ڵكی مه‌ككه موسوڵمان بوون و قوڕه‌یش وازی له ئازاردانی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و موسوڵمانان هێناوه! ئه‌مانیش گه‌ڕانه‌وه، كه‌چی كه گه‌یشتنه‌وه مه‌ككه دیتییان ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی قوڕه‌یش زۆر له‌وسا توندتر بووه! دوژمنایه‌تی پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم زۆر له‌وسا سه‌ختتر ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ندێكیان دیسان به ناچاری گه‌ڕانه‌وه بۆ حه‌به‌شه‌و هه‌ندێكی تریان كه‌سانی خزم و ناسیاوی خۆیان ده‌سكه‌وت كه داڵده‌یان بدات وبه ئه‌مانی خۆی بیانباته‌وه بۆ مه‌ككه .
زۆری نه‌برد ئه‌وانه‌ی له حه‌به‌شه گه‌ڕابوونه‌وه زیاتر كه‌وتنه‌وه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و ئیهانه‌و كوێره‌وه‌یرییه‌وه، بۆیه دیسان پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم فه‌رمانی پێدانه‌وه كه كۆچ بكه‌نه‌وه بۆ حه‌به‌شه! ئه‌مجاره‌یان هه‌شتاو سێ پیاوو نۆزده ژن بوون.. كه له حه‌به‌شه بوون ئه‌مجاره بیستیان كه پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم كۆچی كردووه بۆ مه‌دینه، ئیدی سی‌وسێ پیاوو هه‌شت ژنیان له حه‌به‌شه‌وه یه‌كسه‌ر كۆچیان كرد بۆ مه‌دینه‌و هه‌ندێكیان فریای غه‌زای به‌در كه‌وتن.. ئه‌وانی دی كه هه‌ر له حه‌به‌شه مانه‌وه، هه‌ر وا له‌وێ بوون تا ساڵی حه‌وته‌می كۆچی كه خه‌یبه‌ر ئازاد كرا، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه مه‌دینه، جه‌عفه‌ری كوڕی ئه‌بو تالیبیشیان له‌گه‌ڵ بوو .
قوڕه‌یش و كۆچه‌ره‌كان : قوڕه‌یش كه ده‌یبیست وا موسوڵمانه راكردووه‌كانی به‌رده‌ستی وا له حه‌به‌شه له ئه‌ماندان و حه‌واوه‌ن، زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بوون، بۆیه عه‌مری كوڕی عاس و عه‌بدالله‌ی كوڕی ره‌بیعه‌یان به دیاری و خه‌ڵاتێكی زۆره‌وه نارد بۆ لای نه‌ججاشی، بۆ حه‌به‌شه، دیاری و خەڵاته‌كانیان بۆ به‌تریك و قه‌شه‌ی ده‌وری نه‌ججاشی بوو چوون و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی موسوڵمانه‌كانیان كرده‌وه، به به‌هانه‌ی ئه‌وه كه به سه‌لامه‌تی و ئه‌مان ده‌یانگه‌ێننه‌وه ده‌ست خزمه‌كانیان، بەڵام نه‌ججاشی نه‌یدانه‌وه، پێی ووتن: جارێ با گوێ له قسه‌ی خۆیان بگرم. كه هێنایانن، نه‌ججاشی پرسیاری دینه‌كه‌یانی لێ كردن، جه‌عفه‌ری كوڕی ئه‌بو تالیبیش بۆی روون كرده‌وه كه چۆن پێش پێغه‌مبه‌رێتی محمد صلی اللە علیە وسلم ئه‌هلی جاهیلییه‌ت بوون و ئیسلامیان بۆ هاتووه‌و به‌ڕاستی رزگاری كردوون، فه‌رمووی: ئێمه خه‌ڵكێكی جاهیلییه‌ت بووین، بتمان ده‌په‌رست، تۆپیوو مرداره‌وه‌بوومان ده‌خوارد، داوێن پیسی و خراپه‌كاری پیشه‌مان بوو، سیله‌ی روحممان ده‌پسان و خزمایه‌تیمان له به‌رچاو نه‌بوو، بۆ دراوسێ خراپ بووین.. تا خوای گه‌وره هەر له نێو خۆمان پێغه‌مبه‌رێكی بۆ هه‌ڵبژاردین، ره‌چه‌ڵه‌كی باب و باپیرانی ده‌ناسین، راستگۆیی و ده‌ستپاكییه‌كه‌یمان لا ئاشكرایه، ئیدی ئه‌و ته‌شریفی هێناو ئێمه‌ی بۆ یه‌كخواپه‌رستی بانگ كرد، فه‌رمانی نوێژی پێ كردین، ئێمه‌ش به راستمان زانی و باوه‌ڕمان پێی هێنا، له‌به‌ر ئه‌مه زلهێزه‌كانی قه‌ومه‌كه‌مان كه‌وتنه ده‌ستدرێژی كردنه سه‌رمان، وویستیان له دینه‌كه‌مان پاشگه‌زمان بكه‌نه‌وه، كه ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌یان زیادی كرد له‌سه‌رمان، هەڵاتین بۆ ووڵاته‌كه‌ی جه‌نابتان و په‌نای كه‌سی تری غه‌یری جه‌نابتمان پێ قبووڵ نه‌بوو ئومێدیشمان هه‌ر ئه‌وه بوو كه لای جه‌نابتان زوڵممان لێ نه‌كرێت، ئینجا چه‌ند ئایه‌تێكی سوره‌تی مه‌ریه‌می بۆ خوێندنه‌وه.. نه‌ججاشی گریا، ووتی: (ئه‌م قسانه‌و ئه‌وه‌ی كه عیسا هێنای هه‌ر له یه‌ك جێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه) ! ئینجا هه‌موو دیاری و خەڵاته‌كانیشی كۆكرده‌وه‌و دایه‌وه به دوو نێرراوه‌كه‌ی قوڕه‌یش و پێی ووتن: (بگه‌ڕێنه‌وه، به خوا قه‌سه‌م هه‌تا هه‌تایه ته‌سلیمتانیان ناكه‌مه‌وه) .
موسوڵمان بوونی حه‌مزه‌و عومه‌ر : دوای ئه‌وه‌ی كۆچه‌ریه‌كانی حه‌به‌شه مه‌ككه‌یان جێ هێشت و ده‌نگ و باسیان بڵاو بۆوه، رۆژێك حه‌مزه‌ی مامی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له راو ده‌گه‌ڕایه‌وه، كچێك هه‌واڵی دایێ كه ئه‌بو جه‌هل ئه‌مڕۆ ئیهانه‌ی برازاكه‌تی كردووه‌و ئازاری داوه! ئه‌ویش یه‌كسه‌ر چوو بۆ ئه‌بو جه‌هل، دیتی وا له ناو تیره‌و خزم و كه‌سه‌كانی خۆیدایه، یه‌كسه‌ر هه‌ڵمه‌تی بردێ و به كه‌وانه‌كه‌ی كه له شانی داگرتبوو، كێشای به ده‌م و چاویدا، ده‌م و چاوی پڕ كرد له خوێن، و به‌سه‌ریدا هاواری كرد: من چوومه‌ته سه‌ر دینه‌كه‌ی و تۆش ده‌وێریت جنێوی پێ بده‌یت، ده‌ی ئه‌وا من هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێمه‌وه كه ئه‌و ده‌یفه‌رموێ، گه‌ر له تواناتدا هه‌یە لێم ده‌وه!! ئیدی كه ئه‌و موسوڵمان بوو، قوڕه‌یش هه‌ستی كرد كه پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم پشتی قایم بوو، بۆیه وازیان له زۆر شێوه‌ی ئیهانه كردنی هێنا ..
دوای ئه‌و عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوای لێ رازی بێت موسوڵمان بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه رۆژێك خۆی پێچایه‌وه‌و وویستی بچێت پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بكوژێت! رووی كرده ماڵی فاتیمه‌ی خوشكی، له ده‌ره‌وه گوێی لێ بوو قورئانیان ده‌خوێند!
خه‌ببابی كوڕی ئه‌ره‌تت رۆژانه ده‌چوو فێری ده‌كردن، هه‌رچه‌ند له ژووره‌وه لێی دان بەڵام كه قورئانه‌كه‌یان بۆ هێناو خوێندییه‌وه، كه‌وته ژێر كاریگه‌رییه‌وه‌و مه‌به‌سته‌كه‌ی گۆڕی، كه زانی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم له ماڵی ئه‌ڕقه‌می كوڕی ئه‌بول ئه‌ڕقه‌می مه‌خزومییه له گه‌ڕه‌كی سه‌فا چوو بۆ خزمه‌تی و حه‌مزه‌ش له‌وێ بوو، پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم بانگی كرد بۆ ئیسلام، ئه‌ویش وه‌ری گرت و الحمد لله موسوڵمان بوو، ئیتر هه‌واڵی موسوڵمان بوونی ئه‌میش ـ هه‌ر ئه‌و رۆژه ـ به هه‌موو مه‌ككه‌دا بڵاو بووه‌وه! ئینجا هه‌موو ئه‌و موسوڵمانانه‌ی له ماڵی ئه‌ڕقه‌م كۆبووبوونه‌وه، هه‌موو به كۆمه‌ڵ هاتنه ده‌ره‌وه‌و روویان كرده كه‌عبه، تا خوا به ئاشكرا بپه‌رستن !!
باسی تابلۆی ئیعلانه‌كه: كه نه‌ججاشی گێڕانه‌وه‌ی موسوڵمانه موهاجیره‌كانی لای خۆی بۆ مه‌ككه ره‌فز كرد، سه‌رانی قوڕه‌یش هه‌موو كۆبوونه‌وه‌و په‌یماننامه‌یه‌كی گرنگیان له نێو خۆیاندا مۆر كرد كه ده‌ڵێ: نابێت كه‌س هیچ جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌نی هاشم و به‌نی عبدالمطلب و به‌نی عه‌بدومه‌نافدا بكات، نابێت كه‌س هیچیان پێ بفرۆشێت و هیچیان لێ بكڕێت، نابێت ژن و ژنخوازییان له‌گه‌ڵدا بكرێت، نابێت كه‌س هاتوچۆیان بكات تا محمد ته‌سلیم به قوڕه‌یش ده‌كه‌ن. ئینجا بۆ پیرۆز را‌گرتن و زیاتر بایه‌خ پێدانی په‌یماننامه‌كه، تابلۆكه‌ییان برد‌و به كه‌عبه‌دا هه‌ڵیان واسی، ئیتر هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌و سێ به‌ره‌بابه ـ جگه له ئه‌بو له‌هه‌بی مامی ـ هه‌رچه‌نده هه‌مووشیان موسوڵمان نه‌بوو بوون هه‌موو ـ كه پێغه‌مبه‌ریشیان صلی اللە علیە وسلم له‌گه‌ڵدا بوو ـ چوونه دۆڵه‌كانی ئه‌بو تالیبی مامییه‌وه‌و له‌وێدا ماوه‌ی سێ دانه ساڵی ره‌به‌ق گه‌مارۆ دران! كه له كۆتایی سێ ساڵه‌كه‌دا موسوڵمانان زۆریان تین بۆ هات، زۆر داماوو برسی و رووت و ره‌جاڵ كه‌وتبوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی به نزیك دۆڵه‌كه‌دا بڕۆیشتایه له دووره‌وه گوێی له گریان وكڕوزانه‌وه‌و لاڵانه‌وه‌ی زارۆك وژنه‌كانیان ده‌بوو كه له برساندا ده‌یانناڵاند !
ئه‌م حاڵه‌ته سه‌خته هه‌ر وا به‌رده‌وام مایه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی كه ده‌سته‌یه‌ك له سه‌رانی قوڕه‌یش و هاوپه‌یمانانیان كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گه‌مارۆدانه‌كه‌یان به دڵ نه‌بوو، وه‌كو زوهه‌یری كوڕی ئه‌بو ئومه‌ییه‌و ئه‌بولبوختری كوڕی هیشام وموتعه‌می كوڕی عه‌دی بڕیاریاندا بڕۆنه كه‌عبه‌و تابلۆكه لێ بكه‌نه‌وه كه چوون دیتیان كرمێكی گچكه هه‌موو تابلۆكه‌ی خواردووه، ته‌نها ئه‌و دێڕه‌ی پێوه ماوه كه ده‌ڵێ: (بِاسْمِكَ اللهُمَّ) واته خوایه به ناوی تۆوه! به‌م كاره جوامێرییه‌ی ئه‌وان گه‌مارۆ له‌سه‌ر موسوڵمانان هه‌ڵگیرا !
كۆچی دوایی ئه‌بو تالیب و خه‌دیجه : دوای شی بوونه‌وه‌ی گه‌مارۆكه به شه‌ش مانگ ئه‌بو تالیبی مامی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم كۆچی دوایی كرد، سێ رۆژ دوای ئه‌ویش خاتوو خه‌دیجه خانی خێزانی ـ خوا لێی رازی بێت ـ كۆچی دوایی كرد، به مردنی ئه‌م دوو پاڵپشته، ناسۆرو كوێره‌وه‌ری زۆر هاته رێی موسوڵمانان، ئه‌و هه‌موو ئازار‌و ژانه‌ی ده‌مێك بوو قوڕه‌یش له دڵیدا په‌نگی پێ خواردبۆوه‌و له‌به‌ر ئه‌بو تالیب نه‌یده‌توانی بیخاته سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم و موسوڵمانان، به مردنی ئه‌بو تالیب بواری بۆ كرایه‌وه‌و وه‌ك ئاگرپژێن به‌سه‌ر موسوڵماناندا به تایبه‌تی به‌سه‌ر موسته‌زعه‌فه‌كانیاندا ته‌قییه‌وه پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم خۆی ده‌یفه‌رموو كه قوڕه‌یش ـ تا ئه‌بو تالیبی مامی له ژیاندا مابوو ـ نه‌یتوانی ئازاری پێ بگه‌ێنێ ..
كۆچی دوایی ئه‌م دوو پایه پاڵپشته سێ ساڵ پێش هیجره‌ت بوو .