ژیاننامەی پێغەمبەر

بانگهێشتی هۆزه‌كان

پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم هه‌موو ساڵێكی كاتی حه‌ج كردن، ده‌چووه‌ لای وه‌فدی حاجیه‌كان و سه‌ردانی خێوه‌تگاكانیانی ده‌كردو قسه‌ی بۆ ده‌كردن و بانگهێشتی ئیسلامه‌تی ده‌كردن، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌چووه‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغی وكۆڕو كۆمه‌ڵه‌كانیان له‌ بازاڕی عوكازو مه‌جنه‌و زیلمه‌جازو ئه‌وانه‌، به‌ خه‌ڵكی ده‌فه‌رموو: (خه‌ڵكینه‌، بڵێن لا اله‌ الا الله‌، ئاسووده‌ ده‌بن، بیڵێن با هه‌موو عه‌ره‌بتان بێته‌ به‌رده‌ست) بەڵام قوڕه‌یش نه‌ك هه‌ر وەڵامی نه‌بوو، به‌ڵكو پێ به‌ پێ وشوێن به‌ شوێن به‌ دوویدا ده‌ڕۆیشتن و له‌ هه‌موو كۆڕو كۆمه‌ڵێكدا به ‌درۆیان ده‌خسته‌وه‌ و به‌ خه‌ڵكیان ده‌ووت: گوێی لێ مه‌گرن، ئه‌مه‌ له‌ دینی باب و باپیرانی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.. چونكه‌ قوڕه‌یش ناودارو دەسەڵاتدار بوو، كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكی زۆر بوو، بۆیه‌ كه‌سی وا به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلی اللە علیە وسلم نه‌ده‌هات! بەڵام ئه‌و سووده‌ی بوو كه‌ سه‌رنجی هه‌موو عه‌ره‌بی بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ را كێشاو باس و خواسی دینی نوێ كه‌وته‌ دیوه‌خانی هه‌موو تیره‌و هۆزه‌كانه‌وه‌ ..

به‌یعه‌تی عه‌قه‌به‌ :  ئه‌وس و خه‌زره‌ج، كه‌ دوو هۆزی گه‌وره‌ی عه‌رەبی مه‌دینه‌ بوون، زۆر جاریان له‌ جوله‌كه‌كانی دراوسێیانه‌وه‌ ده‌بیست كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ پێغه‌مبه‌رێك بێته‌ دنیاوه‌، جا ئه‌وسا جوله‌كه‌كان باوه‌ڕی پێ دێنن و به‌ هاوكاری ئه‌و به‌سه‌ر ئه‌م ئه‌وس و خه‌زره‌جه‌دا زاڵ ده‌بن !

   كه‌ ئه‌وس و خه‌رزره‌ج ـ وه‌كو عه‌ره‌به‌كانی تر ـ چوونه‌ مه‌ككه‌ بۆ حه‌ج به‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم گه‌یشتن، كه‌ بینیان وا خه‌ڵكی بانگهێشت ده‌كات بۆ ئیسلام، ئه‌وه‌یان هاته‌وه‌ یاد كه‌ جوله‌كه‌كان ده‌یانووت كه‌ پێغه‌مبه‌رێك به‌م زووانه‌ دێته‌ دنیاوه‌، بۆیه‌ پێیان چاك بوو پێش ئه‌وان باوه‌ڕی پێ بهێنن، ئه‌و ساڵه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بەڵام بیرو هۆشیان هه‌ر لای ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ نوێیه‌ بوو، تا ساڵی داهاتوو بۆ حه‌جی ساڵی نوێ هاتنه‌وه‌ .

ئه‌مجاره‌ كه‌ هاتنه‌وه‌، شه‌ش كه‌س له‌ هۆزی خه‌زره‌ج به‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم گه‌یشتن كه‌ دوانیان ـ ئه‌سعه‌دی كوڕی زوراره‌ و جابری كوڕی عبدالله‌ ـ له‌ سه‌رداره‌ ناوداره‌كانیان بوون و موسوڵمان بوون، كه‌ گه‌ڕاشنه‌وه‌ مه‌دینه‌ كه‌وتنه‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی بانگه‌وازی دینی نوێ و ماڵ نه‌ما ئیسلامه‌تی نه‌گه‌ێننێ !

بۆ ساڵی دواتر هه‌ر له‌ هۆزی خه‌زره‌ج وه‌فدێكی تر كه‌ دوازده‌ پیاوو ئافره‌تێك بوون هاتنه‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم ، موسوڵمان بوون و له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵی و ملكه‌چی وسامان به‌خشین وفه‌رمان كردن به‌ چاكه‌و به‌رهه‌ڵستی كردن له‌ خراپه‌ و ته‌نازوول نه‌كردن له‌ دینه‌كه‌ ونه‌ترسان له‌ لۆمه‌ی لۆمه‌كاران وسوور بوون له‌سه‌ر سه‌رخستنی ئیسلام و له‌خۆ گرتنی خۆی وبانگه‌وازه‌كه‌ی ـ ئه‌گه‌ر كۆچ كات بۆ لایان ـ به‌یعه‌تیان به‌ پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا صلی اللە علیە وسلم دا.. ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌یعه‌ته‌یه‌ كه‌ به‌ به‌یعه‌تی یه‌كه‌می عه‌قه‌به‌ ناسراوه‌، كه‌ له‌ ساڵی دووی پێغه‌مبه‌رێتیدا بوو ..

به‌یعه‌تدارانی خه‌زره‌ج گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌، پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم عه‌مری كوڕی ئومم وكه‌لسوم وموسعه‌بی كوڕی عومه‌یری له‌ گه‌ڵدا ناردن، تا ئه‌وانه‌ی موسوڵمان ده‌بن، ئه‌مان قورئانیان فێركه‌ن و دینه‌كه‌یان تێ گه‌ێنن، خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م دوو یاوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ موسوڵمان بوون ..  پاشان موسعه‌ب ته‌شریفی هێنایه‌وه‌ بۆ مه‌ككه‌، قه‌ده‌ر وا بوو كه‌ ئه‌و ساڵه‌ خه‌ڵكانێكی ئێجگار زۆر له‌ موسوڵمان و كافر هاتبوون بۆ حه‌ج بۆ مه‌ككه‌، كه‌ شه‌وی عه‌قه‌به‌ هاته‌وه‌، پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم به‌ شێوه‌یه‌كی په‌نهان چاوی كه‌وت به‌ وه‌فدی مه‌دینه‌ كه‌ حه‌فتا پیاوو و دوو ئافره‌ت بوون، (ئافره‌ته‌كان ئوم عوماره‌ نه‌سیبه‌ی كچی كه‌عب وئه‌سمائی كچی عه‌مری كوڕی عه‌دی بوو)، ئه‌مانه‌ هه‌موویان به‌یعه‌تیان له‌سه‌ر سه‌رخستن و پشتگیری پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم به‌ پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا صلی اللە علیە وسلم دا، یه‌كه‌م كه‌س كه‌ به‌یعه‌تی دایێ به‌رائی كوڕی مه‌عروور بوو، عه‌بباسی مامی پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم ، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو شاهیدێك بێت له‌سه‌ریان، ئاماده‌ی به‌یعه‌ته‌كه‌ بوو، ئه‌مه‌ی به‌یعه‌تی دووه‌می عه‌قه‌به‌، ئینجا پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم دوازده‌ كه‌سی لێ كردن به‌ نه‌قیب (سه‌ركرده‌و ده‌مڕاستیان) كه‌ نۆ كه‌سیان له‌ خه‌زره‌ج بوون ..

   ئه‌م به‌یعه‌ته‌ گه‌وره‌ترین وگرنگترین به‌یعه‌ت بوو، موشریكانی هێنایه‌ له‌رزه‌، چونكه‌ هه‌موو سه‌رانی ئه‌وانیش كه‌وتنه‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی جاسوسانی خۆیان تا بزانن ئه‌هلی به‌یعه‌ته‌كه‌ كێن، چونكه‌ هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ هێزو پێزێكی چوندێنی وچۆنێتی داوه‌ته‌ پێغه‌مبه‌رو صلی اللە علیە وسلم دینه‌ نوێكه‌ی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای پێكه‌وه‌نانی هێزو دەسەڵاته‌، كه‌ ده‌بێ قوڕه‌یش هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ حسابی بۆ بكات، به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم  كۆچ كات بۆ لایان .

ئا له‌م كاته‌دا كه‌ قوڕه‌یش پلانی به‌ره‌نگاری سه‌ختتری بۆ ئه‌م هێزه‌ به‌ گه‌شه‌و نه‌شونمایه‌ داده‌ڕشت، پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم رێی به‌ كۆمه‌ڵێك له‌ موسوڵمانه‌كان دا كه‌ كۆچ بكه‌ن بۆ مه‌دینه‌! ئه‌وانیش خێرا ده‌سته‌ ده‌سته‌و تاك تاك له‌ مه‌ككه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌و ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی سووك بوایه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌بردو ئه‌وی هه‌ڵیش نه‌ده‌گیرا به‌جێیان ده‌هێشت، قوڕه‌یش كه‌ پێی زانی هه‌رچی هێزو پلانی هه‌بوو خستیه‌ كار تا نه‌هێڵێت ئه‌م كۆچ كردنه‌ بكرێت، بەڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی توانی كه‌ رێ له‌ موسته‌زعه‌ف و بێ دەسەڵات و بێ كه‌سه‌كان بگرێت! پێغه‌مبه‌ریش صلی اللە علیە وسلم له‌ مه‌ككه‌ مایه‌وه‌و ئه‌ویش خۆی ئاماده‌ی ده‌كردو چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی خوای گه‌وره‌ی ده‌كرد كه‌ فه‌رمانی كۆچ كردنی پێ بفه‌رموێ .. 

پیلانه‌ فاشیله‌كه‌ی قوڕه‌یش : قوڕه‌یش زۆری ترس له‌ كۆچ كردنه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر صلی اللە علیە وسلم لێ نیشت، چونكه‌ بۆی ئاشكرا بوو كه‌ لایه‌نگری به‌هێزو پشتیوانانێكی زۆری بۆ دروست بوو، بۆیه‌ خێرا هه‌موو سه‌رانیان له‌ داروننه‌دوه‌ ـ بۆ راوێژو ئاڵوگۆڕی رایان ـ كۆبوونه‌وه‌، یه‌كیان ده‌یووت: با زیندانی كه‌ین و به‌ زنجیری ئاسن بیبه‌ستینه‌وه‌ و ده‌رگای له‌سه‌ر داخه‌ین، تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌مرێت، یه‌كی تریان ده‌یووت: با خۆمان له‌ شار ده‌ری كه‌ین، یا با لێی گه‌ڕێین خۆی بۆ كوێ ده‌چێت با بچێت، ئه‌بو جه‌هلیش حه‌كه‌می كوڕی هیشام ووتی: با له‌ هه‌ر تیره‌و هۆزێك گه‌نجێكی به‌ خۆو پته‌و وه‌رگرین وهه‌ر یه‌كه‌یان شمشێرێكی بڕنده‌یان بده‌ینێ و كاتێكی دیاری كراویان پێ راسپێرین تا هه‌موویان پێكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێك بكه‌نه‌ سه‌ر محمدو هه‌ر یه‌كه‌ شمشێرێكی لێدا  ئیدی كه‌ كوژرا خوێنه‌كه‌ی له‌ ناو هه‌موو تیره‌و هۆزه‌كاندا وون ده‌بێت، ئه‌و كاته‌ به‌نو مه‌نافی كه‌س و كاری چ تیره‌یه‌ك تاوانبار كه‌ن؟! خوێنی ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی چ هۆزێك؟! به‌م شێوه‌یه‌ ناچار ده‌بن خوێنه‌كه‌ی وه‌رگرن نه‌ك تۆڵه‌ی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ هه‌موومان خوێنه‌كه‌یان ده‌ده‌ینێ، ده‌ی له‌سه‌ر ئه‌م رایه‌ با كۆ بین، رێكه‌وتن وشه‌وێكیشیان بۆ جێبه‌جێ كردنی پلانه‌كه‌یان دیاری كرد، بەڵام خوای گه‌وره‌ پێغه‌مبه‌ری ئازیزی صلی اللە علیە وسلم لێ ئاگادار كرده‌وه‌و فه‌رمانی دایێ كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ له‌ ماڵی خۆیان نه‌مێنێته‌وه‌.. له‌ باسی ئه‌م پلانه‌دایه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: (وَإذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أو يَقْتُلُوكَ أو يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُونَ اللهُ واللهُ خَيْرُ المْاَكِرِينَ) الانفال/ 30 واته‌: كافره‌كان كه‌وتنه‌ پلان دانان دژت، به‌وه‌ی كه‌ به‌ندت كه‌ن، یان بتكوژن، یان له‌ شار ده‌رت كه‌ن، ئه‌وان پلان داده‌نێن، خوای گه‌وره‌ش پلانه‌كانیان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، خوا چاكترین به‌رهه‌ڵستكاریانه‌ ..

 

2662 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/06/2015
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.