عن أبي هريرة رضي الله عنه قال : قال رسول الله صلى الله عليه وسلم :
(المْؤمِنُ مِرْآةُ أخِيهِ) حديث حسن
له ئه‌بو هورهیهرهوه خوا لێی رازی بێت گێڕراوه‌ته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان صلى الله علیه و سلم ده‌فه‌رموێ: موسوڵمان ئاوێنه‌ی براكه‌یه‌تی .
ـ له ڕیوایه‌تی تریشدا هاتووه كه ده‌فه‌رموێ : (المؤمِنُ مِرْآةُ المْؤمِنِ)
واته: موسوڵمان ئاوێنه‌ی موسوڵمانه
راوييهكهی:
سه‌یدنا ئه‌بوهوره‌یره خوا لێی رازی بێت ناوی عبدالرحمن كوڕی سه‌خره، له نه‌فامیدا ناوی (عبد الشمس) بووه. پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم ئه‌م ناوه‌ی گۆڕی و كردی به عبدالرحمن .
ـ له یه‌مه‌ن له‌دایك بووه‌و له ساڵی حه‌وته‌می كۆچی‌دا موسوڵمان بووه .
ـ فه‌رمووده‌ی زۆری له پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه و سلم و یاوه‌رانی تری وه‌كو سه‌یدنا عومه‌رو ئه‌وانی تر وه‌رگرتووه .
ـ جه‌ماوه‌رێكی زۆر له ئه‌سحاب و تابعین كه له (800 كه‌س) زیاتربوون فه‌رموده‌یان لێوه ریوایه‌ت كردووه .
ـ موسنه‌دی 2سه‌یدنا ئه‌بو هوره‌یره گه‌یشتۆته (5326 فه‌رموده). كه ئیمامی بوخاری و موسلیم پێكه‌وه (326 فه‌رموده) یان لێوه ریوایه‌ت كردووه، هه‌م به جیا: ئیمامی بوخاری (93 فه‌رموده) و ئیمامی موسلیم (98 فه‌رموده ).
ـ له‌به‌ر زۆری ریوایه‌تی فه‌رمووده هه‌ر له كۆنه‌وه تا ئه‌مڕۆ ناحه‌زان ته‌م و مژی گومانیان بۆ ریوایه‌ته‌كانی سه‌یدنا ئه‌بوهوره‌یره دروست كردووه، به تایبه‌تی شیعه‌ی رافیزه، تا رووی پاكی ئه‌بو هوره‌یره له‌كه‌دار بكرێت.. كه گوایه ته‌مه‌نی یاوه‌رێتی كه‌م بووه چۆن ئه‌و هه‌موو فه‌رمووده‌یه‌ی بیستووه‌و گێڕاوێتیه‌وه.. سه‌یدنا ئه‌بوهوره‌یره ده‌فه‌رموێ: (برایانی كۆچكهرم سه‌رگه‌رمی مامه‌ڵه‌ی بازاڕ بوون، برایانی پشتیوانم سه‌رگه‌رمی ماڵ و دارایی خۆیان بوون، به‌لێم من هه‌ژارێكی په‌نادیواری مزگه‌وت بووم و یه‌كێكی ئه‌هلی سوففه بووم 3.. كاتێك ئه‌وان له‌وێ نه‌بوون من له خزمه‌تی رابهرهكهمدا ده‌بووم و ئه‌وان شتیان له یاد ده‌چوو من له مێشكمدا تۆمارم ده‌كرد. سوێندم به خوا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ئایه‌ته نه‌بوایه هیچ فه‌رموده‌یه‌كم بۆ نه‌ده‌گێڕانه‌وه كه ده‌فه‌رموێ: (انَّ الذین یكتمونَ ما انزَلنا مِن البیِّناتِ والهُدى) البقرة/159 رۆژێكیان خۆشه‌ویستم صلی الله علیه و سلم فه‌رمووی: (هه‌ر كام له ئێوه با پارچه پۆشاكێكی له‌به‌ر ده‌ستمدا راخات، تاقسهكانم ته‌واو ده‌كه‌م، كاتێ كۆی كرده‌وه هه‌رچی من ووتوومه هه‌مووی له‌به‌ر ده‌بێت و له یادی ناچێت. منیش عه‌باكه‌م راخست تا فه‌رموده‌كانی كۆتاییان هات، ئه‌وجا كۆم كرده‌وه‌و به سنگمه‌وه نووساند، له پاش ئه‌وه ئیتر هیچ فه‌رموده‌یه‌كی ئه‌و رابهرهم له یاد نه‌چووه) .
ـ سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب ـ خوا لێی رازی بێت ـ كه بووه خه‌لیفه ئه‌بو هوره‌یره‌ی به والی به‌حره‌ین ته‌عین كرد .
ـ ئیمامی بوخاری و موسلیم ده‌گێڕنه‌وه: له ساڵی 57ی كۆچی له ناوچه‌ی (عه‌قیق) له ته‌مه‌نی حه‌فتاو هه‌شت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌و له گۆڕستانی به‌قیع له مه‌دینه نێژررا .
لێكۆڵینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كه:
ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه ده‌یان خاڵی په‌روه‌رده‌و ئاڕاسته‌ی په‌روه‌رده‌ی پارسه‌نگی تێدایه. چونكه هێزی ڕه‌وانبێژی ڕسته‌كه ـ هه‌ر چه‌نده كه له پێغه‌مبه‌ره‌وه صلى الله علیه و سلم هاتووه، به‌سه بۆ زانینی هێزی ره‌وانبێژی داڕشتنه‌كه‌ی ـ به‌ڵام جێی خۆیه‌تی ووردو ژیرانه سه‌رنجی بده‌ینێ تا پابه‌ندی بۆ خۆمان و ده‌وروبه‌رمان لێوه وه‌رگرین، دیقه‌ت بده‌ره لێچواندنهكه، سه‌یری سیفه‌تی ئاوێنه بكه‌و به سیفه‌ته‌كانی خۆتی به‌راورد بكه، بزانه تۆش وایت؟ گه‌ر وا نیت، ئازابه‌و گله‌یی و گازانده له خه‌ڵكی مه‌كه‌و مه‌ڵێ خه‌تای داعی ومامۆستاكانمان بوو! خۆت ڕاست كه‌ره‌وه :
1ـ ئاوێنه به بێ ده‌نگ، بێ هه‌ست برینداركردن، بێ هات وهاوار نوقسانی ده‌خاته ڕوو. تۆش وا به.. تۆش به شێوه‌یه‌كی به ئه‌ده‌ب ودوور له هات و هاوار ئامۆژگاری خه‌ڵك بكه، ئه‌م شێوه ڕه‌فتاره زیاتر ئامۆژگارییه‌كه ده‌چه‌سپێنێت ..
2ـ ئاوێنه كه نوقسانی یه‌كێكی خسته ڕوو، ئیتر عه‌یب و عاری كابرا لای خۆی ناهێڵێته‌وه بۆی ناكاته مه‌له‌فی لاواز كردنی! لای خۆی هه‌ڵی ناگرێت تا نابینا بیداته‌وه به چاویدا! یان بیكاته هۆكاری لاوازی كابرا چ لای خۆی چ لای دۆست و ئهحبابانی، تۆش وا به، شوێن عه‌یب و عاری مسوڵمانان مه‌كه‌وه. ڕق و قینت با نهتگهێنێته هه‌ڵدێری بوغز‌و قین وغهیبهتی موسوڵمانان مه‌كه‌ره بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زارت، عه‌یب و عاریان كاوێژ مه‌كه
3ـ كه‌ش وهه‌وای به‌رفراوان و خێر‌و خۆشی، یان ناڕه‌حه‌تی و بارودۆخی ناله‌بار له وه‌زیفه‌ی ئاوێنه‌ت نه‌كات، له به‌جێ هێنانی ئه‌ركی سهرشانیدا هیچ ڕوداوێك سستی ناكات ـ كاكی داعی ـ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر بانگه‌وازه‌كه‌ی خۆت به‌رده‌وام بیت. هه‌ر به‌وه‌نده‌ی شتێكت لێ قه‌وما، فه‌رمان به‌چاكه‌و به‌رهه‌ڵستی له خراپه واز لێ نه‌هێنیت، تۆ بۆ شاهیدی دان ڕێنمایی كراویت، سست نه‌بیت و دڵت له هیچ ڕوداوێك دانهخورپێت ..
4ـ ئاوێنه له به‌جێ هێنانی ئه‌ركی خۆیدا گوێ ناداته به‌رامبه‌ره‌كه‌ی چییه‌و كێیه؟ ده‌وڵه‌مه‌نده یان هه‌ژاره؟ گه‌وره‌یه یان بچوكه ؟ ژنه یان پیاوه؟ ده‌سه‌ڵاتداره یان بێ ده‌سه‌ڵات؟ هه‌ر هه‌موانی لایه‌كه! له‌به‌ر خاترو خۆتر كه‌مته‌رخه‌می له وه‌زیفه‌ی خۆی ناكات، له ترسان یان له برسان منجه منج له ووتنی حه‌ق وسهرخستنیدا ناكات. چ جای ئه‌وه‌ی حه‌قێك پێشێل كات.. ئه‌و شاهیده، شاهیدیش ئازا‌و نه‌به‌زه، شاهید له هه‌ڕه‌شه‌و كهندو كۆسپی ئه‌م وئه‌و ناترسێ و له‌سه‌ر حسێبی حه‌قیش دۆستایه‌تی ناگرێت، موسوڵمانی ئاوێنه‌یی له لۆمه‌ی لۆمه‌كاران بێ باكه، ده‌تۆش وا به .
5ـ ئاوێنه ده‌زانێت كه ئاسمانه‌كان وزه‌وی له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ری دروست بوون، بۆیه ئه‌ویش كه نوقسانی كه‌سێك ده‌رده‌خات جوانی و سیفه‌ته پارسه‌نگه ڕهسهنهكانیشی نیشان ده‌دات.. عه‌یب و عاری كابرای بینه‌ر هه‌رچه‌ند زۆر بن ئاوێنه ناهێڵێت جوانیه‌كان بشارنه‌وه. ئاوێنه له‌گه‌ڵ نیشاندانی ڕیپۆقهكهدا جوانی چاوه‌كه‌ش نیشان ده‌دات. چونكه هه‌ر نیشاندانی نوقسانی بێ ئومێدی وحه‌سره‌ت وڕه‌شبینی له خه‌ڵكدا ده‌ڕوێنێت. نه‌كه‌ی وا بكه‌یت. متمانه بڕوێنه نه‌فه‌س درێژی وگه‌شبینی دروشمت بێت. كه كه‌سێكت باس كرد، دوور له كینه‌و سه‌رڕاستانه ڕه‌فتار كه، دادپه‌روه‌ر به هه‌ر نوقسانی باس مه‌كه. سیفه‌تی خراپی هه‌ر كه‌سێكت باس كرد، یه‌كسه‌ر بڵێ: (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه.. ) سیفه‌ته چاكه‌كانی بهێنه‌ره‌وه. مه‌گه‌ر نا‌بینیت زانا‌و پیاوچاكانی ئه‌م ئوممه‌ته ڕه‌سه‌نه بۆچی زانستی پیاوناسی (علم الرجال) یان بۆ زانسته‌كانی فه‌رمووده داناوه كه لقێكی ئه‌و زانستیه‌ش بریتییه له (علم الجرح والتعديل) واته زانستی لاوازی دیاری كردن و پارسه‌نگ كردنه‌وه، ئه‌مه‌ش هاوكێشه‌یه‌كه، ئه‌گه‌ر نوقسانی كه‌سێك ووترا ده‌بێت ده‌ست به‌جێ چاكه‌كانیشی بووترێت. بڕوانه ئیمامی بوخاری خواناس به‌رامبه‌ر ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌ی مه‌زن ده‌فه‌رموێ : (على جلالة قدره في الفتوى كان ضعيف الحديث من جهة الاعتماد عليه) واته: له‌گه‌ڵ ئه‌و پله‌و پایه بهرزهشیدا كه له بواری فه‌تواداندا هه‌یبوو، له فه‌رمووده‌وانیدا لاواز بوو، له‌و ڕووه‌وه كه زۆر ئیعتیمادی نه‌ده‌كرده سه‌ر فه‌رمووده. چونكه ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه كه له ساڵی 150 ی كۆچی‌دا كۆچی دوایی كرد هێشتا گه‌ڕان بۆ تۆمار كردنی فه‌رمووده (رحلة طلب علم الحديث) ده‌ستی پێ نه‌كرد بوو، هێشتا وه‌رگرتن و نووسینه‌وه‌ی فه‌رمووده به‌ربڵاو نه‌بووبۆوه ..
6ـ ئاوێنه به ئومێدی پاك كردنه‌وه‌و ته‌واو كردن، نوقسانیهكان ده‌خاته ڕوو، نه‌ك به ئومێدی ئابڕوو بردن و ناوزڕان.. بۆیه تا نوقسانیهكه ڕاست نه‌كرێته‌وه ئاوێنه واز له ئامۆژگاری خۆی ناهێنێت، نه ماندوو ده‌بێت، نه بێزار.. نه مهلهل ده‌یگرێت، نه كۆڵیش ده‌دات.. له خۆت بپرسه بزانه تۆش وایت؟ تۆ بۆچی به هیوای لاواز كردن و ناو زڕان نه‌له غه‌یبه‌ت واز ده‌هێنیت نه له سۆراخ كردنی خاڵی لاوازی برایان و دۆستانت سڵ ده‌كه‌یه‌وه.. سوور به له‌سه‌ر دینداری و پاكی خۆت و نه‌فه‌س درێژیش به له ڕاست كردنه‌وه‌ی چه‌مك و پاكردنه‌وه‌ی دینداری كه‌سانی دهروربهریشت.. به‌ئارام به‌و سه‌بر له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی بگره. چوار چێوه‌ی ئه‌م به‌رنامه جوانه‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت بپارێزه ..
7ـ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ئاوێنه تووڕه ببێت و داینێته‌وه، یان فڕێی دات، یان پارچه پارچه‌ی كات و بیشكێنێت. دوایی كه مه‌جبوری ده‌بێته‌وه، هه‌ر پارچه‌یه‌كی هه‌ڵگرێته‌وه، خزمه‌تی ده‌كاته‌وه! چونكه ئاوێنه ڕۆڵی خۆی هه‌ر ده‌بینێت ده‌زانێت ئه‌مه ڕۆڵێكهو له‌م ژیانه‌دا پێی سپێرراوه، ئهركێكهو كه‌وتۆته سه‌ر شانی كه هه‌ر ده‌بێت جێ به جێی كات. جا هه‌ر كه‌س كه‌وته به‌ر حه‌مله‌ی دوژمن و گروپهگهی پارچه پارچه‌و په‌رته‌وازه كرا، ئه‌مه بكاته هه‌نجه‌تی خۆكشانهوهو واز هێنان و گۆشه‌گیری، جا خۆ حه‌تمه‌ن نه‌خشه‌و پلانی گڵاوی دوژمنان سه‌رده‌گرێت و كاری ئیسلامی‌یان به پارچه پارچهییش نامێنێته‌وه.. ده تۆش هیممه‌تت بێت. خۆ ڕاگره. خۆ دنیا هه‌ر سه‌ختی نییه. ڕۆڵی دینداری خۆت و گرنگی بانگه‌وازه‌كه‌ت هه‌ر له‌به‌ر چاو بێت كه‌سانی وه‌كو تۆ هه‌ن ئێستا وا له ژێر ئه‌شكه‌نجه دان و دوژمنان ده‌یانه‌وێت ووره‌ی بڕوخێنن به‌ڵام ئه‌و هه‌ر خۆ گره‌و ڕۆڵی خۆی له زیندانهكانیشدا هه‌ر ده‌بینێت !
8ـ كه بوویته هاوڕێی كه‌سانی چاك، بزانه چۆن هه‌ڵس و كهوتییان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌یت. وه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر پێویستیت كه‌وته ئاوێنه، ڕه‌فتاری به نه‌رم ونیانی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌یت. چونكه ده‌زانیت چه‌ند ناسك و هه‌ستیاره، ئه‌وه‌نده‌ش دژواره ئه‌گه‌ر له ده‌ستتدا شكا! دوور نییه پارچه‌ی زۆر ووردی بچێته ناو خوێنته‌وه.. له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیشدا ئاوا به نه‌رم ونیانی ڕه‌فتار كه. ئه‌گه‌رنا گله‌یی له خۆت بكه . خه‌ڵكیش هه‌ستی ناسكه‌و كایرای شاعیریش ده‌ڵێت :
(گه‌ر ئاسوده‌یی یهكجاریت ده‌وێ ….. خۆت بسوتێنه‌و كه‌س مه‌ڕه‌نجێنه (
9ـ ئاوێنه شتێك نییه خه‌ڵكی پێویستییان پێی نه‌بێت، یا بتوانن له ژیانی خۆیانی دوور خه‌نه‌وه. چونكه ڕۆژانه خه‌ڵكی خۆیانی نیشان ده‌ده‌ن! چ بۆ ئه‌وه‌ی جوانی خۆیان ببینن، چ بۆ ئه‌وه‌ی خۆ له‌به‌ریدا جوان كه‌ن.یان ناشیرینییه‌كانی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه‌و هه‌وڵی كه‌م كردنه‌وه‌و جوان كردننهوهی بده‌ن. داعی موسڵمان و پیاوچاكی دینداریش وان. هه‌موو كه‌س پێویستی پێیان ده‌بێت. ئه‌وانه پاكن، سه‌ر ڕاستن، بێ ماندوو بوون له خزمه‌تی ئه‌م و ئه‌و دان. گه‌ر هاوڕێیه‌تی یهكیانت بوو به نسیب به گه‌وهه‌رو گه‌نجی دۆزراوه‌ی بزانه‌و قه‌دری بگره. هێدیانه ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا بكه.. زوو زوو خۆتی نیشان ده‌وه. چیت هه‌بوو لای بیدركێنه، مادام ڕابه‌رو پێشهواته شتی لێ مه‌شاره‌وه. ئه‌و ئامۆژگاری وات ده‌كات كه ئه‌و خەڵەتانهت بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كات كه لێت ده‌ركه‌وتووه. وه‌ك لاوازی دیارده‌كانی ته‌قوا له به‌جێ هێنانی فه‌رزه‌كان وخۆدوور خستنه‌وه له گوناحه‌كان. یان بێ وه‌فایی بێ به‌ڵێنی، گوێ به حه‌رام نه‌دان. ئه‌مما باوه‌ڕ لاوازی، حه‌زی چه‌وت، گومانی به‌د.. هتد ئه‌وه كونجی ماڵی خۆته‌و خۆت ده‌بێت گسكی بده‌یت. داعی وه‌كو كهنناسی به‌له‌دێ ته‌نه‌كه خۆڵی به‌ر دهرگاكهتان لا ده‌بات. خۆ نایه‌ته ژووره‌وه. قه‌دری بگره. داعی شوێن كه‌وتووی پێغه‌مبه‌ران و پیاوچاكانه وتۆش به دووی كاروانی ئه‌واندا ده‌بات .
10ـ قه‌باره‌و شێواز‌و چۆنیه‌تی ئاوێنه وه‌كو سروشتی هه‌زاران شتی تری ژیان جۆراوجۆره. چۆن هی وا هه‌یه ته‌نكه‌و هه‌یه ئه‌ستووره. هه‌یه بچووكه‌و هه‌یه گه‌وره‌یه، هه‌یه ڕوونه‌و هه‌یه ته‌ڵخه.. هه‌یه چوار گۆشهیهو هه‌یه لاكێشییه. هه‌یه بازنه‌ییه‌و هه‌یه شه‌ش پاڵووه.. به‌ڵام هه‌موویان وه‌زیفه‌ی خۆ ده‌بینن.. داعی موسوڵمانیش ته‌بیعه‌ت و توانایان جیاوازه. نه‌فه‌س درێژی و بهسهبرییان له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تریان ده‌گۆڕێت.. به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان سوود به تۆ ده‌گه‌ێنن. تۆش ژیرانه‌و بۆ دنیا‌و قیامه‌تی خۆت هاوڕێیان به چونكه جليس الصالحن
11ـ ئاوێنه نوقسانی و عه‌یب و عاری ئه‌و كه‌سه نیشان ده‌دات كه دێته خزمه‌تی و ڕووی خۆی نیشان ده‌دات, ئه‌مما ئه‌وی هه‌ڕاڵ و لووت به‌رزو خۆبه‌زلزانه، ئه‌وه هه‌ر داماوه، له ناخیدا به‌زیووه، ترسنۆكه بۆیه ناوێرێت خۆی بداته به‌ر ڕه‌خنه.. ئه‌وی له واقیعداو به ڕاستی خۆی نهدیووهو نه‌فس وشه‌یتان فریوویان داوه، هه‌ر وا ده‌زانێ هه‌موو شتێك ده‌زانێ و هه‌موو شتێكی له ده‌ست دێ و فس فس پاڵه‌وانه.. كه‌چی كه ده‌كه‌وێته كۆڕێكی زانا‌و خواناس و موجاهیدانی سه‌رڕاسته‌وه ده‌پوكێته‌وه، فش ده‌بێته‌وه، ده‌زانێ ئه‌مه‌ی ئه‌و هه‌ر فش بوونه‌وه‌ی قه‌له‌موونه.. ئه‌وی خۆی له ئامۆژگاری من و تۆ به دوور ده‌گرێت ونایه‌وێت له‌به‌ر ڕه‌وشتی ڕه‌سه‌نی ئیسلامی من و تۆدا قه‌باره‌ی خۆی و پێناسه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌فسی خۆیدا ناشكێت.. ده‌یبینیت ڕۆژێ ملكهچهو مه‌جبوری ئاوێنه بۆته‌وه، ئاواش ڕۆژێ ده‌بینی مه‌جبوری كۆڕی خواوویستان ده‌بێته‌وه.. به‌ڵام با من و تۆش بۆ خوا بسوڵحێین و ئاوێنه بین ..
12ـ كه ده‌ته‌وێت ببیته ئاوێنه، ده‌بێت ووریا بیت، خۆت له خۆتدا چاك بیت پاك بیت، راست بیت. وه‌كو ئاوێنه‌ی قۆقزو ناوچاڵ نه‌بیت. نا‌بینیت ئاوێنه‌ی قۆقز ده‌م وچاوی خه‌ڵكی چی لێ ده‌كات؟ خۆ ناشكرێت باوه‌ڕ به‌و ئاوێنه خراپه بكه‌ین و بیكه‌ینه شایه‌ت له‌سه‌ر ڕه‌فتارو ڕه‌وشتی ئه‌م و ئه‌و. نا نه‌كه‌ی.. جارێ بزانه ئاستی ڕووی ئاوێنه‌كه ڕاسته؟! بزانه پاكه؟! كێ ده‌ڵێ ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ی له ڕاستی كه‌پووت یان ڕوومه‌تت ده‌یبینیت هه‌ر هی ئاوێنه‌كه خۆی نییه؟! ئه‌گه‌ر هی ئاوێنه‌كه خۆی بێت ـ كه تۆیت ـ دوایی خه‌ڵكی متمانه به بانگهشهكهت ناكات، ڕووت لێ وه‌رده‌گێڕێت .. ئه‌گه‌ر خه‌تای ئاوێنه‌كه‌یه، سوپاسی خوا بكه كه سه‌ری ئاوا نهكردوویتهته شووتی.. یان ئاوا وه‌ك گونكه هه‌ویر پانی نه‌كردۆته‌وه.. ئه‌وی خۆی پارسه‌نگ نییه و هۆرمۆنه‌كانی یه‌كسان ناڕژێن دیدو حه‌زو هه‌ڵوێستی پارسه‌نگ نابێت.. یه‌كێكی ئه‌مڕۆ خۆش ده‌وێت سبه‌ی ده‌یبوغزێنێت! ئه‌و شته‌ی بۆ خۆی پێ ناخۆشه، كه‌چی بۆ تۆی موسوڵمان وا نییه! ئه‌م جۆره كه‌سانه فه‌رمان به چاكه‌و به‌رهه‌ڵستی له خراپه له‌به‌ر خاتری خوا ناكه‌ن. به‌ڵكو كه‌ی و له كوێ و لای كێ به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌ڵسوڕا دیندارێتیهكهیان له‌وێیه !!
13ـ گه‌ر ئاوێنه بوویت و دیتت هه‌ر تۆ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ی كه‌سێك ده‌خه‌یته ڕوو، به‌ڵام گوێی پێ نادات، ژیر‌و دڵسۆز به، بڕۆ هاوكاری داعیهكی تر وه‌رگره. چونكه له‌وانه‌یه كابرا ڕه‌خنه‌كه‌ی پێ ڕاسته به‌ڵام له تۆی وه‌رناگرێت. تۆش بگه‌ڕێ بزانه كێ كارتێكردنی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه هه‌یه نوقسانی كابرا ـ له‌به‌ر خاتری خوا و بێ زیادو كه‌م ـ به كابرا بڵێ، تا ئه‌و بتوانێت چاره‌سه‌ره‌كه بكات.. مه‌گه‌ر نا‌بینیت كه زیپكه‌یه‌ك یان قونێرێكت له پشت مل دێت دوو ئاوێنه به‌كار دێنیت؟ به هه‌ردوو ئاوێنه‌كه ده‌توانن له هه‌موو لایه‌كه‌وه برینه‌كه نیشان دهن ..
14ـ گه‌ر سه‌یری ئاوێنه‌ت كرد خۆت لێ نه‌گۆڕێت، وا بزانیت بوویت به شتێكی تر! یان خه‌یاڵ بتباته‌وه بۆ لای جه‌مشیدو وا بزانیت (جامی جه‌م ئاوێنه‌كه‌ی جه‌مشید) ت هه‌یه . بینای داهاتووت وا نه‌كه‌یت.. ئه‌گه‌ر شێر نه‌بوویت، خۆت و خه‌ڵكی هه‌ڵ نه‌خه‌ڵه‌تێنیت! به رواڵه‌ت و قسه وایان حاڵی نه‌كه‌یت كه مه‌ردی مه‌یدانیت وئهمیرهكهت ئیمام حوسوینانه پلان له‌سه‌ر هیممه‌تی تۆ داڕێژێت و كه ڕۆژی هیممه‌تیش هات ببیته ئه‌هلی كوفه‌و بڵێی: به خوا ده‌ره‌قه‌تی دوژمن نایه‌ین! یان وه‌كو قه‌ومی تالووت هاوار كه‌یت: (لاَ طَاقَةَ لَنَا الْيَوْمَ بِجَالُوتَ وَجُنُودِهِ) البقرة/ 249 !!
له‌كۆتاییدا پێویسته داعییه‌كان شوێنكه‌وتوانی خۆیان له‌سه‌ر جورئه‌تی ڕه‌خنه گرتن په‌روه‌رده كه‌ن، ده‌بێ (داعی و قوتابیه‌كان) ببنه‌وه ئاوێنه‌ی یه‌كتر. ئاوێنه‌یی یه‌عنی بانگه‌وازی خواوویستی و سه‌ڕاستی دینداریی. ئافه‌رین بۆ ئه‌وانه‌ی دڵیان وه‌ك ئاوێنه سافهو پاكه‌و ڕاسته .
راڤەو لێکۆڵینەوەی: مامۆستا کرێکار
كتێبی: نووری ڕێ