ڕه‌واندنه‌وه‌ی گومانێك لەسەر دوعاکردن
هه‌ندێ كه‌س وا گومان ده‌به‌ن ئه‌و قه‌ده‌رانه‌ی كه خوای گه‌وره له چاره‌ی عه‌بده‌كانی نووسیوه، هه‌ر ئه‌بێ ڕوو بدات و هیچ شتێك ناتوانێت به‌ر په‌رچی ئه‌و پێشهاتانه بداته‌وه‌و بیانگێڕێته‌وه.. بێگومان ئه‌م تێڕوانین و بۆچوونه زۆر هه‌ڵه‌یه له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه:
١- له عه‌قیده‌ی ئیسلامی‌دا نزا‌و پاڕانه‌وه به هۆكارێكی گرنگ و كاریگه‌ر داده‌نرێ.. ڕۆڵی گه‌وره‌ی له چه‌نده‌ها گۆڕانكاریی مێژوو بینیوه‌و بار‌و دۆخی تاك و كۆمه‌ڵی ئاڵوگۆڕ پێكردووه‌و دیارده‌و حاڵه‌ته‌كانی ژیانی له بارێكه‌وه بردۆته سه‌ر بارێكی تر.. بۆ نموونه: له قورئاندا له چه‌نده‌ها شوێندا باسی ئه‌و حاڵه‌ت و گۆڕانكارییانه ده‌كات كه له ئاكامی گیرا بوونی دوعا و نزای پێغه‌مبه‌ری خواوه دروستبوون.
٢- هه‌موو قه‌زاو قه‌ده‌رێك له پاش وویست و ئیراده‌ی خوای گه‌وره له ئاكامی پێكه‌وه گرێدان و كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵه هۆكارێكه‌وه ڕوو ده‌ده‌ن یه‌كێك له‌وانه دوعایه.. بۆیه ڕاست نییه بۆ ڕووداوێك بڵێیت دوعاكردن سوودی نییه، چونكه وه‌كو ئه‌وه وایه بڵێی خواردن و خواردنه‌وه‌و كرده‌وه‌ی چاك سوودی نییه.. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ شتێك ئه‌وه‌نده‌ی نزا‌و پاڕانه‌وه بۆ ده‌ستخستنی وویست و خواسته‌كانی عه‌بد سوود به‌خش نییه، چونكه دڵنیایه له مانای ئه‌و ئایه‌ته‌ی سوره‌تی (فاطر) كه ده‌فه‌رموێ: (مَا يَفْتَحِ اللَّهُ لِلنَّاسِ مِن رَّحْمَةٍ فَلا مُمْسِكَ لَهَا وَمَا يُمْسِكْ فَلا مُرْسِلَ لَهُ مِن بَعْدِهِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ) فاطر/٢ واته: هه‌ر ده‌روازه‌یه‌كی ره‌حمه‌تی خوای گه‌وره كه بۆ خه‌ڵكی واڵا ده‌كات، كه‌س بۆی نیه‌و ناتوانێت دایخاته‌وه، كه‌س بۆی نیه خێر‌و به‌ره‌كه‌تی ئه‌و له خه‌ڵكی بگرێته‌وه، ئه‌وی ئه‌ویش له خه‌ڵكی ده‌گرێته‌وه كه‌ی بۆی نیه‌و ناتوانێت به‌ری بهرەڵا كاته‌وه! خوای گه‌وره خاوه‌ن دەسەڵاتهو دانایه..
هه‌ر بۆیه هاوەڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ له هه‌موو كه‌س زیاتر به مه‌رج و ئادابه‌كانی دوعاوه پابه‌ند ده‌بوون، وه‌كو چه‌كێكی به‌هێزو كاریگه‌ر به‌كاریان هێناوه.. ئه‌وه ئیمامی عومه‌ره خوا لێی رازی بێت به هۆی دوعاوه به‌سه‌ر دوژمن‌دا سه‌ركه‌وت! له كاتێكدا كه خاوه‌نی له‌شكرێكی گه‌وره‌و به‌هێزیش بوون.. به هاوەڵانی ده‌فه‌رموو: (لَسْتُمْ تُنْصَرُونَ بِكَثْرَةٍ وَإنَّمَا تُنْصَرُونَ مِنْ السَّمَاءِ.. إنِّي لا أحْمِلُ هَمَّ الإجَابَةِ وَلكِنْ هَمَّ الدُّعَاءِ فَإذَا اُلْهِمْتَ الدُّعَاءَ فَإنَّ الإجَابَةَ مَعَهُ)[1] واته: ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ده‌ستی دێنن، به هۆی ژماره زۆریتانهوه نیه، سه‌ركه‌وتنتان له ئاسمانه‌وه بۆ دێت.. من ئه‌وه‌نده په‌رۆشی دوعا كردنهكهمم ئه‌وه‌نده په‌رۆشی گیرابوونهكەی نیم، خوا ده‌كات خوای گه‌وره له ناخه‌وه هیممه‌تی دوعاكه‌م پێ ده‌به‌خشێت و توانام ده‌داتێ باش لێی بپاڕێمه‌وه، ئه‌وه له جوابه‌كه‌ی یێگومانم كه یه‌كسه‌ر به دوایدا دێت و گیرا ده‌بێت..
٣- ئه‌و جۆره بیركردنه‌وانه وه‌سوه‌سه‌ی شه‌یتانه‌و جۆرێك هیوابڕان له ڕه‌حمی خوای گه‌وره ده‌رده‌خات و نیشانه‌ی كز بوونی ئیمانه له دڵ و ده‌روونی ئه‌و كهسهداو پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ڵێن و په‌یمانانه‌ی كه خوای گه‌وره به به‌نده‌كانی داوه، كه فه‌رموویه‌تی (ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ)غافر/٦٠ واته: لێم بپاڕێنه‌وه، منیش وەڵامی داواكاریه‌كانتان ده‌ده‌مه‌وه..
(وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ)البقرة/١٨٦ واته: هه‌ر كاتێك عه‌بده خواناسهكانم ده‌رباره‌ی من له تۆیان پرسی، ئه‌وه با دڵنیابن كه من نزیكم، وەڵامی پاڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌مه‌وه كه لێم ده‌پاڕێنه‌وه..
یاخود له‌سه‌ر زمانی پێغەمبەر زەكەریا عَلَيْهِ السَّلَام فه‌رمویه‌تی: (وَلَمْ أَكُن بِدُعَائِكَ رَبِّ شَقِيًّا)مریم/٤ واته: خوایە هه‌رگیزاو هه‌رگیز به دوعا‌و نزا‌و پاڕانه‌وه له جەنابت، تووشی ناڕه‌حه‌تی نه‌هاتووم.
٤- هه‌ر دوعایه‌ك به نیازێكی پاكه‌وه بكرێ و ڕه‌چاوی مه‌رجی دوعا گیرابوونی تێدا بێته دی، بێگومان ئه‌و دوعایه وەڵام ده‌درێته‌وه، بەڵام دره‌نگ و زوویی په‌یوه‌ندی به وویست و زانینی خوای گه‌وره‌وه هه‌یه، له‌وانه‌یه له‌به‌ر هه‌ندێ حیكمه‌ت كه له به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن دوعاكهیه خوای گه‌وره داواكه‌ی بۆ دوا خات، یان له ڕۆژی قیامه‌تدا بۆی بهێنێته دی، كه له‌وێ زیاتر پێویستی پێیه‌تی..
٥- نزا‌و پاڕانه‌وه باشترین چاره‌سه‌ره، دوژمنی بەڵاو پێشهاته ناخۆشه‌كانه، ڕێگای دابه‌زینیان لێده‌گرێت! دوعا یان قه‌ده‌ره‌كه ده‌گێڕێته‌وه یاخود له كاتی دابه‌زینیاندا زیان و سه‌ختیه‌كه‌ی له‌سه‌ر دڵ و ده‌روون كه‌م ده‌كاته‌وه.. كه‌واته دوعاكردن له هه‌ردوو باره‌كه‌دا سوودمه‌نده و نابێ موسوڵمان ده‌ستبه‌رداری ببێ ..ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (الدُّعَاءُ سِلَاحُ الْمُؤْمِنِ، وَعِمَادُ الدِّينِ، وَنُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ.. وَلَهُ مَعَ الْبَلَاءِ ثَلَاثُ مَقَامَاتٍ أَحَدُهَا : أَنْ يَكُونَ أَقْوَى مِنَ الْبَلَاءِ فَيَدْفَعُه.ُ الثَّانِي: أَنْ يَكُونَ أَضْعَفَ مِنَ الْبَلَاءِ فَيَقْوَى عَلَيْهِ الْبَلَاءُ، فَيُصَابُ بِهِ الْعَبْدُ، لَكِنْ قَدْ يُخَفِّفُهُ، وَإِنْ كَانَ ضَعِيفًا. الثَّالِثُ : أَنْ يَتَقَاوَمَا وَيَمْنَعَ كُلُّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا صَاحِبَهُ)[2] واته: دوعا چه‌كی ده‌ستی موسوڵمانه‌و ستوونی دینه‌كه‌یه، نووری ئاسمانه‌كان و زه‌ویه، له‌گه‌ڵ كێشه‌و موسیبه‌تدا سێ ئاستی هه‌یه: یان له موسیبه‌ته‌كه به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌توانێت رایدات، یان له موسیبه‌ته‌كه بێهێزتر ده‌بێت، بۆیه ئه‌و به‌سه‌ر ئه‌مدا زاڵ ده‌بێت و تووشی ده‌كات، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و بێهێزیهشیدا هه‌ر ده‌توانێت موسیبه‌ته‌كه له‌سه‌ر دڵ و ده‌روون سووك كات، یان هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه ململانێیه‌كی به‌رده‌وامه‌وه‌و هه‌ر یه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات رێ له‌وی تریان بگرێت.
٦- (الدُّعَاءُ يَنْفَعُ مِمَّا نَزَلَ وَمِمَّا لَمْ يَنْزِلْ ، فَعَلَيْكُمْ عِبَادَ اللَّهِ بِالدُّعَاءِ)[3] واته: پاڕانه‌وه سوودی ده‌بێت بۆ ئه‌و موسیبه‌تانه‌ی دێنه رێ و ئه‌وانه‌ش كه نایه‌نه رێ، ده‌ی سا عه‌بدانی خوا دوعا بكه‌ن.
له كۆتاییدا ده‌ڵێین:
پێویسته له‌سه‌ر موسوڵمان هه‌میشه و له هه‌موو كات و حاڵه‌تێكیدا به دڵگه‌رمییه‌وه زیكر‌و یادی خوای گه‌وره بكا‌و به نیازی پاكه‌وه لێی بپاڕێته‌وه‌و داوای خێری دنیا و قیامه‌تی لێ بكات و داوای سه‌قامگیری و به‌رده‌وامی پابه‌ندبوونی به دیندارییهكهیهوه لێ بكات.. داوای لێخۆشبوونی له گوناهــ و كه‌موكوڕی و ناته‌واوییه‌كانی لێ بكات.. داوای ساغ و سه‌لامه‌تیی لاشه وعاقیبهت خێریی لێبكات.. داوای كۆمه‌كی و تهوفیقاتی خوای گه‌وره‌ی له گشت كار‌و كرده‌وه‌كانیدا بكات.
ئه‌م دوعایانهو جۆره‌ها دوعای تر كه موسوڵمان ڕۆژانه پێویستی پێی ده‌بێ و ڕێی تێ ده‌كه‌وێت ده‌بێ بیانزانێ و له‌به‌ریان بكات به تایبه‌ت دوعا قورئانییه‌كان و ئه‌و دوعایانه‌ی كه له پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانه‌وه صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ڕیوایه‌ت كراون و (مأثور) ن.
ئاماده‌كردنی: لیژنه‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی
پێداچوونه‌وه و توێژینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كانی: مامۆستا كرێكار
[1] ئیمامی ئیبنولقه‌ییم له كتێبی (الجواب الکافي ل٧ ) دا هێناوێتیه‌وه.
[2] نوسه‌رانی به‌ڕێز نوسیویانه: (رواه الحاكم فی صحيحه) راسته لای حاكم ژماره (١٨٥٥) بەڵام له به‌دواداچوونی ئیمامی زه‌هه‌بیدا له (میزان الاعتدال٣/٥١٤) دا ده‌فه‌رموێ: زه‌عیفه چونكه له سه‌نه‌ده‌كه‌یدا پسان هه‌یه.. فه‌رمووده‌ی لای حاكم به توێژینه‌وه‌ی ئیمامی زه‌هه‌بی وه‌رده‌گیرێت. ئیمامی ئیبنولقه‌ییمیش بێ حوكم له‌سه‌ر سه‌نه‌ده‌كه‌ی له (الجواب الكافي)دا هێناوێتیه‌وه.
[3] نوسه‌رانی به‌ڕێز نوسیویانه: (حسنه الألباني فی صحيح رقم الحديث ٣٤٠٩) ترمزی گێڕاوێتیه‌وه ( ژماره /٣٥٤٨) راسته شێخی ئه‌لبانی له (صحيح الجامع/ ٣٤٠٩) دا فه‌رموویه‌تی حه‌سه‌نه.