فه‌رمووده‌كانی ئه‌حكام

پێشه‌كییه‌ك ده‌رباه‌ی فه‌رمووده‌كانی ئه‌حكام

پێشه‌كییه‌ك ده‌رباره‌ی فه‌رمووده‌كانی ئه‌حكام

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمد لله الذى علم الانسان مالم يعلم، و الصلاة والسلام على خير خلقه محمد الذى قال ( من يرد الله به خيراً يفقهه فى الدين ) وعلى آله واصحابه اجمعين.

براو خوشكە مسوڵمان و خواناسە كورد زمانەكانم. السلام علیكم ورحمە الله وبركاته.

ئاشكرایە كە خۆشبەختی و سەرفرازی مرۆڤ لە پەیرەوی كردنی یاسا بەرزو بەنرخەكەی ئیسلام دایەو ئەویش نابێ‌ مەگەر مرۆڤ ئەو یاسایانە بناسێت , ناسینی ئەو یاسایانەش تەنها بە قورئان و فەرمودە بەنرخەكانی پێغەمبەر ئازیزمان صلی الله علیه وسلم ئەبێ‌، سوپاس بۆ خوا لەم سەردەمەدا هەرچەن ئایین غەریبەو پەیڕەوانی ڕاستەقینەی كەم و نامۆن بەڵام جێگەی نائومێدی نیەو لەو كەمە بەرهەمێكی زۆری زانستی ئایینی لەهەمو بوارەكاندا هەیەو خەڵكی مسوڵمان ئەتوانن بەماوەیەكی كەم هەر بەزمانەكەی خۆیان شارەزایی ئایینەكەیان ببن و خۆیان بگەیەننە قافڵەی خۆش بەختان و سەرفرازی هەردوو دونیا بەدەست بهێنن منیش وەكو مناڵێكی ناو ئەو كاروانە دوورو درێژە دەستم كردوە بەگڕوگاڵ و ئەمەوێ‌ بەئەندازەی بەڕەی خۆم پێ‌ ڕابكێشم و سودێك بەبەشێكی ئەو كاروانە درێژو نەپساوە بگەیەنم و لەدوعای خێری ئەوان بێ‌بەش نەبم، بەڵكو خوای میهرەبان بیكات بە مایەی خۆشبەختی و سەرفەرازی ئەوان و لە كێشانەی چاكەدا بۆ ئەم بەندە لاوازەیدا بنێت [...هُوَ أَهْلُ التَّقْوَى وَأَهْلُ الْمَغْفِرَةِ ] المدثر: 56.

 لەبەرئەوە لێرەدا هەستام بەدەرهێنانی (( 888 )) فەرمودەی پێغەمبەری ئازیزمان صلی الله علیه وسلم كە هیچ كامیان لە پلەی ( حسن لغیره ) خوارتر نین، واتە: هەمو فەرمودەكان جێگای باوەڕن و زانین و ئیش پێكردن و فەتوا پێ‌ دانیان بێ‌ ترسە، ئەمیش لە ( منتقی الاخبار ) لە ( نیل الاوطار )دا كە بریتیە لە ( 3946 ) فەرمودە دەرم هێناون. ئەوەی لێرە ئێمە كردومانە، ئەوەیە كە ئەگەر چەند فەرمودە هەبووە لەبارەی یەك شت ئێمە یەكێكیانمان هێناوە وە ئەگەر فەرمودەیەكی ( صحیح ) بووە لە بارەی حوكمێكەوە بەڵام فەرمودەیەكی ( حسن، یان حسن لغیره ) بووە هەر لەو بارەیەوە زیادەیەكی تێدا بووە یان كورت تر بووە ئێمە ( حسن، یان حسن لغیره )یەكمان هێناوە لەبەر سودی زیاتر یان لەبەر ئاسان لەبەر كردن، هەوڵمان داوە هەمو فەرمودەكان بە ژمارەیانەوە بنوسین تا ئەگەر برایەك لە شتێكا گومانی پەیدا كرد بتوانێ‌ بە ئاسانی ئەو فەرمودەیە بدۆزێتەوە و تەماشای خۆی و ڕاڤەكانیان بكات، پێشەكی ئێمە ژمارەی خۆمان ئەنووسین پاشان ژمارە هەمان فەرمودە لە ( نیل الاوطار )دا بەم شێوەیە ئەنوسین ( ن/1 ) ئینجا فەرمودەكە ئەنوسین پاشان ئەگەر تەنها ئیمامی بوخاری و مسلم ئەو فەرمودەیان هێنا بوو ئەنوسین ( أَخْرَجاه/ ئەو دوانە دەریان هێناوە) وە ئەگەر ئیمامی ئەحمەد یان لەگەڵدا بوو ئەنووسین ( متفق علیه/ یەكن لەسەری) وە ئەگەر ئەمانە خاوەنی { سونەنەكانیان -واتە: أبو داود - الترمذی - النسائی - وأبن ماجە  - یان لەگەڵدا  بوون ئەنووسین ( رواه الجماعە ) }، وە ئەگەر ئیمامی ئەحمەد و خاوەنی سونەنەكانی دەرهێنابو ئەوە بۆیان ئەنوسین ( رواه الخمسە ) لەپاش ئەوە یەك بەیەك خۆیان و ژمارەی فەرمودەكان ئەنوسین و لێرەدا لەباتی ئیمامی بوخاری تەنها پیتی ( خ ) ئەنوسین وە لەباتی ئیمامی مسلم دا پیتی ( م )، لە باتی ئیمامی ئەحمەد پیتی ( أ ) وە لە باتی ئەبو داود ( د ) وە تورمزی ( ت ) وە نەسائی ( ن ) وە ئیبنو ماجە ( ج ) ئەنوسین. هەندێ‌ جاریش بێجگە لەوانیش كەسانی تریش ئەنوسین بەڵام زۆر بەكەمی و یەك دوو فەرمودەشمان هێناوە لەغیری ( منتقی ) و لەشوێنی خۆیدا راویەكەمان نوسیوە لەپاش دا (ن/ش)م نوسیوە، واتە: لەشەرحەكەیدا هاتووە، گرنگ ئەوەیە كە هیچ فەرمودەیەكمان نەنوسیوە كە ئیشی پێ‌ نەكرێت و مانایەكی كورتمان كردوە، وە دەرهێنانی فرمانەكانمان داوەتە دەست ژییری و تێگەیشتن. براو خوشكەكانم مەگەر بەكەمی شتێكمان لەو بارەوە وتبێ‌، ئەمەش شتێكی زۆر گران نیە چونكە بەش بەشەو هەر بەشەی لەبارەی كۆمەڵە فرمانێكەوەیەو هەر لە بەشەكانەوە حوكمی ئەو بەشە زۆر بەزوی هەست ئەكرێت بەڵام ئەوەندەی هەیە فەرمودەكانی پێغەمبەرمان صلی الله علیه وسلم كورت و پڕ مانایەو زۆرجار وادەبێ‌ كە وەڵامدەرەوەی پرسیارەكە، روكارەكانی دەورو پشتیەتی لەبەر ئەوەی ئەبینی لە فەرمودەیەكدا چەند فەرمان هاتوە ئەو بابەتەی كە ئەو فەرمودەمان بۆ نوسیوە كەمەو ئەو فەرمووە بۆ چەند جێگا ئەشێت بەڕای ئێمە هەوڵمان داوە لە دووبارە كردنەوەی فەرمودەكان خۆمان بپارێزین لەبەر ئەوەی براو خوشكانمان بەچاكی سەرنجی فەرمودەكان و فرمانەكانی ناوی فەرمودەكان بدەن و تەنها بۆ یە ك جێگا نەبێ‌و لەبیر بچێتەوە هەر لەبەر ئەوە ئەبینی زۆر باسی فیقهی هەیە ئێمە هێمامان بۆ نەكردوە چونكە یان فەرمودەی باوەڕ پێكراومان دەست نەكەوتوە یان ئەو باسە لە فەرمودەیەكدا هاتوە كە لەسەر باسێكی تر نوسیومانە و لەبەر دوبارە نەكردنەوەی باسێكی سەربەخۆمان بۆ ئەو باسە فیقهیە نەنوسیوە واتە فەرمودەكانی پێغەمبەری ئازیزمان صلی الله علیه وسلم هەر یەكە بۆ خۆی دەریایەكەو جۆرەها فرمان و سودی لێ‌ وەرئەگیرێ‌عەقڵ و ژیری مرۆڤیش وەكو یەك نیە مەرج نیە فەرمودەیەك كە زانایەك چەند فرمانی لێ‌ دەرهێنابێ‌ ئیتر شتی تری لێ‌ وەرنەگیرێ‌ زۆر بیسەر بوون و ئەبن كە لە هەڵگری فەرمودەكان زیاتر ئەتوانن سود لەو فەرمودانە وەربگرن، جا كەواتە قۆڵی مەردانەی لێ‌ هەڵكەن و لەو دەریایەش بەشی خۆتان نۆشی گیانكەن، ئەمە سێهەم پەڕاوی فەرمودەیە( ) جا ئەگەر خوا یارمەتی داین زیاتر بەو كاروانە كۆمەك ئەكەین، پێم خۆشە پێش ئەوەی بچمە سەر فەرمودەكان روشنكردنەوەیەك لە بارەی فەرمودەكانی پێغەمبەرمان صلی الله علیه وسلم بكەین بۆ ئەوەی سودی زیاتر وەبەر براو خوشكانمان بكەوێت و وەكو كورتەیەكی زۆر كورت لەبارەی ( علوم الحدیث )ەوە ئەنوسین.

وما توفیقی الا بالله علیه توكلت والیه انیب.

 مامۆستا عبدالقادر تەوحیدی

ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت

/ 17رجب/ 1424ه.ق هەولێر  

3895 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
18/06/2018
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.