بسم الله الرحمن الرحیم الحمدللە رب العالمین والصلاة والسلام علی رسوله الأمین محمـد وعلی آلە وصحبە أجمعین ئەسڵی ئەم نامیلکەیە پوختەیەکی رێساکانی عەقیدەبوو لە دیدی ئەهلی سوننەت و جەماعەتەوە کە دکتۆر ناصر عەبدولکەریم ئەلعەقل نوسیبووی و پێش بڵاوکردنەوەی _وەکو لە پێشەکییەکەیدا نوسیوێتی_ نیشانی چەند زانایەکی شارەزای عەقیدەو ئەحکامی دابۆوە. برایەکی بەڕیزی خۆمان پێشنیاری ئەوەی بۆ کردم کە بیکەینە کوردی و لە ناوەندی دیراساتی ئیسلامیی (ندا)دا بیکەینە بەرنامەی خوێندن. کە خوێندمەوە بینیم رێساکانی وەکو ماددەو بڕگەی دەستووریی کورت و پوخت و گشتگیر داڕێژراوە، بەڵام حەیفێ هیچی وای لەسەر کێشە عەقائیدیی و فیکرییەکانی سەردەم نەنوسیوە، وەکو ئیستیخلاف و حاکمێتیی و سەروەرێتی شەرع و طاغووت و دارولئیسلام و دارولکوفرو کۆمەڵکاریی ئوممەتی و جیهادو هیتر. بۆیە لە سەرەتادا وویستم هەر ئەوەی ئەو بکەمە بەرنامەکە، بەڵام دواتر وام پێباشبوو ئەم باسانەی سەردەمیشیان بۆ ئیزافەبکەم، نەشدەکرا بە جیا وەکو پاشکۆ دایاننێم، چونکە لە تەوەرەباسەکانی خۆیان دووردەکەوتنەوە. بۆیە منیش راڤەی هەندێک لەو زاراوانەی سەردەمم کردو کردمنە رێسای تری عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت، کە بێگومان منیش هەر لە دەقەکانی قورئان و سوننەت و کۆڕا (ئیجماع)ی ئوممەتەکەمانەوە هێناومە. هەر یەکێک لەم زاراوانەی سەردەمیش گرنگیی و کاریگەریی خۆیی لە نەوەکانی نوێی ئوممەتدا هەیە. کێشەکانی حاکمێتی هیچیان کەمتر نییە لە کێشەی خەلقی قورئان کە لە زەمانی خەلیفە مەئمووندا بوو بە کێشەی گەورەی نێوان ئوممەت و دەسەڵات. یان کێشەی کۆمەڵکاریی ئوممەتی بۆ هێنانەوەی سەروەرێتی شەرع لە وڵاتی موسوڵماناندا. لەبەر ئەم شێوەکارەی لێرەدا گرتوومەتەبەر ناتوانم بڵێم ئەمە هەر نامیلکە پوختەکەی دکتۆر ناصرەو کردوومەتە کوردی. نا، ئەمەی بەردەست هەمووی ئەوەی ئەوەو بەقەدەر ئەویش ئیزافاتی منی تێدایە. بۆیە نەمتوانی ناوی بنێم وەرگیڕراوی نامیلکەکەی ئەو، نەشمتوانی ناوی بنێم دانراوی خۆم! چونکە لە راستییدا ئەوەی من کردوومە: ئامادەکردنە. منیش لە چەندین راو بۆچوونی زاناو بیرمەندی ترم وەرگرتووەو _بە داڕشتنەوەی نوێ_ رێکمخستوونەتەوە. خوای گەورەش لێمانی وەرگرێت و بیکاتە مایەی بەرچاوڕۆشنیی موسوڵمانان... ئامین کرێکار / جومادای یەکەمی 1439 کانوونی دووەمی 2018