مه‌رجه‌كانی سامانی زه‌كات
نوسینی: مامۆستا کرێکار
سامانی زه‌كات ئه‌و موڵك و ماڵ و سامانه‌یه كه زه‌كاتیان ده‌بێ لێ ده‌ربكرێت، شه‌ریعه‌تی ئیسلام بۆ راگرتنی پارسه‌نگی ماف و ئه‌رك، هه‌م جۆری سامانه‌كانی دیاری كردووه، هه‌م بڕو كات و به كێش ده‌شێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه حه‌تمه‌ن لاسه‌نگی له هه‌موو لایهنێكیدا دروستده‌بوو. زه‌كات هه‌موو شتێكی وورده‌كارانه باسكراوه‌و مه‌رجی بۆ دانراوه. هه‌روه‌ها كاریگه‌ریی به‌ربه‌ست له‌سه‌ر هه‌ر مه‌رجێك، كه ده‌گاته كاریگه‌ریی دان و نه‌دانی زه‌كاته‌كه..[1] گرنگییهکەشی له‌وه‌دایه كه ماف و ئه‌ركی تاكوكۆی موسوڵمانانه، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت بێت. هیچ دەسەڵاتدارێكیش ناتوانێت یاساكانی بگۆڕێت، چونكه یاساكانی زه‌كات وه‌كو یاساكانی نوێژ‌و رۆژوو په‌یوه‌ندییان به‌دوو شته‌وه هه‌یه: یه‌كه‌میان دیارده گه‌ردوونییه‌كان، وه‌كو خۆرهه‌ڵهاتن و ئاوابوونی (بۆ نوێژه‌كان)، مانگ بینین (بۆ رۆژوو)، هه‌بوونی بڕی دیاریكراوی سامان یان پێگه‌یشتنی به‌رووبووم (بۆ زه‌كاتدان).
ده‌شێت مه‌رجه‌كانی زه‌كات بكه‌ین به دوو به‌شه‌وه:
بڕگه‌ی یه‌كه‌م: مه‌رجه‌كانی خاوه‌ن سامانی زه‌كات:
١- سه‌ربه‌ستی: مه‌رجه خاوه‌ن زه‌كاته‌كه سه‌ربه‌ست بێت، كۆیله نه‌بێت. چونكه كۆیله خۆشی موڵكی سهییدهكهیهتی. بۆیه سهییدهكه به خاوه‌نی موڵكی كۆیلەكهش داده‌نرێت، پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ده‌فه‌رموێ: (مَنِ ابْتَاعَ عَبْدًا وَلَهُ مَالٌ فَمَالُهُ لِلَّذِي بَاعَهُ إِلاَّ أَنْ يَشْتَرِطَ الْمُبْتَاعُ).[2] واته: هه‌ر كه‌سێك كۆیله‌یه‌كی خۆی فرۆشته‌وه، ئه‌و سامانه‌ی له‌گه‌ڵ نابێت كه هی كۆیلهكهیه، ئه‌وه موڵكی خاوه‌نه‌كه‌ی پێشوویه‌تی، مه‌گه‌ر كڕیاره‌كه بیكاته مه‌رجێكی كڕينی.
سه‌یدنا عومه‌ریش خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: (لَيْسَ فِي مَالِ الْعَبْدِ زَكَاة حَتَى یُعْتَقُ).[3] واته: زه‌كات له سامانی كۆیله‌دا نییه تا ئه‌و كاته‌ی سهربهستدهبێت.
كهیسانی كوڕی ئه‌بو سه‌عیدی مهقبهریی ده‌فه‌رموێ: (له كاتی خۆ كڕینه‌وه‌ی كۆیلهیهتییمدا بڕی دووسه‌د درهه‌مم زه‌كات هێنایه خزمه‌ت سه‌یدنا عومه‌ر، پرسیاری لێ كردم: سه‌ربه‌ست بوویت؟ عه‌رزم كرد (پێم ووت) به‌ڵێ، فه‌رمووی: ده‌بڕۆ زهكاتهكهت ببه‌خشه‌ره‌وه[4].
موناقه‌شه‌یه‌كی زۆر له نێوان شه‌رعناساندا له سه‌ر زه‌كاتی سامانی كۆیله هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر زه‌كاتی له‌سه‌ر نییه، ئه‌دی سامانه‌كه‌شی زه‌كاتی لێ ناكه‌وێت؟! ئه‌گه‌ر ده‌ریده‌كات لێی، ئایا سەییدەکەی لێی دەردەکات؟ ئەگەر سەییدەکە دەریدەکات بۆچی بە موڵکی کۆیلەکە حسێبە؟ ئه‌گه‌ر موڵكایهتییهكه نیواونیوه، ئایا مافی هه‌ژارانی چۆن لێ جیاده‌كرێته‌وه.. هه‌ریه‌ك له‌م پرسیارانه‌ش كلكه پرسیاری تری هه‌یه، بەڵام من نامه‌وێ باسیانبكهم و به دوایاندا بڕۆم، چونكه كۆیله‌یه‌تی به گشتیی نه‌ماوەو به تایبه‌تیش له ناو كورد‌و دراوسێكانییدا، بۆیه زۆر پێویستیمان به زانینی ئه‌حكامه‌كانی نییه، هه‌ركاتێك پێویستبوو ده‌شێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر سه‌رچاوه‌كان.[5]
٢- موسوڵمانێتی: به كۆڕا (ئیجماع)ی شه‌رعناسان زه‌كات لهسهركافرنییه، چونكه زه‌كاتدان خواپه‌رستییه‌و بۆ پاكبوونه‌وه‌ی موسوڵمانهكهیه له چڵك و پیسیی ده‌رون و رەفتار (گوفتارو كردار)، كافریش هێچ کام لەو سێیەی نییه‌و به‌زه‌كات پاكنابێته‌وه، زهكاتیشبدات لای خوای گه‌وره قبوڵنابێت، بۆیه شه‌رع پابه‌ندی به‌خشینی نه‌كردوون. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: (وَمَا مَنَعَهُمْ أَن تُقْبَلَ مِنْهُمْ نَفَقَاتُهُمْ إِلاَّ أَنَّهُمْ كَفَرُواْ بِاللَّهِ وَبِرَسُولِهِ)التوبة/٥٤ واته: له‌به‌ر باوه‌ڕنه‌هێنان به‌خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بوو كه خێر‌و خێراتهكانیشیان لێ وه‌رنه‌ده‌گیرا.. ئه‌مه مانای وانییه ماف و ئهركیتری دارایی له ده‌وڵه‌تی ئیسلامییدا نەكهوێته سه‌ر كافر، به‌ڵێ ده‌كه‌وێت، بەڵام له خانه‌ی زهكاتدانین، كه خواپه‌رستیی و روكنی پایه‌داركردنی ئیسلامه‌و فه‌رزی سه‌رشانی موسوڵمانه، نه‌ك غه‌یره موسوڵمان.
* ئه‌دی مورته‌دد؟ كافری ئه‌سڵی له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا زه‌كاتی له‌سه‌رنییه، بەڵام مورته‌دد (په‌نابه‌خوا) واته ئه‌و كه‌سه‌ی موسوڵمانبووه‌و پاشگه‌زبۆته‌وه، له دینه‌كه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌وه شه‌رعناسان له زه‌كاتی سامانییدا دوو بۆچوونیان هه‌یه:
- ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه رەحمەتی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: مادام زه‌كاتدان خواپه‌رستییه، كە وابوو مورته‌دد زه‌كاتی له‌سه‌ر نامێنێت، وه‌كو كه نوێژی له‌سه‌ر نامێنێت. هه‌ندێك له شه‌رعناسانی مالیكیش هه‌ر ئه‌مه بۆچوونیانه.
- جمهوری پێشه‌وایانی شه‌رعناسیی ده‌فه‌رموون: مادام پێش هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كه‌ی زه‌كاته‌كه‌ی لهسهرفهرزبووه، دوای مورتهددبوونی هه‌ر له‌سه‌ری ده‌مێنێت و پێویسته بیدات، یان لێی بسه‌ندرێت، چونكه ئه‌وه مافی هه‌ژارو مهحروومهكانه و پێشتر فه‌رز بووه له‌سه‌ری.[6] منیش ئەمەیانم پێ پەسەندترە، جونکە لە لایەکەوە زەکات پشکە سامانی هەژارانەو لە ساماندایە، لە لایەکی ترەوە ئەم کەسە پێشتر لەسەری بووەو دەبوو بیدات، بەڵام دیارە کە دواکەوتووە لە دانییدا. واللە اعلم
٣- سامانی منداڵ و شێت: شه‌رعناسان دوو بۆچوونیان له‌سه‌ری هه‌یه:
یه‌كه‌م: زه‌كاتی لێ‌نادرێت: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌یه‌و پێش ئه‌ویش هه‌ندێك زانایتری سه‌له‌ف فهرموویانە[7] به‌ڵگه‌یان:
١- زه‌كات وه‌كو نوێژه، خواپه‌رستییه‌كی رووته و نییه‌تی خۆی ده‌خوازێت، زارۆك و شێتش نوێژ‌و نییه‌تیان له‌سه‌ر فه‌رزنییه.
٢- زارۆك و شێت هیچ فهرزێكیتریان له‌سه‌ر نییه، تا ئه‌میان له‌سه‌ر فهرزكرێت.
٣- زه‌كاتدان بۆ پاڵفته‌كردنی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی له نه‌خۆشیه‌كانی ده‌روون و رەفتاری گوناح، زارۆك و شێتیش بێگوناحن.
٤- زهكاتدهرنهكردن له سامانیان له به‌رژه‌وه‌ندییانه، چونكه وه‌كو خۆی ده‌هێڵرێته‌وه، كه ده‌شكرێت بۆیان بخرێته پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه.
دووه‌م: زه‌كاتی لێده‌درێت: ئه‌وه بۆچوونی جمهوری شه‌رعناسانه (ئیمامان مالیكی و شافیعی و ئیسحاق و ئه‌حمه‌د) هه‌روه‌ها عه‌تاء و موجاهید و ئینبوسیرین و سوفیانی ثەوری و سوفیانی كوڕی عویه‌ینه‌و ئەبوثەور[8] كه له یاوه‌رانه‌وه وه‌ریانگرتووه، وه‌كو سه‌یدنا عومه‌رو عه‌لی و خاتووعائیشه‌و ئیبنوعومه‌رو حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی و جابری كوڕی عبدالله[9] خوا لێیان رازی بێت، كه هه‌ر یه‌كه‌یان زه‌كاتی هه‌تیووی داوه یان وه‌رگرتووه، یان فه‌رمانی پێداوه‌و له یاوه‌راندا كه‌س بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانی نه‌بووه، ته‌نها ریوایهتێكی زه‌عیف نه‌بێت كه له ئیبنوعه‌بباسه‌وه گێڕراوه‌ته‌وه: به‌ڵگه‌ی ئه‌مان:
١-راستە زه‌كات بۆ زه‌كاتده‌ر خواپه‌رستییه و زارۆك و شێت خواپه‌رستییان له‌سه‌ر نییه، بەڵام زه‌كات مافی ههژارانەو له سامانی ئه‌وانیشدایه چونكه په‌یوه‌ندی به‌هه‌بوونی نيصابی زه‌كاته‌وه هه‌یه نه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ی.
٢- مه‌به‌ست له زه‌كات پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی پێداوویستی هه‌ژارانه‌و هه‌ر ده‌بێ له سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌ركرێت، زارۆك و شێتێك كه نيصابی زه‌كاتیان هه‌بوو، پێویسته زه‌كاتەكه له سامانیان ده‌ركرێت، خۆ زه‌كات وه‌كو كه پاڵفتەكردنی ده‌روون و رەفتاره، پاڵفته‌كردنی سامانیشه، چونكه ئایه‌تی پاڵفتهكردنهكه تایبه‌ت به زهكاتدهرهکە نییه.
٣- ئه‌گه‌ر زارۆكی خاوه‌ن سامان و شێتی خاوه‌ن سامان، زیانێكبدهن غه‌رامه‌ده‌كرێن، به‌وه‌ی به‌قه‌ده‌ر نرخی زیانه‌كه وه‌كو قه‌ره‌بووكردنه‌وه (ته‌عویز)، له سامانیان هه‌ڵده‌گیرێته‌وه. سهرفترهدانیش لەسەر کەسوکاری ههردووكیانە.
٤-هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌سه‌ر فه‌رزێتی زهكاتدانن له سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا، سامانی منداڵ و شێتێش ده‌گرنه‌وه، چونكه گشتیین و به‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌سه‌ر سامانی ئه‌و دووانه له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.
٥- زه‌كاتدانی ئه‌و یاوه‌رانه له سامانی ئه‌و منداڵه هه‌تیوانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندا بوون، وه‌كو برازاكانی خاتوو عائیشه كه خۆی زه‌كاتی له سامانی برازاكانی (منداڵه‌كانی قاسمی برای كه شه‌هیدبووبوو) ده‌دا، هه‌روه‌ها جابری كوڕی عبداللەو ئیبنوعومه‌ر و حه‌سه‌نی كوڕی سه‌یدنا عه‌لی كوڕی ئه‌بوتاڵیب .. ئیمامی شافیعی له سوفیانه‌وه ئه‌ویش له ئه‌ییوبی سه‌ختیانی و ئه‌میش له نافیعه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت خۆی ساڵانە زه‌كاتی ئه‌و هه‌تیوانه‌ی كه سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن له سامانی خۆیان ده‌دا.[10]
له‌به‌ر بەهێزیی ئەم بەڵگانەیە کە پێم وایه رای جمهور پهسهندترهو زەکات لە سامان و ماڵی منداڵ و شێتدا هەیە. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بڕگه‌ی دووه‌م: مه‌رجه‌كانی سامانی زه‌كات:
١ـ ئەو سامانانەی زەکاتیان لێدەدرێت، دووجۆرن:
أـ ئەوانەی کە دەبێ ساڵێکی کۆچیی (قەمەریی) بەسەریاندا بێتەوە. کە بریتین لە:
_ زێڕو زیوو و پارەو هاوشێوەی.
_ مەڕوماڵاتێک کە بۆ سوودی خواردن راگیراون و وەچەیان زیاددەکرێت. پێغەمبەری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هەموو ساڵێک جابییەکانی دەنارد بۆ ناوجەو هۆزەکان تا زەکاتی ساڵانەی ماڵاتیان دەرکەن و بینێرنە مەدینە، خەلیفە راشیدینە بەڕێزەکانیش لە پاش جەنابی صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ هەر وایانکردووە.
_ کاڵای بازرگانی[11].
ب ـ ئەوانەی کە هاتنەوەی ساڵ بەسەریاندا مەرج نییە بۆ زەکات لێدەرکردنیان. وەکو دانەوێڵەو بەروبووم و کانزاو ریکاز.. چونکە خوای گەورە دەفەرموێ: (وَآتُواْ حَقَّهُ يَوْمَ حَصَادِهِ)الا‌نعام/١٤١ واته: رۆژی دروێنه‌و رنینهوهو چنینهوهیان، پشکی زهكاتهانیانی لێ ده‌ركه‌ن
٢- گه‌یشتبێته بڕی (نيصاب) كه ئاستی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌مه‌ندییه كه له‌وه‌وه و باڵاتر هه‌موو سامانێك زه‌كاتی لێ ده‌كه‌وێت، كه‌وابوو هه‌ر كه‌سێك له‌وه كه‌متری هه‌بێت زه‌كاتی لێ ناكه‌وێت، وه‌كو هه‌بوونی (٣٠سی) مانگا ئه‌مه نيصابی زهكاتدانه، ئه‌گه‌ر ٢٩ سه‌ر مانگای هه‌بوو (گا‌و مانگا‌و گامێش و مانگامێش) زه‌كاتی لێنادات چونكه نه‌گه‌یشتۆته ئاستی نيصاب.
٣- ده‌بێ خاوهنێتیهكهی چه‌سپی بێت.. واته كه‌سه‌كه هه‌ر (٣٠)مانگاكه‌ی هه‌بێت و بتوانێت بڕیاریان تێدا بدات.. ئه‌مه‌ش مه‌رجه چونكه خوای گه‌وره كه فه‌رموویه‌تی زه‌كاتیان لێوه‌رگره فه‌رموویه‌تی زه‌كات له سامانه‌كانیان وه‌رگره،[12] وه‌كو (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ)التوبة/١٠٣ یان (فِي أَمْوَالِهِمْ حَقٌّ مَّعْلُومٌ)المعارج/٢٤ یان له فه‌رمووده‌دا (أَنَّ اللَّهَ فَرَضَ عَلَيْهُمْ زَكَاةً تُؤْخَذُ مِنْ أَمْوَالِهِمْ).
له‌به‌ر ئه‌م مه‌رجه‌یه كه شه‌رعناسان كۆڕا (ئیجماع) یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه زه‌كات له سامانی كۆیله‌دا نییه.. ئیمامی نه‌وه‌وی رەحمەتی خوای لێبێت له ئیمامی ئیبنولمونزیرەوە[13] ئه‌و كۆڕایه‌ی نه‌قڵكردووه كه دواتر ئیبنولمونزیر فه‌رموویه‌تی (كۆڕا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، ته‌نها ئەبوثەور بۆچوونی وا بووه، كه له سامانی كۆیلهشدا زهكاتفهرزه، ده‌نا هه‌موان ته‌نانه‌ت ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌ش، له‌سه‌ری كۆن) هه‌روه‌ها ئیمامی داودی زاهیری _كه ئه‌و ئایه‌ته‌ی كردووه به به‌ڵگه‌ی_ كه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: (وَأَقِيمُواْ الصَّلاةَ وَآتُواْ الزَّكَاةَ) البقرة/٤٣ كه ده‌فه‌رموێ هه‌موو موسوڵمانێك سه‌ربه‌ست و كۆیله، ژن و پیاو ئه‌م دوو فه‌رمانه ده‌یانگرێته‌وه[14] بەڵام جمهور ئه‌و رایه‌یان ره‌تكردۆته‌وه و دیاره به‌ڵگه‌ش له‌گه‌ڵ جمهور زۆرتره.. به تایبه‌تی كه نه‌سه‌لمێنراوه پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ یان خه‌لیفه راشیدینەكانی یان یاوه‌ران زه‌كاتی كۆیله‌یه‌كیان وه‌رگرتبێت وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
ده‌بێت ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕ بووبێت، بەڵام جائیزه پێشوه‌خت بدرێت وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1] ابن عثيمين الشرح الممتع ٦/١٨.
[2] بوخاری ٢٣٧٩ موسلیم ١١٧٣.
[3] بەیهەقی ٤/١٠٨ فه‌رموویه‌تی صه‌حیحه ئه‌لبانیش رەحمەتی خوای لێ بێت له: (ارواء الغلیل ٣/٢٥٢)دا ده‌فه‌رموێ وایه، صه‌حیحه.
[4] ابن أبي شیبة لە: المصنف دا هێناوێتییەوەو شێخی ئەلبانی رحمەاللە لە: إرواء الغلیل ٣/٢٥٠ دا دەفەرموێ: سەحیحە.
[5] بۆ نموونە بڕوانە: المجموع ٥/٢٩٠.
[6] المجموع ٥/٢٩٢-٢٩٣ الموسوعة الفقهية الكويت ٢٣-٢٣٣ فقه الزكاة ١/١١٥.
[7] بدائع الصنائع ٢/٥٠٤ المجموع ٥/٢٩٥ المغني ٢/٦٢٢ المُحَلّىٰ ٥/٢٠٥ فقه الزكاة ١/١٢٥.
[8] المجموع ٥/٢٩٥ المُحَلّىٰ ٥/٢٠١ مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ ٢٥/١٧ الموسوعة الفقهية ٢٣/٢٣٢ الشرح الممتع ٦/٢٦.
[9] المُحَلّىٰ ٥/٢٠٨ بەيهەقی ٤/١٠٧
[10] النووي المجموع ٥/٢٩٤ پەراوێزی ژمارە ١.
[11] دواتر باسیان بە تەفسیل دێت ان شاءآللە.
[13] ئیمامی ئیبنوته‌یمیه كه ناوی ئیبنوالمونزیر ده‌هێنێت هه‌ر به (الامام) ابو بكر بن المنذر ناوی ده‌بات مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ ٢٥/١٨ شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تیش بۆ ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ (الامام) النووی وه‌كو له كتێبی احكام الجنائز و كێشه‌كانی تری‌دا مه‌دحی ده‌كات.