فیکری ئیسلامی

بنەمای فیکری مانای دین

ئه‌و دینه‌ی كه‌خوای گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت و ته‌نها به‌و رازییه‌ و سنوری بۆ دیاری كردووه‌ بریتی نییە‌ له‌هه‌ر جۆرێك له‌ (باوه‌ڕ كردن به‌خوا) به‌ڵكو بریتییە له‌ یه‌ك شێوه‌ له‌ شێوه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی باوەڕهێنان به‌خوا.. ئه‌و شێوه‌ش بریتییە له‌ یه‌كخواناسیه‌كی پاك و راست و بنبڕ.. بریتی یه‌ له‌ په‌رستنی خوای گه‌وره‌و به‌س. به‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤ ڕووبكه‌نه‌ ئه‌و. وه‌كو هه‌موو مه‌خلوقاتی تر كه‌ ڕوویان له‌وه‌.. به‌وه‌ی كه‌ دان بنرێت به‌وه‌دا كه‌ ته‌نها خوای گه‌وره‌ دەسەڵاتی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی و به‌سه‌ر هه‌موو گه‌ردوندا هه‌یه‌.. به‌وه‌ كه‌ هیچ شتێك بێ خوا نابێت و ناكرێت. هه‌موو دروست كراوان هی خوان و به‌خوان و ده‌بێت ڕووشیان هه‌ر له ‌خوا بێت. ده‌بێت ئه‌و دینه‌ی خواشی پێ ده‌په‌رستن، هه‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت، كه‌ ئیسلامه‌و به‌س  وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (إِنَّ الدِّينَ عِندَ اللّهِ الإِسْلاَمُ) ال عمران/ ۱۹ واته‌: ئه‌و دینه‌ی كه‌لای خوا په‌سه‌نده‌ ئیسلامه‌و به‌س.. ئیسلام دینه‌. ئیسلام بریتییە له‌ خۆ ته‌سلیم كردن به‌ دەسەڵاتی به‌رفراوانی خواو وه‌رگرتنی ته‌علیماتی ئه‌و له‌ هه‌موو كاروبارێكی ژیاندا. هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر قورئان له‌هه‌موو داوه‌ریه‌كدا. چونكه‌ قورئان سه‌رچاوه‌ی ته‌علیماتی خوای گه‌وره‌یه‌. ئیسلامه‌تی لاف و گه‌زاف لێدان نییە، ئاڵاو په‌رچه‌مێكی سه‌وز نییە‌ هه‌ڵكرێت.. قسه‌یه‌كی سه‌رزاره‌كی نییە‌و به‌سه‌ر زماندا بێت و بڕوات. ته‌نانه‌ت ئه‌و بیروهۆشه‌ ناسكه‌ش نییە‌ كه‌ له‌ كونجێكی مات و بێ ده‌نگدا دڵی پێ خۆش ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها به‌و شێوازانه‌ی خواپه‌رستیه‌كه‌ش - به‌ته‌نها - ناوترێت ئیسلام، كه‌ كه‌سێك به‌ ته‌نها جێ به‌جێیان ده‌كات! وه‌ك نوێژ و رۆژو حه‌ج و.. هتد. نا.. ئیسلام زۆر له‌وانه‌ به‌ر فراوانتره‌. ئه‌مانه‌ به‌ ته‌نها ئه‌و ئیسلامه‌ نین - -ئه‌گه‌ر له‌خه‌ڵكیدا نه‌هاته‌ دی- خوا نه‌یه‌وێت. نه‌خێر. كورت وموخته‌سه‌ر ئیسلام یه‌عنی: خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان  خۆ ته‌سلیم كردن.. ئیسلام بریتی یه‌ له‌: مل كه‌چی و گوێڕایه‌ڵی  ئیسلام یه‌عنی: قبوڵ كردنی خوای گه‌وره‌ به‌ حاكم و دادوه‌ر له‌ هه‌موو كاروبارێكی مرۆڤدا. ئایه‌تی: (كَذَلِكَ كِدْنَا لِيُوسُفَ مَا كَانَ لِيَأْخُذَ أَخَاهُ فِي دِينِ الْمَلِكِ)یوسف/۷٦ واته‌  ئا به‌و شێوه‌یه‌ ته‌گبیرمان بۆ یوسف كرد، چونكه‌ به‌پێی ده‌ستوری پاشاكه‌ی میسر نه‌یده‌توانی براكه‌ی بهێنێته‌ لای خۆی. ئه‌م ده‌قه‌ قورئانییە‌ زۆر به‌ ڕوونی مانای ووشه‌ی دین دیاری ده‌كات.. دین له‌م ده‌قه‌دا یه‌عنی سیستمی و ده‌ستورو یاسای حكومه‌تی. چونكه‌ خوای گه‌وره‌ كه‌ باسی سیستمی ژیان و ده‌ستورو یاسا ده‌كات به‌ (دین) باسی ده‌كات.

ئا ئه‌م مانا قورئانییە‌ ڕوون و ئاشكرایه، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو خه‌ڵكی جاهیلییه‌تی سه‌ده‌ی بیسته‌م شاراوه‌یه، چ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی خۆیان به‌ موسوڵمان ده‌زانن چ خه‌ڵكه‌ جاهیلییه‌كه‌! دین به‌لای ئه‌م خه‌ڵكه‌وه‌ بریتییە له‌: باوه‌ڕكردن و به‌جێهێنانی دروشمه‌ ئیسلامیه‌كان. وا ده‌زانن هه‌ر كه‌س كه‌ باوه‌ڕی به‌ ته‌نهایی خوای گه‌وره‌و كتێبه‌ ئاسمانییە‌كان و نێرراوانی خواو رۆژی دوایی وخێرو شه‌ڕی قه‌زاو قه‌ده‌ر هێناو نوێژه‌ فه‌رزه‌كانی كرد، ئه‌وه‌ ئیتر موسوڵمانه‌و له‌دینی خوادایه، با مل  كه‌چ و گوێڕایه‌ڵی غه‌یری خوای گه‌وره‌ش بێت له‌ حاكمێتی و یاساو رێسا داڕشتنیشدا! [1]

له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌قه‌كه‌ی قورئان به‌ ڕوون و ئاشكرایی (دین الملك) به‌ سیستم و ده‌ستورو یاسای حكومه‌ت ده‌رده‌بڕێت.. ووشه‌ی دین له‌ مێشكی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ جاهیلییه‌دا وا لاوازو كرمۆڵ بووه‌ كه‌ وا ده‌زانن دین یه‌عنی: باوه‌ڕو به‌جێ هێنانی فه‌رزه‌كانی په‌رستن و به‌س. بەڵام  (دین) به ‌درێژایی مێژوو مانای وا لاوازو كرچ و كاڵی نه‌به‌خشیووه‌.. هه‌ر له‌ زه‌مانی سیدنا ئاده‌مه‌وه‌ تا سیدنا نوح و تا زه‌مانی پێغه‌مبه‌ر ـ سه‌لامی خوا له‌ هه‌موویان بێت ـ به‌ڵكو هه‌میشه‌ مانای (دین) بریتی بووه‌ له‌ ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵی خوای گه‌وره‌. بریتی بووه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌و وه‌رنه‌گرتنی هه‌ر یاساو ده‌ستورێك كه‌ له‌ لایه‌ن غه‌یری خواوه‌ داڕێژرا بێت.

 هه‌روه‌ها بریتی بووه‌ له‌ په‌رستنی خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر زه‌میندا. هه‌روه‌كو كه‌ ته‌نها ئه‌و له‌ ئاسمانه‌كاندا ده‌په‌رسترێت. واته‌ وه‌ك چۆن خوای گه‌وره‌ خوای ئاسمانه‌كانه، ئاواش خوای سه‌ر زه‌مینه‌ و ده‌بێت ته‌نها ته‌علیماتی ئه‌ویش له‌سه‌ر زه‌میندا حوكمڕانی بكات.. دین بریتی بووه‌ له‌ خوایه‌تی خوایی گه‌وره‌. واته‌: په‌رستنی. به‌ڕاپه‌راندن و به‌ گه‌ڕخستنی حوكم و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی ئه‌وو داننان به‌ دەسەڵاتداری ئه‌وو به‌س. هه‌میشه‌ دوورێیانی رێگاكان وابووه‌ كێ له‌ (دینی خوا) دایه‌ وكێ له‌ (دینی پاشا) دایه؟ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دینی خوادان، ته‌نها به‌ سیستم و به‌رنامه‌و شه‌ریعه‌تی ئه‌و رازین و هه‌ر ئه‌ویش جێ به‌جێ ده‌كه‌ن. ئه‌وانیش كه‌ له‌ (دینی پاشا) دان به‌ سیستم و یاسا و حوكمی ئه‌و رازین و هه‌ر ئه‌ویش جێ به‌جێ ده‌كه‌ن. واته‌ به‌ زاراوه‌ی قورئانی ئه‌مان به‌ شیرك رازین و سیستمی موشریكانیان ده‌وێت به‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ به‌خوا هێنان و ئه‌نجامدانی دروشمه‌كانی په‌رستندا غه‌یری خواش ده‌په‌رستن چونكه‌ به‌ سیستم و شه‌ریعه‌تی غه‌یری خوا رازین و وه‌ری ده‌گرن و رایده‌په‌ڕێنن.. ئه‌مه‌ش خاڵێكی سه‌ره‌كی دینه‌و دوو رێیانی باوەڕ و به‌ڵگه‌نه‌ویستی عه‌قیده‌ی ئیسلامیه‌..

سه‌یید قوتب


[1] ئه‌گه‌ر سه‌ییدی ره‌حمه‌تی بیزانیایه‌ كه‌ له‌ كورده‌واری ئێمه‌دا نوێژو رۆژوو ئیسلامه‌تیشی نییه‌و به‌ڵكو زۆر دژ به‌ ئیسلامیشه‌ كه‌چی له‌ سایه‌ی سه‌ری مه‌لای ناڕه‌سه‌نه‌وه‌ هه‌ر به‌ موسوڵمان حسێبه‌و ته‌نانه‌ت به‌ فه‌قێ و مه‌لاشی ناو ده‌به‌ن. له‌سه‌ر ئیسلامیش حسێبه‌! چونكه‌ به‌ ده‌ردی مه‌لا دوازده‌ عیلمه‌كانمان ده‌ڵێن: باوكی موسوڵمان بووه‌!!  

1939 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
23/09/2019
بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان مافی هه‌موو كه‌سێكه‌ به‌مه‌رجێك ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بدات.